ئاسته‌نگه‌کانی سه‌ر ڕێگای چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە
له‌وه‌ته‌ی بیرم کردۆته‌وه زاراوه‌یه‌کی سیاسی به ناوی “مه‌سه‌له‌ی کورد”م به‌ر گوێ که‌وتوه. هه‌رکه‌س به جۆرێک ئه‌م زاراوه‌یه پێناسه ده‌کاو زۆر وه‌ک ئه‌و چه‌مکه ناسراوانه‌م دێته به‌رچاو که له یه‌که‌م ڕوانین‌دا بۆ هه‌موو که‌س ڕوونن، که‌چی کاتێک ده‌مانه‌وێ پێناسه‌یان بۆ بکه‌ین ده‌بینین ئه‌وه‌نده‌ش ساده‌و ساکار نین.
بۆخۆم له‌مێژه باوه‌ڕم به پێناسه‌یه‌ک هێناوه که ده‌ڵێ: “مه‌سه‌له‌ی کورد بریتی‌یه له‌وه که نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ناوی کورد هه‌یه که له مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی بێ‌به‌ش کراوه‌و بۆ وه‌دست‌هێنانی ئه‌و مافه خه‌بات ده‌کا”. ئه‌و پێناسه‌یه بۆیه به دروست ده‌زانم چونکه له ده‌وروبه‌ری خۆمان بۆ نموونه زاراوه‌یه‌ک به ناوی “مه‌سه‌له‌ی فارس” یان “مه‌سه‌له‌ی تورک” نابیسم‌و نابینم. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌و گه‌لانه مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیان (وه‌ک نه‌ته‌وه) به‌ده‌ست هێناوه. هه‌روه‌ها -نامه‌وێ ناوێکی تایبه‌تی بێنم- شتێک به ناوی مه‌سه‌له‌ی یه‌کێک له‌و گه‌لانه‌ی دوور‌و نیزیک له‌خۆشمان نابیسم که مافی دیاریکردنی چاره‌نووسیان لێ زه‌وت کراوه، به‌ڵام له مه‌یدان‌دا نین‌و بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی ئه‌و مافه خه‌بات ناکه‌ن.
مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لانیش به نۆره‌ی خۆی لێکدانه‌وه‌ی جۆربه‌جۆری بۆ ده‌کرێ، یان بڵێین شێوه‌و شێوازی جۆربه‌جۆری هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی شێوازه‌که له که‌شی دێموکڕاسی‌داو به ویستی ئازادانه‌ی نه‌ته‌وه‌کان بێ، له ئۆتۆنۆمی‌یه‌وه ده‌ی‌گرێته‌وه تا ده‌گاته فیدڕالیزم‌و کۆنفیدڕالیزم‌و سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌خۆیی که شێوازی بێ‌که‌م‌وکه‌سری مافی دانانی چاره‌نووسه. ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به نه‌ته‌وه‌ی کوردیشه‌وه هه‌یه، پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ به‌ڕاشکاوی‌و بێ پێچ‌وپه‌نا بگوترێ که سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌ندوکۆسپ‌و له‌مپه‌ره‌کانی سه‌ر ڕێگا، کورد خاوه‌نی ته‌واوی مه‌رجه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز له‌وانی دیکه‌یه‌و مافی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولای خۆیه‌تی له‌سه‌ر ته‌واوه‌تی خاکه‌که‌ی ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی. پێکهاتنی کوردستانی گه‌وره -که شۆڤینیسته‌کانی ده‌وروبه‌رمان به‌ناوه‌که‌شی قه‌ڵسن-و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی نه داگیرکردنی خاکی هیچ‌که‌سه، نه دابه‌ش‌کردنی هیچ وڵاتێکه‌و نه ده‌ست‌درێژی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و سه‌روه‌ریی هیچ ده‌وڵه‌تێک، به‌ڵکوو ته‌نیا سڕینه‌وه‌ی غه‌درێکی مێژوویی‌یه که چه‌ندین سه‌ده‌یه له‌م نه‌ته‌وه‌یه کراوه.
ئه‌وه‌ش ده‌زانین که جگه له‌و به‌ره‌نگاری‌و تێک‌هه‌ڵچوونانه که تیره‌و هۆزه کورده‌کان به درێژایی مێژوو له جغزێکی ته‌نگه‌به‌رو له پێناوی ئامانج‌و قازانجێکی به‌رته‌سکتردا ده‌گه‌ڵ تیره‌و هۆزه‌کانی ده‌وروبه‌ر بوویانه، ئه‌وه چه‌ند سه‌ده‌یه که نه‌ته‌وه‌ی به‌ش‌خوراوو دابه‌ش‌کراوی کورد هه‌رجاره له به‌شێکی نیشتمانه له‌ت‌له‌ت‌کراوه‌که‌ی‌و له‌ژێر دروشمی ستڕاتیژیی جۆراوجۆردا بۆ وه‌ده‌ست‌هێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی خه‌بات ده‌کا. به‌وحاڵه ده‌گه‌ڵ داخ‌وکه‌سه‌رێکی زۆر ده‌بینین که تا ئێره ڕه‌نجی بێ‌وه‌ره‌و داری ئاواتی بێ‌سه‌مه‌ر. به‌هیچ‌جۆر نامه‌وێ له گرنگی‌و بایه‌خی ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورد هه‌ر له میرنشینه که‌م‌ته‌مه‌نه‌کانی جزیره‌و بۆتان‌و سۆران‌و بابان‌و ئه‌رده‌ڵانه‌وه بیگره تاکۆماری کوردستان له ڕۆژهه‌ڵات‌و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له باشوور که‌م بکه‌مه‌وه. ئه‌مانه هه‌موویان مایه‌ی شانازی‌و ڕێنوێنی تێکۆشه‌ران بۆ خه‌بات له پێناوی ئاواته به‌رزه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌که‌دان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوانینه ڕه‌وتی خه‌باتی ڕزگاری‌خوازانه‌ی گه‌لانی جیهان که زۆر‌یان له ماوه‌یه‌کی کورت‌تری زه‌مانی‌دا گه‌یشتوونه‌ته ئاکام، ئه‌وده‌م هه‌قمانه که بڵێین ڕه‌نجی سه‌دان‌ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد تائێره بێ‌وه‌ر بووه. ئاخر ئێمه نه‌ک هه‌ر به ئاواته به‌رزه ئینسانی‌یه‌که‌مان نه‌گه‌یشتووین، به‌ڵکوو تائێستاش ئاسۆی دواڕۆژی خه‌باته‌که‌مان به لێڵی و ناڕوونی دێته به‌رچاو.
هۆیه‌کانی ئه‌و ناکامی‌یه چین؟
زۆر له ئێمه وا ڕاهاتووین خه‌تاو تاوانی هه‌موو نه‌گبه‌تی‌و چاره‌ڕه‌شی‌و نوشوستی‌یه‌کانمان بخه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌م‌و ئه‌وو پاکانه بۆخۆمان بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌من به‌پێچه‌وانه پێم‌وایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆیه‌کانی هه‌ربه‌ڵایه‌کی به‌سه‌ر خۆمان‌و ئازیزان‌و نه‌ته‌وه‌که‌مان دێ، پێویسته له خۆمانه‌وه ده‌ست پێ‌بکه‌ین‌و پله به‌پله به‌ره‌و هۆکاره‌کانی دوورتر له‌خۆمان بکشێین. لێره‌ش‌دا هه‌روای ده‌بینم‌و وای به‌باش ده‌زانم که له‌پێش‌دا له هۆکاره نێوخۆیی‌یه‌کانه‌وه ده‌ست به پشکنین بکه‌ین‌و دوایه له هۆکاره ده‌ره‌کی‌یه‌کان ورد بینه‌وه. که‌س له مه‌مانان نیه که په‌رش‌وبڵاویی هێزی کورد به‌کۆسپی سه‌ره‌کیی سه‌ر ڕێگای وه‌دیهاتنی ئاوات‌و ئاره‌زووه له‌مێژینه‌و ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌زانێ‌و هه‌رنه‌بێ سه‌رزاره‌کی یه‌کگرتن‌و وه‌سه‌ریه‌ک‌خستنی تواناکان به مه‌رجێکی گرنگی سه‌رکه‌وتن دانه‌نێ. که‌چی کاتێک کار ده‌گاته هه‌نگاوی به‌کرده‌وه، هه‌رکه‌سه له‌جێگای خۆی ده‌چه‌قێ‌و به‌ئامان‌و زامان بستێک له به‌رزه‌فڕی‌یه‌کانی خۆی نایه‌ته خوار. به‌تایبه‌تی ئه‌وکاته‌ی لایه‌نێک هێز له ده‌وری خۆی ده‌بینێ، یان به‌خه‌یاڵ خۆی له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وانی دیکه هه‌ست پێ‌ده‌کا، ئیدی (دوژمن له ماڵێت نا‌ئومێد بێ!) هه‌ر مه‌پرسه چۆن فڕی سوار ده‌بێ‌و چۆن له‌خۆی ده‌رده‌چێ! به‌ڵێ ئه‌وانیش بانگه‌واز بۆ یه‌کده‌نگی ده‌که‌ن به‌ڵام نه‌ک به‌ومانایه که داوا بکه‌ن ده‌نگمان یه‌ک خه‌ین‌و زمانێکی هاوبه‌ش بدۆزینه‌وه. ئه‌وان خوازیاری یه‌ک‌ده‌نگین، به‌ومانایه که هه‌موو لایه‌نه‌کان په‌یڕه‌وی له ده‌نگی ئه‌وان بکه‌ن‌و ئیدی پێویستی‌یه‌ک به “سه‌رئێشه”ی له ده‌وری‌یه‌ک‌دانیشتن‌و بیروڕاگۆڕینه‌وه نابینن!
ئه‌وه که لایه‌نه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌ی کورد له به‌شه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان‌دا له‌به‌ر بوونی ئه‌و سنووره ده‌سکردانه ناتوانن ڕێگایه‌ک بۆ هاوکاری‌و هاوخه‌باتی بدۆزنه‌وه (که به‌هیچ جۆر وا نیه) خاتری چاوی ئه‌وان. به‌ڵام ئه‌دی هه‌رکامه‌و له به‌شه‌که‌ی خۆیان‌دا بۆ پێکه‌وه ناگونجێن‌و ته‌نانه‌ت وێکیش هه‌ڵ‌ناکه‌ن؟ با له یه‌ک‌یه‌کی به‌شه‌کان ورد بینه‌وه بزانین چ نه‌خش‌ونیگارێکمان دێته به‌رچاو:
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌ست پێ‌ده‌که‌م که خۆم‌و حیزبه‌که‌م له‌وێین‌و بێگومان به‌شێک له به‌رپرسایه‌تی‌یه‌که‌شمان له‌سه‌رشانه. له‌م به‌شه‌ی کوردستان که هه‌رچه‌ند به‌هه‌ق خاوه‌نی زۆر شانازیی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌و هێزه سیاسی‌یه‌کانیشی ده‌ریایه‌ک خوێنیان کردۆته شاباشی بووکی ئازادی، به‌داخه‌وه له هه‌لومه‌رجی ئێستادا ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی کورد تاقه بستێک له خاکی ڕۆژهه‌ڵاتیان له‌بن پێ‌دا نیه‌و هه‌موویان په‌نانشینی باشوور یان په‌نابه‌ری وڵاتانی بێگانه‌ن. که‌چی ده‌بینین بێجگه له زۆربوونێکی بێ‌پاساوی ڕێکخراوه سیاسی‌یه‌کان، ئه‌وانه که هه‌شن نه‌ک‌هه‌ر پێوه‌ندی‌یه‌کی دروست‌و جێی‌هیوایان له‌نێودا نیه، به‌ڵکوو له‌نێوخۆی هه‌رکام له‌وانیش‌دا ئه‌وه‌ی نای‌بینی ته‌بایی‌و یه‌کڕیزی‌یه‌و که‌متر لایه‌نێک ده‌بینی که دوچاری له‌ت‌بوون‌و لێک‌ترازان نه‌هاتبێ.
بچینه باکووری کوردستان. ده‌گه‌ڵ شانازیم به هه‌موو قوربانی‌و ده‌سکه‌وته سیاسی‌یه‌کانی ئه‌و به‌شه، ده‌بینین هه‌رئێستا که به‌خۆشی‌یه‌وه ده‌روویه‌کی خێر له ئاسۆی خه‌باتی ئه‌و به‌شه‌ی نیشتمان‌دا به‌دی ده‌کرێ، یه‌ک‌لایه‌نه‌جووڵانه‌وه‌و نه‌خوێندنه‌وه‌ی لایه‌نه جیابیره‌کان مه‌ترسیی سه‌رنه‌که‌وتنی ڕه‌وته‌که‌و نیگه‌رانی له دواڕۆژی پێکه‌وه‌ژیان‌و پێکه‌وه‌کارکردنی ڕه‌وته فکری‌یه جیاوازه‌کان دڵ‌و ده‌روونی دڵسۆزانی کورد له هه‌موو جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌ی داگرتوه.
له ڕۆژئاوا که به‌خۆشی‌یه‌وه له ئاکامی لاوازی‌و ناچاریی دیکتاتۆری‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌دا ده‌رفه‌تێک -هه‌رچه‌ند زۆریش جێی متمانه نه‌بێ- بۆ کورد پێک‌هاتوه، هێشتا هیچ نه‌چه‌سپاوه حکوومه‌تی تاک حیزبی باڵی به‌سه‌ر وڵات‌دا کێشاوه‌و له‌کاتێک‌دا یه‌کێک له گه‌وره‌ترین پادگانه‌کانی سوپای ئه‌سه‌د له قامیشلوو به ئه‌رخه‌یانی پاڵی لێ‌داوه‌ته‌وه‌و که‌س له گوڵ کاڵتری پێ‌ناڵێ، تێکۆشه‌رانی سه‌ربه‌ئۆپۆزیسیۆنی جیابیری کورد ده‌بێ به‌پسووله‌و به‌دانی باجی تێپه‌ڕین هاتوچوو بکه‌ن.
دێینه باشوور، قیبله‌گای ئازادیی کورد‌و جێ‌هیوای هه‌موو کوردێکی تامه‌زرۆی ئازادی‌و دیتنی ده‌وڵه‌تی کورد. سه‌رباری هه‌ر که‌موکوڕی‌یه‌ک که بێته به‌رچاو، به‌ش‌به‌حاڵی خۆم شانازی به هه‌موو ده‌سکه‌وت‌و پێشکه‌وتنه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌که‌م، به‌ڵام ناتوانم خه‌فه‌ت نه‌خۆم‌و نیگه‌رانی‌یه‌کی به‌جێ دام‌نه‌گرێ که ده‌بینـم زیاتر له شه‌ش مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پارلمان‌دا تێ‌په‌ڕیوه‌و هێشتا خه‌به‌رێک له دامه‌زرانی کابینه‌ی تازه نیه. به‌تایبه‌تی که هه‌موومان ده‌زانین هۆی دانه‌مه‌زرانی کابینه‌ی نوێ ململانه‌ی حیزبی‌و شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سکه‌وت‌و کورسیی زۆرتر‌و گرنگتره. ئه‌و داخه‌ش به‌جێی خۆی که ناکۆکی‌و ناته‌بایی نێوخۆیی زۆرجار ده‌گاته ئه‌و جێگایه که ئه‌وانه‌ی هه‌رگیز خێری میلله‌تی کوردیان نه‌ویستوه‌و ناوێ هه‌ق به‌خۆیان ده‌ده‌ن، یان هه‌قیان پێ‌ده‌درێ ببنه غه‌مخۆرو نێوبژیوان”.
بارودۆخی نیشتمانی له به‌شه‌کانی کوردستان
که ده‌ڕوانینه هه‌لومه‌رجی نیشتمانیی هه‌رکام له به‌شه‌کانی کوردستان، ده‌گه‌ڵ ریزه ئاسته‌نگێک به‌ره‌وڕوو ده‌بین که بۆمان ده‌بێته ده‌ردی سه‌رباری ده‌رده خۆبه‌خۆیه‌که. له هێندێ به‌شی کوردستان‌دا ده‌بینی که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له ده‌ستی که‌لله‌ڕه‌قترین چین‌و توێژه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وادایه، چین‌وتوێژگه‌لێک که باسکردن له که‌سایه‌تیی کورد‌و مافی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد به‌گوناهی که‌بیره داده‌نێن، چووکترین هه‌وڵ بۆ گۆڕینی ئه‌م پێوه‌ندی‌یه نابه‌رابه‌رو ناعادڵانه‌یه به جیاوازی‌خوازی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن‌و جیاواز‌ی‌خوازییش به گوناهێک ده‌زانن که هه‌موو زوڵم‌وزۆرو کوشت‌وکوشتارێکی پێ پاساو بدرێ. جارێک به‌تورکی چیاییمان ده‌ناسێنن، ڕۆژێک به ئێرانی‌یانی ڕه‌سه‌ن، نه‌ک به‌مانای هاونیشتمان، به‌ڵکوو به‌مانای به‌شێك له فارس که مافی بیرکردنه‌وه له جیاوازییشمان پێ‌ڕه‌وا نابینن‌و ته‌نانه‌ت ده‌گه‌ڵ هه‌موو جیاوازی‌یه‌کی ئیتنی‌و ڕه‌گه‌زی که له‌ئارادا هه‌یه، جاری وایه به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بمان داده‌نێن‌و ڕه‌نگه لێشمان قه‌ڵس بن که پشتمان کردۆته ڕه‌سه‌نایه‌تیی عه‌ره‌بی‌و چه‌تفه‌و عه‌گالمان وه‌لا ناوه.
بارودۆخی هه‌رێمی
خۆ ئه‌گه‌ر باس بێته سه‌ر هه‌لومه‌رجی هه‌رێمییش نیزیکترین دراوسێکانی کورد له هه‌رێم‌دا هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن که هه‌ڵوێست‌و بیروبۆچوونه‌کانیان به‌رامبه‌ر به‌کورد باس کرا. له‌وحاڵه‌دا به‌ڕوونی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که هیچ‌کام له نه‌ته‌وه هاونیشتمان‌و هاوهه‌رێمه‌کانمان فاکته‌رێکی یارمه‌تیده‌ر نین بۆ ئه‌وه‌ی کورد به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی شاد بێ. نه‌گبه‌تی له‌وه‌دایه که ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دراوسێکان به‌رامبه‌ر به کورد ته‌نیا تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران نیه‌و له زوربه‌ی حاڵه‌ته‌کان‌دا حیزب و ڕێکخراوو که‌سایه‌تی‌یه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنیش به‌رامبه‌ر به کورد‌و مافه‌کانی، هه‌ر په‌یڕه‌وی له‌و سیاسه‌ت‌و بۆچوونه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌که‌ن. ده‌بێ چه‌ند سه‌ده بگوزه‌رێن هه‌تا مرۆڤێکی مرۆڤدۆستی وه‌ک دوکتۆر ئیسماعیل بێشکچی هه‌ڵکه‌وێ که ئاماده بێ له پێناوی هه‌ق‌و دادپه‌روه‌ری‌و باوه‌ڕه ئینسانی‌یه‌کانی‌دا به ده‌یان‌و سه‌دان ساڵ حوکمی زیندان له ده‌ستی هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆی وه‌ربگرێ؟
فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی
بێینه سه‌ر باسی فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی. چه‌ند ناخۆشه که ده‌بینین ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که گۆیا ده‌بێ پارێزه‌ری به‌ند به به‌ندی بڵاوکراوه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ بێ له نیزیک به سێ‌چاره‌که‌سه‌ده ته‌مه‌نی خۆی‌دا بۆ تاقه‌جارێکیش باسی مه‌سه‌له‌ی کورد، وه‌ک چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ده‌یان ملیۆن حه‌شیمه‌تیی نه‌خستۆته نێو ده‌ستووری کۆبوونه‌وه‌کانی‌و به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو کوشت‌و کوشتاره که له کورد کراوه جارێک نه‌هاتۆته ده‌نگ‌و بڕیارنامه‌یه‌کی بۆ مه‌حکووم‌کردنی ده‌رنه‌کردوه. کاتێک ئه‌مه کارنامه‌ی ئه‌و ئۆرگانه بێ که پێی‌ده‌ڵێن شه‌رعیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی ته‌کلیفی زلهێزه جیهانی‌یه‌کان که هه‌روه‌خت به قازانجی خۆیانی بزانن دنیا ژێروژوور ده‌که‌ن، ڕوونه. ئیدی ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وکاته “ئاوڕ” له کورد ده‌ده‌نه‌نه‌وه که له جێگایه‌ک بزانن بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌توانێ لابارێکیان بۆ ڕاست بکاته‌وه. ئه‌گینا هه‌رکه کاریان به‌کورد نه‌ماو به ئامانجه‌کانیان گه‌یشتن پشت ده کورد‌و مه‌سه‌له ڕه‌واکه‌ی ده‌که‌ن‌و زۆر ئابڕووبه‌رانه‌ش پشتیان تێ‌ده‌که‌ن. کارنامه پڕشووره‌یی‌یه‌که‌ی ساڵی ١٩٤٦ی یه‌کیه‌تیی شووڕه‌وی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و هی ١٩٧٥ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له پێوه‌ندیی ده‌گه‌ڵ شۆرشی کورد له باشووردا به‌حه‌ق جێگای ده‌رس‌لێوه‌رگرتنن.
چاره چیه؟
ئه‌وانه‌ی گوتمان بۆ ئه‌وه نه‌بوون که ئیدی ده‌ست له کراس بێنینه ده‌رو ده‌سته‌وستان له ماڵی خۆمان دانیشین‌و کورد گوته‌نی “به به‌شی خوا ڕازی بین”. وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه بۆ ئه‌وه‌یه شاره‌زای ڕێبازه‌که بین‌و باش بزانین که ڕێگای خه‌بات بۆ ئازادی به گوڵ‌و ڕیحانه دانه‌چێندراوه. ئه‌گینا هه‌روه‌ک شاعیری نه‌ته‌وه‌یی هه‌ژاری موکوریانی ده‌ڵێ، باوه‌ڕم وایه‌و ته‌نانه‌ت لێشم ڕوونه: “سه‌د هێنده په‌ژاره لێم وه‌کۆ بێ کورد هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێ سه‌ربه‌خۆ بێ”. به‌ڵام ڕێگاکه‌ی چیه؟ به‌ڕاشکاوی ده‌بێ بگوترێ هه‌تا ئه‌وکاته‌ی کورد‌و کوردستان یه‌کیان نه‌گرتۆته‌وه‌و حکوومه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد دانه‌مه‌زراوه، ئه‌م گه‌له ناتوانێ پاڵی لێ‌بداته‌وه‌و ئاڵای خه‌باته ڕه‌وایه‌که‌ی هه‌ڵ‌په‌سێرێ. له نه‌بوونی دێموکڕاسی له‌نێو کورد‌و کۆمه‌ڵی کورده‌واری‌و وڵاتانی دراوسێ‌دا هه‌رگیز ناتوانین دڵنیا بین که ده‌سکه‌وته نیوه‌چڵه‌کانیشمان به‌ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر بوون‌و بیمه کراون. هه‌ر ته‌ماشای بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان بکه‌ن. له‌حاڵێک‌دا بوونی کورد‌و مافه ڕه‌واکانی له عێڕاق به‌ڕه‌سمی دانی پێ‌دا نراوه‌و له قانوونی بنچینه‌یی عێڕاق‌دا چه‌سپاوه، شه‌ریکه‌کانی ده‌وڵه‌تی کوردی چه‌ندی بۆیان بکرێ خۆ له جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و به‌نده ده‌ستووری‌یانه ده‌دزنه‌وه که پێوه‌ندی‌یان به ماف‌و ئازادی‌یه‌کانی کورده‌وه هه‌یه‌و ئه‌وه ماوه‌یه‌که “به‌رگی نوێت لێ مه‌باره‌ک بێ” هه‌ڕه‌شه‌ی نان‌بڕینیش له کورد ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر بێت‌و ڕێبه‌رایه‌تیی کورد “پێ له به‌ڕه‌ی خۆی زیاتر ڕاکێشێ”. که‌وایه، به‌هه‌ق پێشه‌نگانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌دواساڵه‌کانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م‌دا به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ورد‌و ژیرانه‌وه دێموکڕاسی بۆ وڵاتانی کوردنشینیان هێناوه‌ته نێو دروشمی ستڕاتیژیی خۆیانه‌وه.
ڕاگه‌یاندنی یه‌ک‌لایه‌نه
ڕاگه‌یاندنی سیستمی کۆنفیدراڵی یان سه‌ربه‌خۆیی له باشووری کوردستان که جاروبار به ئاماژه باسی لێوه ده‌کرێ ده‌توانێ چه‌نده ده‌گه‌ڵ واقیع بگونجێ‌و کورد له‌به‌ری بحه‌سێته‌وه‌و له سێبه‌ری‌دا بحه‌وێته‌وه؟ ده‌زانین که سیستمی کۆنفیدڕاڵییش هه‌روه‌ک فیدڕاڵی‌یه‌که پێویستیی به ڕێک‌که‌وتنی دوولایه‌نه هه‌یه‌و کاتێک ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ ئاماده نیه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری فیدڕاڵ‌دا ده‌گه‌ڵ کورد بکه‌وێته دان‌وستانێکی جیددی‌یه‌وه، ساویلکه‌یی ده‌بێ ئه‌گه‌ر پێمان وابێ مل بۆ سیستمی کۆنفیدڕاڵی ڕاده‌کێشێ. ده‌مێنێته‌وه ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی که ئه‌میان شه‌رت نیه ده‌وڵه‌تی ئێستای عێڕاق په‌سندی بکا. به‌ڵام داخوا له هه‌لومه‌رجێک‌دا که باشووری کوردستان چوارده‌وری به دوژمن ته‌نراوه، ئه‌و سه‌ربه‌خۆیی‌یه چه‌نده شانسی پارێزران‌و مانه‌وه‌ی هه‌یه؟ داخوا چوار ده‌وڵه‌تی ئێران‌و تورکیا‌و عێڕاق‌و سووریا چه‌نده ده‌توانن بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له بنه‌وپاڵی خۆیان‌دا هه‌زم بکه‌ن؟ له‌مانه‌ش گرنگتر ئایا شه‌رعیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و زلهێزه جیهان‌خۆره‌کان تا چ‌ڕاده‌یه‌ک پشتیوانی له حکوومه‌تێکی له‌و چه‌شنه ده‌که‌ن، دانی پێ‌دا ده‌نێن‌و له په‌لاماری ناحه‌زان ده‌ی‌پارێزن؟ به‌داخه‌وه هه‌ڵوێستی زلهێزه‌کان به‌رامبه‌ر به جیابوونه‌وه‌ی نیوه‌دوڕگه‌ی کریمه له ئوکڕاین که یه‌کێک له دوو جه‌مسه‌ره جیهانی‌یه‌که‌شی له‌پشت ڕاوه‌ستابوو، ئاماژه‌یه‌کی هیوابه‌خشمان بۆ نانێرێ. له‌وه‌ش گه‌ڕێ که دامه‌زرانی حکوومه‌تێک بۆ ته‌نیا به‌شێکی کوردستان ئه‌و ئامانجه گه‌وره‌یه ناپێکێ که کورد سه‌دان‌ساڵه به‌دوای‌دا عه‌وداڵه.
له‌و حاڵه‌دا ڕێگاچاره‌ی یه‌کجاری بۆ ئه‌و گیروگرفته به‌رله هه‌موو شتێک پشوودرێژیی خه‌باتگێڕانه‌و حه‌کیمانه ڕه‌فتارکردنه. به‌داخه‌وه ئه‌من زۆرجار هه‌ست ده‌که‌م که به‌شێک له خه‌ڵکی ئێمه‌و ته‌نانه‌ت هێندێک له سیاسی‌یه‌کانیش -هه‌رچه‌ند که‌میش بن- چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنی هه‌رزان‌قیمه‌ت‌و خێران، شتێک که بۆ هه‌مووان خۆشه، به‌ڵام وا به ئاسانی ده‌ست نادا. که‌وایه ده‌بێ پشوومان درێژ بێ، به وردبینی‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه ڕه‌فتار بکه‌ین‌و “به‌بێ بوار وه‌نێو ڕووبار نه‌که‌و‌ین”. جگه له‌وه، ده‌بێ هه‌وڵ وته‌قه‌لایه‌کی بێ‌پسانه‌وه بده‌ین بۆ جێگیربوونی دێموکڕاسیی ڕاسته‌قینه‌و باوه‌ڕ به دێموکڕاسی له نێو خۆمان‌و کۆمه‌ڵی خۆمان‌و له‌نێو گه‌لانی دراوسێ‌دا. چونکه له حاڵه‌تی جێگیربوونی دێموکڕاسی‌دا ئیدی چه‌سپاندنی سیستمی فیدڕالی له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردیان لێ‌ده‌ژی ئاسانتر به گه‌رووی هه‌مووان‌دا ده‌چێ‌و ئیدی پێویست ناکا لافاوی خوێنی له‌سه‌ر وه‌ڕێ که‌وێ. به‌ش به‌حاڵی خۆم پێم‌وایه ئه‌گه‌ر دێموکڕاسی به مانای واقیعی جێگیر بێ نه گه‌لانی تائێستا به‌ش‌خوراو پێ له‌سه‌ر جیابوونه‌وه له هاونیشتمانانی دیکه‌یان داده‌گر‌ن‌و نه ئه‌وانیش جیابوونه‌وه به‌کاره‌سات داده‌نێن. ئه‌من به دووری نازانم که سیناریۆی چاره‌سه‌ری یه‌کجاریی مه‌سه‌له‌ی کورد ئه‌وه بێ که له‌پێش‌دا له هه‌ر چوار وڵاتی کوردنشین‌دا فیدڕالیزم جێگیر بێ‌و دواتر کۆنفیدڕاڵی‌یه‌ک له ناوچه‌ی ئێمه دروست بێ که کوردستان ببێته یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی‌و له‌و کۆنفیدڕاڵی‌یه‌دا ئیدی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان به مافی به‌رامبه‌ره‌وه پێکه‌وه بژین. خۆ ئه‌گه‌ر خوا کردی‌و ده‌رفه‌تی گونجاو ڕه‌خسا بۆئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد زووتر به ئاواته ڕه‌واو له‌مێژینه‌کانی بگا، چ‌باشتر. له‌مێژه گوتوویانه: “کوێر چیی ده‌وێ؟ دوو چاوی ساغ”.
باشووری کوردستان، ٢٩/٣/٢٠١٤
گۆڤاری کوردستان دیپلۆماتیک، ژماره ٤، مای ٢٠١٤