لە پەرواێزی نووسینەکەی بەرێز حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور دا. سەردەشتی ئێستا و هی جاران!

کاک حەمەرەسووڵ گیان دەستەکانت خۆش بێ و هیوادارم کە هەمیشە هەروا مشوورخۆر و پێشەنگ و مامۆستامان بی.
ساڵانێکە سەردەشت بە دەست بێ‌کەسیەوە دەناڵێنێ، ئەوە بەو مانایە نییە کە کەسی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری تێدا نین، بە پێچەوانە مرۆڤی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خەمخۆر یەکجار زۆرن، بەڵام بەداخەوە نە یەکگرتوون و نە کاری بە کۆمەڵ بۆ شار دەکەن، بەڵکوو بە تاک زۆر کاری جوان و باشیان کردووە بەڵام لەبەر ئەوە کارەکە بە کۆمەڵ نەبووە نەچۆتە بازنەی گشتی‌یەوە.

نووسینەکەت پڕە لە ئێش و ئازار و پڕە لە خۆشەویستی و وەفا بۆ شارەکەت.

پڕە لە ئێش و ئازار لە بەر ئەوە تاقمێکی هەلپەرەست و بێ ویژدان لە لایەک کەوتۆتە جەستەی لاوانی بێ دەرتان و بەرەو هەڵدێر و نەمانیان دەبەن و لە لایەکی‌تریشەوە کەوتوونە گیانی سرووشتی دڵڕفێنی ناوچە و بە لە نیوبردنی کانی و ئاو و سەرچاوە و ڕەزەکانی ڕووحی گەشاوەی شار و دانیشتووانیان بەرەو سیسی و لاوازی بردووە.

پڕە لە خۆشەویستی و وەفا لە بەر ئەوە بۆ خۆت جگەرگۆشەی شار و ناسیاوانی و زێدی لە دایک بوون و فڕچک گرتن و خۆشی‌ و ناخۆشی‌یەکانی شاری و هەست بە کەم وکوری‌یەکانی دەکەی.

سەردەشت زۆرجار کەوتۆتە بەر ڕق و کینە و تووڕەیی دوژمنان و نەیارانی، ئاگر تێبەردانی ماڵی ئاڵڵاخان کە بە دەیان کەس لە خەڵکی شاری تێدا سووتێنرا، تاڵان و سووتانی بەشێک لە شار بە دەستی سوارانی خۆماڵی مەنگوور و گەرمێن، لە سێدارەدانی مەلا ئاوارە و دەیان کەسی دیکە و شەهیدانی ١٤ سەرماوەزی ١٣٥٧ و بۆمبارانی بە دەیان جاری رژێمەکانی ئێران و عێراق و شیمیاباران کردن و قڕکردنی دانیشتووانی شار و دەوروبەری و سووتاندنی ڕەز و باخ و لێرەوارەکانی شار نەیانتوانیوە شار بە چۆک دابێنێ و بەڵکوو شار و خەڵکی بە ئەمەگی گوندەکان هەر جارەی ڕاوەستاوتر لە پێشوو گەردنی ناوچەکەیان بەرزتر ڕاگرتووە و مێژوویەکی گەشاوەیان بۆ ناوچە تۆمار کردووە و بەشداری چالاکانەی خەڵک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دا بۆتە مایەی سەربەرزی ئەو ناوچەیە.

مخابن تەمەنی ئینسانەکان لە شوێنێک کۆتایی پێدێ و دەستی تەقدیر وایکردووە، لە جیاتی پیاوچاکان و دڵسۆزان و دەیان کەسایەتی دیاری سەردەشت و دەیان ژنی ڕووسووری شار  و دەیان ژن و پیاو و کەسایەتی گوندە دڵڕفێنەکانی دەوروبەری کە ئیلهامی جوانی و خۆشەویستی و پیاوەتی بوون و دەستیان لە ئاوەدانی و جوانی دا دیار بوو و جێگایان قەت پڕ نابێتەوە، بەداخەوە ئەوە دوای ساڵانێک، ناپیاوانی نەفس نەزم و پوول پەرەست و بێ ویژدان و چەند کەسێکی جاش سفەت بۆ وەسەریەکنانی سەروەت و سامان کەوتوونە گیانی لاوان و لە نێوبردنی مێژوو و کولتور و فەرهەنگ و سرووشتی دڵرفێنی ناوچە.

رژێمەکانی ئێران لە مێژ ساڵە نەیانتوانیوە قەرە لە گەورەیی ئەو ناوچەیە بدەن، بەڵام بەداخەوە ئێستا رژێم بۆ ئەوەی بتوانی نیازە گوڵاوەکانی خۆی پەرە پێ بدا ئەوە پیلانی ئەنفالی سپی داڕشتووە و بە دەستی نەفس نەزمانی خۆماڵی کەوتوونە قڕکردنی لاوان و بەرەو هەڵدێر و نەمانی دەبەن.

جێگای خۆیەتی بە هەموومان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە و یەکگرتووانە بە گژ ئەو پیلانە ناوجوامێرانەیە دا بچێنەوە و هەر کەس لەبەر خۆیەوە ئەو نائینسان و بێ ویژدانانەی بۆ سەروەت و سامان، خەڵک تووشی نەهامەتی دەکەن ئاشکرا بکەین و ڕیسوا و شاربەدەریان بکەین و بە هەوڵی گشت لایەکمان پاکی و جوانی سرووشت و خۆشەویستی بگێرنەوە بۆ شار و گوندەکانی دەوروبەر، زۆر بەداخەوە دوژمن تەنیا کاری لە سەر سەردەشت نەکردووە بەڵکوو لە هەموو کوردستان دا بەرنامەی هەیە و ئەگەر زووتر وەخۆ نەکەوین و دەست نە دەینە دەستی یەک ئەوە کارەساتی گەورە دەخوڵقێ و دواتر قەرەبوو کردنەوەی زۆر زەحمەت دەبێ.

ئەگەر لەو نووسینە کەمە دا ناوی کەسایەتیە دیارەکانی شارم نەنووسیوە ، بەو مانایە نییە کە کەسایەتی لە شارەکەمان دا نەبوون بەڵکوو زۆر لەوە زیاترن و ناوهێنانی هەموویان پێویستی بە نووسینی زیاتر دەکا و هیوادارم کە لە داهاتوو دا بپرژێمە سەر ناوهێنانی هەموو ئەو خۆشەویستانەی دەستیان بە ئاوەدانی شارەوە دیار بووە و لە پیاوەتی و ئینسانییەت دا دریغیان نەکردووە. کەسایەتی‌یەکانی دیکە کوێخا و ریش سپی و پیاوماقوڵانی گوندەکان و ناوچەکەمان جێگای تایبەت بە خۆیان هەیە و هەمیشە وێردی سەرزمانی ئێمە و گشت لایەک بوون و ئەوانەی ماون تەمەنی درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم و ئەوانەی کۆچیان کردووە جێگایان بەهەشتی بەرین بێ.

دەست خۆش کاک حەمەرەسووڵ حەسەن پوور مامۆستای منداڵی و لاوەتی و ئێستامان. هیوای تەمەن درێژیت بۆ دەخوازم.

حەمەرەسووڵ کەریمی