سەردەشتی ئێستا و هی جاران! حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور

ئەو شارە لە مومیایی گیراوە، تەنیا روخسارێکی هەیە. هەرچی بیری لێ دەکەمەوە، سەرم لەوە دەرناچێ کە چۆن ئەم شارە نارێکە هەمان شارە خۆش و دڵ رفێنەکەی جارانە. قەت ناتوانم بروا بکەم کە ئەو خەڵکە مۆن و قەڵس و توڕەو تۆسنەی ئێستا کە زۆربەی هەرە زۆریان بۆ پارە شێت و شێدا بوون ، هەمان ئەو خەڵکەی جارانن کە نمونەی هەرە بەرزی، راستگویی، دڵ پاکی، خۆشەویستی و وەفا بوون. سەردەشتی ئێستا و هی جاران کە هەست بە خینکان دەکەی تێیدا، ئەم دۆخە بەراورد کاریە لە نێوان شارە خۆشەکەی دوێنێ و شارە لە سمیت و خشت و بتوون ئارمە و بلوک گیراوەکەی ئەمرۆ دا ، سەرەتای کاردانەوەیێکی چەند دەیەی کات و ساتە پر گێرە و کێشە و شەر و شورەکانە.

خۆ ئەوە راستە کە حەشیمەت زۆر دەبێ و شارەکان گەورە دەبن ، بەڵام داستانی سەردەشتی بەهەشتی دوێنێ و جەهەننەمەکەی ئەورۆ لە یادەوەریێەکاندا وێنەی ناحەز و ناشیرن وێنا دەکەن.

شارەکەی دوێنێ پاک بوو ، خەڵکەکەی سادە و ساکار بوون. بەڵام ئەمرۆ لە پاش تێپەرینی چەندین ساڵ بەسەر ئەم شارەدا ، خەڵکەکەی مرچ و مۆن و لە یەکتری دڕدۆنگ و بەشکن. ئێستا لە پاش سێ دەیە دووری کە بە خەیال بە کوچە و کۆڵانەکانی شارەکەم دا گوزەر دەکەم ، ئاسەوارێک لەو شوێنانە بەدی ناکەم کە بە دەیان یادەوەریم تێیدا تۆمار کردون:

کانی فەقێیان ، کانیە مەڕی ، کانی سارد ، کانی درۆزن ، کانی دەروێشە کەلە ، کانی مەتکە ، کانی شێخ شەرەفیان، کانی کاکڵاوە ، سەرچاوە جوان و دڵ گرەکەی نێو شار ، سەرچاوەی نێزەرۆ.

سەیرانگەکانی:

رەزی جۆڵا ، گامۆڵە ، کانی سێو ، رەزەکانی دامێنی شار و زۆر شوێنی دڵ گیر و دڵ رفێن ئاداریان بە سەر پاداریانەوە نەماوە. کانی و سەرچاوەکان زۆربەیان ویشک بوون و ئەوانی تر خەریکە لە توونیان قڕیان دێ.

ئاشپەزخانەی جارانی شارە جوانەکەم بۆ لێنانی خواردنی بە تام و چێژ بۆ میوانیە جۆراوجۆرەکانی بنە ماڵەیی و بۆ جەژن و بۆنە ئایینی یەکان ، بۆ ئامادە کردنی خواردن بۆ میوانی هاورەگەز تەرخان کرابوو.

کوا جاران ئاشپەزخانەیەک بۆ دروست کردنی ماددەی هۆشبەر کەڵکی لێ وەردەگیرا؟!

بەڵام ئێستا رۆژ نیە بە بەر چاوی ملۆزمە داگیرکەرەکانەوە بە رۆژی رووناک ، ئاشپەزخانەیەک لەم شارە نەتەقێتەوە. جاران لە هەموو شارەکەم دا ژن و مێردێکی غەریبە دوچاری تریاک کێشان بوون ، بەڵام ئێستا بۆ سەر حیساب بوونی گیرۆدە بووانی مادە هۆشبەرەکان ، کار لە چۆرت و ماشێن حیساب و مەسنەوی هەفتامەن کاغەز دەرچووە.

ئای لەم نەهامەتییەی کە بەرۆکی شارەنازدارەکەمی گرتووە!

رەنگە هێندێک کەس وا بیر بکەنەوە ، چونکێ لە شارەکەم دوورم ، لە دڵیشم دا نەماوە. بەڵام ناتوانم بروا بکەم کە سەردەشتم لە بیر بچێتەوە. بەڵکوو تا ماوم بەو هەوایە دەژیم کە لەوێوە دێ و زۆر جاران هێندە لێی نیزیک دەبمەوە کە شنەی بەیانیانی هەست پێ دەکەم.

چیا بلند وسەرکەشەکانی:

بوڵفەت ، باژار ، مێرگە درێژان ، سەری گۆمێ ، هۆینەماڵ ، گیارەنگ ، هۆمل ، زەرتکە و گردەسوورەکەی کۆنە هەوارم و کۆنە هاواڵم و دەوروبەری شێخ مەولانا ، چاکە و چووکەڵە.

گەرەکەکانی:

سەرچاوە ، مزگەوتی سوور و داربەڕوو بە ئەوە ناشێن کە لە بیرم بچنەوەو هەمیشە یادیان دەکەم.

حەمە رەسووڵ

 بەهاری ١٣٩٣ هەتاوی کۆیە

لە فەیسبووکی ناوبراو وەرگیراوە.