کۆچی دوایی گەورە هونەرمەندی دەنگخۆش کاک عەباس کەمەندی

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆ بەیانی ڕێکەوتی ٢٢ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٤ گەورە هونەرمەندی دەنگخۆش و دەست ڕەنگین مامۆستا عەباس کەمەندی پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و بەو کۆچە ناوەختە دڵی ئوگرانی هونەر و گشت خەمخۆرانی پەشێو و نارەحەت کرد.

عەباس کەمەندی ساڵی ١٩٥٢ لە جەورئاوای شاری سنە لەدایک بووە کە دەکەوێتە نزیکی شاری دیواندەرەی ئێستا. کەمەندی جیا لە ھونەری مۆسیقا شارەزایی زۆری لە بواری وێنەکێشی، شانۆ و سینەما و ئەدەبیاتی کوردی دا ھەبووە و ماوەی ٣٥ ساڵ لە رادیۆ دەنگی شاری سنە کاری کردووە. لە تەمەنی ٢٣ ساڵ ژیانی ھاوبەش دەست‌پێدەکات و چەند کچ و کوڕێکی لە پاش خۆی بەجێ هێشتوون.

هەباس کەمەندی دەیان بەرهەم و گۆرانی ڕەسەن و خۆشی کوردی لە دونیای هونەری گۆرانی دا بۆ ئۆگرانی چریوە و دەنگە سێحراوی و ئەفسووناویەکەی یەکێک لەو دەنگە ڕەسەن و بلاوێنانە بووە کە بەردەوام لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕێوڕەسمەکان دا بڵاو بۆتەوە. بەرهەمەکانی گەلاوێژ، هەورامان، پڕشەنگ و کیژی کورد ٢٠١٢ هەموویان شاکارێکی گەورەی هونەری گۆرانین و ئەو دەنگە بەردەوام بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

کۆچی دوایی مامۆستا هەباس کەمەندی خەسارێکی گەورەیە لە گەلی کورد بە گشتی و لە هونەری گۆرانی کوردی بە تایبەتی. بە بۆنەی کۆچی هونەرمەند و مامۆستای گۆرانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کەمەندی و خزم و دۆست و ئاشنا و ئۆگرانی دەنگی ئەو هونەرمەندە گەورە دەکەین و خۆمان بە شەریکی ئەو کۆستە گەورە دەزانین.  ڕووحی شاد و ڕێچکە و ڕێگا و شێوازی گۆرانی‌ و هونەرە نەمرەکەی بەردەوام بێ.

ئەم ماڵە هەژاریمە بەسەرما نەڕوخێنی… نەتۆری

سەر لە خۆم و لە ماڵ و مناڵم نەشێوێنی… نەتۆری

ئەم ماڵە بە بۆنەی تۆوە بەرپایە ئەزیزم… ئەزیزم

لانەیەکی فەقیرانەیە بۆمی نەڕمێنی… نەتۆری

نەتۆری.. نەتۆری کچێ نەتۆری

وەڵڵا نیەسم تاقەتێ دووری

بیللا نیەسم تاقەتێ دووری

 

تۆ بڵێ شاخی مەڕ،شیری مەلیچک، بۆت ئەسێنم… نەتۆری

تۆ گیانت بوێ هەر بە خودا بۆت دەرەهێنم… نەتۆری

بەو شەرتە کە دیسان وەکو جاران تۆ لەلامبی… ئەزیزم

ئاوازی هەزار بولبولی شەیدات بۆ ئەخوێنم… نەتۆری

نەتۆری.. نەتۆری کچێ نەتۆری

وەڵڵا نیەسم تاقەتێ دووری

بیللا نیەسم تاقەتێ دووری

 

بەینی من و تۆ حەیفە کە تـێــکی‌ بشکێنن… نەتۆری

مەهێڵە کە دڵی ئێمە لە یەکتر بڕەوێنن… نەتۆری

گوێ مەگرە لە تانە و تەشەری خێڵی بەخێڵان… ئەزیزم

ڕۆژێک نیە سەد لانە لە سەد لا نەشێوێنن… نەتۆری

نەتۆری.. نەتۆری کچێ نەتۆری

وەڵڵا نیەسم تاقەتێ دووری

بیللا نیەسم تاقەتێ دووری

………………………