خالید عەزیزی: سەركوتكردنی كورد لە ئێران لەبیركراوە

دەنیز سێرنجی. رووداو – كۆپنهاگن

خالید عەزیزی، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) دەڵێ، سەرقاڵبوونی وڵاتانی رۆژئاوا بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە وای كردووە

كێشە گرنگەكانی دیكەی وەك مافی مرۆڤ و سەركوتكردنی كورد لەو وڵاتە لەبیر بكرێت.
لەكاتی سەردانێكی ئەم دواییەی بۆ دانیمارك، عەزیزی بە (رووداو)ی گوت ”ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سیاسەتەكانیاندا لە بەرامبەر ئێران، بە تەنیا تەركیز بخەنە سەر بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئەو وڵاتە، ئەوا رەنگە لەو سیاسەتەیاندا سەركەوتوو نەبن.”

عەزیزی رووی دەمی كردە وڵاتانی رۆژئاوا و گوتی ” تكایە باس لە دیموكراسیەت و مافەكانی مرۆڤ بكەن و دەبێت رژێمی ئێران بەرپرسیار بكرێت لەبەرامبەر خەڵكەكەی. پێویستە تەركیز بخەنە سەر مافی كورد”.

عەزیزی لەسەردانەكەیدا چاوی بە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك كەوت بەمەبەستی پەیداكردنی پشتگیری بۆ خەباتی كورد و بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە ئێران.

پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ عەزیزی، هۆڵگەر نیڵسن كە تاوەكو 30/1/2014 وەزیری دەرەوەی دانیمارك بوو، بەڵێنی دا كە سەرنجی زیاتر بدەنە بارودۆخی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام جەختی كردەوە كە ناتوانرێ بەراورد بكرێ لە نێوان گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ لەو وڵاتە.

نیڵسن بە(رووداو)ی گوت ”زۆر جێگەی مەترسی دەبێت ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە بەردەوام بین لە رەخنەكانمان لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا”.

بەپێی وتەی ئەحمەد ئالیسی، مێژوونووس لەزانكۆی بۆگازیچی و شارەزای پرسی كورد، لە پاش شكستەكەی ساڵی 1984 لە بەرامبەر رژێمی ئێران، بزووتنەوەی كوردی لەو وڵاتە بەتەواوی رووی لەلاوازبوون كرد. بۆیە سەرنجەكانی رۆژئاوا زیاتر لەسەر كوردی عێراق و توركیا و سووریایە.

ئالیس بە (رووداو)ی گوت ”سەرەڕای ئەوەش، لە پاش كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكدارییان لەساڵی 1990 پارتە كۆنە كوردییەكانی ئێران هیچ پاڵنەرێكی سیاسییان نەماو تووشی جیابوونەوە بوون و ئەندامەكانیان بەرەو هەرێمی كوردستان و ئەوروپا رۆیشتن”.

ئالیس پێیوایە هۆكارێكی دیكە نەبوونی سەركردەیەكی كاریگەر و بەهێزە لە نێو كوردی ئێران. لەساڵی 1989 عەبدولڕەحمان قاسملو سكرتێری پێشووی پارتەكە لەكاتی گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگریی ئێران لە ڤیەننا تیرۆركرا. جێگرەوەكەی كە سادق شەرەفكەندی بوو، ساڵی 1992 لە بەرلین دیسان لەكاتی دانوستاندندا بەهەمان چارەنووسی ئەو گەیشت.

لەساڵانی نەوەتەكاندا، ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران چوونە هەرێمی كوردستان و لەپێناو رێگریكردن لە كاردانەوەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، رازیبوون بەوەستاندنی ‌هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە.

عەزیزی گوتی “هەندێك دەنگی ناو پارتەكەی داوای دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری دەكەن”، بەڵام ئەو پێیوایە كە دەبێت كێشەی سیاسی و نەتەوەیی لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت.

“بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەزموونی خەباتی چەكداریمان هەبوو، بەڵام وەڵامی كێشەكانمان نەبوو. خەباتی چەكداری تەنیا بیانوو بە ئێران دەدات وەك گرووپی توندوتیژ وێنامان بكات”. عەزیزی وایگوت.

ژمارەی كورد لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بە هەشت ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت بەبێ بوونی پارتێكی سیاسی كوردی رێگەپێدراو لەو وڵاتە.

عەزیزی گوتی پارتەكەی خوازیاری سیستمێكی فیدڕاڵییە بۆ ئێران كە تێیدا هەموو نەتەوەكان مافە سیاسی و كەلتوورییەكانیان پارێزراو بێت.

حیزبی دیموكرات بۆ دوو گرووپ دابەش بووە‌، یەكێكیان لەلایەن عەزیزییەوە بەڕێوەدەبرێ و ئەوی دیكەیان لەلایەن مستەفا هیجری. ماوەیەكە گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ یەكخستنەوەی هەردوو باڵەكەی ئەو حیزبە.