پۆل پۆل پەنابەری بە ناو سیاسی خۆ تەسلیم دەکەنەوە

( خواو و خورما) وتەیەک لەگەڵ ئەو( پەنابەرانەی) خۆ لە باوەشی کۆماری ئیسلامی داوێنەوە.
بە دوای دەست پێ کردنی خەباتی رەوای گەڵی کورد دژی زەوتکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد بۆ وەدەست هێنانی ئەو مافانە و خۆ پاراستن ، رۆڵەکانی کورد روویان کردە حیزب و رێکخراوەکانی چالاکی گۆرەپانی خەبات و هەر لە سەرەتاوە کەم بنەماڵە لە شار و گوندەکانی کوردستان هەبوون کە بە کەمەوە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لەریزی خەباتگێراندا خۆیان نەبیننەوە و بە گورو تین و هەستی نیشتمان پەروەریێکی زۆر قۆناخی دوای شۆرشی گەڵانی ئێرانیان دەست پێکرد و بەم شێوە تائێستاش بەردەوامە.

ئەم قۆناخە زۆر هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە بینی و گەیشتە ئەو ئاستەی کە رەنگە هێشتا دڵی هیچمانی رازی نەکردبێت و بە ئاماجمان نەگەیشتبین جا رەنگە یا ماندوو بووبین لە خەبات! یا نەبوونی دێمۆکراسی مافی تاک! لە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی دا یان پلانی خۆ پێگەیاندن بۆ دوارۆژی کوردستان یا ..،،،، .

هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆرشی رەوای کورد زۆرن ، کە جێگای ئەم باسە نین. بەڵام کەم بوونەوەی گڕ و تینی خەبات دوای ئەو هەموو قوربانی‌یە هەوڵ و تێکۆشان و بەرخۆدانە، جێگای لێکۆلینەوەیە کە ئەویش دەسپێرین بە شارەزایانی ئەم بوارە بەڵام یەکێک لەو بابەتانەی بۆتە هۆیەکی لاوازی لە بەشێک لە شێوازەکانی خەبات و ماوەیەکە وەبەر چاو دێت ئەو دیاردەیە کە پۆل پۆل پەنابەری بە ناو سیاسی خۆ تەسلیم دەکەنەوە ئەم دیاردەیەی کە هاتۆتە ئاراوە و خەریکە لەناوماندا جێ خۆشدەکات . هێندێک رووداو و هەل و مەرج و بەسەرهات رەنگە لە دەستی لە توانای حیزب و رێکخراوەکان مەیدانی بەرخۆدان چووبنەتە دەر و لە سەردەمی خۆیدا شتێکی وای خۆڵقاند بێت، کە زەرەر و قازانجی دیار نەبووبێت بەڵام گەرانەوەی ئەم کەسانە دان پێدانان، بە سیستێم و رژێمێکە کە تا ئێستا هیچ ئاڵگۆرێکی لە بواری دانی مافەکانی کورد پێوە نەبیندراوە.

بۆ بەسەر داچونەوەیەکیش بێت باچاوێک بە سەر هەڵوێست و بریارەکەی هەمیشە زیندووی شەهید دکتور قاسملوو کە دوابەدوای ئاگربەستەکەی نێوان ئێراق و ئێران دا کە دوای هەشت ساڵ شەر هاتە کایەوە، بخشێنینەوە کە تێیدا سکرتێری گشتی حیزب داوای لە پێشمەرگەکانی کرد بە ئارەزوی خۆیان بکەن و ئەوانەی ناتوانن لە قۆناخە سەختەکانی خەباتی رۆژانی داهاتوو دا بەشداری بکەن یان دەست لە پێشمەرگایەتی هەڵ گرن یان بۆ سازماندەهی دوبارەیان لە تەشکیلاتدا ئامادەگی خۆیان دەرببرن و ئەوانەی کە توانایان نەماوە و یا ناتوانن باری قورسی شۆرش هەڵبگرن دەتوانن ڕێگای دیکە بگرنەبەر! لەو سەردەمەدا چەندکەس چونەوە و خۆیان تەسلیم کردەوە و چیان بەسەر هات جێگای باس لە وتارەدانیە. بەڵام با بلێشین هەبوون کەسانێک بە خۆشی یان ناخۆشی ، بە مەیل و رەغبەتی خۆیان یان بە زۆر و زۆرداری دەستیان تێکەڵ کردو خائینی واشیان تیدا هەڵکەوت کە سرینەوەی و پاککردنەوەی خەیانەتەکانیان بۆ کەس ئاسان نیە.

ڕەوتی پەنابەری تەنیا تایبەت بە کورد نییە بەڵکوو هەموو نەتەوەکان بە پێی باردۆخی خۆیان ڕەوتی پەنابەریان کەم تا زۆر تێپەر کردووە. بەداخەوە گەلی کورد لە ماوەی ساڵانی شەری ئێران و عێراق و هێرشی دوو دەوڵەتی دژ بە کورد بۆ سەر خاک و ماڵ و جەستەیان بە ناچار ڕوویان لە هەندەران و تاراوگە کردووە. بەشێک لەوان لە ڕیگای ڕێکخراوی یوئێن و بەشێکی دیکە لە ڕێگای قاچاغ و بەشێکیشیان لە ڕێگای ناسازی و نەخۆشی وەک پەنابەر خۆیان گەیاندۆتە وڵاتانی پەنابەر وەرگر.

بەشێک لەو پەنابەرانە دوای ماوەیەک چاوەروانی توانیویانە بە شێوی یاسایی بگەنە شوێنی مەبەست. بەشێکیان دوای نائومێدی و چاوەروانی‌یەکی زۆر لە ڕێگای پڕ مەترسی خۆیان گەیاندۆتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە مەبەستیان بووە. بەشێکیان لە ڕێگای یوئێن و بە تەئیدیەی حیزب و لایەنە سیاسی‌یەکان گەیشتوونە وڵاتێک کە تێیدا بحەسێنەوە. بەشێک لەو پەنابەرانە بۆ ئەوەی قەبووڵ بکرێن ئامادە بوون کە مان لە خواردن بگرن، ئاگر لە جەستەیان بەردەن، لێوی خۆیان بدروون، خۆیان لە دەریای پڕ شەپۆلاوی بدەن و تەنانەت لە ژێر ماشێنی گەورەی بارهەڵگر دا خۆیان بشارنەوە بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتێک کە وەک پەنابەر داڵدەی بدەن. بەشێک لەوان بە ئاسانی گەیشتنە شوێنی مەبەست و زۆرێک لەوان دوای گەیشتنیشیان لە وڵاتانی سکاندیناوی و ناوەندی ئوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا پاش ساڵانێک چاوەروانی هەروا بێ ئیقامە و بێ جێگا و ڕێگا مانەوە و لە نەهایەت دا چەندین وڵات گەراون تا بە مەبەستی خۆیان کە پەنابەری یاسای‌یە بگەن. بەشێک لەوان دوای ماوەیەک مانەوە و نیشتەجێ بوون و هەندێک پووڵ و پارە وەسەریەک نان و لەبیر چوونەوەی کارەساتەکانی کە بە سەریان هاتووە، بە داخەوە پۆل پۆل پەنابەری بە ناو سیاسی کە زۆربەیان لەلایەن حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان تەئیدی ئەندامەتی یان لایەنگریان وەرگرتوە رویان کردۆتەوە گەرانەوە و خەریکە دەیکەنە نەریتێکی دزێو و رێگا خۆش دەکەن بۆ گەرانەوەی کەسانی تریش.

 *وەک دەلێن فەرماندار!!! چۆتەوە من بۆ نەچمەوە* فەرماندار ئەوانەن کە کار بەدەست بوون لە کومیتەکانی دەرەوەی وڵات لە رێکخراوە کوردی‌یەکان و ڕێکخراوە ئێرانی‌یەکان دا.

ئەم حەرەکەتەی ئەو کەسانە بۆتە مایەی سەرسورمان و لێکترازانی زۆر بنچینە و بنەما.

هەروەک هەمومان ، کەم و زۆر لە مێدیاکانی کوردی و لە رێگای ناسیاو و کەس کار و ئاشناو دۆست ، لە بە سەر هاتی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تورکیا ئاگادارین ، زۆر کەس کە بە کردەوە و بە رابوردو واتە پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی تەشکیلاتی بە داخەوە لە مەر نەبوونی مەتمانە بە کەیسەکانیان و داواکاریەکانیان لە لایەک و زۆری پەنابەر لە لایەکی تر نەیانتوانیوە وەک پێویست مافی پەنابەری وەرگرن و بە دەیان هۆکاری جۆراو جۆر لە تورکیە بە بێ بونی مافی پەنابەری ماونەوە. بە پێچەوانە لە جیاتی وان زۆرکەسی بە نارەوا و تەنیا بۆ تیمارکردنی وردە برینەکانی کۆمەڵایەتیان یا ئابوری بە وەرەقی پەنابەرانی راستەقینە خۆیان گەیاندۆتە ئاستی وان! خەریکە بەسەرهاتی تورکیە بە سەر وڵاتانی دیش دا دێنن.

١ ـ لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپایی دادگاکان تەنانەت پارێزەرەکانیش کەوتوونە شک گومان باوەریان بە تەئیدیەی ئەندامەتی یان لایەنگری حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان نەماوە و کەمتر واهەیە متمانەیان پێ بکرێت.

ئەندامانی ئەو حیزب و رێکخراوە سیاسیانەی بە هەزاران ئەزیەت و ئازار خۆ دەگەێننە وڵاتانی نا براو و ناچار دەبن واز لە کەیسەکانی خۆیان بێنن و پەنا ببەنە کەیسە ئاییننیەکان. جا ئەگەر کەسێکی بە بیر و باوەری سیاسی چارەی ناچاربێت روو لە قەشەکان کات! بۆ وەر گرتنی مافی پەنابەری ، جێگای سرنج و تێرامانە.

ئەمە خۆی لە خۆی دا بۆتە هۆکارێک کە بەرۆکی کەسانێکی گرتۆتەوە کە بە کردەوە گیانیان لە مەترسی دابوە! ئەوان مافی خۆیانە وەک پەنابەر لەو وڵاتانەی پەنابەر وەر دەگرن، وەک پەنابەر وەرگیرێن . کە بە داخەوە دەبینین وێژەری رادیۆیی حیزبێکی سیاسی پەنابەری نادریتێ ناچار دەبێت بگەرێتەوە کوردستانی باشوور، چ لەوە نارەواتر دەبێت.

٢ ـ بە بەراورد لە جاران بڕوا بە ڕەوابوونی مافی پەنابەری لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپا بۆ کوردەکانی رۆژهەلات رو لە کەمی داوە و هاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە بینین و تێگەیشتنیان ئاڵگۆری بە سەر داهاتوەو. وا هەیە ئەو رێکخراونەی خۆیان سەرقاڵی پێراگەیشتن بە کاری پەنابەران دەکردو کردوە خۆ بە کێشەی دیپۆرتکرنەوەی پەنابەرانی سیاسی چیتر ماندو ناکەن. بە پێچەوانە یارمەتیێکی زۆری ئەوانە دەدەن کە لە سەر بیر و باوەری ئایینی و … هاتونە ئەم وڵاتانە دەدەن.

ئەمەش بۆتە هۆکارێک کە ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەریان وەر نەگرتوە ئاسانتر بێتەوە. دوکەڵی ئەو ئاورەش هەر دەچێتە ناو چاوی ماف خوازەکان کە ئەوەش رەوا نیە.

لە ناو دانیشتوانی پەنابەری ئەم وڵاتانەشدا خەریکە دوبەرەکی‌یەکی نەخوازراو ساز دەبێت و بووە. کە باوەر و متمانە لە ناویاندا کەم بۆتەوە و کاریگەری کردۆتە سەر هەموو خانەکان و قۆناخەکانی پەیوەندیەکانی چالاکی مەدەنی و سیاسی ئەمەش کاردانەوەیەکە کە هیچ خزمەتێک بە رەوتی خەبات لە دەرەوەی وڵات ناکات و یەکرەنگی و یەکگرتویی بگرە خەبات شپرێو و لێک دادتەزرێنێت ، قازانجی بۆ دوژمنان نەبێت بۆ کەس نیە.

لە لایەکی تر لە ناو خۆی وڵات دەنگۆیەک هاتۆتە ئاراوە، کە پروپاگەندەیەکی زۆر روی کردۆتە ئەو کەسانەی هاتونەتە دەرەوەی وڵات و بە گشتی ئاستی رێز حورمەت بۆیان کەم بۆتەوە و بەم جۆرە ناراستەوخۆ کاریگەری مەنفی ، نەگاتیڤی کردۆتە سەر خەباتی مافخوازانەی رۆلەکانی کورد.

جا پرسیار لەو تاقمە ئەوەیە؟

 لە پێناو چیدا و چ ئالوگۆریکی جیددی لە ناو خۆی وڵات دا هاتۆتە ئاراوە کە ئێمە مەمانان ئاگامان لێ نیە. تۆ بلێی لە گوێی گادانوستبین یا ئێوە وەک کەوەکە سەرتان لە ناو بەفرناوە.

بۆ حیزبە سیاسیەکان رێگایاندا رێگا دەدەن بە هێندیک هەل پەرەست تجارەت بە پرێستیژ و بەناو ئێعتباریانەوە بکرێت ئامانجیان لە بۆربێ زۆربێ چی بوو. ئێستا چیان لە دەست دێت بۆ گەراندنەوەی سەروەری پەنابەرەکانیان.

قسەی کۆتایی لە سەر ئەو کەسانەی گەراونەوە و یا نیازی گەرانەوەیان هەیە ئەوەیە کە: ئەگەر هیچ ڕێز و حورمەت بۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییانەی کە کاریان بۆ کردوون، دانانێن، ڕێز لە خۆتان و لە کەیسە هەڵبەستراوەکەتان بگرن کە ئەو حیزبانە لەبەر دڵسۆزی بە کورد و بە بنەماڵەکانتان تەئیدیەیان پێداون. لەوە دڵنیایین کە حیزبەکان هەڵەی کەمیان لەو بارەوە هەیە و بە دەگمەن کەسانی ڕاڕا و قازانج ویستیان قەبووڵ کردوون و یا تەئیدیەنان بۆ ناردوون و ئەوەش ناگەرێتەوە سەر هەڵەی ئەوان بەڵکوو دەگەرێتەوە سەر هەڵەی هەندێک لە ئەندامانی ئەو حیزبانە کە بە هەر هۆیەک داوای تەئیدیەیان وەک لایەنگر و ئەندام بۆ داوا کردوون.

بە پێی هەواڵەکان، ئەو جۆرە کەسانە جیا لە هەندێک خزمی نزیکیان کە ناتوانن وەک خزم پشت گوێیان بخەن لە کاتی گەرانەوەیان دا هیچ ڕێز و حورمەتێکیان لێ ناگیرێ و ئەگەریش کەسانێک لەبەر لە ڕوودامان بزەیەکیان ئاراستە دەکەن تەنیا وەک عورفی کۆمەڵگا دەبێ حیسابی بۆ بکرێ. ئەو ماوەیە چەند کەسێک گەراونەوە بەڵام بە دڵنیایەوە جیا لەوە کە خۆیان سووک کردووە و ئێعتباریان لە دەست داوە هیچ قازانجێکیان نەکردووە و بەڵکوو رێز و حورمەتی خۆیان لە نێو شۆرشگێران و دڵسۆز و خەمخۆرانی کورد لە دەست داوە و بە پێچەوانە لە کۆمەڵگا دا کەم کەس هەیە کە ڕازی دڵی خۆیان لە لای ئەوان باس بکەن و یا بوخچەی دڵیان بۆ بکەنەوە بەڵکوو بە چاوی تەسلیمی و بەزیو سەیران دەکەن.

هاووڵاتیەک لە کوردستان