١٥ساڵەگی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK . جەماڵ عەڵیاڵی

پازدە ساڵ لەمەوبەر لە هەلۆمەرجێکی هەستیاردا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە لایەن کۆمەڵێک نیشتمانپەروەرەوە پێک هات، لە کاتێکدا کە هیچ تەجرەبەیەکی کرداری لە سەر سازەی لەو شێوازە نەبوو.

تەنانەت جگە لە حەماسێکی بە گوڕ و بە تین چ سەرمەیەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو. ک ن ک، مینای کەرەستەیەکی پێویستە لە کاتی هەستیار، واتە دۆخی هەنووکەیی لە قۆناخی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد پێویستی بەو کەرەستە هەیە. ئەوە تەنیا هۆکاری مانەوە و لە بەین نەچوونی ئەو سازەیە. ئەو بابەتە کورتەی بەر دەمی خۆێنەر هەوڵێکە بۆ تاو تۆێی بەپەلەی ئەو پێداویستییە.

کاتێک سەیری مێژووی نەتەوەی کورد دەکەین ئەو ڕاستییە تاڵە ئاشکرا دەبێت کە داگیرکەران سەرەڕای جیاوازییەکانیان و سەرەڕای دژبەرایەتییان دەگەڵ یەکتر هەردەم لە سەر تواندنەوەی نەتەوەی کورد هاوبیر و هاوکردەوە بوونە. بەر لە گشت سیاسەتێک، بە چەکی “کولتوورییەوە” هەوڵی زۆریان لەو پێناوە داوە هەر بۆیە لە هێندێک بواردا سەرکەوتوون، بۆ نموونە بەشێک لە سازەکانی سیاسی نەتەوەی کورد سنوورە دەستکردەکانیان قەبووڵ کردووە هەر بۆیە ئێستاش هەر باسی “حیزبی … …کوردستانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا” دەکەن، ئەوە سەرکەوتنێکە بۆ داگیرکەران. ڕاستییەکی تاڵی تر ئەوەیە کە هەر یەک لە داگیرکەرەکان لە قۆناخی جیاوازدا توانیویانە لە هێزەکانی سیاسی پارچەیەک بە دژی پارچەکانیتر کەلک وەربگرن، ئەوە یەک لە هەر دژوارییەکانی چەق بەستووی بزاوی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردە.

بۆ بەرپەرچ دانەوەی سیاسەتی داگیرکەران لەو بوارەدا، بۆ بەگوڕکردنی ئاگری تێکۆشانی نەتەوەی کورد، بۆ ئەوەی کە چیتر دەرفەتی ئەوە نەدرێ کە داگیرکەران بتوانن لە لایەنێک، دژی لایەنەکانیتر کەلک وەربگرن کونگرەی نەتەوەیی کوردستان پێک هات. هەر ئەوەش تەنیا هۆکاری لە سەرکار مانەوەی ئەو سازەیە کە تا ئێستا سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانەکانی داگیرکەران، لێک هەڵنەوەشاوەتەوە. فەرموون ئەوە بە هاوکاری داگیرکەران، کۆنفرانسەکەی هەولێر کە بڕیاربوو ساڵی پار لە پایتەختی هەرێمی باشوور بگیرێ نەگەیشتە دەستپێکی خۆی! ئەو کات کە بە فێڵ و تەڵەکەی “بۆ لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان!!!” بەسترانی کۆنفرانسەکە هەڵوەشایەوە، شایی و خۆشی کەوتە دڵی داگیرکەر کە چیتر کۆسپێکی ئەوتۆ لە سەر ڕێگەی ئەوان نەماوە. هەڵەیەکی گەورە نیە ئەگەر ئەو ڕووداوە، بە “پیلانەکەی هەولێر” ناوبەرین. کە چی دواتر بینیمان کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەر لە جێی خۆیەتی، تەنانەت بە پێی ڕاپۆرتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی بۆ چاردەهەمین کۆنفرانسی گشتی، لە ماوەی ساڵێکدا ئەوەندەی چالاکی دەوڵەتی و ناودەوڵەتی هەبووە کە بە بڕوای من زۆر زیاتر لە چالاکییەکانی سەرجەمی سازەکانی کوردی لە گشت پارچەکانە! خۆێنەری بەرێز مافی خۆیەتی کە ڕاپۆرتەکە بخۆێنێتەوە و لەو بارەوە دادوەری بکات! واتە دیسانەکەش خەونێکی داگیرکەران و ناحەزانی نەتەوەی کورد وەک بڵقی سەرئاو پووچایەوە.

بۆ بەرپەرچ دانەوەی پیلانی داگیرکەران، بۆ ئەوەی کە سازەکانی سیاسی نەتەوەی کورد لە گشت پارچەکان، بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان، لە ژێر گوشار و کارتێکەری داگیرکەران هێڵی سووری “براکووژی” نەبەزێنن، بۆ ئەوەی گشت هێزەکانی سیاسی نەتەوەی کورد لە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی رزگاری گشت کوردستانیان کۆببنەوە پێویستە کوردستانیان بە تاک و لایەنەکانی سیاسیەوە لە “کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان” پشتگیری بکەن و ئەو سازەیە لە ئەرکی سەرەکی خۆیدا یارمەتی بدەن. ئەرکی سەرەکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان مینای چەترێکی فرەگیر، کۆکردنەوە و وەڕێ خستنی سەرجەمی سەرمایە و هێزەکانی کوردستان لە یەک شۆێنەوارە بەرەو دابینکردنی ئازادی و دێمۆکراسی بۆ کوردستانیان.

جەماڵی عەڵیاڵی ٠٣/٠٦/٢٠١٤