خومەینی تاعونی سەردەمی ئێمە. کەمال حەسەنپور

 ئەمڕۆ رۆژی مەرگی خومەینی بوو. کاتێک کە بۆ یەکەم جار لە یەکەم خۆپیشاندانی شاری سەردەشت لە هاوینی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی دا بەشدارییم کرد هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو.

لە دوای ئەم خۆ پیشاندانە لە زۆربەی هەرە زۆری خۆپیشاندان، مانگرتن و چالاکییەکانی کە بە دژی رێژیمی پاشایەتی لە شاری سەردەشت بەڕێوە چوون بەشدار بووم. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا هیچ کات جگە لە ئازادی و رزگاری نەتەوەکەم هیوا و ئاواتێکی ترم نەبووە. بێگومان زۆربەی هەرە زۆری گەلی کورد کە بەشدارییان لە شٶڕشی گەلانی ئێران دا کرد لەو هیوا و هومێدە دا لەگەڵم هاوڕا بوون.

بە خۆشییەوە لە ناوچەی ئێمە دا کەس وێنەی خومەینی لە مانگ دا نەدی و کەسیش ئاواتی گٶڕانی دیکتاتۆری پاشایەتی بۆ دیکتاتۆری مەلایان نەدەخواست.

زۆربەی هەرە زۆری بەناو رۆشنبیرانی فارس بە چەپ و بەراست کەوتبوونە کێبەرکێ بۆ پێهەڵڵا گوتن بە خومەینی. تەنیا کەسێک کە خومەینی زۆر چاک ناسیبوو خوالێخۆشبوو شاپور بەختیار بوو کە گوتی: دیکتاتۆری “نعلین” لە دیکتاتۆری “چەکمە” زۆر خراپترە.

کاتێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن مەلایانەوە دزرا خەڵک بوونە دوو دەستە. زۆرینەی خەڵک بوونە دۆڕاوی ئەم ئاڵوگۆڕە و بەشێکی بچووک براوەی شێوەی دیکتاتۆری بوون.

خومەینی هەلی بۆ توێژێک لە کۆمەڵگا (بە تایبەتی کۆمەڵگای کوردەواری) رەخساند کە لە چاو تروکاندنێکدا لە چینی هەر ژێرەوەی کۆمەڵگا بە دەسەڵات و نان و نەوا بگەن. لە شاری خۆمان (سەردەشت) چاپەزی فەرمانداری و ئابدارچی بانکی کشاوەرزی بوونە دەسەڵاتدار. قاوەچییەک کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەردەمی پاشایەتی دا دەیگوت: “ئەو خەڵکە خۆیان شێت کردووە تەزاهوراتێ لە شای دەکەن. راوەستن ئەوە حوکمەتە بەخودای قوڕقوشمتان بە گەرووی دادەکا.” بەڵام بەدوای گەڕانەوەی حوکومەت بۆ سەردەشت بوو بە ئیسلامی و کوڕەکەشی بوو بە نوێنەری مەجلیس!!!!

هەمیشە گوتوومە و دیسانیش دەیڵێمەوە کە خەڵکی ئێران بەد شانسییان هێنا کە یەکەم حوکومەتی ئیسلامی لە سەردەمی نوێ دا لە ئێران دامەزرا. هەروەک خەڵکی روسیا بەدشانسییان هێنا کە یەکەم حوکومەتی دیکتاتۆری پرۆلتاریا لەوێ دامەزرا.

قەدیمی دەڵێن: دەنگی دەهۆڵی لە دوورەوە خۆشە.

هەروەک ئێستا خەڵکی وڵاتانی دوور لە ئێران پێیان وایە حوکومەتی دینی بەهەشتیان بۆ دابین دەکا، خەڵکانێکیش لە دەرەوەی یەکیەتی سۆڤیەت ماوەیەکی زۆر لایان وابوو کە دیکتاتۆری پرۆلتاریا بەهەشتی مەوعودە بەڵام هەم ئێمە دەزانین کە حوکومەتی دینی چ جەهەننەمێک بۆ دانیشتووانی پێک دێنێ و هەر بەو پێیەش خەڵکی یەکیەتی سۆڤیەت بۆخۆیان دەیانزانی لە چ دۆزەخێک دا دەژین. هەم ئێرانییەکان و هەمیش خەڵکی سۆڤیەت بە میلیۆنان بوونە قوربانی ئەم دوو شێوە دیکتاتۆرییە.

لە ساڵرۆژی مەرگی خومینی دا و کاتێک کە دەڕوانمە ٣٥ ساڵی رابردوو تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم کە: خومەینی تاعونی سەردەمی ئێمە بوو. هەرچەند بەشێکی کەم بە نان و نەوایەک گەیشتن بەڵام زۆربەی ئەوانیش (یا مناڵەکانیان) بە شێوەی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ لە ئاسەوارەکانی ئەم تاعوونە بە ساغی دەرنەچوون و ئەوانیش کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەو نەهامەتییە کە حوکومەتی ئایینی بۆ گەلانی ئێرانی بە دیاریی هێنا.

ماوەتەوە بڵێم کە لە تاریکترین کاتی شەو، رۆژهەڵات لە هەموو کات نزیکترە. ئەم رۆژە رەشانەش بێ گومان کۆتاییان دێ و رۆژی بەختی ئێمەش زۆری نەماوە کە هەڵێ.

کەمال حەسەنپور

 ٣-٥-٢٠١٤ بەرامبەر بە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧١٤ی کوردی