بەیاننامە: له‌باره‌ی نوێترین قسه‌کانی دوکتور ئیسماعیل بێشکچی له‌سه‌ر پرسی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

( بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتی و سەرجەم هێز و لایەن و تاکەکانی نەتەوەی کورد!)
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا، دۆستی لەمێژینە‌و بەنرخی نەتەوەی کورد، دوکتور ئیسماعیل بێشکچی، چەند جار باسی لە سیاسەت‌و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە پرسی کورد لەو وڵاتە‌و لە تەواوەتیی خۆی دا کرد. هەر لەم پێوەندییەش دا وێڕای ئاماژە بە تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دیموکرات، د.قاسملوو‌و د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانیان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە، داواکار بوو ڕۆلەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بە ئاگاداری لە نێوەرۆکی دژە کوردی ئەم ڕێژیمە، هەڵوێستێکی یەکگرتووانەیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەموو کات بە چاوی ڕیزو ئەمەگناسییەوە، ڕوانین و هەڵوێستی بوێرانەی بەڕێز بێشکچیی بەرامبەر بە پرسی کورد‌و نەتەوەی کورد هەڵسەنگاندوە‌و بە پێزانینەوە ئاوڕی لەو چەرمەسەری‌و تێچووانە داوەتەوە کە ئەم  کەسایەتییە گەورەیە لە سۆنگەی داکۆکی لە نەتەوەی کورد تووشیان بووە.

نوێترین لێدوان‌و پەیامی بێشکچی لە پێوەندی لە گەڵ سیاسەتی سەرکوتکەرانە‌و تێکەڵ بە هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کورد وتیرۆری ڕێبەرانی خەباتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بە هۆی ئەم ڕێژیمەوە، بە دەرفەت دەزانین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سوپاس‌و پیزانینی خۆمان لە ئاست هەلوێست‌و ڕوانگەکانی ئەم دۆستە بە نرخەی نەتەوەکەمان دووپات بکەینەوە. هەر لەو کاتە دا سەرنجی ڕۆلەکانی نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ لای پەیامی  دڵسۆزانە‌و یەکیەتییخوازانەی بێشکچی ڕادەکیشین‌و پشتیوانیی خۆمان لە داوای بەڕێزیان لە بارەی پێویستیی یەکگرتوویی‌و یەکهەڵوێستیی نەتەوەی کورد لە ئاست سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی  ئێران، ڕادەگەیەنین.

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان

4ی ژوئەنی 2014

14ی جۆزەردانی 1393