ئەو كوردانەی دژی سەربەخۆیین. هاوار بازیان

هەمیشە بڕوام وابووە هەموو كوردێك شایانی ئەوە نییە تامی سەربەخۆیی بچێژێ و هاوكات پێویستش ناكات هەموو غەیری كوردێك رازی بكەین بڕوا بە كوردستانی سەربەخۆمان بێنێ.

لەبارەی كوردەوە شتێكی نامۆیە كە دەبینین هێشتا هەندێك لایەن مەودای بیری نەتەوەیییان ناتوانێ هەزمی سەربەخۆییی گەل و نیشتمان بكا، جگە لەوەی بەشێكی تری كوردان بە شارەزایی و بەناوی سیاسەت نەخێر بە كوردستانی سەربەخۆ دەڵێن، بەڵام بەڕاستی ئەو كوردانە لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان كێن كە نەیاری كوردستانێكی سەربەخۆن و بۆچی؟

1. هەرێمی كوردستان

لەناو هێزە كوردستانییەكاندا لە هەرێمی كوردستان تا ئێستەش هێز و لایەن هەیە كە خۆی بە قەرزداری سیاسیی دوژمنانی كوردستان و لەوانە كۆماری ئیسلامی دەزانێ. لەناو هێزێكی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە دیواری سیاسیی ئەو حیزبە لەسەر ستوونی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی تاران دانراوە زۆر سرووشتییە دەنگێكی نامۆ هەبێ كە لەوبارەیەوە چاوەڕێی رەزامەندیی تاران بكات. ئەگەر پێشتریش لە چەند بۆنە و دەرفەتدا بەرپرسانی باڵای یەكێتیی نیشتمانی پشتیان لە خواستی نەتەوەی كورد بۆ دەوڵەت كردبوو، ئەوە ئێستەش رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی باش بوونەوە و دیسان سەلماندیان كە یەكێتیی نیشتمانی تا ئێستەش لە بازنەی نەیارانی كورد لە تاران و بەغدا دەسووڕێتەوە. قسەكانی عادڵ موراد لە سەركردایەتیی ئەو حیزبە پاش بەهێزبوونی دەنگۆی گشتپرسی بۆ چارەنووسی سیاسیی كورد كە چاوەڕێ دەكرێ بڕیاری سەربەخۆییی كوردستانی لێبكەوێتەوە، ئەو راستییە باشتر ئاشكرا دەكات كە هێشتا كۆماری ئیسلامی لە ناخ و دەروونی یەكێتیی نیشتمانیدا دەژیت. بۆچوونەكانی عادڵ موراد لەبارەی سەربەخۆییی كوردستان و مەسەلەكانی پێوەست بەو باسەوە هیچ جۆرە جیاوازییەكی لەگەڵ لێدوان و روانینی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بۆ ئەو پرسە نییە و لە هەندێك شوێندا ئەو بەرپرسە تەنانەت زیاتر لە بەرپرسانی ئێرانی نكۆڵی لە مافی كورد بۆ سەربەخۆیی كردووە.

ئەو سیاسەتە “دژە كوردییە”ی بەشێك لە یەكێتیی نیشتمانی كە هاوئاهەنگە لەگەڵ نەیارانی سەربەخۆییی كورد لەناو حكوومەتی عێراقی و بەشێك لە وڵاتانی تری عەرەبی وەك میسر، لەلای زۆرینەی خەڵكی كوردستان مایەی پرسیار و سەرسوڕمانە. لای خەڵك و رای گشتیی كوردستان شتێكی سەیر نییە ئەگەر بۆ نموونە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر یان بەرپرسانی شیعە لە عێراق بۆچوونێكی نەرێنیان لەبارەی دەوڵەتی كوردستانەوە هەبێ. هیچ كوردێك چاوەڕێ نییە كەسێكی وەك نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی یان عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە لە عێراق دەستخۆشی و پێشوازی لە پرسی كوردستانی سەربەخۆ بكات، بەڵام بێگومان هەمووكەس چاوەڕێیە كورد لە هەر شوێنێكی دنیا پاڵپشت و پشتگیری سەربەخۆیی كورد بێ.

لە سەرەتای گەرمبوونی دووبارەی باسی سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان، گومانێكی زۆر لە هەندێك هێز و لایەنی وەك ئیسلامییەكان دەكرا كە دژ بەو پرسە بوەستنەوە، بەڵام دواتر وەك دەركەوت سەرجەم ئەو هێزانە هەڵوێستێكی نەتەوەیی و جوانیان پێشان دا، زۆر جوانتر لەو هێزە كۆن و كلاسیكەی وەك یەكێتیی نیشتمانی كە 39 ساڵە بەناوی رزگاریكاری نەتەوەیی خۆی بەكورد ناساندووە.

2. كوردستانی ئێران

دەنگی ئەو بەشە لە كوردستان دابەشی سەر كوردی ناوەخۆ و كوردی تاراوگە دەكرێ. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردی لە دەرەوەی كوردستانی ئێران لەماوەی رابردوودا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیریی پرسی سەربەخۆییی كوردستانیان كردووە كە رەنگدانەوەی گشتیی دەنگی كپكراوی كورد لە ئێرانە و تەنانەت هەندێك هێزی وەك كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەڕەسمی پاڵپشتی لە هەر بڕیارێكی رێبەرایەتیی كورد كردووە كە بەرەو سەربەخۆییی كوردستان بڕوات. هەروەها لێدوانی سكرتاریەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە هۆشداری دا لەوەی “ئێران دژی سەربەخۆییی كوردستان پیلانگێڕی دەكات”. بەگشتی جۆرێك هاوسۆزیی نەتەوەیی بۆ ئەو پرسە لە كوردی ئێراندا بینرا.

لەبارەی دەنگی كوردی ناوەخۆی وڵاتەوە هەرچەندە مینبەرێكی ئازاد نییە دەنگی هەموویان ببیستین، بەڵام  بەتایبەت ئەوانەی بەڕەسمی لێدوان دەدەن باس لە دژایەتیی كوردستانی سەربەخۆ دەكەن. عابد فەتاحی نوێنەری “كورد”ی شاری ورمێی كوردستان لە “پەرلەمان”ی ئێران بەڕەسمی رایگەیاند كە ئەوان دژی هەرجۆرە دابەشكردنێكی عێراقن و سەرگرتنی دەوڵەتی كوردی بۆ كوردان هەمان سەرگرتنی “پیلانی ئیسرائیلە” لە ناوچەكەدا. ئەو نوێنەرە كوردەی ناو سیستەمی كۆماری ئیسلامی كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پەرلەمانتارە سووننەكانی ئێرانە هەڕەشەی ئەوە دەكات “رێگە نادەین دەوڵەتی كوردی بێتەدی”. هەرچەندە شتێكی نامۆ نییە كە پەرلەمانتارێكی كوردی وەك عابد فاتحی كە هاوسەرەكەی لە بنەماڵەیەكی ناسراوی شیعەی ناوچەكەیە و خۆی زیاتر لە 25 ساڵە لە نێزیكەوە دەستی لەگەڵ چەوساندنەوەی كورد تێكەڵ كردووە پێشوازی لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردان بكا یان كورد شتێكی لەوە باشتر لەو كەسە چاوەڕوان بكا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی دەنگی ئەو مۆرەی كۆماری ئیسلامی لە راگەیاندندا بەسەر دەنگی سەرجەم 20 – 25 هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا زاڵ بووە؟

3. باكور و رۆژئاوا

ئەو دوو بەشەی كوردستان كە خۆیان لەمێژە باری سەربەخۆییی كوردستانیان لە پشتە پێشوازی لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێبینیی خۆیان هەیە. پارتی كرێكارانی كوردستان كە ئەمڕۆ كەم یان زۆر دەنگی سیاسیی كورد لەو دوو پارچەی كوردستانە پێی وایە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بەشێوەی ئێستە لە هەرێمی كوردستان “گونجاو و لەكاتی خۆیدا نییە”. بەشێك لە چاودێران پێیان وایە، پەكەكە قووڵتر لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بیری لەو پرسە كردووەتەوە و رووداوەكانی پاش راگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستان دەخوێنێتەوە، بەتایبەت كە دۆخی ناوچەكە لە عێراق و سووریا ئاڵۆزە، بەڵام هاوكات بەشێكی تر لە شرۆڤەكاران لەو بڕوایەدان كە ناكرێ حزب یان لایەنێك (بۆ نموونە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق) ئەو پرسە “بە حیزبی” بكات و خواستی لەمێژینەی نەتەوەیەك بكاتە ئاشی خۆی، هەر بۆیە پارتی كرێكاران پێی وایە “دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان” ئێستە لە بەرژەوەندیی هەموو كورد و كوردستاندا نابێ”. هەر لەو سۆنگەوە خۆیان لەو پرسە زۆر بەرپرس نازانن و بەشێوەی رەسمی پێشوازییەكی گەرمیان لێنەكردووە. بەڵام نابێ فەرامۆشیش بكەین كە هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆوە حسێبێكی زۆری لەسەر پشتگیرییەكانی باكور و رۆژئاوا و بەتایبەت پارتی كرێكاران لە خۆی و دەوڵەتی كوردی دەكا، بۆیە هەرجۆرە نەیارییەكی ئەو دوو پارچەیە لەگەڵ پرسی دەوڵەتی كوردیدا تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو دژایەتییەی بە سیستماتیك لەناو یەكێتیی نیشتمانی یان كوردی ناوەخۆی ئێرانەوە بەرامبەر كوردستانی سەربەخۆ دەكرێ.

دەرئەنجام

لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا، گشت لایەكی كوردی كۆكن لەسەر ئەوەی كورد پێویستی بە یەكدەنگی هەیە و نابێ دیسان ئەو دەرفەتە مێژویییە لەدەست بدا كە رەنگە بۆ چەندان ساڵی داهاتوو لەو نەتەوەیە دوور بكەوێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەگەر بەشێك لە كورد بە هەر بیانوویەكی سیاسی یان مەزاجی حیزبی پیلانی نەیارانی كورد دژی وڵاتی سەربەخۆی كوردستان جێبەجێ بكەن، وەڵامی نەتەوەی كورد چی دەدەنەوە كە سەد ساڵە قوربانی پێشكێش دەكات؟ هەروەها ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی پرۆژەی دەوڵەتی كوردی دەزانن، بۆچی ئامادە نین لە پێناو هێنانەدی خەونی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت كە بارودۆخەكە دەرفەتی رزگاری پێ بەخشیوە، هەندێك سینگ فراوانتر بن و لە پێناو نەتەوەدا پشت لە حیزب بكەن؟

http://awene.com/opinion/2014/07/09/33934

سەرچاوەكان:

1. http://rudaw.net/sorani/Al25instan/0507201419

2. http://www.irna.ir/fa/News/81229749/

3. http://nrttv.com/nrt2014/all-details.aspx?jimare=56123

4. http://www.komala.org/announcements/item/703-ragayandni-komala-bw-pishtiwani-la-prsi-sarbaxwyi-kurdstan.html

5. http://rudaw.net/sorani/Al25instan/0707201420