وتاری کاک مسته‌فا شه‌ڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب، له رێوڕەسمی یادی 25 ساڵه‌ی شه‌هیدانی وییه‌ن، لە وڵاتی نۆروێژ
به‌ڕێزان نوێنه‌رانی حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کان!
به‌ڕێزان که‌سایه‌تییه سیاسی، فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان!
به‌ڕێزان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان!
به‌شدار بوانی به‌ڕێز!
له ده‌وری یه‌ک کۆبوینه‌وه تا یادی کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن بکه‌ینه‌وه که تێی‌دا ڕێبه‌رێکی بێ هاوتای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد شه‌هیدی ڕێبه‌ر دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو، هاوڕێ له گه‌ڵ دوو که‌سایه‌تی هه‌ڵکه‌وتوی دیکه‌ی حیزبی دێموکڕات وکورد کاک عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دوکتور فازل ڕه‌سوڵ که‌سایه‌تی سیاسی کوردی باشووری کوردستان بوونه قوربانی له ڕێگای وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان و له ڕێگای ئاشتی، ئازادی و دێموکڕاسی دا بۆ کوردستان و ده‌راوسێکانی کوردستان . له لایه‌ن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه‌وه سپاستان ده‌که‌م که له یادی 25 ساڵه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییه تاڵه دا له گه‌ڵمان به‌شدارن. بێگومان ئه‌و یاده تاڵه هه‌م بیره‌وه‌ریه‌کی ناخۆشه بۆ هه‌مومان و هه‌م وره‌مان بۆ درێژه‌دانی ڕێگای شه‌هیدانی ڕێبه‌ری وه‌ک قاسملو پته‌وتر ده‌کا. به پێویستی ده‌زانم وێڕای ناردنی سڵاوێکی به‌تین بۆ ڕوحی پاکی هه‌مو شه‌هیدانی کوردستان به‌گشتی و شه‌هیدانی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه به تایبه‌تی، باسێکی کورد له‌سه‌رچۆنیه‌تی خۆ پێگه‌یاندن و هه‌وڵ و تێکۆشانه سیاسیه‌کانی شه‌هیدی ئاشتی و شه‌هیدی ڕێبه‌ر دوکتور قاسملو بکه‌م.
عه‌بدولره‌حمان قاسملوو ساڵی 1945/1324 تێكۆشانی سیاسیی خۆی به دامه‌زراندنی یه‌كیه‌تیی لاوانی دێموكرات له شاری ورمێ ده‌ست پی كرد. ساڵی 1325 كۆماری كوردستان له مه‌هاباد رووخا. به دوای ئه‌و دا ئه‌ویش بۆ خوێندن چووه تاران. ساڵی 1327 بۆ درێژه پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایته‌ختی فه‌رانسه. گه‌یشتنی به پاریس هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ته‌قه كردن له شا له زانستگه‌ی تاران (25ی رێبه‌ندانی 1327) كه بوو به هۆی له نێو چوونی ئه‌و نیمچه ئازادی‌یه دێموكراتیانه‌ی که هه‌بون له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا. به‌و بۆنه‌یه‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رینی خوێندكاره ئێرانی‌یه‌كان له پاریس پێك هات كه له‌وێ دا عه‌بدولره‌حمان قاسملوو به درێژی له دژی شا‌و رێژیمه‌كه‌ی قسه‌ی كرد‌و له ئاكام دا خوێندكاران په‌یامێكی ئیعترازییان بۆ حه‌مه ره‌زا شا نارد. ئه‌م كاره بوو به هۆی فشاری باڵیۆزخانه‌ی ئێران له پاریس، ته‌نانه‌ت له لایه‌ن حكوومه‌تی فه‌رانسه وه بۆ سه‌ر قاسملوو. سه‌رئه‌نجام ناچار بوو پاریس به جێ بهێڵی‌و وه‌ك یه‌كه‌م بوورسیه‌ی ئێرانیی “یه‌كیه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی خوێندكاران” چوو بۆ پراگ پێته‌ختی چیكوسڵۆواكی. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا كه له فه‌رانسه بوو، به هاوكاریی چه‌ند خوێندكاری دیكه‌ی كورد”كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له ئورووپا”یان دامه‌زراند. دوکتور قاسملو هه‌رچه‌ند له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بو، به‌ڵام هه‌رگیز په‌یوه‌ندی خۆی له گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان نه پچڕاند. له ڕێکخستنه‌وه‌ی ته‌شکیلات حیزب دا و به تایبه‌ت له بوژانه‌وه‌کانی ساڵی 1332 دا نه‌خشی به‌رچاوی هه‌بو. له ده‌ره‌وه ڕا په‌یوه‌ندی هه‌بو له گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی 1346/1347 و په‌یوه‌ندی موکاته‌به‌یی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه وه‌ک سوله‌یمانی موعینی و مه‌لا ئاواره و حه‌مه‌ده‌مینی سیڕاجی هه‌بو. له ساڵی 1969 ی میلادیشه‌وه و له کۆنفڕانسی 3 وه به کرده‌وه حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ڕێبه‌ری کرد‌و به هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌و حیزب هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ی به‌ره‌و نوێبونه‌وه، پێکهێنانی ته‌شکیلاتێکی به‌هێزو دیپڵۆماسیه‌کی به‌هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی هاویشت. له شۆڕشی گه‌لانی ئێران دا به ڕێبه‌رایه‌تی دوکتورقاسملو، حیزب توانی ڕۆڵی سه‌ره‌کی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ته‌نانه‌ت ئێران ببینی. وه‌ک یه‌که‌م ڕێبه‌ری کورد توانی کاندید بێ و هه‌ڵبژێدرێ بۆ مه‌جلیسی پسپۆڕانی ئێران. توانی له هه‌نگاوه‌کانی وتووێژ دا نه‌خشی یه‌که‌م بگێڕێ، له کاتی شکستهێنانی وتووێژی ئاشتی و هێرشی دڕندانه‌ی کۆماری ئیسلامیش دا وه‌ک ڕێبه‌رێکی کارامه بۆ به‌رگری له گه‌له‌که‌ی ده‌رکه‌وێ. دوکتور قاسملوو توانی په‌یوه‌ندییه‌کی دیپڵۆماسی به‌هێز له گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه پێک بێنێ و له‌و هه‌موو گرژی و ئاڵۆزیانه دا که له ناوچه پێکهاتن و به‌و هه‌موو گرفتانه‌شه‌وه که بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و گه‌لی کورد هاتنه پێش، فه‌رمانی حیزب و شۆڕش به جۆرێک هیدایه‌ت بکا، که ئێستاش ئێمه بێ‌سڵینه‌وه بتوانین شانازی به ڕابردوی حیزبه‌که‌مانه‌وه بکه‌ین. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ژێر ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌ودا ته‌نانه‌ت یه‌ک هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌وتۆشی نه‌بوو که مه‌جبوربین بیشارینه‌وه، یا به حه‌زه‌ره‌وه باسی بکه‌ین. دیاره ده‌بێ ئه‌وه بڵێم که ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت له ژێر ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و گه‌وره ڕێبه‌ره‌ش دا هه‌ڵه‌ی ته‌شکیلاتی و بڕیاری هه‌ڵه درابێ، که ئه‌وه‌ش له کاری سیاسی دا ڕوو ده‌دا. به‌ڵام له گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڵه‌کانیش دا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ده‌توانێ شانازی به‌و سه‌رده‌مه‌یه‌وه بکا که شه‌هید دوکتور قاسملو ڕێبه‌ری بوو.
به داخێکی گرانه‌وه رۆژی 22ی پووشپه‌ری ساڵی1368 (13ی‌ژوئیه‌ی1989) له كاتێك‌دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگای چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد له ئێران‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند نوێنه‌ری حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی له وییه‌ن له سه‌ر مێزی وتووێژ دانیشتبوون، مامۆستای رێبه‌ر دوكتور قاسملوو له‌گه‌ڵ هاوڕێی تێكۆشه‌ر كاك عبدالله قادری ئازه‌ر ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌و نوێنه‌ری حیزب له ئورووپا و دوكتور فازل ره‌سووڵ كوردی باشووری کوردستان و مامۆستای زانستگه له وییه‌ن به ده‌ستی به ناو نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت بۆ وتووێژی ئاشتی، شه‌هید كران.
ئه‌و تیرۆڕه ته‌نیا دژی حیزبی دێموکڕات و دوکتور قاسملوو نه‌بوو، به‌ڵکو له هه‌مان کات دا دژایه‌تییه‌کی کوێر و قین له‌دڵانه بوو له گه‌ڵ ئاشتی، دێموکڕاسی و ئازادی. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له چه‌ند بواردا دوژمنی سه‌ر سه‌ختی دوکتور قاسملو بوو. ڕژیم دژی که‌سایه‌تییه‌ک بوو که له لایه‌که‌وه گه‌وره‌ترین هێزی نه‌ته‌وه‌یی، مافخواز، دێموکڕاسیخواز ، پێشکه‌وتوو و شۆڕشگێڕی ڕێبه‌ری ده‌کرد. له لایه‌کی دیکه‌وه دیارترین که‌سایه‌تی سیاسی، ئاشتیخواز، دێموکڕاسیخواز، به توانا له بواری زانستی دا و به ناوبانگ له دیپڵۆماسی و په‌یوه‌ندی دا بوو.
جێگای خۆیه‌تی ئیشاره به‌وه بکه‌م که زۆر که‌سایه‌تی کورد و غه‌یره کورد له سه‌ر دوکتور قاسملووی نه‌مر هه‌ر ئه‌و بۆچونه‌یان هه‌بوو. که ده‌توانین لێره‌دا ئیشاره به مادام میتران که که‌سایه‌تیه‌کی گرنگی فه‌ڕانسه‌یی و هاوسه‌ری فڕانسوا میتران سه‌رۆک کۆماری پێشوی فه‌رانسه، دوکتور بێرنارد کۆشنه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی وڵاتی فه‌ڕانسه،کارڵ جێچ هاو خوێندکار و هاوکاری دوکتور له زانستگای پڕاگ، تۆماس هاماربێری سوئێدی، دوکتور ئیسماعیل بێشکچی، دوکتور مه‌حموود عوسمان که‌سایه‌تی سیاسی باشووری کوردستان، پێیه‌ر مۆروا، سیاسه‌توانی فه‌ڕانسه‌یی، دوکتور که‌نداڵ نزان که‌سایه‌تی سیاسی باکووری کوردستان، کریس کۆچێڕا ڕۆژنامه‌وانی به‌ناوبانگی فه‌ڕانسه‌یی، دوکتور بێرنارد گرانژۆن فه‌ڕانسه‌وی، سه‌لاح به‌دره‌ددین که‌سایه‌تی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان و زۆر سه‌رکرده و که‌سایه‌تی دیکه‌ی کورد و غه‌یره کورد بکه‌ین.
دوکتور قاسملو ئه‌و تاقیکردنه‌وه، زانست و پایه‌گا گه‌وره‌یه‌ی له خۆڕا به‌ده‌ست نه‌هێنابو. هه‌م له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناودارو کوردپه‌روه‌ر له دایک ببوو، هه‌م له ته‌مه‌نێکی زۆر لاودا ڕێگای خه‌بات و تێکۆشانی گرتبۆه به‌ر. بۆ خۆی له‌م باره‌یه‌وه له كتێبی “چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی”دا له باسی سه‌فه‌ری 30 كه‌س له كورده‌كان بۆ باكۆ له سه‌ر بانگهێشتنی ده‌وڵه‌تی شووره‌وی، ده‌نووسێ :”هه‌ر چه‌ند ئه‌و كاته من ته‌مه‌نم یازده ساڵ بوو، به‌ڵام وه‌ك زۆر منداڵی ئه‌و سه‌رده‌مه سیاسه‌ت سه‌رنجی راكێشا بووم.
بابم یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و هه‌یئه‌ته بوو. زۆر باشم له بیره كه له باكۆ هاته‌وه چه‌ندین تاقه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، تا پڕێكی باشیشی پێ بوو. وادیاره سۆڤیه‌تیه‌كان قه‌ند‌و تفه‌نگ‌و شتی دیكه‌یان به دیاری دابوو به هه‌موو ئه‌ندامانی هه‌یئه‌ت. قه‌ند به تایبه‌تی زۆر به نرخ بوو، چونكه ئه‌و كاته له ئێران زۆر كه‌م و گران بوو. من ئه‌و كاره‌م زۆر پێ سه‌یر بوو، چونكه له ماڵی ئێمه براكانم و ئامۆزاكانم كه له من گه‌وره‌تر بوون، باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌بابم له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی دیكه چوون بۆ باكۆ حه‌ق‌و ئازادیی كوردان داوا بكه‌ن. بۆیه راست‌و ره‌وان له بابم پرسی: ئه‌دی مافی كوردان چی لـێ هات؟”
هه‌ربۆیه کۆماری ئیسلامی له تێڕۆڕی دوکتور قاسملوی نه‌مر دا چه‌ندین ئامانجی تاقیب ده‌کرد. دیاره ئامانجی سه‌ره‌کی له ناوبردن، یا لاواز کردنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه به چۆکداهێنانی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستان بوو. ئامانجێکی دیکه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌ناوبردنی که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی ئاشتیخواز و دیپڵۆمات بوو که به شێوه‌یه‌کی زانستی، مرۆڤدۆستانه و له چوارچێوه‌ی مه‌نشور و بڕیارنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دا، به چه‌ندین زمانی زیندووی دنیا، ده‌یتوانی جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکاریه‌کانی بواری مافی مرۆڤ له کۆماری ئیسلامی دا، له هه‌موو دنیا له قاو بدا. له لایه‌کی دیکه‌وه دوکتور قاسملوو و ئه‌و حیزبه‌ی که دوکتور قاسملوو ڕێبه‌ری ده‌کرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ببوونه پێشه‌نگی جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی له سه‌رانسه‌ری ئێران دا. له هه‌موو پانتایی ئێرانه‌وه ئازادیخوازان ڕوویان له حیزبی دێموکڕات و دوکتور قاسملوو ده‌کرد. له ڕاستی‌دا به‌رهه‌ڵستکاری سه‌ره‌کی کۆماری ئیسلامی و نیزامه دژی مرۆییه‌که‌ی کۆماری ئیسلامی دوکتور قاسملوو و حیزبه‌که‌ی بوون. هه‌روه‌ها تیڕۆڕی دوکتور قاسملوو به ئامانجی تیڕۆڕی بیر و بۆچوون و هزری دوکتور قاسملوو بوو. بیر و بۆ چونێک که به پێچه‌وانه‌ی ڕێژیم، به شێوه‌یه‌کی مۆدێرن هه‌وڵی ده‌دا عه‌قڵییه‌تی لیبڕاڵ، فره‌حیزبی و دێموکڕاتیک له کۆمه‌ڵگای کوردستان و ئێران دا نه‌هادینه بکا و پێکه‌وه ژیانی ئاشتیخوازانه بکاته مۆدێلی ژیان له ئێران و کوردستان دا. ئه‌وه‌ش دیاره به ته‌واوی دژی مۆدێلی ویلایه‌تی فه‌قیهی کۆماری ئیسلامی بوو که ته‌واوی هه‌وڵی ئه‌وه بو که گه‌لانی ئێران به ڕێگای ژیانێکی ئاراسته‌کراوی خه‌ت و نیشان بۆ کێشراو وداخراو دا هیدایه‌ت بکا و له کۆتایی دا کۆمه‌ڵگایه‌کی موتیع بۆ وه‌لی فه‌قیه و بێ فکر و هزر له به‌ڕێوه‌بردنی خۆی دا، به‌رهه‌م بێنێ.
کۆماری ئیسلامی بیری له‌وه کردبۆوه که به له نێوبردنی ڕێبه‌رێکی وه‌ک دوکتور قاسملوو جووڵانه‌وه‌ی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ سه‌رده‌کا و بیری نه‌ته‌وه‌یی پێشکه‌وتنخواز و گرێ‌دراو به کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه مرۆڤدۆسته‌کانه‌وه، به‌ره‌و لاوازی ده‌با. ئه‌وه له ڕاستی دا خه‌ونی هه‌موو ڕێژێم و حکوومه‌ته دیکتاتۆره‌کانه. ئه‌وان هه‌میشه بۆ چونیان ئه‌وه بووه که به له نێو بردنی ڕێبه‌ری جوڵانه‌وه، خودی جوڵانه‌وه‌که له نێو به‌رن. ئێعدامی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له پێش تێڕۆڕی دوکتور قاسملوو دا و تیڕۆڕی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندیش له دوای تێڕۆڕی دوکتور قاسملوو هه‌ر به‌و ئامانجه ئه‌نجام دراون. ئه‌و جینایه‌تانه له مێژووی پڕ کاره‌سات و قوربانی دانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا به‌داخه‌وه له هه‌موو قۆناغه‌کان دا ئه‌نجام دراون. بێگومان ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بزانین که له داهاتوش دا، هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه به به‌رنامه‌ی جیاوازه‌وه، دژی ڕێبه‌رانمان و که‌سایه‌تییه لێوه‌شاوه‌کانمان درێژه‌ی ده‌بێ. بۆیه جێگای خۆیه‌تی ڕێبه‌ر و که‌سایه‌تییه شه‌هیده‌کانمان له‌بیر نه‌که‌ین و قه‌دری که‌سایه‌تی و ڕێبه‌ره زیندوه‌کانیشمان بزانین.
به‌ڕێزان!
له گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌ش‌دا که باسمان کرد، یه‌ک پرسیار ڕه‌نگه له زه‌ینی هه‌موومان‌دا بێت و بچێ. به‌ڕاستی چۆن بوو که دوکتور قاسملوو، له گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی دانیشت و به‌م شێوه‌یه شه‌هید کرا؟
به بڕوای من وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌توانین له چوارچێوه‌ی هزر و بۆ چوونی دوکتور قاسملوو دا په‌یدا بکه‌ین. ڕه‌وشی ئاشتیخوازانه‌ی دوکتور قاسملوو هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئیران دا ده‌ست پێ ده‌کا. هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاری حکوومه‌تی تازه‌وه هه‌وڵی داوه تا مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران دا به شێوه‌ی وتووێژ چاره‌سه‌ر بکا. له هه‌ر ده‌رفه‌تێک که هاتبێته پێش که‌ڵکی وه‌رگرتوه و هیچ پێشنیارێکی ئاشتی ڕه‌ت نه‌کردوه‌ته‌وه. له بیرمه له دوای شه‌ڕی سێ مانگه و به‌دوای بێ ئاکام مانه‌وه‌ی وتووێژی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی کورد له گه‌ڵ حکوومه‌ت، زۆر هه‌وڵی دا ڕیگایه‌کی دیکه بدۆزێته‌وه. باسی گه‌ڵاڵه‌ی شه‌ش مادده‌یی هێنایه گۆڕ و حیزب هه‌وڵی دیکه‌ی ئاشتی دا. دوکتور قاسملوو پێی وابوو ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕۆژ وه‌دوا که‌تنی شه‌ڕیش نیعه‌ته بۆ دێموکڕاسیخوازانی کوردستان و ئێران و زۆر هه‌وڵی ده‌دا شه‌ڕ له ناو به‌رێ یا لانی که‌م وه‌دوای بخا. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو کاتی خۆی زۆر لایه‌ن به حیزبی دێموکڕاتیان ده‌گوت سازشکار.
دوکتور قاسملوو نه‌زه‌ری وابوو که شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه ئه‌و که‌سه نییه که شه‌ڕ ساز ده‌کا، به‌ڵکوو ئه‌و که‌سه‌یه که به هه‌موو هیزیه‌وه هه‌وڵ ده‌دا بۆ ئاشتی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێرش کرایه سه‌ر گه‌له‌که‌ی به‌و په‌ڕی تواناوه به‌رگری ده‌کا. که‌وابو مێتۆدی خه‌باتی دوکتور قاسملوو ئه‌وه‌بو که به‌رگری بکا بۆ سه‌پاندنی وتووێژ و ئاشتی. هه‌ر ڕاست به خاتری ئه‌و مێتۆده بوو که جارێک به گه‌ڵاڵه‌ی 26 مادده‌یی، جارێکی تر به گه‌ڵاڵه‌ی 6 مادده‌یی هه‌وڵی ده‌دا که نه‌هێڵێ وتووێژ ڕابوه‌ستێ و شکست بخوا. جگه له‌وه دوکتور قاسملوو ده‌یهه‌ویست له هه‌ر ده‌رفه‌تێک که‌ڵک وه‌رگرێ. ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه هه‌بوو که سیاسه‌ت هونه‌ری مومکینه. ناکرێ له سیاسه‌ت دا یا هه‌زارت بوێ یا هیچ. به‌ڵکوو ژماره‌ی دیکه‌ش له‌و به‌ینه‌دا هه‌ن. مخابن کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و تا ئیستاش باوه‌ڕیان به چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد نه‌بوو و نیانه.
که‌وابو ئوسول و مێتۆدی دوکتور قاسملوو ئه‌وه‌بوو که وتووێژ ڕه‌ت نه‌کاته‌وه. به ئاگایی له‌و ئاشتیخوازییه‌ی دوکتور قاسملوش بوو که کۆماری ئیسلامی پلانی تیڕۆڕکردنی ئه‌وی له چوارچێوه‌ی هێنانه‌گۆڕی وتووێژ دا داڕشت. به‌ڵام ده‌بێ ئیقرار به‌وه‌ش بکه‌ین که چ شه‌خشی شه‌هیدی ڕێبه‌رمان، چ هاوڕێیانی له‌و دانیشتنه‌دا به‌شدار بوون و چ حیزب به گشتی و ته‌شکیلاتی حیزب به تایبه‌تی بێ موبالاتییه‌کی گه‌وره‌یان کردوه، له چۆنیه‌تی ئۆرگانیزه‌کردنی دانیشتنه‌که دا. کۆماری ئیسلامی به داڕشتن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پیلانه لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕه‌ش و جینایه‌تکارانه‌ی دیکه‌ی به مێژووی پڕ له شوره‌یی خۆی زیاد کرد و ده‌بێ بڵێین زه‌ڕبه‌یه‌کی گه‌وره‌شی له حیزبی دێموکڕاتی کورستان و جووڵانه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی و له سه‌رانسه‌ری کوردستان به گشتی‌دا. هه‌روه‌ها خه‌سارێکی زۆر گه‌وره‌ی به پڕۆسه‌ی دێموکڕاسی و ئازادی له سه‌رانسه‌ری ئێران گه‌یاند. به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ی توانی به هه‌موو مه‌به‌سته گه‌ڵاوه‌کانی خۆی بگا. که به‌ر له هه‌مو شتێک بریتی بو له به‌چۆک داهێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ئیستاش قوتابیانی قاسملوو درێژه به‌ڕێگاکه‌ی ده‌ده‌ن و وه‌فادارن به هزر و وته به‌نرخه‌کانی ئه‌و ڕێبه‌ره. ئێستاش وشه‌کانی ئه‌و ڕێبه‌ره که ده‌یگوت: “باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌دانی ڕێگایانه”.
به‌ڕێزان!
په‌روه‌نده‌ی ئه‌و جینایه‌ته به‌داخه‌وه هه‌ر وا به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت به دواداچونی قه‌زاییشی به ته‌واوی بۆ نه‌کراوه. حکوومه‌تی ئوتریش هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی ئه‌و جینایه‌ته دا، بازرگانی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه کرد و له جیاتی تاقیبی جینایه‌تکاران و به‌ند کردنیان و سپاردنیان به دادگا، ئه‌وکه‌سه‌ی که گیرابووش ڕه‌وانه‌ی ئێرانی کرده‌وه. حیزبی دیموکڕات له قۆناغی جیاوازدا ئه‌وه‌ی له توانای دابوبێ هه‌وڵی داوه ئه‌و په‌روه‌نده‌یه زیندو ڕابگرێ و له ده‌رفه‌تێک دا بیگه‌یه‌نێته دادگایه‌کی سه‌ڵاحییه‌تداری نێونه‌ته‌وه‌یی. ته‌نانه‌ت دوو ساڵیش له‌مه‌وبه‌ر ئێمه له ده‌ره‌وه کامپینێکمان وه‌ڕی خست و زۆر ئیمزامان له که سایه‌تی ناودار کۆکرده‌وه. سه‌ردانی حکوومه‌تی ئوتریشمان کرد و له ڕێگای حیزبه‌کانی ئه‌وێوه، به تایبه‌ت له ڕێگای سه‌وزه‌کانه‌وه مه‌سه‌له‌که‌مان گه‌یانده پارله‌مانی ئه‌و وڵاته. به‌ڵام تا ئێستاش مخابن به جێگایه‌کی مه‌تڵوب نه‌گه‌یشتوین. به باوه‌ڕی من پێویسته هه‌ردوک لای دێموکڕات پێکه‌وه به‌و گرنگه هه‌ستن و کومیته‌یه‌کی هاوبه‌شی بۆ دانێن تا به جیددییه‌تی زۆرتره‌وه به‌دوای ئه‌و مه‌سه‌له گرنگه دا بچن. هه‌ر لێره‌وه ده‌ستی هاوکاری بۆ هاوڕێیانی حدکا درێژ ده‌که‌م و هیوادارم ئه‌وانیش ڕازی بن تا پێکه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کومیته‌یه‌ک پێک بێنین و هه‌وڵی زۆرتر بده‌ین. هه‌روه‌ها له‌و تریبونه‌وه داوا له شاره‌زایانی بواری قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌م که هه‌ر پێشنیارێکیان له‌و په‌یوه‌ندیه دا به زه‌ین ده‌گا، پێمانی ڕابگه‌یه‌نن تا به‌ڵکوو به‌هه‌موان بتوانین ڕێگایه‌ک بۆ هێنانه‌وه به‌رباسی ئه‌و جینایه‌ته له دادگا نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان دا بدۆزینه‌وه.
باسێکی دیکه ئه‌وه‌یه که چۆن ده‌توانین قه‌ره‌بوی ئه‌و خه‌ساره بکه‌ینه‌وه که لێمان که‌وتوه. به باوه‌ڕی من ته‌نیا ڕێگا بۆ قه‌ره‌بوی ئه‌و خه‌ساره درێژه دان به ڕێبازی شه‌هیدان و به ئومێده‌وه هه‌نگاونان تا سه‌رکه‌وتنه. به بڵاو کردنه‌وه‌ی تۆوی نائومێدی‌و حه‌سڕه‌ت خواردن هیچ ناکرێ و ڕوحی شه‌هیدانیش به‌تایبه‌ت ڕوحی ڕێبه‌ری مه‌زن شه‌هید دوکتور قاسملوو شاد نابێ. هه‌رچه‌نده که‌لێنی ڕێبه‌رانی شه‌هید زۆر گه‌وره‌یه و به تایبه‌ت له سه‌رده‌می ئه‌وڕۆدا زۆر هه‌ستی پێ‌ده‌که‌ین، به‌ڵام ده‌بێ له خۆ ڕاببینین و بڵێین که نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌وه‌نده شۆڕشگێڕ و به‌هێزه که ده‌توانێ به سه‌ر گرفته‌کانی دا زاڵ بێ و ڕێگای شه‌هیدان پڕ بکا له ڕێبوار. ئه‌رکی سه‌رشانی ته‌ک ته‌کی نه‌ته‌وه‌ی کورده که بیر له تێڕۆڕی ڕێبه‌رانی بکاته‌وه و ئامانجه‌کانیان به‌دی بێنێ. نرخی خوێنی شه‌هیدان ته‌نیا ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه و ده‌سکه‌وتی له‌وه که‌متر بایی خوێنی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده و ڕێبه‌رانمان نییه.
خۆشه‌ویستان!
جێگای خۆشحاڵیه که ئه‌مڕۆ له هه‌موو کات و ساتێک زیاتر ئاسۆی گه‌لی کورد به گشتی ڕوون و پڕ ده‌سکه‌وت دیاره. له باشووری وڵاته‌که‌مان به‌خۆشییه‌وه حکوومه‌تێکی گه‌لی وه‌ک به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور و درێژ و پڕکاره‌سات، دامه‌زراوه. کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان خاوه‌نی سه‌رۆک، پاڕله‌مان‌و ده‌وڵه‌تی خۆیه‌تی. خاوه‌نی هێزی لشکریی پێشمه‌رگه‌و دام و ده‌زگای پاراستنی خۆیه‌تی و له ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی عێڕاقیش دا نیشانی‌دا که ده‌توانێ پارێزگاری له ده‌سکه‌وته‌کانی بکا له به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک دا و به خۆشییه‌وه بۆ یه‌که‌م جار توانی هه‌موو سنوره‌کانی باشووری کوردستان بخاته ژێر فه‌رمانی حکوومه‌تی هه‌رێم و ناوچه دابڕێنراوه‌کان بگێڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. جگه له‌وه له سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، پاڕله‌مان و ده‌وڵه‌ت دا ڕاده‌گه‌یه‌نێ که به‌ده‌ستی خۆی نێوه‌رۆکی مادده‌ی 140ی جێ به‌جێ کردوه و کێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌کان کۆتایی پێ هاتوه. هه‌روه‌ک له هه‌ڵوێستێکی نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانی دیکه دا ڕای‌گه‌یاند که هێزه‌کانی پێشمه‌رگه به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیانی ده‌زانن پارێزگاری له هه‌موو کوردستان بکه‌ن و جارێکی دیکه هیچ به‌شێک له خاکی کوردستان به‌جێ ناهێڵن و به‌وپه‌ڕی تواناوه پارێزگاری لێ‌ده‌که‌ن. له هه‌مووشیان گرنگتر داوای سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم بو له پاڕله‌مانی کوردستان تا مه‌سه‌له‌ی ڕیفڕاندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان تاو و توێ بکا، بڕیاری له‌سه‌ر بدا و بیکاته قانون تا گه‌لی کورد له باشور بتوانێ له ڕیفڕاندۆمێکی ئازاد دا چاره‌نوسی خۆی دیاری بکا. بێگومان به‌و ده‌ست و برده‌ی پێشمه‌رگه و به‌و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم، ڕوحی قاسملووی مه‌زن و هه‌مو شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان شاد ده‌بێ. بێگومان ئه‌و سیاسه‌ته ئازایانه و حه‌کیمانه‌ی باشوری وڵاته‌که‌مان به‌ر له هه‌موشتیک به‌رهه‌می یه‌کگرتویی هێزه خه‌باتگێڕه‌کانی و پێکهاتنی حکوومه‌تی نیشتمانی بنکه فراوانه که هه‌موو هێزه براوه‌کانی هه‌ڵبژاردنی تێدایه. هیوادارین وه‌ک گلێنه‌ی چاویان پارێزگاری له و یه‌کیه‌تییه بکه‌ن و هه‌رگیز و له ژێر هیچ فشارێکی ده‌ره‌کی ، ئابووری و ته‌نانه‌ت نیزامیش دا پاشه‌کشه له‌و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه یان نه‌که‌ن.
هه‌روه‌ها له ڕۆژئاوای کوردستانیش کورد خه‌ریکی پێکهێنانی بنکه‌کانی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریه. هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له و به‌شه‌ی کوردستان که به‌شداری نه‌کرد له هه‌ڵبژاردنه کارتۆنیه‌که‌ی ڕژیمی ئه‌سه‌د دا، نیشانه‌ی ئیراده بۆ خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری یه. هیوادارین له‌و به‌شه‌ش یه‌کیه‌تیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو ڕێکخراوه سیاسییه‌کان پێک بێ و پێکه‌وه حکوومه‌تێکی بنکه فراوانی نیشتمانی دامه‌زرێنن و له و ده‌رفه‌ته‌ی بۆیان هاتوه‌ته پێش ئه‌و په‌ڕی که‌ڵک وه‌رگرن و به یه‌کگرتویی به‌رگری له ده‌سکه‌وته‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌و به‌شه بکه‌ن.
به‌ڕێزان!
له باکووری کوردستانیش هه‌تا دێ ئاسۆکه ڕونتر ده‌بێته‌وه. حکوومه‌تی تورکیا هه‌رچه‌ند به هه‌نگاوی سست و جار و بار پاشه‌کشه‌وه، به‌ڵام هه‌تا دێ له واقیعبینی زۆرتر نیزیک ده‌بێته‌وه. دیاره ئه‌وه‌ش له ده‌رک کردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دایه که بۆ ده‌وڵه‌تی تورک کوردستانێکی دۆست وه‌ک ده‌راوسێیه‌ک که ده‌کرێ له باری ئابووریه‌وه له ئیمکاناته زۆره‌کانی که‌ڵک وه‌رگری، زۆر باشتره له کوردستانێکی دوژمن که ده‌بێ به ملیاردها دۆڵار له ساڵ‌دا سه‌رف که‌ی تا بتوانی مه‌هاری بکه‌ی. وێ ده‌چێ ده‌وڵه‌تی تورک له‌وه تێگه‌یشتبێ که هیچ سودێک نابینێ له‌وه‌ی که به هێرشی نیزامی جووڵانه‌وه‌ی کورد به چۆک دابێنێ. ده‌یان ساڵ ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه‌ی به‌ڕێوه بردوه و هیچی بۆ نه‌کراوه. ئه‌گه‌ر له مه‌ودواش به‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه کار بکا، جگه له زیان هیچی ده‌ست ناکه‌وێ. دیاره ده‌توانێ زیان به کورد بگه‌یه‌نێ، به‌ڵام دۆڕاوی سه‌ره‌کی بۆخۆی ده‌بێ. کورد له تورکیا نه‌ک ته‌نیا توانیویه‌تی بوونی خۆی بسه‌پێنێ، به‌ڵکو خه‌ریکه دامه‌زراوه پێک دێنێ و داوای شه‌راکه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌کا. خۆکاندید کردنی سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری له تورکیا به لانی که‌مه‌وه نیشانه‌ی باوه‌ڕبه‌خۆبون و هه‌ڵسوکه‌وتی کورده له ئاستێکی به‌رز دا. هه‌روه‌ها له‌بیرمان نه‌چی که عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان نه‌خشێکی زۆر کاریگه‌ر ده‌گێڕێ له سیاسه‌تی کورد و ته‌نانه‌ت له ڕادده‌ی تورکیاش دا. ڕیبه‌ری پ.ک.ک هه‌رچه‌ند له زیندان دایه، به‌ڵام نه‌خشی ڕێبه‌رێک ده‌گێڕێ که شوێنکاری له‌سه‌ر داهاتوی باکووری کوردستان و تورکیاش هه‌یه. هه‌ر به‌و پێیه‌ش پ.ک.ک ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌یه له داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی کورد و تورک له داهاتوی ئه‌و وڵاته‌دا. گومان له‌وه دانیه به پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و دێموکڕاسی له باکووری کوردستان و تورکیه، هه‌م مه‌سه‌له‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌بێ و هه‌م وه‌ڵاتی تورکیه هه‌نگاوی گه‌وره‌تر به‌ره‌و پێشکه‌وتن داوێ.
به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌داخه‌وه له هه‌لومه‌رجێکی ته‌واو جیاواز دا ده‌ژی. له لایه‌که‌وه حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش هه‌ر به مێتۆدی کۆن و له ڕێگای سه‌رکوت و به ئه‌منییه‌تی کردنی مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه ده‌ڕوانێته مه‌سه‌له‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی نێو ئێران و تا ئێستا توانیویه‌تی به ئێعدام، هێرشی نیزامی و لشکرکێشی ئاوره‌که له ژێر خۆڵه‌مێش دا ڕابگرێ. ڕه‌نگه بۆ هێندێک هێز و لایه‌ن و بۆ هێندێک که‌س ئه‌وه به‌مانای سه‌رکه‌وتنی کۆماری ئیسلامی له سه‌رکوتکردنی خه‌باتی گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ئێران له قه‌ڵه‌م بدرێ. به‌ڵام گومانم له‌وه دا نییه که دۆڕاوی سه‌ره‌کی له‌و یارییه سیاسیه‌دا حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی و شۆوێنیزمی ئیرانییه. ئه‌وان خۆیان زۆر به زیره‌ک ده‌زانن، به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێن ده‌عبای زیره‌ک به ده‌ندونکێ پێوه ده‌بێ. زۆر ده‌مێکه سیاسه‌توانانی ئێرانی پێیان وایه ده‌توانن فێل له خه‌ڵکی خۆیان و هه‌موو جیهانیش بکه‌ن. به‌ڵام له ئاخری دا ئه‌وه‌ی به دوا که‌وتویی ماوه‌ته‌وه‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ی توانیوه ڕێگای پێشکه‌وتن بپێوێ، هه‌ر ئه‌وانن. وه‌ڵاتێکی به‌هێز، به ئیمکاناتێکی زۆری سروشتی وه‌ک نه‌وت گازه‌وه و به خه‌ڵکێکی زیره‌ک و لێهاتوه‌وه، ئێستا چه‌ندین هه‌نگاو له دوای تورکیایه‌کی بێ نه‌وت وگازه و ته‌نانه‌ت له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یش دا پیێ دۆڕاندوه. له حاڵیک دا له ڕووی مێژوویی و فه‌رهه‌نگییه‌وه ئێران له کورد نیزیکتره، به‌ڵام ئه‌وه تورکیایه که که‌ڵکی زیاتری ئابووری له‌و ده‌رفه‌ته وه‌رده‌گرێ که له باشووری کوردستان هاتوه‌ته ئاراوه. کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی غیره‌تی گۆڕینی سیاسه‌تی خۆیان نییه. هه‌ر له مێتۆده دواکه‌وتوه‌که‌ی ئه‌منییه‌تی و نیزامی که‌ڵک وه‌رده‌گرن و پێیان وایه ده‌کرێ و ده‌توانن له‌م سه‌رده‌مه‌ش دا به ئێعدام و کوشتار و گرتن و ڕاونان دژبه‌رانی خۆیان له مه‌یدان وه‌ده‌رخه‌ن. ئه‌وان به بیانوی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران که به زۆر و سته‌م پێکیانه‌وه لکاندوه، نه‌ته‌وه‌کانی ئێران سه‌رکوت ده‌که‌ن و ئینکاری پێکهاته‌ی فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێران ده‌که‌ن. ئه‌وان به‌داخه‌وه له‌و ڕاستیه تێناگه‌ن که سه‌رده‌می ئه‌و مۆدێله به‌سه‌ر چوه و ڕاست ئه‌و سیاسه‌ته ده‌بێته هۆی پارچه‌بوونی ئێران. چونکه چیدی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و له پێش هه‌موویانه‌وه کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ناتوانن ئه‌و سیاسه‌ته شۆوێنیستی و دژ به مرۆڤایه‌تیه قه‌بووڵ که‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌و جۆره ئینکار بکرێن و مه‌سه‌له‌که‌یان له چوارچێوه‌ی ئێران دا جێ به‌جێ نه‌بێ، بێگومان بڕیار له چاره‌نوسی خۆیان ده‌ده‌ن و له‌و مه‌ینه‌تیه دێنه ده‌ر. راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که هه‌ل و مه‌رجیش بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان و به‌تایبه‌ت گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی دنیا که کورده زۆر گۆنجاوه. جێگای نیگه‌رانی‌و داخه که ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆنی سه‌راسه‌ری ئێرانیش، چ له ناوخۆی وڵات و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، تا ئێستاش هه‌رله چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئێنکاری دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م دا قه‌تیس ماوه‌و ئێستاش پێی وایه ته‌نیا ڕێگای پاراستنی سنووری جوغڕافیایی ئێران، ئینکاری فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێرانه. ده‌نا ده‌بوو ده‌مێک بێ هه‌موویان فیدڕاڵی نه‌ته‌وه‌ییان قه‌بووڵ کردبایه که ته‌نیا ڕێگایه بۆ پاراستنی ئێران له دابه‌ش بوون و بۆ وه‌دی هێنانی دێموکڕاسی له ئێران و بۆ ڕیعایه‌ت کردنی مافی مرۆڤ و بۆ ئاوڕدانه‌وه له مافه‌کانی ژنان و چین و توێژه جیاوازه‌کان و به‌کورتی ته‌نیا ڕێگای پێشکه‌وتنی ئێرانه. جێگای خۆیه‌تی لانی که‌م ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕوناکبیرانی ئێرانی هه‌ست به‌و زه‌روره‌ته بکه‌ن تا دره‌نگ نه‌بوه.
به‌ڕێزان!
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه جووڵانه‌وه‌ی کورد به سه‌رده‌مێکی زۆر دژوار دا تێده‌په‌ڕێ. زوڵم و زۆری ڕێژیم و خراپی باری ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌ک و پرش و بڵاوی نێو حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کان، سستبونی هیوا به کاری سیاسی و حیزبایه‌تی، نا ئومێدی ڕوناکبیرانی سه‌ربه‌خۆ له لایه‌کی دیکه‌وه، تا ڕادده‌یه‌ک سستی به‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان دا هێناوه. به‌ڵام گومانم له‌وه دا نیه که ئه‌و ده‌ورانی پرش و بڵاوی و نائومێدیه‌ش به‌سه‌ر ده‌چێ. ئه‌و هێزانه‌ی که هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ پرش و بڵاوی هێزه‌کانن، ڕۆژێک تێده‌گه‌ن که ئه‌م وه‌زعه به‌ر له هه‌موو لایه‌ک به زیانی ئه‌وانه. سه‌هۆڵه‌کان ده‌توێنه‌وه و زه‌روره‌ت یه‌کیه‌تی پێک دێنێ. بێلایه‌ن له مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگی ئاوادا نامێنێ و هه‌رکه‌س ڕێگای خۆی ده‌بینێته‌وه. بێگومان بۆ سه‌رکه‌وتن کاری سیاسی و حیزبایه‌تی پێویسته و هه‌موان ئاخره‌که‌ی هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن و ڕێگای خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن. حیزب و ڕێکخراوه‌کان لێک نیزیک ده‌بنه‌وه و ئاخره‌که‌ی تێده‌گه‌ن که قازانجی نه‌ته‌وه‌که‌یان و ته‌نانه‌ت قازانجی خۆشیان ته‌نیا له یه‌کگرتنیان دایه. زه‌مانه هه‌موان مه‌جبور ده‌کاو ئاسۆی ئاڵوگۆڕه‌کان که وادیاره وه‌ک ده‌رفه‌تێکی تازه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد سه‌ر وه‌ده‌ر ده‌نێ، هه‌موان لێک نیزیک ده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندی به حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه‌وه بێ، ده‌مێکه له‌و ڕاستیانه گه‌یشتوه که باس کران. کار کردن بۆ یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌یی به ئه‌رکی خۆی ده‌زانێ. چ له بواری وه‌سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕاته‌وه بێ و چ له بواری پێکهێنانی یه‌کیه‌تیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بنکه فره‌وان تره‌وه بێ هه‌مو کاتێک کاری بۆ کردوه و له مه‌ودواش به گوڕتر له جاران کاری بۆ ده‌کا. چونکه گومانی نیه له‌وه دا که قازانجی نه‌ته‌وه‌که‌مانی تێدایه و ڕوحی شه‌هیده‌کانیش ته نیا به وه شاد ده‌بێ.
جارێکی دیکه سپاستان ده‌که‌م بۆ به‌شداری له یادی شه‌هیدانی وییه‌ن دا و بۆ ڕاگه‌یاندنی وه‌فاداریتان به ئامانجی شه‌هیدان به‌گشتی و قاسملوی ڕێبه‌ر به‌تایبه‌تی.
هه‌ر سه‌رکه‌وتو بن.