ئەخلاق و زانست لە کۆمەڵگای پێشوەڕوو. جەماڵ عەڵیاڵی

لە کتێبەکانی پێشوودا، لە زمانی فیلسۆفەکانەوە زۆر بابەت هەیە کە لە کۆنەوە لەسەر فیلسۆفەکان ماڵە. زۆربەیان باسی زانست و ئەخلاق لە کۆمەڵگادا دەکەن. زۆربەی ئەو باسانە تەواوکەری یەکترن یاخود ڕواڵەتێکی نۆێ لە باسەکەی پێشووترن. تایبەتمەندی گشتی ئەو باس و تێڕامانانە ئەوەیە کە هەرکام لە گۆێرەی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا بە واتای ڕادەی پێشکەوتنی ئامێر و کەرەستە گۆڕانکاریان بەسەرا هاتووە. ڕەنگە هەڵە نەبێ ئەگەر بوێژین بیرو بۆچوونەکان چەشنێک وەرگێڕان یاخود شەوق دانەوەی تێگەیشتنی مرۆڤ لە بەکار هێنانی ئامێر و کەرەستە، واتە زانست لە ژیانی ڕۆژانەیە. شۆێنپێی ئەخلاق لەو ناوەدا دەگەڕێتەوە سەر هەڵسەنگاندنی تاک لە چوارچێوەی بەهەند وەرگرتنی کۆمەڵگا. ڕوانگەیەک لە سەر ئەخلاق و زانست مەبەستی ئەو نووسراوەیە کە بە کوورتی باسی لایەنێکی پێوەندی “ئەخلاق و زانست” دەگەڵ “پێشکەوتنی کۆمەڵگا” دەکات. ئەوبابەتە بە هۆکاری لک و پۆپی زۆرەوە دەتوانێ دوورودرێژ بێت. سازدانی شڕۆڤەیەک لە سەر ئەو بابەتە بە خۆپاراستن لە لک وپۆپ، بە مەبەستی ورووژاندنی باسێک، رەنگە مەبەستی خۆی باشتر بپێکێ.

لە گۆێرەی مێژوو، تایە، تەگەر، چەرخ یان تۆپ، نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵە ناسراوە و بە شێوازی جۆراوجۆر بەکار دەهێندرێت. هەر ئەو چەرخە هەتا ئێستا گۆڕانکاری بچووک بەڵام گرینگی بەسەرا هاتووە و زۆربەی گۆڕانکارییەکان لەو ساڵانەی بە نیسبەت ٥٠٠٠ ساڵ، دوواییدا پێکهاتوون. هەر ئاڵوگۆڕێک بە پێی نیاز و بۆ وەدەست هێنانی سوودی زیاتر لە “کار” پێکهاتووە، ئاڵوگۆڕ خۆی لە خۆیدا “کار” بەرەو قۆناخێکی نۆێتر دەبات. بازنەی بیری تاک بەرفراوانتر و قووڵایی بیرمەندیی مرۆڤ زیاتر دەکات. نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ لەمەو بەر، کاتێک “سازکردنی چەرخ” ئەوەندە پێشکەوت کە کۆمەڵگا توانی بە خێرایی زیاتر کەل و پەل لە شۆێنێک بۆ شۆێنێک راگوازێ ئەوکات دیل و یەخسیری شەڕو تاڵان، وەکوو کەرەستە کەوتنە ناو بازار بۆ مامەلە و تەنانەت بوون بە ئامرازی کەیفخۆشی، هەر بۆیە شانۆگەری “گلادیاتۆر” پێکهات.

پڕۆسەی باسکراو لە سەرەوە هەروا بەردەوامە و لە ئارادایە بەڵام ئەوەی کە مرۆڤ نایبینێ بەستراوەتەوە بە کاراکتەری پڕۆسەکە. نەبوونی “کت و پڕی”  واتە خێرایی زۆر نزم و لە سەرەخۆی پڕۆسەکە، ئەنجامەکان نادیار دەکات بۆیە دەگمەنە کەس هەبێ وبتوانێ کاردانەەی ئەو پڕۆسەیە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا ببینێ، کەواتە ئەو پڕۆسەیە بۆ زۆربەی مرۆڤەکان، هەر وەک نەبێ وایە.

بە درێژایی ڕۆژ، کۆمەڵێک کارتێکەری دیار و نادیار بە مێشکی مرۆڤ دەلکێن. ئەو کارتێکەرییانەی کە مرۆڤ هەستی پێدەکات جێگەی تایبەتییان هەیە، بیری لێدەکاتەوە، باسی لێوەدەکات و پاش گەیشتن بە ئەنجامێکی نۆێ، بەکردەوە لە ئاکاری خۆیدا دەینوێنێت. بەڵام هێندیک کارتێکەری هەیە کە نادیارن، واتە مرۆڤ هەستی پێناکات. ئەو کارتێکەریانە بە بێ دەنگی و بێ زانیاری مرۆڤ دزە دەکەن ناو بیر و گوفتارو بێ ئاگاداری راستەوخۆ، لە ئاکارەکانی مرۆڤ بەدی دەکرێن. لێرەدا پڕۆسەی پێکهاتنی ئەخلاق دەست پێدەکات. بە هۆی ئەوە کە هەر کارتێکەرییەک خۆی لە خۆیدا شێوازێک لە زانستە، کەواتە ئەخلاق و زانست لە هارمۆنییەکی تایبەت بە یەکتردا لە جووڵەن.

زانست لە مرۆڤدا بەگشتی دەرئەنجامی سەرکۆی هەستی مرۆڤن لە هەرچی کە لە دەرەوەی جەستەی مرۆڤدایە. زۆر هەڵە نیە ئەگەر بێژین زانست بۆ مرۆڤ، دەنگدانەوە، شەبەق یاخود رەنگدانەوەی سەرجەمی ڕووداو و دیاردەکانی “دەرەوە” لە “ناوەوە”یە. با بزانین “کۆمەڵگای دێمۆکراسی” بە سەرۆکایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، چ خۆێندنەوەیەکی لە سەر زانست هەیە. لە ئەدەبیاتی باو لەو کۆمەڵگایەدا پێناسەی زانست بە گۆێرەی خوارەوەیە: “زانست ئەوەیە کە دەسەڵات دەخوازێ تۆ بیزانی بۆ ئەوەی کە بتوانی ئەو ئەرکانەی پێتدەسپێردرێ ئەنجامی بدەی!” ئەو پێناسەیە لایەکی پوولەکەیە، لایەکەی تری ئەوەیە: “تۆ بۆت نیە جیا لەوە، شتی تر بزانی!”. تەمای مرۆڤ لە هەڵکشاندایە و ڕێگە نادات بەوە کە پێناسەیە بخۆێندرێتەوە، ئەوە لای مرۆڤ دزێو دەنوێنێ، هەر بۆیە هەمیشە لە کۆمەڵگای دێمۆکراسیدا باس لە پێناسەی یەکەم دەکرێت. لە ژیانی ڕۆژانەدا “تۆ بۆت نیە جیا لەوە، شتی تر بزانی!” واتایەکی تایبەتی هەیە، “تۆ جگە لەو بژاردانەی دەسەڵات پێت دەبەخشێ مافی بژاردەی ترت نیە!”.

لێرەدا ئەوە گرینگە کە بزانین بە چ شێوەیەک کۆمەڵگای دێمۆکراسی هەوڵ ئەدات کە ئەو ڕاستییە دەرنەکەوێ و پێناسەی یەکەمی زانست بخاتە بەردەمی مرۆڤەکان. “چەواشەکاری” یەک لە کۆنەچارەکانە. تەجرەبە لەسەر ئەو چارەیە لە سەردەمی یۆنانی کەونەوە هەیە، ئەوکاتەی نۆێنەرانی “سەنا” تاووتۆێ هەواڵەکان و ڕووداوەکانیان دەکرد هەروەها لە کاتی گالیلە دا و بگرە لە سەردەمی نۆێ، واتە سەدەی بیستەمدا هەروەها درێژەی هەبووە، تەنانەت ئێستاش لە دەسپێکی سەدەی بیست ویەک، چەواشەکاری یەک لە چەکەکانی گرینگی ئەو تاقم و لایەنانەیە کە خوازیاری چەوساندنەوەی تاقم و لایەنیترن.

باسی زانست دەکرێ و دەبێژن ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی زانست لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا بەکار بێنێ ئەوسا زانست چ پلە و بایخێکی نیە و ئەشێ باوێژرێتە ناو زبڵ! ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. زانست بە تەنیا خۆی بە کەلک نایەت، ئەوە چۆنییەتی کەلک وەرگرتن لە زانستە کە بە کەلک دێت. هەنووکە با بزانین پێوندی ئەخلاق و زانست لە چ پلەیەکدا تێکەڵاوی ژیانی ڕۆژانەی خۆێنەر دەبیت؟ ئەگەر مینایەک لەسەر ئەو باسە لە ژیانی ڕۆژانەدا هەبوونی نەبێت ئەوسا ئەو بابەتەی بەر دەمی خۆێنەری بەرێز، جگە لە کاوێژی بێ بایخ چیتر نیە.

نەتەوەی کورد ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی مشت و مڕ لە سەر “خودموختاری، حوکم زاتی” بوو. وشەیەکی بی ناوەرۆکی داتاشراو لە لایەن کۆمەڵگای دێمۆکراتی کە لە لایەن داگیرکەرانەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەکار دەهێندرا. چۆن؟ لە ڕێگەی بەرگری نەکردن لە بەکار هێنانی ئەو وشەیە! شۆڕشگێران و خەباتکارانی کورد و زۆر خەڵکیتر (نووسەر یەک لەو خەڵکانە بوو) بە دڵگشی و سەربڵیندانە ئەو وشەیان بەکار دەهێنا بێ ئەوەی کە زانیارییان لە سەر پڕۆسەی داڕشتن و پێکهاتنی ئەو وشەیە پەیدا کردبێ. ماوەیەک لەمەو بەر بە هۆی خێرایی ئاڵوگۆڕکان ئەو وشەیە جێگی خۆی بە “فیدرالیزم” و “کۆنفێدرالیزم” بەخشی. دوور نیە قەدەرێکیتر، لە گۆێرەی ئاڵوگۆڕەکان، وشەیەکیتر بکەوێتە سەرزاران.

ئێستا خەریکە ئەو بیرە دەکەوێتە بەر باس کە کوردی هەر پارچەیەک دەگڵ کوردی پارچەکانیتر گەڵێک جیاوازە! ئەوە دەکەنە بە یەکم هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی خۆێناوی نەتەوە کورد. ئەو بیرؤکەیە لە لایەن “نووسەران و ئاکادمیسیەن گەڵی” سەر بە داگیرکەرانەوە تەبلیغی بۆ دەکرێت. ئاشکرایە کە نە ئەو نووسەرانە و نە ئەو ئاکادیمیسیەنانە هیچ کامیان هەرگیز نایەن باسی ئەوە بکەن کە یەکەم هۆکاری گرینگ بۆ نەهامەتی سەرجەمی شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد لە کۆنەوە تا ئێستا نەبوونی یاخود پێک  نەهاتنی “پێوەندی دەگەڵ بەشەکانیتر” بووە. ئەگەر کۆماری مهاباد زیاتر لە تیرهاوێژێک لە سابلاخ دوور نەبۆوە، دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی پێوەندی دەگەڵ بەشەکانیتر. هەڵبەت خۆێنەری وشیار ئەوەندەی زانیاری هەیە کە بوونی ئێلێک و تایفەیەک لە سەقز و برادۆست و… وەکوو “پێیەک یاخود تەنانەت دەستێک” بۆ کۆماری مهاباد ئەژمار نەکات. ئەگەر شۆڕشەکانی شیخ سەعید، سەیدرەزا، شیخ نەهری، شیخ مەحموود، پاشای کۆر، کۆماری مهاباد و ئەوانیتر تێکشکان، یەک لە هۆکارەکانی گرینگ، نەبوونی پێوەندی دەگەڵ لایەنەکانیتر بوو. گشتی ئەو شۆڕشانە دەگەڵ “شۆڕشی ئۆمەرئاغای قەلەرەشێ” کە نووسەر سەری رێزوحوورمەتی لە بەرامبەر گشتیان دادەنوێنێ، چ جیاوازێکی لە ناوەرۆکدا نەبووە. نەبوونی پێوەندی دەگەڵ لایەنەکانیتری وڵات گەلێک هۆکاری هەیە، یەک لەوان نەبوون یا کەمبوونی زانست، یەکیتر ئاراستەی ئابووری کۆمەڵایەتی کوردستان …هتد. بەردەوامی ئەو دۆخە کە بانگەشە بۆ جیاوازی کوردەکان دەکات، فەرهەنگێکی تایبەتی لە لای نەتەوەی کورد پێکهێناوە. هەر ئەو فەرهەنگەیە کە دەبێتە پێگەیەکی باش بۆ ئەوەی کە داگیرکەران تەبلیغی ئەو باسە بکەن کە کۆردی هەر پارچەیەک دەگەڵ کوردی پارچەکانیتر گەلێک جیاوازە.

وتەی “تۆ جگە لەو بژاردانەی دەسەڵات پێت دەبەخشێ مافی بژاردەی ترت نیە” لە ژیانی ڕۆژانەدا واتایەکی زۆر تایبەت و هەستیاری هەیە. سیستمی فیکری کۆمەڵگای دێمۆکراتی، لێرەدا داگیرکەر، ناراستەوخۆ ڕێگەت پێدەدات کە ساڵیادی کۆماری مهاباد، ساڵیادی ترۆری دوکتۆر قاسملوو، ڕۆژی پێشمەرگە، جەژنی نەورۆز، ڕۆژی ژنان، ڕۆژی زمانی دایک و کۆمەڵێک ساڵیادی تری لەو چەشنە کە گشتیان پیرۆزن و جیگەی رێزن، بەرز ڕاگری، چت پێ باش بێ و پێت خۆش بێ، بوێژی، بۆ ئەوەی کە نەکا بپڕژێیە سەر بژاردی تر. واتە تۆ جگە لەو بژاردانەی دەسەڵات پێت دەبەخشێ مافی بژاردەی ترت نیە! ئەو دۆخە لە بەردەوامی خۆیدا فەرهەنگێک پێکدێنێ کە ئەگەر کردەوەیەکی جیاواز لەوە هەبێ، ئەوە نامۆیە، ناکرێ و نابێ. ئالێرەدایە کە پێی ڕووناکبیران و سیاسەتوانان وەکوو لایەنی بەرپرسیار بە دۆخەکە دێتە ئاراوە، ئەوانەن کە پێویستە هەنگاو بۆ داڕماندنی ئەو قەوارەیە هەڵگرن کە چی نایبنین بە هۆی “بە فەرهەنگ بوونی” دیاردەکە. هەر ئەو بەفەرهەنگ بوونە، دەبێتە بە دەستەبەرێک بۆ پێکهێنانی ئەخلاقێکی تایبەت و بەستراو بە رادەی زانست. ئەوە، یەک لە ڕاستییەکانی زۆر تاڵی کۆمەڵگای کوردستانە.

ناوەرۆکی سیاسەتی کۆمەڵگای دێمۆکراتی، لێرەدا داگیرکەر، چییە؟ داگیرکەر چ سیاسەتێک لە هەمبەر نەتەوەی رزگاریخواز هەڵدەبژێرێ؟ لە زانستی بیرکاری، چەشنە شیکردنەوەیەک هەیە کە دەڵێ: پرسیارەکە لە کۆتاییرا دەس پێبکە! مەبەست ئەوەیە شیکردنەوەکە لە کۆتایی پرسیارەکەڕا بەرەو دەستپێک ئاراستە بکە. ئەو شێوەکارە پڕ بە پێستی ئەو دوو پرسیارەی سەرەوەیە، واتە بلا خۆێنەری بەرێز خۆی پرسیاری یەکەم لێکداتەوە. داگیرکەرانی کوردستان زۆر هەوڵیان دا کە کورد لە ناو بەرن، بە کووشتن و بڕین و بەندیخانە بە ئامانجی خۆیان نەگەیشتن، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان کە لەلایەکەوە  ئەخلاق لە نەتەوەی کورد بستێنن، لە لایەکیترەوە بەرگری بکەن لەوە کە ئەو نەتەوەیە بکەوێتە شۆێن زانست. داگیر باش دەزانێ ئەگەر کۆمەڵگەیەک خاوەنی ئەخلاق و زانست نەبێت، دەکرێ وەک مرۆڤی مەسخ کراو، تەزیو و بێ هەست، بۆ هەر شۆێنێک کە ئەوان بخوازن، ببردرێ.

لە کۆتایی ئەو بابەتە، بە پشت بەستن بەو هەواڵانەی ناوخۆیی سەبارەت بە پەرەگرتنی مادە هۆشبەرەکان و کۆمەڵێک دیاردەی قیزەونیتر لەو چەشنە، پێویستە وەبیرمان بێتەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنووکە لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە. مەترسییەکە ئەوەیە کە داگیرکەر دەخوازێ یەکەم ئەخلاق لە کۆمەڵگا بسرێتەوە، دووهەم ڕێگە نەدات بە کۆمەڵگا کە بە زانستی خۆی پەرە بدات. ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئایا ڕووناکبیر و سیاسەتوانی کورد و بەر لەوە تاکی کورد هەست بە گرینگی ئەو هاوکێشەیە دەکات؟ ئەگەر هەستی پێدەکات، ئایا چ پڕۆگرامێک بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو مەترسییانە هەیە؟ چ پیویستە بکرێ؟

جەماڵی عەڵیاڵی ٢٠١٤/٠٧/١٤