ڕۆژهەڵاتی ناوین و مێژووی ئاڵووگۆڕ! جەماڵ عەڵیاڵی

قەیرانی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆتە بە جێگەی باس و خواسێکی زۆر و پرسیارەگەلێکی ورووژاندوە. کۆمەڵێک ڕۆشنکاری لە لایەن کەسایەتی جیاواز و سازە سیاسییەکان لەمەر ئەو مەسەلەیە پێشکێش کراوە. سەرەڕای ئەوە، تاکی کۆردیش خۆێندنەوەی تایبەتی خۆی لە بابەتەکە هەیە.

بێگومان زۆربەی ئەو ڕۆشنکارییانە لانی کەم بەشێکی ڕاستییەکان لەخۆوە دەگرنەوە، مڕۆڤ دەتوانێ بوێژێ کە دەقی هۆکاری ئاڵووگۆڕەکان بە تەواوی ئاشکرانەکراوە. پەیدا بوونی داعەش وەکوو مینایەک لەو چوارچێوەیەدا دەدیتری، کەواتە دیاردەی داعەش جارێ پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە. ئەو بابەتەی بەر دەم خۆێنەر هەوڵێکە لەو پێناوەدا، هەڵبەت ئەگەر خۆێنەری بەرێز لەسەر ئایینەکانی زەردەشتی، جوولەکە، کریستیان و ئیسلام زانیاری هەبێ، لە خۆێندنەوەی ئەو بابەتە زیاتر چێژ وەردەگرێ. بە مەبەستی دەمەزەرد کردنەوەی بیری خۆێنەر، بابەتەکە چەند هەزارەیەک دەگەڕێتەوە پاشەوە.

بە پێی زانیارییەکانی مێژووییەوە نزیکەی ٦٠٠٠ ساڵ لەمەو بەر ئایینی زەردەشتی لەکۆنترین ناوچەی شارستانییەتی ئەو سەردەم واتە مێزۆپوتامیا هاتە ئاراوە. زۆر هۆکار بۆ هاتنی ئایینی زەردەشت هەبوو، یەک لەوان سرووشتی سەرکەشی مرۆڤ کە پڕە لە خۆخۆشەویستی. هۆکارێکیتر، کۆتایی هێنان بە ماتریارکالیسم وەکوو تەنیا “ڕەوشتی گونجاوی کۆمەڵایەتی” لە کۆمەڵگای ئەوکاتدا. ژن لە دەستەڵات کەوت و پاتریارکاڵ وەکوو ڕەوشتی کۆمەڵایەتی سەقامگیربوو. ئایینی زەردەشتی لە ڕاستییدا لە سێ ئەستووندە پێکهاتبوو: بیری خاس، وتەی خاس و کردەوەخاس. لە گۆێرەی ئەستووندەکان هەر تاکێکی کۆمەڵگا خۆی بەرپرسیاری پەیرەوی کردنی ئەو سێ ئەستووندەیە دەبینی بێ ئەوەی کە کەس باسی خالەق و پەروەردگار بکات. پاش ماوەیەک پیاوانی ئایینی هەستیان بەوە کرد کە ئەو ئاڵوگۆرەی پاش دەسپێکی پاتریارکاڵ تێڕا ناکات و گۆڕانکاری زیاتر پێویستە. سێ ئەستووندەی ئاسایی بەو شێوازە هێدی هێدی بوونە بە کۆمەڵێک یاسا و ریسا. دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکان تەنانەت جێگەی بۆ “بۆچوونی تاکەکەسی” خۆش کرد. ئیتر هەرکەس بۆی هەبوو هەرچۆنی خۆی حەز بکات نەک هەر سێ ئەستووندەکان بەڵکوو یاساکانی دواتریش لێکداتەوە. ڕاستییەک ئەوەیە کە پاشماوەکانی هەڵقووڵاو لە ئایینی  زەردەشتییەوە، لە ناوچەی مێزۆپوتامیا لە سەردەمی ئێستادا کۆپی یەکتر نین.

ئەو گشتە گۆڕانکارییە نەیدەتوانی وڵامدەرەوەی نیازی سەرکەشانەی مڕۆڤ بداتەوە. ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو کە ئایینیکیتر بێتە ئاراوە. بەم جۆرە ئایینی جوولەکە پەیدا بوو کە هەر لە سەرەتادا بە پێی تەجرەبەی زەردەشت، یاسا و ریسایەکی زۆری پێک هێنا و مەیلی زیاتر بەرەو تووندی دەڕۆیشت و بناخەی خۆی بە سەزادانی باوەرمەندانی خۆی دامەزراند. و ڕێگەی بە هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕێک نەدا. ئەوە بەپێچەوانەی نیازەکانی سەرکەشی مرۆڤ بوو و لە ئەنجامدا نەیتوانی درێژخایەن بێت وجیگەی بۆ ئایینێکیتر خۆشکرد.

ئایینی کریستیان لە سەر بنەمای تەجرەبەی ئایینەکانی زەردەشت و جوولەکە پەیدا بوو. خۆی لە خۆشەویستی، هێسک سووکی و خۆبەخشیدا خەمڵاند دەگەڵ ئەوە کە ڕێگەی لەوە نەدەگرت کە  خالەق و پەروەردگار بخەنە ژێر تەوژمی بەرپرسیارێتی. دەرکەوت کە خۆشەویستی و ڕەوشتی لەو شێوازە ناتوانێ نیازەکانی سەرکەشی مرۆڤ ڕکێف بکات. ئەوە بوو بە هۆی گۆڕانکاری لەو ئایینە تازەیەدا. گەڕانەوەی عیسا بۆ لای باوکی لە ئاسمان لەو چوارچێوەیەدا دەگوونجێ. نزیکەی ٤٥٠ ساڵ پاش دەسپێکی ئایینی کریستیان، پیاوە ئایینییەکان دەستیان کرد بە نووسینەوەی “ئینجیل” کە تێیدا باسی گفتوگۆکانی عیسا دەگەڵ خالەق و پەروەردگار دەکرێ. ئەو کردارە بڕی زۆری نەکرد و ئەو ئایینەش هەر وەکی ئایینەکانی پێشوو خەریک بوو توانایی خۆی لە ڕکێفی کۆمەڵگادا لە دەست دەدا هەر بۆیە یەکەم دابەشی چەند پەڵ بوو، دووهەم “شەڕەکانی سەلیبی” بۆ ئازادکردنی قوودس دەستی پێکرد بێ ئەوەی سوودێکی بۆ ئایینەکە هەبێ. پاش ساڵی ١١٠٠ی زایینی، ئایینی کریستیان ڕێگەیەکیتری هەڵبژارد، ئەوکاتە کە کەنیسە پلە و هێزی سیاسی پەیدا کرد. کەنیسە ئەوەندە بەهێز بوو کە “گالیلە” بە پچکڕ پچکڕ توانی سەری خۆی لە چەنگ جەلادی کەنیسە قوتارکات. جێگەی سرنجە کە هەر چەند سەدەیەک دەبێ کە ئایینی کریستیانی گەیشتۆت قۆناخی “پێکەوە ژیان” دەگەڵ ئایینەکانیتر.

شکستەکانی ئایینی کریستیان لەسەرەتاکانەوە، ئەنجامی پێکهاتنی ئیسلامی لە نزیکەی ساڵی ٦٠٠ی زایینی لێکەوتەوە. ئەمەشیان هەر وەکوو ئایینەکانی پێشووی خۆی و لە سەر تەجرەبەی ئەوان دامەزرابوو بەڵام ئەو کەموکۆڕیانەی لە ئایینەکانیتردا پێشووتر هەبوو، لەوەی تازەدا بەشێکی جێبەجێ کرابوو. ئایینی ئیسلام پڕە لە یاسا و ریسا و هەڕەشە بۆ قەدەخەکردنی کرداری جۆراوجۆر. لە هەمان کاتدا پڕە لە خۆشی و گفتی جیهانێکی پڕ لە هەنگوین و شیرو حۆری لە دونیای دیکەدا، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ ڕێبوارانی زۆر مۆخلیسی ئەو ئایینەیە. بردنی خالەق و پەروەردگار بۆ ژێر بەرپرسیارێتی، بە مەرگ سەزا دەدرێ، کەس بۆی نیە بە پرسیاری وەکوو: چۆن؟ بۆچی؟ کێ؟ خالەق و پەروەردگار بباتە ژێر پرسیار. هەر لە زوووەوە پیاوانی ئایینی ئیسلام تیگەیشتن کە پێویستی بە ئاڵوگۆڕی زیاترە. ئەوەش دابەش بوونی ئیسلامی لێکەوتەوە، بەم جۆرە شیعە و سووننی لە ناو ئیسلامدا پێکهات. شیعە لە سەرەتاوە بە تەمای “بە سیستەم کردنی” بیرۆکەی خۆی بوو، ڕووبەرێکی ئەو تەمایە لە خەیاڵی پێکهێنانی حکومەت لە لایەن شیعەوە دەدیترێ. ١٠٠ ساڵ لە سەر پێکهاتنی ئێسلام تێنەپەڕی کە پیاوانی ئەو ئایینە دەستیان کرد بە نووسینەوەی بەسەرهاتی نێوان محەمەد و خوا. ئەوە، هەوڵێک بوو بە مەبەستی سەقامگیری و بە سیستەم کردنی ئایینە نۆێیەکە بەڵام بوو بە هۆکاری پەیدا بوونی هەڵسەنگاندنی جیاواز کە تێڕوانینی جیاوازی لە سەر ئیسلام پێکهێنا. پەلەکانی شافعی، حەنبەڵی، مالیکی و حەنەفی ئاکامی ئەو هەوڵانە بوون.

هەر “شتێک”ی نۆێ کە لە گۆمەڵگا دا پێکدێت، دەتوانێ بۆ ماوەیەک سرنجی تاکەکانی کۆمەڵگا بەرەو خۆی ڕاکێشێ و پاشان تاکەکانی کۆمەڵگا بیر لە شتی تازەتر دەکەنەوە یاخود بیر لەو “شتە” دەکەنەوە کە تاک دەبزوێنێ. سەرچاوەی ئەوەش بیر و هەستی سرووشتی مرۆڤە. تەنیا “کارکردن” و “ئاخاوتن” نیە کە جیاوازی مرۆڤ لە بونەوەرەکانیتر ئاشکرا دەکات. سرووشتی سەرکەشی مرۆڤ کە پڕە لە خۆ خۆشەویستی، یەک لە فاکتەرە گرینگەکانی ئەو چوارچێوەیە. هەر سێک ئایینی بەر لە ئیسلام لە ڕێگەی خۆگۆرکێ و پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ لە خۆدا، هەوڵی ئەوەیان داوە کە بتوانن یەکەم خۆ سەقامگیر بکەن دووهەم ئەو خوولیایە سرووشتییەی ناخی مرۆڤ بخنە ژێر ڕکێفی خۆ بەڵام بێ ئەوەی کە سەرکەوتنێک وەدەستەوە خەن. هەر ئایینێکی نۆێی لە سەر پاشماوەی ئایینەکەی پێشووی خۆی پێک هاتووە، کەواتە تەجرەبە و زانیارییە تەجرەبەکراوەکانی ئایینی پێشووی لەبەرچاو گرتووە. هیچ یەک لە ئایینەکانی بەر لە ئایینی ئیسلام بۆ خۆسەقامگیرکردن و دەستەمۆکردنی خوولیای سرووشتی مرۆڤ تەنانەت لە دەستەوداوێنیی ئاکار و کردەوەی ناشیاو پارێزیان نەکردووە بەڵام بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتن وسەرئەنجام هیچ چارەیەک نەما جگە لەوە کە بیرۆکەی “پێکەوە ژیان” قەبووڵ بکەن. وێ دەچێ کە ئەو بیرۆکەیە بۆ ئایینەکانی بەر لە ئێسلام بووبێتە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.

ئاخرین ئایینی مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا ئایینی ئیسلامە. پڕۆسەی پێگەیشتنی (تکامل، تطویر) ئەو ئایینە بە هۆکاری مەنتیقییەوە لە پاشە و رەنگە ئەو ئایینە ئێستا لە سەردەمی ساڵی ١٠٠٠ زایینی ئایینی کریستیاندایە. نەتیجەی مەنتیقی ئەو دۆخە لە پێکهاتنی ئیخوان المسلمین، حکومەتی ئێران، طالیبان، القاعیدە، بوکوحەرام، حەماس و بەو دوواییانە، داعەش دەبێنین. ئەو پێکهاتەی ئاخرینیان لە خۆیدا بەڵگەیەکە بۆ بەرەو سیستەم بوونی سووننە بێ ئەوەی کە ڕاوستەوخۆ، یەک لە چوار پەلەکان تێوەگلاو بێ و لە کوتایی خۆیدا رەنگە پێنجەمین پەلی لە ناو سووننە دا لێکەوێتەوە. داعەش لە چوارچێوەی پڕۆسەی پێشکەوتنی لک و پەلەکانی ئایینی ئیسلامدا، لە گشتیان پێشکەوتووترە. داعەش هەر لە دەسپێکەوە، دەوڵەت و یاسا و دەزگای بەڕێوەبەرایەتی بۆ گۆمەڵگا هەیە.

شایانی باسە کە دوو دیاردە وەکوو بەڵگە بەدی دەکرێ کە دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە بە دەسپێکی پڕۆسەی کۆتایی پێگەیشتنی (تکامل، تطویر) ئایینی ئیسلام. ئەو دیاردەیە بریتین لە یەکەم پێکهاتنی سازەی سیاسی کە بانگەشەی ئیسلامی سیکولار دەکەن وەکوو حیزبی حاکمی توورکیا، دووهەم پێکهاتنی گرووپی سیاسی وەکوو داعەش کە لە خۆیدا بیرۆکەی بە سیستەم کردن لە ناو سووننە وەکوو پەلێکی ئەو ئایینەدا بە هێز دەکات. لە گۆێرەی ئەو دوو بەڵگەیە، ئەگەر بیتوو خۆێندنەوەی ڕاستی لە سەر کرابیت ئایینی ئیسلام رەنگە بەرەو ئەو قۆناخە بڕوات کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور بیرۆکەی “پێکەوە ژیان و” هەڵبژێرێت بەڵام، بەشی کۆتایی ئەو پڕۆسەیە تا ئێستا لە ئایینی ئیسلامدا دەستپێنەکراوە.

ئەەی بە چڕی و بە کوورتی لەسەرەو هاتووە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە شیکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەو شۆێنەی کە ناوەندەکەی مێزۆپۆتامیایە و گشت ئایینەکانی تێدا پێکهاتووە. ساوییلکەییە کە گومانی ئەوە بکرێ کە بەوزووانە یاخود لە داهاتوویەکی نزیکدا، هێوری و ئاسوودەیی باڵکێشی ناوچەکە بیت. مێژوو تا ماوەیەکی زۆر بە ناچاری شایەتی ئاکار و کردەوەی ناشیاوی وا دەبێت کە وشەی “وەحشیگەری” لە هەمبەریدا زۆر نەرم دەنوێنێت. هەر بەو هۆکاریە کە پێویستە تاک و سازەی ناو کۆمەڵگا لەو ناوچەیەدا بە وردی و بە وەبەرچاوگرتنی ئەو پڕۆسە مێژووییانەوە بەرەو پێش هەنگاو هەڵگرێ. بە باوەڕی نووسەر، لای خۆێنەر هیچ زەحمەت نیە کە ‌هەڵیدا کام نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاتر دەکەوێتە ناو جەرگەی ئەو “گێژاوە”.

ئەوەی لە سەرەوە هاتووە، گوزارە لە دۆخێک دەکات کە پێکهێنانی کوولتوورێکی تایبەتی لێ کەوتۆتەوە، لە ڕاستییدا پێویستە بوێژین “دیسکوولتوور”، بە واتای کوولتوورێکی چەواشە یاخود کوولتوورێکی بە لاڕێدا براو لە چوارچێوەی ئاکار، کردەوە، ڕەوشت و ئەخلاقدا. نە تەنیا “نائۆم چۆمسکی و سڵاڤۆ ژیژەک” بەڵکوو هیچ یەک لە بیرمەندانی سەردەمی هەنووکەیی ئەو دۆخە نابینن یاخود بە هۆی ئەوە کە لە ناوچەکەدا نەژیاون هەستی پێ ناکەن. دۆخێک کە نەتەەی کوردی لە ناخی خۆی دا پەروەردە کردووە و ئەو نەتەوەیە بە دڵ و بە گیان هەستی پیدەکات ناتوانێ بەرەو ئاڵووگۆڕ ئاراستە بکرێت ئەگەر نەتەوەکە خۆی نەخوازێ. ئەوە فاکتەرێکی گرینگی هاوکێشەی ئاڵووگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە لە داگیرکەرانی کوردستان شاراوە نیە هەر بۆیە بە گشت هێزو تواناوە هەوڵی ئەوەیانە کە بە هێرش بردنە سەر ناسیۆنالیزم، نەتەوەی کورد لە هاوکێشەکانی سیاسی کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا تەریک بخەنەوە. تەریککردنەوەی نەتەوەی کورد لە هاکێشەکانی سیاسی کۆمەڵایەتی ناوچەکە تەنیا ڕێگەیەکی هەیە ئەویش داپڵۆسانی ئەو نەتەوەیە لە ناسنامەی خۆی. ناسنامەیەک کە بۆ تێگەیشتنی، پێویست بە ناسیۆنالیزم هەیە. ناسیۆنالیزمێک کە لە چوارچێوەی پێوەرەکانی مڕۆڤایەتیدا ڕێز و حوورمەتی مڕۆڤ لە هەر رەنگ و شێوازی بیرکردنەوە بێت، دەگرێ. ئەگەر ناسیۆنالیزم ڕێز و حوورمەتی نەتەوەکانیتری لە بەرچاو نەبێت ئەوسا لە ناوەرۆکی مڕۆڤایەتی دەشۆرێتەوە و ئیتر پێناسەی مڕۆڤایەتی پێوەنالکێ.

لە کۆتایی ئەو وتارە چڕ و پڕ و کورتە پێویستە باسی خاڵێکی گرینگ بکرێ. نەتەوەی کورد لە ناوەڕاستی ڕووداوەکانی مێزۆپۆتامیادایە. لە ٦٠٠٠ ساڵ لەمەو بەرەوە، بە پێی مێژوو، ئەوە سەلماوە کە هیچ یەک لەو ئایینانە ناتوانن و لە پوتانسیەلیاندا نیە ئامانجەکانی نەتەوەویەک بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی، دەستەبەر بکەن. نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری لەو تەنگ و چەڵەمەیە، لانی کەم پێویستی بە دوو کەرەستە هەیە، یەکەم عیلم و زانست، دووهەم  ناسیۆنالیزم. بۆ پێکهێنانی ئەو دوو کەرەستەیە پێویست بە کاری نەبڕاوەی زانستییانە هەیە. جا ئیستا پرسیار ئەوەیە: ئایا زانا، پسپۆر و ڕووناکبیری کورد هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی دەکات؟ یاخود ئێستا ئەو پلەی پێگەیشتنی نەبڕیوە؟

جەماڵ عەڵیاڵی