یادێک له شه‌هید حه‌مه خانی عه‌زیزی! ئه‌بوبه‌کر سێوه‌تاڵی
له گوڵزاری شه‌هیدانی ئه‌و نۆره دا لا‌په‌ڕه‌یه‌ک له ژیانی شه‌هید حه‌مه خانی عه‌زیزی هه‌ڵده‌دینه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ر به گونده خونچلانه‌و دڵڕفێنه‌که‌ی “دۆڵه‌بیه” داده‌که‌ین تا بتوانین ئاوڕێک کورت له ڕێچکه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ژیانی مێر مناڵی شه‌هید حه‌مه‌خان بده‌ینه‌وه.
گوندی دۆڵه‌بییه له بیست کیلۆمتری شاری سه‌رده‌شتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ربه پارێزگای ورمێ هه‌ڵکه‌وتووه، سروشتێکی جوان و دڵگیری هه‌یه و له سه‌ر سنووری کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستانه، له دامێنی چیا به‌رزه‌کانی هۆینه‌ماڵ، زه‌نگه دۆڵ، به‌رزه‌ل، و زرتکه ئارامی گرتووه و ده‌وڵه‌مه‌نده به سه‌رچاوه‌ی پڕ ئاوی ڕوون وه‌ک چاوی قڕژاڵ و شی‌و و دۆڵی پڕ له دار و سه‌وزه‌ڵان، سروشتی جوانی به‌هارانی تێکه‌ڵه به قه‌ڵبه‌زه‌ی ئاوی کانیاو و ڕوباری سه‌ره‌ولێژ و سروه و لار و له‌نجه و بزه و نازی کیژ و لاوان له قه‌دپاڵی چیا دا، له‌وێ نه‌مای جوانی و عشق ڕازی هه‌ست هه‌ڵده‌ستێ له هه‌ستێ و ئاوێته‌ی جریوه و ده‌نگی خۆشی په‌له‌وه‌ر ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کان ده‌بێ و وه‌ک شه‌پۆلی ئاواز و نه‌ی به گوێی ژیاندا ئه‌چرپێنێ و جه‌سته و ڕوحی مرۆڤ ئه‌خاته دنیای ڕامانه‌وه. ئا ئه‌م سروشته جوان و پاک و ڕازاوه و به‌رزه ده‌بێته بێشکه‌ی ژیان و مانی حه‌مه خانی عه‌زیزی و په‌چکی پێده‌گرێ. دواڕۆژه‌کانی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١۳٣٧ی هه‌تاوی وسووی کوێخا عبدولی باوکی حه‌مه‌خان و وسووی مام سمایلی ئامۆزای بۆ سه‌ردانی خزمان ده‌چنه گوندی “سه‌رشیوی” کوردستانی باشوور، له‌وێ سه‌ر به ماڵی خوشکه فاتمیان داده‌که‌ن که ده‌بێته خێزانی ئۆمه‌رئاغای سه‌رشێو، سێ رۆژ له‌وێ ده‌مێنه‌وه و به‌فرێکی زۆر ده‌بارێ ڕێگا و بان ده‌گیرێن، که‌س ناتوانێ به هیچ لایه‌ک دا ڕێبکا، میوانییه‌که‌یان لێ درێژ ده‌بیته‌وه زیاتر له دوو حه‌وتوو ده‌خا‌یانێ، سه‌ره‌نجام به‌ربه‌یانی ١٢ی ڕه‌شه‌مه‌ێی ئه‌وێ ساڵێ له په‌رۆشی ماڵ و خێزانیان ناچار ده‌بن بڕیاری گه‌ڕانه‌وه بده‌ن و مل به ده‌وه‌زمه‌ی مه‌رگ داکه‌ن! یان ئه‌وه سه‌رکه‌وتووانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو ماڵ و خێزانیان یان بۆ هه‌تا هه‌تاێ سه‌ر ده‌نێنه‌وه. ته‌موزی ساڵی ١۹۹٥چوومه ماڵی پور فاتم خێزانی ئۆمه‌رئاغای سه‌رشیو له سڵیمانی یه، پور فاتم که ده‌بێته پوری دایکم، به ئازاره‌وه مێژووی کاره‌ساتی تێداچوونی وسووی برای و وسووی ئامۆزای گێڕایه‌وه و گووتی: به‌فه‌ری زۆر ڕێگای لێگرتن و نه‌یهێشت له کاتی خۆی دا بگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌وان زۆر به په‌له بوون و حسره‌تی ماڵ و خێزانیان ده‌کرد، زیاتر له دوو حه‌وتوو به هه‌را هه‌را ڕامگرتن نه‌مهێست بڕۆن، سه‌رنجام وازیان نه‌هێنا و سه‌رله‌به‌یانه‌یه‌ک به کۆڵێکی قورسه‌وه وه‌ڕێکه‌وتن، کاتێک ئه‌وان ڕۆیشتن که‌وتمه دڵه‌ڕاوکێ و لێوه‌له‌رزه ده‌نزانی که ڕێگایه‌که‌یان زۆر پڕ مه‌ترسییه و ئه‌سته‌مه لێی ده‌رباز بن! هه‌تا له چیای ڕه‌ش سه‌رکه‌وتن نه‌چوومه‌وه ژوور هه‌ر دووعام بۆ کردن، ئه‌وان ڕۆپیشتن و له چاو ون بوون، زیاتر له مانگێک به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی هیچ خه‌به‌ریان نه‌بوو! ڕێگا و بان داخران هاموشۆی ئه‌و دیوه‌و دیوی سنوور نه‌ما، ماوه‌یه‌ک پێچوو چه‌ند شه‌وێک ده‌هاتنه خونمه‌وه و چاوه‌ڕوانیان ده‌کرم! که‌وتینه به‌هاره‌وه و چه‌ند که‌سێکی خزمی خۆیان له گوندی دۆڵه‌بییه‌وه به سۆراخیان دا هاتبوون بۆ سه‌رشێوێ! ئیتر ده‌رکه‌وت که ئه‌و دوو که‌سه دوو مانگه له ژێر ڕنووی به‌فر دان! ئه‌و نۆره به هه‌وڵی دانیشتوانی سه‌رشیو و دۆڵه‌بییه له ده‌روێ زه‌نگه‌دۆڵ ته‌ر‌مه‌کانیان له ژێر ڕنووی به‌فر دا ده‌دۆزنه‌وه و له ناو ئاپۆره‌ی خزم و که‌س و دانیشتوانی ناوچه دا له گۆڕستانی “خاڵداود” به خاک ده‌سپێردرێن. کاتێک وسووی کوێخا عبدولی باوکی حه‌مه‌خانی عه‌زیزی ئه‌که‌وێته ژێر ڕنووی به‌فره‌وه حه‌مه‌خان نزیکه‌ی شه‌ش مانگه و له زگی خونچه خانی دایکی داده‌بێ، حه‌مه‌خان هاوینی ساڵی ١۳۳٨هه‌تاوی چاوه‌گه‌شه‌کانی به دنیای ڕوون هه‌ڵدێنێ و باوه‌شی خونچه خانی دایکی ئه‌من و ئه‌مانی بۆ دابین ده‌کا و ناهێڵێ هه‌ست به نه‌بوونی سۆزی باوکایه‌تی بکات. حه‌مه‌خان یه‌که‌م مناڵی خونچه‌خان ده‌بێ، مناڵێکی زۆر جوان و ئێسک سووک ده‌بێ و زۆریان خۆش ده‌وێ له خۆشه‌ویستیانی ناز ناوی “حه‌مه‌خانی” پێ ده‌به‌خشن و به حه‌مه‌خان بانگی ده‌که‌ن. حه‌مه‌خان هه‌ر وه‌ک هه‌موو مناڵانی گوند دوکتۆر و ده‌وا نابینێ و گیا و گوڵی به‌هاران ده‌بێته شیفا و ئارام بوونه‌وه‌ی ئازاره‌کانی، باسێک له باخچه‌ی ساویان نی یه و ته‌مه‌نی مێر مناڵی خۆی به‌ده‌م سروشتی ده‌وروبه‌ری گوند و بن دیوار و خانووه قوڕینه و سه‌ر جۆگه و کانیاوه سروشتیه‌کان به سه‌ر ده‌با و ده‌ست ده‌ملانی گوڵ و گوڵزاری بۆن خۆشی ده‌م په‌رژینه‌کان ده‌بێ وه‌ک په‌پوله و گوڵ ئاوێته‌ی یه‌ک ده‌بن و خه‌مه‌کانیان له گه‌ڵدا ده‌گۆڕێته‌و‌ه، موسیقای حه‌مه‌خان ده‌نگی خۆشی چۆله‌که ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانه که هه‌ر یه‌که‌ی له به‌ره‌خۆوه به سه‌د ئاواز بۆی ده‌خوێنێ، تا له ڕوح و جه‌سته دا مه‌ست و نوقمی سروشت ده‌بێ و ئارام ده‌گرێ، ته‌له‌ویزیۆن و سینه‌ما و تیئاتری حه‌مه‌خان سه‌یری شه‌ڕه به‌ران و شه‌ڕه که‌ڵه‌باب و ته‌ماشای مه‌ڕ و به‌رخ و کاره بزنی جوان جوان و ڕازه‌کانی سروشتی ده‌وروبه‌ر ده‌بێ و له گه‌ڵیان ڕادێ. دۆڵی ده‌رمانئاوه ساڵی ١۳٤٧ هه‌تاوی ماموستای قوتابخانه‌ی بۆ هاتووه، ئه‌وکات حه‌مه‌خان ته‌مه‌نی ۹ ساڵانه ده‌بێ پێده‌نێته قوتابخانه دوو ساڵ درێژه به خوێندن ده‌دا، دوایه‌ش به هۆی دروێنه و گێڕه و کێشه‌ی کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵداریه‌وه ناچار ده‌بێ واز له خوێندن بێنێ! ئا لێروه چاره‌نووس و زه‌مه‌نی گه‌نجیه‌تی حه‌مه خان پێده‌نێته قۆناخێکی ته‌مومژاوی و داهاتووێکی نادیاره‌وه و ژیانی گه‌نجیه‌تی ئه‌و ده‌که‌ویته شی‌و و دۆڵ و چیا به‌رزه‌کانی ده‌وروبه‌ر و سه‌رگه‌ردان ده‌بێ به دوا چه‌ند سه‌ر مه‌ڕ و بزنه‌وه و ئه‌وجا دروێنه و کۆڵ کێشانه‌و له چرقه‌ی گه‌رمای هاویندا، به تێشوی نانێکی ڕه‌قه‌وه تینوایه‌تی و ئه‌ژنۆ له‌رزینه‌وه یه‌کێک له تاقه‌ت پڕوکێنترین کاته‌کانی گه‌نجیه‌تی حه‌مه‌خان ده‌بێ که ناتوانێ خۆێ لێده‌رباز بکات و ناچار ده‌بێ ڕایکێشێ و له گه‌ڵ ئازاره‌کانیدا ده‌ست و په‌نجه نه‌رم کات. حه‌مه‌خان هاوینی ساڵه‌کانی ١٣٥٥ ̶ ١٣٥٦ له گه‌ڵ پۆلێک له خزم و که‌سی خۆێدا بۆ “که‌تیر” کردنه‌وه به‌ره‌و کوێستانه‌کانی “ته‌رگه‌وه‌ڕ و مه‌رگه‌وه‌ڕی ناوچه‌ی پیرانشار ده‌چه‌ن و هه‌ر جاره ماوه‌ی سێ مانگ له‌وێ ده‌مێنه‌وه، ئه‌و ماوه‌یه بێ وچان سه‌رگه‌رمی دانه‌وه‌ی “گوێنیه ڕه‌شه” و که‌رت کردن و چنینه‌وه ده‌بن، تا بتوانن لانی که‌م بژیوی زستانێک بۆ خۆیان دابین بکه‌ن. به‌ڵێ به وردبوونه‌وه له جێگه و پێگه و ژینگه و زه‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵدانی ژیانی مێر مناڵی و گه‌نجیه‌تی حه‌مه‌خان به ڕوونی بۆ ده‌رده‌که‌وه‌ێ که چه‌نده ئازاری جه‌سته و ڕوحی بینیه‌وه و چۆن ڕۆژگار وه‌ک ئه‌سپۆنێ هاڕیویه‌تی! پاییزی ساڵی ١٣٥٦هه‌تاوی له گه‌ڵ خاپور کردنی گونده‌کانی ناوچه‌ی پشده‌ری باشووری کوردستان له لایه‌ن ڕێژیمی به‌عسی عێراقه‌وه! کۆڕه‌وێک له گوندنشینانی ناوچه‌ی پشده‌ر وه‌ک: بێناسه، باوزه، ڕازان، ئه‌شکه‌نه، سه‌رشیو ڕویان له گونده‌کانی سه‌ر سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد، دانیشتوانی گونده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هانایانه‌وه چوون و جێگه و پێگه و ئه‌من و ئه‌مانیان له ناو ماڵ و خێزانی خۆیان دا بۆ دابین کردن و له
فزوڵی ژاندارمه‌ی ئێرانێش شاردیانه‌وه، هاتنی ئه‌و هه‌موو کۆچبه‌ره که به‌شێکی زۆریان چه‌کدار و پێشمه‌رگه‌ی “یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان” و ” پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان” بوون، بۆ گه‌نج و لاوی ئه‌وکاتی ڕۆژهه‌ڵات که ئه‌سیری شه‌پ و زلله‌ی “ژاندارمه و ئه‌مینییه‌ی” شای ڕوخاو بوون، شتێکی تازه و سرنج ڕاکێش بوو! ئا له‌وێوه دوباره کانیله‌کانی ژیانی کورد ئه‌ته‌قنه‌وه فوران ده‌که‌ن و ئاوی ژیان وه‌کو خۆێن ئه‌ڕژێنه‌وه جه‌سته و ڕوحی ماند و شه‌که‌تی گه‌نج و لاو و پیر و جوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان! حه‌مه خانی گه‌نج و لاوی ئه‌وکات بوو به نزیکترین که‌سی ئه‌و پۆله گه‌نج و لاوه کورده‌ی باشوور که ڕووی له گوندی دۆڵه‌بییه کردبوو، ئه‌وان شه‌وانی زستانی ئه‌وێ ساڵێ به دایم به‌یه‌که‌وه بوون و شه‌وچه‌له‌یان ده‌خوارد و کۆڕی گورانی و موسیقای کوردیان پێک هێنابوو به هاوکاری پێشمه‌رگه‌ی دێرین و هونه‌رمه‌ند کاک “که‌ریم خه‌مزه‌یی” ئه‌و تێکه‌ڵاوی و له یه‌ک نزیک بوونه‌وه‌ی حه‌مه‌خان و کورده شۆڕشگێڕه‌کانی باشوور، بوو به هۆی گه‌شانه‌وه‌ی بیر و هزری کوردایه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌و ڕۆچوونه‌وه به ناو مێژوی بنه‌چه و وه‌چه‌ی باو باپیرانیدا، ئه‌و نۆره بڕشت و هێز و توانای کوردایه‌تی له بیر‌و هزری حه‌مه‌خانی لاو دا چه‌قه‌ره ده‌کا و ڕق و قینی شۆڕشگێڕانه‌ی له ئاست دوژمنانی کورد دا به هێز و پته‌و ده‌بێ. حه‌مه‌خان له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌ڵانی ئێران و خلۆر بوونه‌وه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌گریسی حه‌مه ڕه‌زاشای په‌هله‌وی له ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٥٧هه‌تاوی خۆی ده‌گێنته شاری سه‌رده‌شت تا ده‌ستی تۆڵه له ژانده‌رمه و ئه‌مینییه دڵ ڕه‌ق و خوێن خۆره‌کان بوه‌شێنێ و ویژدانی خۆی و گه‌له‌که‌ی ئاسووده بکا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تا ڕوخانی یه‌کجاره‌کی و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی مۆڵگه‌کانی ڕێژیم له ناوچه‌که دا به‌داویاندا ده‌چێ و زه‌ر‌به‌یان لێده‌وه‌شێنێ. دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش و هه‌رس هێنانی ده‌سه‌ڵاتی شا، که له‌گه‌ڵ شه‌خته و سه‌هۆڵی ڕه‌شه‌مه به‌رو نه‌مان چوو، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان وه‌ک گوڵێکی به‌هاری سه‌ری له ژێر شه‌خته و سه‌هۆڵه‌که هاته‌ده‌رو سه‌رله‌نوێ گه‌شایه‌وه نه‌شونه‌مای کرده‌وه. حه‌مه‌خان یه‌کێک له‌و گه‌نجه خوێن گه‌رمانه بوو، که پێش زۆر که‌سی تر بنه‌که‌کانی حیزبی دێمۆکڕاتی ئاوه‌دان کرده‌وه و چه‌کی کوردایه‌تی و به‌رخۆدانی لێ ده‌شان کرد.
حه‌مه خان له گه‌ڵ ده‌ست به سه‌رداگرتنی پادگانی سه‌رده‌شت، بۆ پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕش و دامه‌زراندن و ڕێکخستنی شۆڕای شار تێکه‌ڵی ئه‌و پۆله پێشمه‌رگه ده‌بێ که ئه‌وکات کاک ڕه‌حمانی شه‌مامی سه‌رافه‌تیان ده‌کات و پارێزگاری له ده‌سکه‌وته‌کانی شۆرش و نه‌زم و دیسیپلینی گشتی ده‌که‌ن.
دوای ڕووداوه‌کانی “پاوه” و فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی له پوشپه‌ڕی ساڵی ١۳٥٨هه‌تاوی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، حه‌مه خان ده‌گه‌ڕێته‌وه هێزی ١١ی شه‌هید موعێنی ئه‌وکات و له یه‌کێک له بنه‌کانی هێزی بپێشمه‌رگه‌ی لکی سێی هێزی١١ی شه‌هید موعێنی له گوندی “سووره‌چۆم” خزمه‌ت ده‌کات، له نێوان وه‌رزی به‌هار و هاوینی ساڵی ١٣٥۹هه‌تاویدا له گه‌ڵ حه‌مه‌ده‌مینی یوسفی و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر دا ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕی جاده‌ی بانه سه‌رده‌شت و دارساوێن ده‌کرێن ماوه‌ی سێ مانگ له به‌ره‌کانی شه‌ڕ دا ده‌مێنه‌وه، ئه‌وان به هۆی شاره‌زایی خۆیان له به‌کار هێنانی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕی قوڕس کار له سه‌ر تفه‌نگی دورهاوێژی “کالیبڕ ٥٠،٥۹” ده‌که‌ن و زۆر ناخاێنێ هه‌لیکۆپته‌رێکی دوژمن له به‌ره‌کانی شه‌ڕ دا ده‌خه‌نه خواره‌وه و هه‌پرون به هه‌پرون ده‌بێو به‌و کاره‌شیان زه‌ربه‌یه‌کی به ژان له په‌یکه‌ری به‌کرێگیراوانی ڕێژیمی ئاخوندی ده‌ده‌ن. به دوای ئه‌وه دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له گوندی سوره‌چۆم، خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١۳٥۹ هه‌تاوی حه‌مه‌خان به گومانی ده‌ست هه‌بوونی له کوشتنی “حه‌سه‌نی پیرۆزه خولێ” دانیشتووی کوندی سوره‌چۆم، ده‌که‌ویته به‌ندیخانه‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانه‌وه، حه‌مه‌خان ماوه‌ی ساڵێک له زیندانی حیزب له “دۆڵه‌توو” ده‌مێنێته‌وه، سه‌رنجام له سه‌ر بڕیاری دادگای حیزب بێ‌تاوان ده‌رده‌چێ و له ڕه‌زبه‌ری ساڵی ١٣٦٠ی هه‌تاوی ئازاد ده‌کرێ، حه‌مه‌خان هه‌ر له زیندانی دۆڵه‌تووه‌وه چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی له شان ده‌کاته‌وه‌و ده‌بێته پێشمه‌رگه‌ی پارێزه‌ری زیندانی دۆڵه‌توو، حه‌مه‌خان له‌و ماوه‌ی که له زیندانی دۆڵه‌توو ده‌مێنێته‌وه خۆی فێری خوندنه‌وه‌و نووسینی زمانی کوردی ده‌کات و ده‌بێته که‌سێکی چالاک و هه‌ڵسووڕ و متمانه‌یه‌کی قایم له ناو کۆڕی هاوڕێیانی دا بۆ خۆ مسۆگه‌ر ده‌کا، حه‌مه‌خان له کاتی ڕاگوازتنی زیندانی دۆڵه‌توو بۆ ناوچه‌ی “ئالانی” سه‌رده‌شت له ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی نه‌قشی به‌رچاوی ده‌بێ و یه‌کێک له پێشمه‌رگه چالاکه‌کان ده‌بێ که زیاتر له سه‌د و په‌نجا زیندانی به پێیان له دۆڵه‌تووه‌وه ده‌گوێزنه‌وه بۆ ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت! حه‌مه‌خان تا پاییزی ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و هه‌ڵسووڕ له بنکه‌ی زیندانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت ده‌مێنێته‌وه و ئه‌رکی پێ ئه‌سپێردراوی حیزبی که پارێزگاری له زیندانی حیزب ده‌بێ، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و سه‌داقه‌ت و ئه‌مانه‌ته‌وه وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ و سه‌ربه‌رزانه درێژه به ئه‌رکی خزمه‌ت به حیزب و گه‌ڵ ده‌دا. شه‌وی ٢٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی ڕێژیمی ئاخوندی هێرشێکی پان و به‌رین بۆ سه‌ر ناوچه ئازادکراوه‌کانی سوێسنایه‌تی و ئالان ده‌ست پێده‌کا و پاش شه‌ڕێکی چه‌ند ڕۆژه له گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه سه‌رنجان ناوچه‌که داگیر ده‌کات، به‌و هۆیه‌شه‌وه دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٣٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌وێ ساڵێ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان به‌شێکی به‌رچاو له زیندانیه‌کان ئازاد ده‌کا و له دۆڵی ده‌رمانئاوه خۆیان ته‌سلیمی چاش و پاسداره‌کان ده‌که‌نه‌وه! دوای جێگیر بوونی لکی ٣ی هێزی ١١شه‌هید موعێنی ئه‌وکات له دۆڵی “باوزێی” باشووری کوردستان، حه‌مه‌خانی عه‌زیزی گه‌ڕایه‌وه ده‌سته‌ی یه‌کی شه‌هیدانی ٨ی گه‌ڵاوێژ، سه‌ر به لکی ٣ی شه‌هید سمایلی سه‌لیمی له هێزی ١١ی شه‌هید موعێنی ئه‌وکات. حه‌مه‌خانی عه‌زیزی کاتێک گه‌ڕایه‌وه لکی ٣ خاوه‌نی ئه‌زمونێکی تایبه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی بوو! ئه‌و قه‌ڵم و ده‌فته‌رچه‌یه‌کی تایبه‌تی له گیرفان دابوو، که یادداشتی ڕۆژانه‌ی خۆی لێده‌نووسی و زۆر جاریش په‌خشانه شێعر و شتی له‌و بابه‌ته‌ی ده‌نووسی، زۆر جار نووسراوه‌کانی به من نیشان ده‌دا و ده‌یگووت: ئه‌و بابه‌ته‌م نووسیوه پێت چۆنه؟ ئه‌منیش ده‌مخوێنده‌وه و ده‌ست خۆشیم پێده‌گووت. حه‌مه‌خان که‌سێک بوو که ئیمانێکی قوڵ و له‌شکان نه‌هاتووی به هێز و توانای خۆی و خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له چه‌وساوه‌که‌ی هه‌بوو، ئه‌و که‌سێک بوو که هه‌میشه ئه‌هلی به‌ڵێ نه‌بوو! به‌ومانایه که خۆی ساحێبی نه‌زه‌ر و بۆچوون و بیر و ڕای خۆی بوو، چ له مه‌سڵه‌حه‌تی خیزب و گه‌لدابا په‌سندی ده‌کرد، ئه‌و بیر و ڕای شه‌هید دوکتۆر قاسملو و شه‌خسی شه‌هید دوکتۆر قاسملوی زۆر خۆش ده‌ویست، له خۆشه‌ویستی ئه‌و، ناوی “قاسملوی” له سه‌ر په‌نچه‌ی ده‌ستی خۆ هه‌ڵکه‌ندبوو! بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١۳٦٣ی هه‌تاوی له به‌رزایه‌کانی دۆڵی “باوزێی” باشووری کوردستان له شوێنێک به‌ناوی “باوه‌ڵۆ” بووین، که جوانی سروشتی به‌هاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره وه‌سفی شاعێرانه‌ی ده‌وێ که به داخه‌وه شاعێر جێگای خاڵی یه! ئێمه پۆلێک گه‌نجی به وزه‌و توانا بووین که کردبوومانه به‌رنامه به‌یانیان پێش خۆر هه‌ڵات له خه‌و هه‌ڵده‌ستاین و ماوه‌ی نیو سه‌عات ڕامان ده‌کرد، تا جه‌سته‌مان گه‌رم ده‌بوو ئه‌وجا له سه‌ر بانی بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان ڕیز ده‌بووین و تا مه‌وه‌یه‌ک نه‌رمیشمان ده‌کرد، له کۆتایشدا ده‌مانکرده زۆرانبازی و توانا جه‌سته‌ییه‌کانی خۆمان تاقی ده‌کرده‌وه ئه‌و کاره‌ش بۆ سه‌لامه‌تی و توانایه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه سوودی زۆر بوو، حه‌مه‌خان یه‌کێک له‌و به‌شداره به توانا و هه‌میشه‌یانه بوو، که حه‌لاقه‌یه‌کی زۆری به یاری توانا جسته‌ییه‌کان هه‌بوو، له زۆرانبازیشدا که‌س پشتی ئه‌وی له ئه‌رد نه‌ده‌دا! له به‌ڕێوه بردنی حه‌مه‌لیات له سه‌ر مۆڵگه و هێزه‌کانی ڕێژیم له ناوچه دا زۆر جار به‌رپرسی پێشمه‌رگه چه‌که قورسه‌کانی حه‌واڵه‌ی حه‌مه‌خان ده‌کرد! له بیرمه له ڕۆژی ٢٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١۳٦٢ی هه‌تاوی له چیای “زه‌نگه‌دۆڵ” له شه‌ڕێک دا دوو بیکه‌سیمان له هیزه‌کانی ڕێژیم گرتبوو، که یه‌کیکیان ڕووسی بوو، لک دای به ده‌سته‌ی دووی لکی سێ، جێگیر له گوندی “هه‌رزنێ” ئه‌وی تریان نازانم چینی بوو یان هه‌ر ده‌ستکردی ئێران خۆی بوو، زۆر قورس بوو! که‌م پێشمه‌رگه هه‌بوو بتوانێ نیو ساعات له شانی بکات! ئه‌ویان دا به ده‌سته‌ی یه‌کی شه‌هیدانی هه‌شتی گه‌ڵاوێژ، دیاره هه‌ر له بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان دانه‌رابوو، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی حه‌مه‌لیاتی یان زه‌ربه وه‌شاندن له هێزه‌کانی ڕێژیم له ده‌ست دابایه ئه‌وه حه‌مه‌خان ده‌رقه‌تی ده‌هات و له سه‌ر شانی داده‌نا. حه‌مه‌خان له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی ناوچه دا به دژی جاش و پاسداره‌کان به‌شداری چالاکانه‌ی کرد، له ڕۆژی ١٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٦٤ی هه‌تاوی له حه‌مه‌لیاتێکی له پێش دا داڕژاو له سه‌ر جاده‌ی ده‌رمان ئاوه بۆ ئالان، حه‌مه‌خان به‌و بیکه‌یسییه قورسه زه‌ربه‌یه‌کی به‌ژانی له په‌یکه‌ری هێزه‌کانی ڕێژیم له مۆڵگه‌ی “که‌وڵه” وه‌شاند که هه‌تا کۆتای شه‌ڕه‌که نه‌یهێشت پاسدارێک له مۆڵکه‌که سه‌ر ده‌ربێنێ و خێمه‌کانی ده‌وروبه‌ریشیانی هه‌ر هه‌موو به سه‌ردا سووتاندن! پێش وه‌شاندنی ئه‌و زه‌ربه له هێزه‌کانی ڕێژیم، له ڕۆژی ١١ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١۳٦٤ی هه‌تاوی ڕێکخراوه‌ی “باژاڕ” و لکی ۳‌ی هێزی١١ی شه‌هید موعێنی و ده‌سته و په‌له‌کانی سه‌ر به‌و لکه دۆڵی “باوزێی ” باشووری کوردستانیان چۆڵ کرد و به‌ره‌و ناوچه‌یه‌کی تر به‌ناوی: دۆڵی “سه‌فره و زه‌روونان” و “گه‌ڵاڵه ” ڕۆیشتن، ئه‌وکات دۆڵی سه‌فره و زه‌روونان به هۆی نێشته‌جێ بوونی هێزه سیاسیه‌کانی کوردستان بازاڕێکی لێ‌دروست ببوو، ئه‌و بازاڕه زۆر له بازاڕی ڕه‌ش ده‌چوو ! به‌ڵام خێری بۆ هیزه سیاسیه‌کان که گوومرگیان لێ وه‌رده‌گرت و بۆ کاسبکاران هه‌بوو، هه‌روه‌ها به‌شێکی زۆریش له لایه‌نگرانی حیزب و که‌س و کاری پێشمه‌رگه له‌وینده‌ری گریسابوونه‌وه و ئه‌وانیش خێرێکیان له بازاڕه‌که پێده‌گه‌یشت! هه‌موو که‌س ده‌زانێ که پێشمه‌رگه و پێشمه‌رگه‌ی ساحێب خێزان هه‌ژارترین که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بوون له هه‌موو قۆناخه‌کانی شۆڕش دا، پێشمه‌رگه ده‌بوو یا ده‌بێ به هه‌موو قیمه‌تێک ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژێرێ یا ئه‌وه که ژیانی شه‌خسی و سووڕێ خۆی و تووڕێ خۆی بێ! ئه‌وکات پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران به‌تایبه‌تی خێزاندار بۆی هه‌بوو، بۆ ماه‌ویه‌ک به تێ بینی کار و کاسبی له حیزب دانیشێ و دوای تێپه‌ربوونی ماوه‌که بگڕێته‌وه ڕیزه‌کانی حیزب! حه‌مه‌خان یه‌کم که‌س بوو، ئه‌وکات که ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی وه‌رگرتبوو، خزمێکی خۆشی ئه‌سپێکی بێدابوو کاروانی پێ بکا، له دۆڵی سه‌فره‌و زه‌روونان.
حه‌مه‌خانی عه‌زیزی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ١۳٦٤ی هه‌تاوی گه‌ڕایه‌وه لکی۳ ی هێزی ١١ی شه‌هید موعێنی له “سوونێ” ئه‌وکات به سه‌ر په‌لی په‌لێک له پێشمه‌رگه‌کانی بنکه‌ی لکی ۳ دیاری کرابوو. ساڵی ١٣٦٥ی هه‌تاوی له سه‌ر یه‌ک کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت و هێزی ١١ی شه‌هید موعێنی سه‌ره‌ڕای جموجۆڵی به‌رده‌وامی کاری سیاسی و ته‌شکیلاتی و نیزامی، له ناو بنکه‌کانی خۆشیاندا سه‌رگه‌رمی ئاڵوگۆڕو ڕێکخستنه‌وه‌ی ته‌شکیلات و هێز و لک و ده‌سته و په‌له‌کانیان بوون، پاییزی ١٣٦٥هه‌تاوی ڕێکخستنه‌وه‌ی گشتی کراو و ناوی “هێزی ١١ی شه‌هید موعێنی” گوردرا بۆ هێزی “گیاڕه‌نگ” کادر و پێشمه‌رگه‌کانی لکی٣ و لکی١ به وته ته‌قسیم و تێکه‌ڵ کران و بڕیار درا که بۆ به‌هاری ١۳٦٦هه‌تاوی هه‌ر پێشمه‌رگه بۆ شوێن و بنکه‌ی دیاری کراوی خۆی بچێ! ئه‌وکات ماوه‌ی مانگێک ده‌بوو ئه‌من له لکی چواره‌وه که بنکه‌کانمان له “قه‌ڵاتی داره‌به‌نێ” بوون کاک “ڕه‌حمان ماره‌غانی سه‌رلک بوو، خۆم نه‌قڵی لکی سێ کردبوو، بنکه‌ی لکی سێ له سوونێ بوو، کاک نه‌به‌زی مسته‌فا پور سه‌رلک بوو، کاک سمکۆ قوڵه‌سوێروی جێگر بوو، کاک هیوا پزشکی کاردی لک بوو کاک حه‌مه‌خانی عه‌زیزی سه‌رپه‌ل بوو، ئه‌من و کاک “حه‌مه گوڵینه‌ی”و خوالێخۆش بوو “خدری ئه‌لیاسی” پێشمه‌رگه‌ی لک بووین، ئه‌و پێک گه‌یشتنه ته‌مه‌نی زۆر نه‌بوو! خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١۳٦٦هه‌تاوی به پێی ته‌قسیماتی پێشووی هێز هه‌ر پێشمه‌رگه ڕۆیی بۆ شوێنی دیاری کراوی خۆی، ئه‌وکات ئه‌من چوومه لکی١ی هێزی گیاڕه‌نگ له پشتی “کونه‌مارێ” به بن شاخێکه‌وه بووین، ئه‌من له‌وێش چوومه بنکه‌ی لک، بنکه‌ی لکی یه‌ک پێک هاتبوو له فه‌رمه‌نده‌ی لک کاک “حوسێن پیره‌وان”،
جێگری لک شه‌هید “حه‌مه‌نارستی”، کادری لک کاک ” محه‌مه‌د که‌سرای”، بێ‌سیم چی کاک ” مسته‌فا دۆڵه‌یی” به‌شی ته‌داروکاتی لکیان به من سپارد، ماوه‌ی مانگێک به سه‌ر ئه‌و ته‌قسیماته دا تێپه‌ڕی بوو، نیوه‌ڕۆیه‌ک کاک حه‌مه‌خانی عه‌زیزی پیدا بوو! گووتی منیش به ناچاری هاتم! دیاره حه‌مه‌خان عه‌زیزی ئه‌و ته‌قسیماته‌ی به دڵ نه‌بوو! پێی خۆش بوو هه‌ر له لکی۳ بمێنێته‌وه، باسی کرد و گووتی: ماڵه‌که‌م بار کرد بۆ “شیوه‌ڕه‌ز” ئایشه‌خانێش بۆته نانکه‌ره‌وه‌ی بنکه‌ی سه‌رسنوور! کاک حه‌مه‌خان له بنکه‌ی لکی١ وه‌ک پێشوو سه‌رپه‌لی لک بوو، مانگی پوشپه‌ڕی ئه‌وێ ساڵێ له پشتی کۆنه‌مارێ به بن شاخه‌که‌وه له به‌ر هه‌وای گه‌رم و دووپشکوو مار هه‌رزاڵێکمان به یه‌که‌وه دروست کردبوو، شه‌وانه له سه‌ر هه‌رزاڵه‌که پشوومان ده‌دا، دیاره ئه‌ویش ته‌مه‌نی زۆر نه‌بوو! مانگی جۆزه‌ردان به شێوه‌ی هاوینه هه‌وار به‌ره‌و چیاکانی قه‌ندیل ڕۆیشتین له‌وێ له شوێنێک جێگیر بووین وابزانم ناوی “کۆتره‌ل ” یان ده‌وروبه‌ری کۆتره‌ل بوو له‌وێ سێ جادرمان هه‌ڵدابوو بۆ پێشمه‌رگه‌کان بێجگه له شوێنی فه‌رمه‌نده‌هی هێز که به شوێنێکی قایمه‌وه بوو، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید حه‌مه نارستی و کاک ڕه‌حمانه ڕه‌شی مامه زینه‌ی و کاک عبدوڵا بێشاسبی، که ئه‌شپه‌زی پێشمه‌رگه‌کان بوو ئه‌وانیش به فاسیله‌یه‌کی که‌مه‌وه به ده‌م ئاوه‌که‌وه جادوریان هه‌ڵدابوو. ئه‌وجا ئه‌من و حه‌مه‌خانی عه‌زیزیش دووبه‌دوو به بن شاخێکه‌وه جێگایه‌کمان بۆ حه‌سانه‌وه و پشوودان گۆڕ کردبوو، باقی تریش پێشمه‌رگه‌کان چه‌ند که‌سێک نه‌بێ که له بن جادره‌کان ده‌مانه‌وه و ده‌نووستن ئه‌گینا باقی تر پێشمه‌رگه‌کان دوو دوو شوێنێکیان بۆ خۆ گۆڕ کردبوو، کاتی گه‌ڕانه‌وه له مه‌ئموریه‌ته‌کان له‌وێ پشوویان ده‌دا.
ڕۆژی ٥ی خه‌رمانانی ساڵی ١۳٦٦ی هه‌تاوی حه‌مه‌خانی عه‌زیزی له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر به‌نیازی بردنی سه‌ربازێکی دیل خه‌ڵکی “ئه‌رده‌بیل” و هه‌روه‌ها ئه‌بوبه‌کر سالاری که جاش ببوو چه‌ند ڕۆژێک بوو خۆی ته‌سلیمی هێزی پێشمه‌رگه کردبوو، بۆ لێکۆڵینه‌وه ده‌بوو ڕه‌وانه‌ی کۆمیسۆنی سیاسی نیزامی بکرێ، که‌وتنه‌ڕێ. ئه‌وان ڕۆیشتن. دوای ئه‌وه که مه‌ئموریه‌ته‌که‌یان ته‌واو ده‌بێ، حه‌مه‌خان به ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بنکه‌ی سه‌ر سنوور له “شێوه‌ڕه‌ز” حه‌مه‌خان حه‌وتووێک له ناو ماڵ و خێزانی خۆی ده‌مێنێته‌وه سه‌رنجام ده‌گه‌ڕێته‌وه کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت له “کونه‌ماره” ڕۆژه‌کانی ١٦ و ١٧ی خه‌رمانان له کونه‌ماره ده‌بێ و له ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێ بگه‌ڕێته‌وه قه‌ندیل، خافڵ له‌وه‌ی که که‌سێکی خائین و خۆفرۆش ده‌رفه‌تی لێ بینیوه‌وه پیلانی شه‌هید کردنی بۆ داڕشتووه! “محه‌مه‌د مه‌زرایی” که‌سێکی خائین که ماوه‌ی شه‌ش ساڵ بوو خۆی خزاندبۆ ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی هێزی گیاڕه‌نگ که به‌شێوه‌یه‌ک خۆی ڕێک خستبوو له گه‌ڵ پێشمه‌رگه هاتا به‌شێک له پێشمه‌رگه‌کانی نزیکی خۆی سوێندیان به سه‌ری ده‌خوارد!! محه‌مه‌د ئه‌وێ ڕۆژێ ده‌رفه‌تی باش و نێچیری باشی بۆ هه‌ڵده‌که‌وه‌ێ و خۆی تێکه‌ڵی حه‌مه‌خانی عه‌زیزی ده‌کات و ده‌بێته هاوسه‌فه‌ر به‌ره‌و گه‌ندیل! ڕۆژی ١٨ی خه‌رمانانی ساڵی ١۳٦٦ هه‌تاوی دوای نان و چای خواردن له بنکه‌ی کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت دوو به دوو وه‌ڕێده‌که‌ون، سه‌عات دووی دوانیوه‌ڕۆ ده‌گه‌نه خڕێ “دۆڵه‌کۆگێ” ده‌رفه‌تێکی زێڕین ئه‌بێ بۆ محه‌مه‌د خۆی به فاسیله‌ی بیست مه‌ترێک له پێش حه‌مه‌خانه‌وه ده‌ڕوا! هه‌تا ده‌گه‌نه پله شاخه‌که‌ی سه‌روو، که زیاتر له شه‌ش مه‌تر به‌رزه، محه‌مه‌د له پله‌که سه‌رده‌که‌وێ و له حه‌مه‌خان ون ده‌بێ له‌و ده‌رفه‌ته دا محه‌مه‌د فیشه‌که‌ی له‌به‌ر دفه‌نگه‌که دایه و چاوه‌ڕوان ده‌کات حه‌مه‌خان سه‌رکه‌وێ له پله‌که‌و لێیدا، ئیتر هه‌ر له‌و چرکه ساته دا که حه‌مه‌خان دوا هه‌نگاو ده‌نێ بۆ سه‌رکه‌وتن له پله‌که گورج لێیده‌دا و حه‌مه‌خان به‌ره‌و دم ده‌که‌وێ و شه‌هید ده‌بێ و خۆشی دوو خه‌شاب به هه‌وا دا هه‌ڵده‌تۆقێنێ و به‌ره‌و کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت ڕاده‌کاته‌وه ده‌ڵێ ته‌قیان لێ‌کردین و حه‌مه‌خان شه‌هید بووه! له گه‌ڵ ده‌نگی ته‌قه‌که دا پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کیه‌تی و حیزبی شوعی کوردستان که بنکه‌کانیان له پشت شوێنی ڕوودواوه‌که ده‌بێ چاره‌گه سه‌عاتێک ناخاێنێ که ده‌گه‌نه شوێنی ته‌قه‌که و ده‌وروبه‌ری ناوچه‌که ده‌گرن! هیچ ڕوح له‌به‌رێک له ناوچه‌که نابینن هه‌تا سه‌ری “جاسوسانیش” که سێ هه‌زار پێ ده‌بێ له شوێنی ڕووداوه‌که مۆڵگه‌ی ڕێژیمی لێ یه له‌وێش که‌س ناجوڵێ! ئه‌وان ته‌نیا جه‌سته‌ی بێ گیانی شه‌هید حه‌مه‌خان ده‌بینن که له سه‌ر پله حاسێیه‌که به‌ره‌و دم ڕاکشاوه و خوێنی لێ ئه‌تکێ، هه‌تا پێشمه‌رگه‌کانی بنکه‌ی کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت ده‌گه‌نه شوێنه‌که پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کیه‌تی نیشتیمانی جه‌مانه‌که‌ی خۆی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی بێ گیانی شه‌هید حه‌مه‌خان دا هه‌ڵده‌کێشن و جموجۆڵی ناوچه‌که ئه‌خه‌نه ژێر چاوه‌دێری خۆیان، پێشمه‌رگه‌کانی هێزی گیاڕه‌نگ دێن و شه‌هیده‌که ده‌به‌نه‌وه له گۆڕستانی شه‌هیدان له “به‌رقسڵ” به خاکی پیرۆزی کوردستانی ده‌سپێرن. زۆر به داخه‌وه کۆمیته‌ی شارستانی سه‌رده‌شت و هێزی گیاڕه‌نگی ئه‌وکات نه‌یانتوانی که‌مترین هه‌نگاو بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون و دۆزینه‌وه‌ی چۆنیتی شه‌هید کرانی شه‌هید حه‌مه‌خان هه‌ڵێنن!! هه‌تاکو به زانیاری سه‌قه‌تی خۆیان هه‌لی به‌داوداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌که‌شیان په‌ک خست و سه‌قه‌ت کرد! هه‌تا ده‌یانگووت “محه‌مه‌د سه‌رسپی” که چاش بوو، له گه‌ڵ چه‌ند جاشێکی تر پیلانێکی له‌وجۆره‌یان ده‌ڕشتووه‌و که‌مینیان له‌و دۆڵه دا بۆ ده‌داو خستنی پێشمه‌رگه داناوه که هه‌رگیز ئه‌قڵ تۆزی ناشکێنێ!
به هه‌رحاڵ حه‌مه‌خان شه‌هید بوو له ڕێگای سه‌ربه‌خۆی و سه‌رفرازی گه‌ل و کوردستان دا به شانازیه‌وه سه‌ری نایه‌وه ژیان و مناڵه چاوگه‌شه‌کانی که هێشتا زۆر مناڵ بوون به دنیایه‌ک ئاخ و داخه‌وه بۆ ئایشه خانی خێزانی و هاوڕێیانی به جێ هێشت، ئایشه‌خانی خێزانی شه‌هید حه‌مه‌خان یه‌کێک له‌و شێره ژنانه بوو، که زۆر ڕووسوور و سه‌ربه‌رزانه منداڵه‌کانی بار هێنا و نه‌یهێشت مناڵه‌کانی هه‌ست به نه‌بوونی سۆزی باوکایه‌تی بکه‌ن و ڕایهێنان که باوکیان له پێناو گه‌لێک دا شه‌هید بووه‌و پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان نزیکترین که‌سه‌کانی ئێوه‌ن و ئێوه بێکه‌س نیین.
پێویسته وه‌بیر بێنمه‌وه که ئه‌و ڕۆژه‌ی که حه‌مه خان شه‌هید کرا، واته دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی ١٨ی خه‌رمانانی ١۳٦٦هه‌تاوی، ئێمه پێشمه‌رگه‌کانی هێزی گیاڕه‌نگ ئێواره‌ی ڕۆژی ١۹ی خه‌رمانانی ساڵی ١۳٦٦هه‌تاوی سه‌عات چواری دوانیوه‌ڕۆ هه‌ر دووک مۆڵگه‌ی چاش و پاسداره‌کانمان له گوندی “ئه‌حمه‌د بری‌و” سووتاندبوو! له‌و شه‌ڕه دا زیاتر سێزده که‌س له هێزه‌کانی ڕێژیم کوژرابوون و حه‌وت که‌سیش به دیل گیرابوون، ئێمه‌ش پێشمه‌رگه‌یه‌کی قاره‌مانمان به ناوی حه‌سه‌نی که‌ریمی خه‌ڵکی گوندی “سنجویی ئالان” لێ شه‌هید بوو، ئێواره‌که‌ی دوای نان خواردن له گوندی “گردێنه” له ده‌ری ماڵان کۆ ببووینه‌وه که به‌ره‌و بنکه‌کانمان بگه‌ڕێنه‌وه، ئیتر به هه‌واڵێکی بێ‌سیمی ئاگادار کراین که ته‌قه له حه‌مه‌خان کراوه‌و شه‌هید کراوه! ئه‌من له کاتی خۆی دا له به‌ر ماندووی و پڕ کاریان نه‌متوانی له مه‌ڕاسمی به‌خاک سپاردنی شه‌هید حه‌مه‌خان دا به‌شداری بکه‌م هه‌رچه‌ند خزم و خه‌ڵکی گوندێکیش بووین! ڕۆژی ١٤ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ١٣٦٦ له ده‌رفه‌تێک دا سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید حه‌مه‌خانم کرد له گوندی “شێوه‌ڕه‌ز” ئه‌وکات ئه‌یشه‌خان نانه‌وای پێشمه‌رگه‌کانی بنکه‌ی سه‌ر سنوور بوو، له دووره‌وه بینیمی و به پیرمه‌وه هات له باوه‌شی گرتم و فرمێسکه‌کانی هه‌ڵوه‌راند، چووین له ژووره‌که دانیشتین، ئایشه‌خان گووتی: حه‌مه‌خان ڕۆیی و من ئه‌و مناڵانه‌ی لێره‌وه به‌جێ هێشت، گووتی ئه‌وه‌ی ئازارم ده‌داو وه‌داخێکه له سه‌ر دڵم له پیلانێکی گوماناوی دا شه‌هید کراوه و خۆشم هیچ ده‌سڵاتێکم نییه به‌دواداچوونی بۆ بکه‌م! ئایشه‌خان سه‌رڕای ئه‌رکی دایکایه‌تی بۆ مناڵه چاوگه‌شه‌کانی ماوه‌ی چوار ساڵ بێ ڕاوه‌ستان له ژێر ڕه‌هێڵه‌ی تۆپ و کاتیۆشابارانی ڕێژیمی ئاخوندی له بنکه‌کانی پێشمه‌رگه له کونه‌ماره و سوونێ و شیوه‌ڕه‌ز ئاشپه‌ز و نانه‌وای هێزی پێشمه‌رگه بوو، ئه‌و هه‌تا بۆ ساتێکیش باسی ماندووی خۆی و شه‌که‌تی جه‌سته‌یی خۆی لای که‌س نه‌کرد و ده‌نگی هه‌ڵنه‌بڕی، ئه‌و له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه دا شاخه‌و شاخ و دۆڵاودۆڵ پشت و په‌نای هێزی پێشمه‌رگه بوو، ئه‌و به قه‌ناحه‌ته‌وه و خۆ به‌خشانه ڕێچکه و ڕێبازی شه‌هید حه‌مه‌خانی درێژه پێدا و له کات و ساتی خۆی دا خزمه‌تی به هێزی پێشمه‌رگه و جوڵانه‌وه‌ی ماف خوازانه‌ی گه‌له چه‌وساوه‌که‌ی کرد، که مێژوو هه‌رگیز له‌بیری ناکات و به چاکه وه‌ک شێره ژنێکی شۆڕشگێر و ڕووسووری کورد له سه‌ری ده‌نووسێ و هه‌قی خۆی پێده‌دا.
هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شه‌هید حه‌مه‌خانی عه‌زیزی و هه‌موو شه‌هیدانی گه‌ڵ.
ڕووڕه‌شی بۆ دوژمنان و خائینانی گه‌ل و وڵات.
ئه‌بوبه‌کر سێوه‌تاڵی