کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی حدک کاک تۆفیق عەبدووڵاهی، ناسراو بە تۆفیق دۆڵەشینی لە وڵاتی سوید

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە هاوڕێی ئازیز و تێکۆشەرمان کاک تۆفیق عەبدووڵاهی ناسراو بە ” تۆفیق دۆڵەشینی” لە شاری کارلستادی وڵاتی سوید، بە هۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ ماڵ ئاوایی لێ کردین.

 کاک تۆفیق ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی هەژار لە گوندی دۆڵەشینی ناوچەی بانە چاوی بە دنیا هەڵێنا. بە هۆی هەژاری بنەماڵەکەیانەوە، ئەویش وەک هەموو منداڵانی بەش مەینەتی وڵاتەکەمان azلە بەهرەی چوونە قوتابخانە بێ بەش بوو، هەر بۆیە هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە بۆ هاریکاری کردنی باوک و براکانی، ملی نایە بەرکار و بەشێک لە بژیوی بنەماڵەکەیانی گرتە ئەستۆ.

هەستی کوردایەتی زۆر زوو لە دڵی کاک تۆفیق دا چەکەرەی کرد، هەر بۆیە لە تەمەنی لاوییەتییەوە و کاتێک ١٧ ساڵان بوو ڕووی لە تەشكیلاتی نهێنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی بانە کرد. پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتی و هاوکات ئاشكرا بوونی خەباتی حیزب لە ناوچەی بانە دوای هێرشی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئاخوندی، کاک تۆفیق لە ناو شاری بانە دا مایەوە و هاوڕی لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامانی حیزب، کاروباری تەشکیلاتی حیزبیان لە ناو شار دا گرتە ئەستۆ. بەڵام پاش ماوەیەک ئاشکرا بوو و بە ناچار ڕووی لە شاخ کرد و چەکی پارێزگاری لە گەل و ونەتەوەکەی گرتە دەست بە کردەوە هاتە ڕیزی پێشمەرگانی هێزی شەهیدانی وێردی. بە هۆی خۆشەویستی و پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتیی، کاکە تۆفیق زۆر زوو لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە تایبەت لە ناوچەی بانە جێی خۆی کردەوە و هاوکات توانی پلە یەک لە دوای یەکانی حیزبی ببڕیت و لە ماوەیەکی کەم دا بووە کادرێکی بەناو دەنگ و جێی متمانەی خەڵک. دڵسۆزی و وەفای کاک تۆفیق بۆ حیزبی دیموکرات و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان، ناوبراوی کردبووە مۆمێکی هەموو دەم پرشنگدار کە زۆر جار هاوڕێیانی حیزبی لە بەر تیشکی ڕووناکایی ڕێنوێییەکانی ناوبراو دا کاروبارەکانیان ڕادەپەڕاند. ناوبراو لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا چەندین پلەی جیاوازی چ لە بواری سەربازی و چ لە بواری سیاسی دا پێ ئەسپێردرا، کە دەکرێ ئاماژە بە سەرپەلی، لێپرسراوی دەستە، کادری کومیتە ناوچەکانی بابۆس و پاش ئاربەبا، و لە دوای هەڵویست گرتنی ڕێبەڕایەتی شۆڕشگێڕ لە ساڵی ١٣٦٧ دا ئەندامەتی کومیتەی شارستانی بانە بکرێ.

کاک تۆفیق دۆستی هەژاران و پشتیوانی و پشتگیری ڕاستەقینەی چەوساوەکان بوو، خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵک و هاوڕێی دڵسۆزی پێشمەرگەکانی حیزب بوو.

هاوڕێ تۆفیق عەبدووڵاهی، بە هۆی ماندوو بوونی زۆری لە پێشمەرگایەتی دا بە داخەوە تووشی نەخۆشی دڵ بوو، هەر بۆیە لە سەر ئیزنی حیزب ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گیرسایەوە. بەڵام سەرەڕای نەخۆشی و ناساخیش ئامادە نەبوو دەست لە ڕیبازی پیرۆزی هەڵگرێ و بە بنەماڵەوە وەک ئەندامانێکی چالاک دەستیان بە کاری حیزبی کردەوە. بۆ چەندین دەورە بەرپرسی کومیتەی حیزب لە پارێزگای کارلستاد، سویدی لە ئەستۆ بوو، ئەوە جگە لە هاوکاری بەردەوامی لەگەڵ ئۆرگانە جیا جیاکانی حیزب لە سوید. تۆفیق دۆڵە شینی مرۆڤێکی ڕاستگۆ، حەقبێژ و چاونەترس بوو. هەموو کات پێشنیار و ڕخنەکانی لە لایەن هاوڕێیانی حیزبییەوە بە هێند دەگیران و پێگەیەکی تایبەتی لە ناو ڕیزەکانی حیزب دا هەبوو.

بە کۆچی نابەوەختی کاک تۆفیق، گەلی کورد ڕۆڵەیەکی دڵسۆز و حیزبی دیموکراتی کوردستان تێکۆشەرێکی خاوەن ئەزموون و بە بیروباوەڕی خۆی لە دەست دا.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، بە بۆنەی مەرگی کاکە تۆفیقەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی شۆڕشگێڕی کاکە تۆفیق لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی و لە هەموو خەڵکی ناوچەی بانە بە گشتی دەکات.

ڕۆحی کاکە تۆفیق شاد و تەمەندرێژی بۆبنەماڵە سەربەرزەکەی

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید