پیرانشار: پێشمەرگەکانی “پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان” هێرشێکی بەرینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیان تێک شکاند.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی “پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان” کە لە حاڵی گەرانی سیاسی و تەشکیلاتی دابوون شەوی پێنج شەممە لە سەر هەینی ٢٥ لە سەر ٢٦ ی سپتامبری ٢٠١٤ بەرامبەر بە ٣ لەسەر ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٣ لە نێوان ئاوایەکانی “زێوکە و ماشکان” لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوروو دەبن و لە شەر و تێکهەڵچوونێکی چەند کاتژمێری دا هێزی بە هێزی پێشمەرگە توانیان هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بریتی لە جاش و پاسدار بوون بە تەواوی تێک بشکێنن و بۆ خۆشیان درێژە بە کارو چالاکی و جەولەی خۆیان بدەن.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە لەو تێکهەڵچوونە قارەمانانەیە دا هێزەکانی ڕژێمی ئێران تەفروتونا بکەن. شایانی باسە لەو چالاکییە چەند کاتژمێرییەدا پێشمەرگەکانی “پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان” جارێکیتر سەلماندیان کە کوردستان هەروا پارێزراو دەبێ و ناهێڵن چیدی پۆستال پۆشانی دەوڵەتی ئێران وا بە ئاسوودەیی لە کوردستان بسوورێنەوە و خەڵکی کوردستان بچەوسێننەوە.
لە ماوەی چەند حەوتووی رابردوو دا پێشمەرگەکانی “پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان” کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانیان دەکات، لە چەندین ناوچەی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیویانە زەربە لە پەیکەری لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی بدەن.
جێگای ئاماژەیە کە، ئەو پێشمەرگانە لە ناوچەکانی سەردەشت، مەریوان، شنۆ، سنە، ورمێ و پیرانشار لە بەرامبەر هێرشی دوژمنانی ئازادی و لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران و جاشە خۆجییەکان بەرگەریان لە خۆیان و لە کەیانی کورد و نیشتمان کردووە و لە هەموو ئەو چالاکیانە دا توانیویانە دوژمن بە چۆک دابێنن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ناوچەی شنۆ لە تێکهەڵچۆنێکی چەندین کاتژمێری دا بەداخەوە پێشمەرگەی ئازا و بە جەرگی ریزەکانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک هەژار قاسمی شەهید دەبێ. کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە راگەیاندنی خۆیدا وێرای ئەوە کە پشتیوانی خۆی لە “پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان” دەربریەوە لە هەمان کاتدا خاوەنداریەتی لەو بزووتنەوەیە دەکا و لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوەکە دا ڕوو بە خەڵکی کوردستان دەڵێ کە:
” خەڵکی پێشمەرگەپەروەری کوردستانو پشتیوانانی ڕاستەقینەو تاسەری حیزبی دیموکراتی کوردستانیش دڵنیا دەکەیەنەوە کە هێزی بە هێزی “پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”و تێکڕای تێکۆشەرانی دیموکرات، ناوو یادی نوێترین شەهیدی ڕیزەکانی خۆیان هەژاری قاسمیو ڕێگای پڕشانازیی قارەمانانی شەهید: هەمزە سارتکەیی، شێخ غەریب حەسەنی، قادر نەزمی، قادر قادری، محەممەد نەدیمیو بێهرووز ڕەزا نەژاد، بەرزو زیندوو رادەگرن. هەر وەک بەڵێنیشیان داوەو بە کردەوە سەلماندوویانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنەوە بە گۆڕەپانی بەرەنگاری لە گەڵ ستەمو زۆرداریو تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.”
هەر لە درێژەی ئەو ڕاگەیاندراوە دا هاتووە کە هەژار قاسمی لە پێناو ئامانجەکانی گەلی کورد دا شەهید بووە و بۆیە داوا لە لاوانی کوردستان دەکەن کە بێنە نێو ریزی خەباتکارانی ڕیگای ڕزگاری کوردستان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە هاتنیان سەنگەری خەبات پتەوتر بکەن و ڕیگای خەباتی شەهید هەژار قاسمی بگرنە بەر و ئەو سەنگەرە پڕ بکەنەوە.