هاوارێک بۆ کۆبانی. قادر خەندەڕەش

هاوار هاوار، هاوار بۆ شاری بەرخۆدان، هاوار بۆ شاری زیندوکەرەوەی ناسنامەی کورد، هاوار بۆ شار کۆبانی.
کوردانی بە ویژدان، موسوڵمانە بە ڕاستی موسوڵمانەکانی دونیای ئیسلامەتی، مرۆڤە ئازادی خوازەکان، پارێزەرانی مافەکانی ئینسان، پارێزەرانی مافەکانی ژن، داکۆکیکارانی مافەکانی منداڵ، ئێوە لە کوێن؟ ئێوە لە کام کۆشکی پۆڵایین و بێ دەرگا و پەنجەرە دا خەوتون و گوێتان لە داد و فغان و هاواری منداڵانی کۆبانی نابێ؟ ئەوە ئێوە لە چ خەوێکی قول دان کە گوێتان لە زریکەی گریانی منداڵ و ژن و ناڵەی برینداران و هاواری دایکانی کۆبانی نابێت، ئەوە چ مەرگەخەوێکە ئێوەی ئاوا بێهۆش کردوە کە گوێتان ئەو هەموو هاوارە نابیسێت، بۆنی ئەو دوکەڵ و سوتمانەی کۆبانی ناکەن و چاوتان ئاگر و دوکەڵی ڕەشی سەر کۆبانی نابینێت، ئەوە خەوە یان مردن؟! ئەوە بێهۆشیە یان خەوتن؟! کە؛ نە دەبیسن و نە بۆن دەکەن و نە دەبینن کە قەل و داڵە لاشە خۆرە ڕەشەکان لەهەر چوار گۆشە و قوژبنی دونیاو ڕەوە گورگە برسیە کەلاک خۆرەکان وەک ڕەوەی مەغۆل هێرش دەکەنە سەر کۆبانی و تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنن، قەمە بەدەستەکانی نەزانی و جەهل و تاریکی، دڕندە خوێن خۆرەکانی سەدەی بەردین وەک رەوە سەگی هار هێرش دەکەنە سەر کۆبانی و دەیانهەوێت ئەو خاکە پیرۆزە گڵاو بکەن، ئەوە چ خەوێکی مەرگاوەرە کە ڕەوەی مەرگ و کاولکاری هێرش دەکاتە سەر شاری ژیان، شاری ئازادی، شاری بەرخۆدان کەچی کەس لە خەو ڕانابێت، هیچکەس بۆ ساتێک چاوی ناکاتەوە هەتا ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی و دژ بە نەتەوەی کوردە ببینێت، کەس لەو خەوە درۆینەو قوڵەی هەڵناستێت و چاوێک بە کۆبانی دا ناگێڕێت هەتا ببینێت چۆن خوێنی منداڵ و ژن و پیاوی کورد وەک خوێنی سیاوەش دەکوڵێت و شەپۆل دەداتەوە، بۆ کەس لە خەوی مەرگ ڕاناچڵەکێت هەتا ئەو زوڵمە ببینێت کە تا ئێستا مێژوی مرۆڤایەتی بە خۆیەوە نەیبینیوە، زوڵم لە کورد بوون، زوڵم لە ژیان و هەناسەدان، زوڵم لە موسوڵمان بوون، زوڵم لە تەسلیم نەبوون، زوڵم لە چۆک دانەندان بۆ رەوە سەگی برسی.
ئەی ئەوانەی خۆتان بە دڵسۆزی خەڵکی کورد دەزانن، ئەی ئەوانەی دەیان ساڵە خەبات دەکەن لە پێناو کوردایەتی و کورد بوون، ئەی ئەوانەی کە خۆتان بە دڵسۆزترین کەسی مرۆڤە لێقەوماوەکان دەزانن، ئەی ئەوانەی کە فرمێسک بۆ غەزە دەڕێژن، ئەی ئەوانەی شەو و رۆژ ناوی خودا و ئیسلام و قورئانتان لە سەر زمانە، کوان ئێوە لە کوێن؟ بۆ زمانتان لاڵ بووە، بۆ چاوتان کوێر و گوێتان کەڕ بووە، نابینن ژن و منداڵ و گەورەی چوکەی کۆبانی پێکەوە هێرش دەکرێتە سەریان، نابینن هەوری دوکەڵی تۆپ و خۆمپارە ئاسمانی کۆبانی داگرتوە، نابینن مزگەوتەکان دەڕوخێنن و قورئانەکان لە مزگەوتەکاندا ئاگر دەدەن، نابینن و نابیسن کە  لایلایەی منداڵ بووە بە دەنگی تۆپ و قرمەی دۆشکە و بیکەیسی.
ئێوە لە کوێن؟!
ئێوە لە کوێن ئەی حیزبەکانی رۆژهەڵات؟ دێمۆکراتەکان و کۆمەڵە و خەباتەکان، بۆ ئاوا بەبێ دەنگی دانیشتوون و دەبنە شاهیدی تراژیدیای مەرگی هاوخوێنەکانتان، بۆ دەبێ وەک بینەری سینەما بڕواننە تراژیدیا و فیلمی راستەقینەی لەنێوچونی ژن و منداڵ و گەورە و چوکەی کۆبانی؟! هەر بەر لە ماوەیەکی کورت بوو کاتێ داعش رووی کردە باشوور ئێوە پێشبڕکێتان دەکرد لە ناردنی هێز بۆ بەرەکانی شەڕ، ئەدی ئێستا کۆبانی پێویستی بە هاوکاری هەیە، بۆ هیچ کاردانەوەیەکتان لە خۆتان پێشان نەدا، بۆ ئەو پێشبڕکێیەی کە بۆ باشوورتان دەکرد بۆ کۆبانیش نایکەن؟! بۆ خۆتان بێدەنگ کردووە و چاوتان داخستوە؟ بۆ نابێ ئەگەر بە قسەش بێت ئامادەیی خۆتان بۆ کۆبانی دەربڕن؟ ئێوە شانازی ئەوەتان دەکرد کە هەمیشە یارمەتی دەری هاوخوێنەکانتان بوونە، بەڵام ئێستا بۆ؟ بۆ ئەو شانازیەو ئەو سەرفرازیە دیسانیش بە نەسیب خۆتان ناکەنەوە؟ ئەوە ڕاستە کە حیزبە کوردیەکان وەک پیشەی هەمیشەییان دوژمنی سەرسەختی یەکترن و هیچکات دانویان لەگەڵ یەک نەکوڵاوە، بەڵام دڵنیا بن یارمەتی کۆبانی یارمەتی خەڵکی هەژار و نەداری کوردە، یارمەتی خەڵکی کۆڵنەدەر و بە ئیرادە و پارێزەری ناسنامەی کوردستانە، یارمەتی زیندو هێشتنەوەی ناسنامەی کوردە نەک یارمەتی بە پێکاکا یان پەیەدە! ئەوەی لە کۆبانی روودەدات کورد کوشتنە نەک پەیەدە و پێکاکا کوشتن، ئەوە ژینۆسایدی کوردە نەک لەناوبردنی پێکاکا و پەیەدە.
ئەی ئێوە لە کوێن ئەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوور، سەرۆک و سکرتێر و ئەمیر و ڕێکخەرەکانی ، یەکێتی، پارتی، گۆڕان، بزوتنەوە، یەکگرتوو سۆسیالیست و زەحمەتکێش و شیوعی ئایندە و …. ئێوە لە کوێن؟ چیدەکەن؟ بۆ بێدەنگن؟
باشە بۆچی لە غەزە منداڵێک خوێن لە پەنجەی بێت ئێوە لە هەولێرو سلێمانی دەگرین و قور وەسەری خۆتان دەکەن و دەستوری جیهاد دەردەکەن بە دژی ئیسرائیلیەکان، بەڵام شەنگال و کۆبانی کە هاوخوێن و هاو نەژاد و هاونیشتمانی خۆتانە و تەڕو وشکی پێکەوە سوتا و ژن و منداڵ و گەورەو چوکەی پێکەوە بەروە مەرگ و نەمان برا و دەبردرێت، کەچی ئێوە دەمتان ناجوڵێت و چاوتان نابینێت و گوێتان کەڕ بووەو نابیسێت! بۆ دەبێ ئێوە ئەوەندە دژ بە نەتەوەکەی خۆتان بن و ئەوەندە نەتەوەکەی خۆتان لەلا هیچ بێت؟ بۆ دەبێ بریندار بوونی منداڵێکی عەرەبی فەلەستینی کاریگەری لەسەر ڕۆح و دڵ و جەستەتان دابنێ بەڵام خوێنی هەزاران شەهیدی کورد نەیەتە بەرچاوتان و غیرەتی کوردانە و نیشتمان پەروەرێتیتان نەجوڵێنێت؟! ئێوە ئەگەر بەراستی باوەرتان بە خودا هەیە، ئێوە ئەگەر بە ڕاستی باوەڕتان بە ئاینی ئیسلام و کطیبە ئاسمانیەکان هەیە، دەبێ باوەریشتان بەوە هەبێت کە تەنیا عەرەب موسوڵمان نی‌یەو تەنیا عەرەبیش ئینسان نی‌یە! ئێوە دەبێ باش ئەوە بزانن کە پێش ئەوەی موسوڵمان بن کوردن و بە کوردی لە دایک بوون و دەبن، کەوایە دەبێ ئەوەندەش هەستی کوردایەتی و کوردبونتان هەبێت کە پارێزگاری لە هاوخوێن و هاو زمان و هاو نەژادی خۆتان بکەن، دڵنیابن کە ئەوەندەی هەستی ئیسلامگەراییتان بەهێزە، ئەگەر یەک لە سەدی ئەو هەستەی بۆ ئیسلامی بونەکەتان هەیە؛ بۆ نەتەوەکەتان هەبێت و نەتەوەیی بیر بکەنەوە ئەوە هەم دەتوانن پارێزگاری لە خەڵکی خۆشتان بکەن و هەم نەتەوەی کوردیش لە خۆتان و سیاسەت و ڕێبازەکەتان ڕازی بکەن. کەوایە بۆچی دانیشتون و بۆ دەبنە شاهێدی قڕکردنی هاوخوێنەکانتان، بۆ دانیشتون و دەبنە شاهێدی بە ناحەق شەهید کردنی ژن و منداڵ و گەورە و چوکەی شاری کۆبانی ناسنامەی کوردستان؟!
ئەی ئەو یەکێتی نیشتمانیەی کە لافی کورد بوون و مافی چارەی خۆنوسینت لێدەدا، ئێوە بۆ نابینا و نابیسان لە بەرانبەر جینۆسایدی کۆبانی، ئێوە بۆ ئاواتان بەسەر هاتوە، ئێوە بۆ نابیسن، ئێوە بۆ بۆنی سوتانی تەرمی پیرۆزی پارێزەرانی کۆبانی ناکەن؟ کوا ئەو مام جەلالەی کە خوێنی پێشمەرگەکانی خۆی تێکەڵ بە خوێنی پێشمەرگەی رۆژهەڵات و باکوور دەکرد و دەیگوت کوردستان هەر کوردستانە؛ ئێستا بۆ بێدەنگە، ئێوە ڕێبوار و پشتیوان و هاوڕێکانی مام جەلال بۆ بێدەنگن؟! بۆ هەستی کوردانەتان ناجوڵێت؟ بۆ لە جیاتی فرمێسک خوێن لە چاوتان نایەت بۆ مدناڵانی کۆبانی؟! خۆ کۆبانی پێویستی بە پێشمەرگە نی‌یە! کۆبانی پێویستی بە چەک و تەقەمەنی شەرە، کۆبانی پێویستی بە گولەو تەقەمەنی‌یە نەک بە مرۆڤی فیداکار! کۆبانی مرۆڤی فیداکار و گیان لەسەر د ەستی ئەوندە زۆرە بە شی پارێزگاریکردن لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات، کۆبانی پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیری مرۆیی نی‌یە؛ کۆبانی هەتا خاوەنی ئەو شێرە کچ و کورانە بێت هەرگیز داوای هێزی مرۆیی لە هیچ کەس ناکات، بەڵکوو پێویستی بە کەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنی‌یە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی دڕندە رەشپۆشەکانی کەلاک خۆر کە وەک ڕەوە گورگی برسی هێرش دەبەنە کۆبانی.
تۆ ئەی ئەو پارتی دێمۆکراتەی کە خۆت بە خاوەن و سەروەری هەموو کوردستان دەزانی، ئەی ئەو بارزانی‌یەی کە سەرۆکایەتی پارتی دەکەی و هەتا دوو مانگ لەمەوبەر گوێی گەورە و چوکەی خەڵکی کوردت کەڕ کردبوو بە ناوی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان و وبە دەوڵەت کردنی کوردستان، تۆ بۆچی بێدەنگی؟ ئەی هەر تۆ نەبووی دەتگوت وڵاتانی دونیا پشتیوانیمان دەکەن، هەر تۆ نەبووی بە قسەو لێدوانەکانت خەڵکی سادەو ساکارت دێنایە سەر شەقام و دەتگوت سەربەخۆیی ڕادەگەیەنم؟! هەر تۆ نەبوی موژدەی سەربەخۆیی یەکجاریت بە خەڵکی کورد دەدا؟ ئایە هەر بەوجۆرەش سەربەخۆییت رادەگەیاند؟! هەر ئاواش پارێزگاریت لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد؟! هەر تۆ نەبووی دەتگوت من لە ژێر ئاڵای کوردستان لە دایک بوومە و بۆ من کوردستان هەر کوردستانە و هیچ جیاوازیەک لە نێوان پارچەکان ناکەم؟ ئەی باشە کۆبانی کوردستان نی‌یە؟ خەڵکی کۆبانی کورد نین و لە خوێن و گۆشتی تۆ نین؟! باشە بۆ خۆت بێدەنگ کردووە و چاوت لە ئاست ئەو کوشت و کوشتار و رەشەکوژیەی رەوە گورگە برسیەکانی داعش داخستوە کە لە کۆبانی خەریکن ئەنجامی دەدەن، ئایە تۆ کە خۆت بە سەرۆکی هەموو کورد دەزانی، یان وەک ئەندامەکانی حیزبەکەت دەڵێن  ” لە کوردستان تۆمان هەبێ بەسمانی بۆ پێشەوە پێشمانکەوە بارزانی” ئایە هەر ئاوا پێشمان دەکەوی؟ هەر ئاوا خۆت بە پێشڕەی کورد دەزانی؟ هەر بەمجۆرەو بە ڕوو وەرگێڕانێک و گوێ ئاخنینێکت لە ئاست کۆبانی حاشا لە دیتن و بیستنی مەرگی هەزاران منداڵ و ژن و گەورەو چوکەی کورد دەکەی؟! تۆش وەک لایەنەکانی دیکە ئامادەی ببی بە شاهێدی لەناوچونی شارێک بە هەموو مرۆڤ و زیندەوەرەکانیەوە؟! ئەی تۆ خۆت بە پارێزەری شەرەفی کورد و خاکی کوردستان نازانی و بەردەوام ئەوە بە گوێی خەڵکدا نادەن کە کوردستان بەبێ ئێوە بوونی نی‌یە، ئەی تۆ و سەرکردەکانی حیزبەکەت ناڵێن کە دونیا کورد بە ناوی بارزانیەوە دەناسێتەوە؟! ئەی باشە کەوایە بۆ ئەو شەر و بەرگریکردنەش بە ناوی بارزانی نەبێت و نەبێتە سەروەری بۆ خۆت و بنەماڵەکەت؟! تۆش باش دەزانی کە کۆبانی پێویستی بە لاوی شٶڕشگێر و لەخۆبوردوو نی‌یە، کۆبانی پێویستی بە گەنجی خۆبەخش و فیداکار نی‌یە، کۆبانی پێویستی بە هێزی مرۆیی نی‌یە، بەڵکو کۆبانی پێویستی بە چەکە، کۆبانی پێویستی بە تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی‌‌یە، هەموومان باش دەزانین کە ئەرۆ لە کوردستاندا هیچ کەس لە تۆ و بنەماڵەکەت دەوڵەمەندتر و پارەدارتر نی‌یەو هیچ کوردێکیش دۆست و هاوپەیمانی لە تۆ زیاتر نی‌یە لە ناوچەکەدا، ئەی ئەگەر وایە بۆ دادەنیشی و دەبی بە شاهیدی قەتلوعامی خەڵکی کۆبانی؟! بۆ پێتوایە مێژوو بەشداریکردن یان بەشداری نەکردنی تٶ و حیزبەکەت و ئەوانی دیکەو حیزبەکانیان لەبیر دەکات؟! دڵنیابن مێژوو زۆر بێ بەزەییەو لە هیچکەس خۆش نەبووە هەتا لە ئێوە مانان خۆش بێت، دڵنیابن کە هەر ئەو چەند دێڕەی من نوسیومە دەبێت بە بەشێک لەو مێژوەی کە نەوەکانمان لە داهاتوو دا دەیکەن بە بەڵگەیەک لەسەر ئێوەمانان.
ئێوە ئەی حیزبەکانی دیکەی باشوور، گۆڕان، شیوعی، یەکگرتوو، زەحمەتکێش و ئایندە و….  ئێوە بۆچی بێدەنگ دانیشتون و چاو لە کوشتنی خوشکوبراکانتان دەکەن لە کۆبانی، ئایە دەزانن کە هاوکاری ئێوە لەمڕۆدا بە خەڵکی کۆبانی دەبێتە مایەی سەربەرزی و ئێوەش دەبن بە خاوەنی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە بە دڵنیای‌یەوە کۆبانی تۆماری دەکات، ئایە دەزانن کە بەشداری لە سەرکەوتنی کۆبانی بەشداریکردنە لە پارێزگاری کردن لە ناسنامە و مانەوەی کورد، دڵنیابن ورە و هێز و ئیرادەی لە شکان نەهاتوی کچان کورانی کۆبانی ئەوەندە بەهێز و بەرزە کە نەک هەر ڕەوەی سەگ و گورگە ڕیشدارەکان، بەڵکوو ئەگەر هەموو دونیاش هەستێت ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشکێنێت و ناتوانێ یەک زەڕڕە کاریکەری لە سەر ورەی پۆڵیینیان دابنێت.
جا بۆیە دڵنیا بن کە مێژوو حیساب بۆ هەرجۆرە کردەوەیەکتان دەکات و هەرگیز لە بیری ناکات، جا چی بە ئەرێنی و چی هەر وا بێدەنگ بن لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەی کە بە سەر خەڵکی کۆبانی دا دێت. خەڵکی کورد باوەڕی بە سەرکەوتنی کۆبانی هەیە و دڵنیایە کە کۆبانی قەڵای لەشکان نەهاتوی کوردستانە، هەربۆیە بەشدار بونتان لەو سەرکەوتنە دەبێتە مایەی شانازی بۆ خۆتان و حیزبەکانتان، بە پێچەوانەوە، ئەندام و دۆست و لایەنگرەکانتان شەرم لە ئەندامەتیتان دەکەن و زمانی وڵامیان نابێت بەرانبەر بە مێژوو.
قادری خەندەڕەش
٤/٢٠/٢٠١٤