” رۆژهه‌ڵات میحوه‌ری ” و چه‌ند سرنجێک. لوقمان زه‌هرایی
ماوه‌یه‌که له سه‌ر تۆره کۆمه‌ڵایتیه‌کان وهیندێک سایت باس له چه‌مکێک به ناوی ” رۆژهه‌ڵات میحوه‌ری یان ڕۆژهه‌لات ته‌وه‌ری ” ده‌کرێ که له لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه هاتۆته به‌رباس و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه و خه‌ڵکانی غه‌یری حیزبی له ڕوانگه‌ی جیاجیاوه لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌که‌ن و لایان وایه که ”حدک ” له فکری هه‌ڵگیرساندنه‌وه خه‌باتی چه‌کداری دایه. هه‌رچه‌ند هیچ نوسراوه و نامیلکه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌و باسه له لایه‌ن حدک به فه‌رمی بڵاو نه‌بۆته‌وه، به‌لام ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی حدک بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه نوێیه له سه‌ر ئه‌و باوه‌رن که ده‌بێ هێز وتوانای کوردانی رۆژهه‌لات ته‌رخان بکرێ بۆ خه‌بات و تێکۆشانی سیاسی له رۆژهه‌لاتی کوردستان و چیدیکه وزه وتوانای رۆژهه‌لاتییه‌کان بۆ به‌شه‌کانی دیکه ته‌رخان نه‌کرێ و کورد گوته‌نی ” چرایه‌ک که بۆ ماڵ ڕه‌وایه له مزگه‌وت حه‌رامه ”.
له ماوه‌ی یه‌ک مانگی رابردوو دا له چه‌ندین شاری رۆژهه‌لاتی کوردستان شه‌ڕ و پێکدادانی چه‌کداری له نێوان پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وپارێزه‌رانی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان وچه‌کداره‌کانی سپای پاسدارانی رێژیمی مه‌لایانی حاکم به سه‌ر ئێران‌دا روویداوه و له‌و نێوه دا ژوماره‌یه‌ک پاسدار کوژرا وبریندار بوون وپێشمه‌رگه‌یه‌کی حدک به ناوی هه‌ژار قاسمی شه‌هید بووه.
جم وجۆلی پێشمه‌رگانه‌ی حدک وهێزه‌کانی پارێزه‌ری ڕۆژهه‌لاتی کوردستان ئه‌و پرسیاره‌ی وروژاندوه که گه‌ڵۆ حدک به نیازه شه‌ڕی چه‌کداری ده‌ست پێبکاته‌وه یان نه‌خێر ئه‌و جم وجۆڵانه کاتی و تاکتیکین و زیاتر بۆ خۆ ده‌رخستن و خۆنیشاندان له گؤره‌پانه‌که دایه؟
” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” یان به واتایه‌کی دیکه وه‌گه‌رخستنه‌وه وبوژاندنه‌وه وگیان وه‌به‌رنانه‌وه‌ی خه‌باتی ڕزگاری خوازی له رۆژهه‌لاتی کوردستان ناکرێ ته‌نیا وته‌نیا له ڕوانگه‌ی شه‌ڕی چه‌کداری لێکبدرێته‌وه و لایه‌نه گرینگه‌کانی دیکه‌ی په‌یوه‌ست به‌و خه‌باته له‌به‌رچاو نه‌گیرێ. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ شه‌ڕی چه‌کداری هه‌ڵگیرسێته‌وه و ته‌نیا وه‌کوو تاکتیک وبۆ ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی کورت خایه‌ن وبۆ هیندێک ئامانجی تایبه‌تی به‌رێوه بچێ و هیچ پلان وبه‌رنامه وستراتیژی روون وئاشکرای له پشت نه‌بێ، زۆر سه‌یر نابێ که له ژێر زه‌خت وگوشاری کۆماری سێداره بۆ سه‌ر حیزبه‌کانی باشوری کوردستان حدک یان حیزبه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌لاتیش به بیانوی ” پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێم، تۆ بلێ حیزبه‌کان ” ناچار بکرێن که شه‌ڕی چه‌کداری ڕابگرن و له ئه‌نجام دا هه‌مان مێژوو وهه‌مان سیناریۆی وهه‌مان بێ هێوایی وله په‌راوێز خرانی ده‌یان سالی رابردوو چه‌ند پاته ببێته‌وه.
چه‌ندین بابه‌تی گرینگ له په‌یوه‌ندی به ” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” و ده‌ستپێکردنه‌وه خه‌باتی چه‌کداری ده‌ور ده‌بین وئامانج و ستراتیژی ئه‌و سیاسه‌ته ده‌بێ به جه‌ماوه‌ری کردنی خه‌باتی لێبکه‌وێته که هه‌موو چین وتووێژه‌کانی کۆمه‌لگای کوردی له رۆژهه‌لاتی کوردستان خۆیانی تێدا ببینه‌وه و تاکه‌کان به پێێ لێهاتوویی وتوانایی وله ده‌رفه‌ت وکات وشوینی جیاواز دا به‌شدار بن و ده‌ور و رۆلی خۆیان بۆ سه‌ر خستنی ئامانجه‌کانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی له رۆژهه‌لاتی کوردستان بگێرن. له‌و راستایه دا گه‌لێک گرینگه که هه‌ڵه‌کانی ساڵانی پێشوو چه‌ند پاته نه‌بنه‌وه و نابێ ڕزگاری له ژێر ده‌ستی داگیرکه‌ر ته‌نیا له لووله‌ی ته‌فه‌نگه‌وه ببینرێ و له فکر وزکرمان دا ببێته ته‌نیا رێگا وئالترناتیڤ له رؤژهه‌لاتی کوردستان. به پێچه‌وانه‌وه خه‌باتی چه‌کداری ده‌بێ وه‌کوو باسیکی ”رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” ده‌رکه‌وێ نه‌ک وه‌کوو مێشکی.
بۆ به‌رچاو روونی زیاتر ” رۆژهه‌لات میحوه‌ری یان وه‌ک هیندێک ده‌لێن ” رۆژهه‌لات ته‌وه‌ری ” ده‌کرێ له چه‌ندین ڕه‌هه‌نده‌وه شرۆڤه ولێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێ ولایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی بخرێته به‌ر چاو.
یه‌که‌م، هه‌ل ومه‌رجی حیزبه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان
حیزبه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان به هۆی لێک‌دابڕان ولێک جیابونه‌وه‌یان هێز و وزه وتواناکانیان دابه‌ش بووه و له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و دابه‌ش بوونه‌ش دا بچوکتر بونه‌ته‌وه وخه‌لکیان لێ دوورکه‌وتۆته‌وه و رێژه‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی خۆیان به هۆی جۆراو جۆر له گه‌ڵیان نه‌ماون. ئه‌و ناکۆکی و دووبه‌ره‌کیانه‌ی که له نێویان دا هه‌یه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که راسته‌وخۆ کاریگه‌ری له سه‌ر کۆمه‌ڵگای کورد له رۆژهه‌لات و له سه‌ر چه‌قبه‌ستوویی خه‌باتی ڕزگاری خوازی دابنێ. هه‌ر بۆیه ئاشت بونه‌وه ویه‌کتر قه‌بولکردن و رێز لێنان له یه‌کتر و درێژکردنی ده‌ستی هاوکاری وپشتگری یه‌کتر کردنی حیزبه‌کانی رۆژهه‌لات خاڵێکی گرینگه له وه‌گه‌ڕخستنه‌وه وبه جه‌ماوه‌ری کردنی خه‌بات که بتوانێ وه‌رچه‌رخانێکی نوێ به دوای خۆیدا بێنێ.
دووهه‌م، هه‌بوونی پلان وبه‌رنامه‌یه‌کی روون به تاکتیک وستراتیژی دارێژراوه
هه‌بوونی پلانێکی له‌و چه‌شنه که بتوانێ کۆده‌نگێک له مه‌ڕ به‌ره‌و پێش چوونی خه‌باته‌که دروست بکا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌شداری هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌لات، ماموستایانی زانکۆ، هونه‌رمه‌ندان، رۆژنامه‌نوسان ،نوسه‌ران ،چالاکوانانی مه‌ده‌نی وچالاکانی بواری ژنان و ژینگه وبازاریان وغه‌یره له ده‌ره‌وه و ناوخۆی رۆژهه‌لاتی کوردستان بۆ به جه‌ماوری کردنی خه‌باته‌که گه‌لێگ گرینگه و ده‌کرێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش و بۆ ئال وگۆری بیر‌و ڕای جیاواز ولێک تێگه‌یشتن وشرۆڤه کردنی هه‌موو مه‌سه‌له‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌و باسه کۆنفرانسێک که رێزدار کاک هێمن سه‌یدیش له پرۆژکه‌ی دا ئاماژه‌ی پێکردووه، به ناوی” کۆنفرانسی رۆژهه‌لاتی کوردستان” له یه‌کێک له وڵاتانی ئوروپایی ببسترێ.
سێهه‌م، گوتاری ” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ”
کوردی رۆژهه‌لات ماوه‌ی 35 ساڵه له ژێر ستمی ئیسلامی سیاسی شیعه‌ی 12 ئیمامی دا به ئاشکرا ده‌چه‌وسێندرێته‌وه و مافه‌کانی پێشل کراوه و ده‌کرێ وبه کرده‌وه سیاسه‌تی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی وزمانی وکولتوری وئاینی ومه‌زهه‌بی له سه‌ر جێ به جێ ده‌کرێ وده‌وله‌تی تاران سیاسه‌تی تێرور وتۆقاندن له رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌رێوه ده‌با و تێرۆریزمی ده‌وله‌تی ونێو ده‌وله‌تی کۆماری سێداره زه‌بری گورچ وبڕی له کورد وله خه‌باته‌که‌ی داوه. کۆماری ئیسلامی خۆی یه‌کێک له جه‌مسه‌ره‌کانی تێرۆریزمه له ناوچه‌که وله جیهاندا. بۆ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی خه‌باتی چه‌کداری وهێزی پێشمه‌رگه وپارێزه‌رانی رۆژهه‌لاتی کوردستان به هێزگه‌لی تێرۆریست و به گرێ دراو به داعش ناوزه‌د نه‌کا ومۆرکی تێرۆریست بوون له کورد وخه‌باته ڕه‌واکه‌ی نه‌دا، پێویسته یه‌کێک له ئامانجه‌کانی ” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” ناساندن و ریسواکردنی رێژیمی مه‌لایان وه‌کوو رێژێمکی تێروریست وتێرۆریست په‌روه‌ر بێ، بۆ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئه‌و ناو وناتۆره وله‌قه‌به‌ی که پڕ به پێستی خۆیه‌تی به شۆرشگێران وماف خوازان وئازادیخوازنی کوردی رۆژهه‌لاته‌وه‌ی نه‌چه‌سپێنێ.
” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” ده‌بێ له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماف خواز وشوناس خوازه یه‌کسانی خوازیش بێ وئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ی که، دژی گوتاری رادیکالیزمی ئیسلامی له ناوچه‌که بوه‌ستێته‌وه وخۆی له به‌ره‌ی دژبه‌رانی تێرۆر وتێرۆریستان ببنیته‌وه و خه‌باته‌که به دوور بێ له هه‌ر جۆره مۆرکی ئاینی وئیسلامی له رۆژهه‌لاتی کوردستان دا و به‌شداری پێدان وهێنانه مه‌یدانی به رێژه‌یه‌کی زۆر له ژنان بۆ نێو خه‌باته‌که گه‌لێک گرینگه و ده‌بێ کچان و ژنانی رۆژهه‌لاتیش به هه‌زارانیان له مه‌یدانه‌نه دابن وشان به شانی پیاوان خه‌باتی شوناسخوازی وماف خوازی ویه‌کسانی خوازی بکه‌ن وله رێگایه‌شه‌وه ببنه به‌ربه‌ست له هه‌مبه‌ر رادیکالیزمی ئیسلامی وئه‌حزابی توندره‌وی ئیسلامی به هه‌موو شێوه‌کانیه‌وه.
” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” پێویسته له کوردستانه‌وه سه‌رچاوه بگرێ و په‌یامه‌که‌ی بۆ ناوه‌ند وباقی شوینه‌کانی دیکه‌ی ئێران په‌یامێکی گۆرانیخواز ودێموکراسی خواز وسیکولاریخواز بێ وته‌ئکید له سه‌ر جیاکردنه‌وه ده‌سه‌لاتی سیاسی وئاینی بکا وله هه‌مانکاتدا له هه‌ولێ دروست کردنی هاوپه‌یمانێکد دابێ له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که باوه‌ریان به دێموکراسی وبه مافی مرۆڤ وبه ئال وگۆری سیستم هه‌یه ، به تایبه‌ت له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یری فارس له ئێران‌دا.
” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌که‌م ده‌بێ له هه‌وڵی خۆ ڕزگار کردن له ژێر چنگی داگیرکه‌ر وگه‌یشتن به مافه‌کانی خۆی بێ له رۆژهه‌لاتی کوردستان، ده‌بێ کوردستانیش بێ و پشتگری و یارمه‌تی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان بکا له دروست کردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی و له لێک نزیک کردنه‌وه هێزه سیاسیه‌کانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان دا ده‌ور و رۆلی خۆی بگێڕی وسه‌نگی خۆی هه‌بێ له ئه‌گه‌ری دروست بوونی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یدا. که‌واته ڕوانگه‌ی ” رۆژهه‌لات میحوه‌ری ” نابێ ببێته هۆی دژایه‌تی کردنی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ونابێ ببێته پاشکۆی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش. بۆیه په‌یامی ” رۆژهه‌لات میحوه‌ری” بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌بێ روون وئاشکرا بێ که له مافه‌کانی خۆی ناگوزه‌رێ و ئاماده‌ش نابێ ببێته پاشکۆ و یان بخرێته په‌راوێزه‌وه بۆ هه‌رکام له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان.
بێگومان حیزبه‌کانی پارچه‌کانی کوردستانیش، به تایبه‌ت حیزبه‌کان وده‌سه‌لاتی باشوری کوردستان ده‌بێ ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانن وئه‌وه به باشی ده‌رک بکه‌ن که رۆژهه‌لاتی کوردستان وه‌کوو دوهه‌مین پارچه‌ی کوردستان چ له باری خاک وچ له باری حه‌شیمه‌ته‌وه ناکرێ پشت گوێ بخرێ به ” بیانوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێم ” و پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی. به پێچه‌وانه‌وه هاوکاری و پشتگری حیزبه‌کان وده‌سه‌لاتی باشور بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستانیش به مافه‌کانیان بگه‌ن گه‌لێک له قازانجی ئه‌وان دایه وئه‌و کات باشوری کوردستانیش له مه‌ترسی وهه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست درێژی وده‌ست تێوه‌ردانی کۆماری ئیسلامی ده‌پارێزرێن و به پشتگری وهاوپشتی کورده‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان زۆر زیاتر له سه‌ربه‌خۆیی نزیکتر ده‌بنه‌وه.
جم وجۆلی پێشمه‌رگانه و دروستکردنی هاوپه‌یمانێکی نیزامی له نێو حیزبه‌کانی رۆژهه‌لات بۆ پشتگری وبه فریای یه‌کترکه‌وتن له هه‌مبه‌ر هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا گه‌لێک گرینگه و بۆیه ئه‌و جم وجۆلانه وبوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و پارێزه‌رانی رۆژهه‌لاتی کوردستان له ناو خۆی رۆژهه‌لاتی کوردستان نه‌ک هه‌ر شتێکی پیرۆز وڕه‌وایه، به‌ڵکوو له داهاتوو دا به پێێ پلان وبه‌رنامه و ستراتیژی روونی ده‌بێ په‌ره‌ی پێ بدرێ وهه‌موو هێزه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان خۆیان تێدا ببینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بوونیان وحوزوریان له نیو خۆی رۆژهه‌لاتی کوردستان وره وهێز وتوانا به خه‌لک ده‌به‌خه‌شێ وخه‌لکی گوند وشاره‌کانی رۆژهه‌لات هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن که له به‌رامبه‌ر جاش وپاسداره جه‌رده وئینسان کوژه‌کانی کۆماری سێداره به ته‌نیا و بێ پشت وپه‌نا نین وهه‌ر ئه‌وه پشت گه‌رمیه وبوونه له ناو خه‌لک ده‌بێ هۆی ئه‌وه‌ی که حیزبه‌کان بتوانن جه‌ماوه‌ر له رۆژهه‌لات رێکبخه‌ن و هه‌موو یه‌ده‌نگ بۆ وه‌دیهێنانی ماف وئازادیه‌کانیان دژ به کۆماری سێداره خه‌بات بکه‌ن.
به هۆی ئه‌و هه‌ل ومه‌رجه‌ی که له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست دا هاتۆته پێش و تێوه‌گلانی کورد راسته‌وخۆ له‌و شه‌ڕه که تێرۆریستان وده‌وله‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان که به سه‌ر کوردیان داسه‌پاندووه ،کورد که‌وتۆته به‌ر په‌لامارو قه‌ڵاچۆ و ژێنۆساید کردن وهه‌ربه‌وهۆیه‌وه بوژانه‌وه وهه‌ستانه‌وه وبه جه‌ماوریکردنی خه‌باتی ڕزگاریخوازی له رۆژهه‌لاتی کوردستان گه‌لێک گرینگه وزه‌روره‌تی رۆژه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارچه له کوردستان فه‌رامۆش نه‌کرێ ونه‌خرێته په‌راوێزه‌وه ومافه‌کان چیتر له لایه‌نی ده‌وله‌تی ئیسلامی شیعه‌وه پێشێل نه‌کرێ.
هینری کیسه‌نجه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی ئامریکا که له دارێژه‌رانی رێکه‌وتننامه شوومه‌که‌ی 1975 ی ئه‌لجه‌زایره و که‌سێکی ناسراوه له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا ده‌لێ ” له ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوین دا وا خه‌ریکه په‌یمانی ” سایکس ـ پیکۆیه‌کی تازه پێک بێته‌وه”. ئه‌وه‌ش به‌ومانایه دێ که چه‌ندین ده‌وله‌تی ناوچه‌که له سه‌راوه دابه‌ش ده‌بنه‌وه وئه‌وه‌ش راسته‌و خۆ په‌یوه‌ندی به چاره‌نووسی سیاسی کورد و به خاکه‌که‌ی وبه ده‌وله‌تانی داگیرکه‌ری کوردستانه‌وه هه‌یه وهه‌ر بۆیه‌ش رۆژهه‌لاتی کوردستان به وێنه‌ی 3 پارچه‌که‌ی دیکه کوردستان ده‌بێ له گۆره‌پانه‌که دابێ بۆ ئه‌وه‌ی حیسابی هه‌بوونی بۆ بکه‌ن ونه‌خرێته په‌راوێزه‌وه و مافه‌کان وچاره‌نووسی سیاسی نه‌کرێته مامله‌ی نێوان کۆماری ئیسلامی و رۆژئاوا به سه‌رۆکایه‌تی ئامریکا.
لوقمان زه‌هرایی
2.10.2014