پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە
بە بۆنەی هاتنی جێژنی پیرۆزی قوربان گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەشی موسوڵمانانی کوردستان، ئێران و هەموو جیهان دەکەین.
ئەم ساڵ لە کوردستان جێژنی قوربان لە بارودۆخێکی تایبەت دا دەبێتەوە میوانمان. نەتەوەکەمان لە دوو بەشی نیشتمانەکەی، تووشی شەڕی نەخوازراوو داسەپاوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش(دەوڵەتی ئیسلامی) بووە.لە باشوورو خۆراوای کوردستان دەیان هەزار کەس لە ترسی قەڵاچۆی بە کۆمەڵو سووکایەتی بە کەرامەتیان، لە ماڵو شارو ناوچەی خۆیان ئاوارە بوونو لەو پەڕی بێ ئیمکاناتی داو لە حاڵێکدا بەرەو وەرزی سەرماو باران دەچین، لە خێوەتو کەمپەکانی ئاوارەکاندا ژیانی کوڵەمەرگی تێپەڕ دەکەن. هێشتا ناسۆری کوشتاری بە کۆمەڵی خوشکو برا ئیزەدییەکانو دەستبەسەر داگیرانی سەدان کچیان، کەسوکاری ئەوانو ویژدانی هەموومان ئازاد دەدا. لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵە پێشمەرگەکانی نەتەوەکەمان لە باشوورو خۆراوای کوردستان، لە سەنگەری بەرگری لە خاکی نیشتمان دا،بەرەوڕووی پەلاماری تیرۆریستان ڕاوەستاونو بە خوێنو گیانی خۆیان بەرگری لە نەتەوەکەیان دەکەن.بە خۆشییەوە هێزی پێشمەرگەو نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان لە شەڕی تێرۆریستاندا تەنیا نینو پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بە هانایانەوە هاتوە،بەڵام ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە بە داخەوە زۆر بە کەمی خۆراوای کوردستانی گرتوەتەوە. ئەم ڕاستییە، خۆڕاگریی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان بە تایبەتی لە ناوچە و شاری کۆبانێی سەختتر کردوە.داوای ئێمە لەو بارەوە وەک لە هەڵوێستێکی ڕەسمییشدا رامان گەیاندوە “فرهوانکردنهوهی بازنهی پشتیوانیی نێودهوڵهتی بۆ کوردهکانی رۆژئاوای کوردستانی”ە.
وەک ئاگادارن حیزبی دیموکراتی کوردستان هاودەردیی خۆی لە گەڵ گەلی کورد لە باشوورو خۆراوای کوردستان راگەیاندوەو ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی لە بەرگریی ڕەوای ئەوان، نیشان داوە.هەر لەو کاتەدا ئێمە پێمان وایە کە هیزە سیاسییەکانو ڕۆڵە خەباتکارەکانی هەر بەشێکی کوردستان وێڕای ئەوە کە دەبێ پشتیوانو یاوەری بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە بن، نابێ گەلی کورد لە بەشەکەی خۆیانو ئەو ستەمو بێمافیو سەرکوتەی بەرەوڕووی خەڵکی بەشەکەی خۆیان بووەتەوە، لە بیر بەرنەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەموو هەوڵی حیزبی ئێمە ئەوەیە کە خەبات دژی ستەمو سەرکوتو تێکۆشان لە پێناوی مافەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکتر بکەینەوە. ئێمە پێمان وایە ئەگەرخەباتێکی جیددی لە جەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو لە نیو دڵی کۆمەڵانی خەڵکەکەماندا،وەڕێ نەخرێ، نەک بێبەشیی خەڵکی کوردستان لە سەرەتاییترین مافەکانیان هەروا درێژەی دەبێ،بەڵکوو ئەو سەرکوتو دەستدرێژیو تاوانانەی ڕێژیمی ئێران بەرەوڕووی خەڵکی ئێمەی کردوونەوە،ڕوو لە زیادبوون دەکەن.لە ژێر ڕووناکایی ئەم تێگەیشتنەدا،ڕۆڵە تێکۆشەرو بەهەڵوێستەکانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،دڵگەرم بە پشتیوانیی حیزبی ئێمە لە ژێر ناوی “پارێزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان”دا،هاتوونە مەیدان.پەیامی ئەو ڕۆڵە نیشتمانپارێزانە بۆ خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان،ئەوەیە کە لە ئاست ستەمو بێمافیو سەرکوتو دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمەو دامودەزگا جۆراوجۆرەکانو بەکرێگیراوەکانی بەرامبەر بە خەڵکەکەمان،بیدەنگو بێهەڵوێست نابن. پارێزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان،لە پلەی یەکەمدا وریاییو ئامۆژگاری دەدەن بە هەموو ئەو کەسانەی هاوکارو هاودەستی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە دژی خەڵکەکەمان و بزووتنەوەی کوردستانن. بانگەوازیان دەکەن دەست لە دژایەتیی نەتەوەکەیان هەڵ بگرن،کۆتایی بە کوشتنو ڕاوڕووتی خەڵکی زەحمەتکێش بێنن،بە بازرگانیکردنو بڵاوکردنەوەی ماددە سڕکەرەکان نەبنە هۆی ڕۆژڕەشیی لاوەکان.کێشەو سەرئێشە بۆ کەسانێک دروست نەکەن کە پشتیوانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیو، دلسۆزی زمانو کولتوورو شوێنەوارە کۆنەکانو ژینگەی کوردستانن.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
بە خۆشییەوە هەڵسووڕانو چالاکییەکانی چەند حەوتووی ڕابردووی”پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لە پارێزگە و ناوچە جیاوازەکانو، بەرگری لەخۆکردنی پێشمەرگانەیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ کەمینو هێرشی هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیدا،لە گەڵ پێشوازیی گەرمی ئێوە بەرەوڕروو بووەو هیوای نوێی خوڵقاندوە. ئێمە ڕێز لەو پێشوازییەتان دەگرینو شانازیی پێوە دەکەین. ڕۆڵەکانتان هەر وا کە نیشانیان داوە ئامادەن بە شانازییەوە نرخی بەردەوامیی خەباتی جیددی لە نێو خەڵکو لە سەرخاکی خۆیان بدەن. داواو چاوەڕوانیشیان لە ئێوە خەڵکی مافخوازی کوردستان ئەوەیە بە پشتیوانیی ماددیو مەعنەویی خۆتان لە ڕۆڵەکانتانو لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاندەری بەردەوامیی ئەو حوزوورو چالاکیانە بن.
خەڵکی دیموکراتپەروەرو پێشمەرگەپارێزی کوردستان!
لە جێژنی قورباندا،وەبیر خۆتانی بێننەوە کە نەتەوەی کورد بە گشتیو خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانو حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی، نموونەی هەر دیاری قوربانیدان لە پێناوی سەربەستیو سەربەرزیو ئامانجو باوەڕی حەقخوازانەن. ٢٥ ساڵ لەمەوبەر د.قاسملووی ڕێبەرمان، لە ئاستانەی جەژنی قورباندا،بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی شەهید کراو گیانی خۆی لە سەر داواکردنی مافەکانی نەتەوەکەی کردە قوربانی.ئەوا ئەمساڵیش،ڕۆڵە نیشتمانپارێزەکانی ئێوە،لە بەرەبەری جیژنی قورباندا، مەشخەڵی بەرخۆدانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشاندوەتەوەو قوربانیو شەهیدی بەنرخی وەک پێشمەرگەی لێهاتوو هەژار قاسمییان پێشکەشی بارەگای حەقو ئازادی کردوە. ئێمە لە ڕۆژی جیژنی پیرۆزی قورباندا،پابەندیی خۆمان بە پەیامی ئێوە کە هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانو خۆتەرخانکردن بۆ وەڕێخستنی خەباتێکی جیددی لە نێو خاکو خەڵکی خۆمان دایە، رادەگەیەنین.هیوادارو دڵنیاشین کە بە پشتیوانیو هاوکاریی هەموو لایەنەی ئێوە دەتوانین بەڵێنی خۆمان بەرینە سەر.
لەم ڕۆژە پێرۆزەدا وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە هەموو موسوڵمانانی کوردستانو جیهان،بۆ نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سەرکەوتن بە سەر شەڕخوازانو تیرۆریستانو دوژمنانی سەربەستیو مافەکانیداو، بۆ دوژمنانو بەدخوازانی ئەم نەتەوەیە و پرسە ڕەواکەی، شکانو سەرشۆڕی بە ئاوات دەخوازین.
جارێکی دیکە جێژنی قوربان لە هەموو لایەک پیرۆز.
دەفتەری سیاسیی
حیزبی دیموکراتی کوردستان
١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٢
٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤