دانوستانی دهۆک و هەڵوێستی نەتەوەیی! جەماڵ عەڵیاڵی

جەبری زەمانە زۆرجاران خەڵک مەجبوور بە هێندێک هەڵوێست دەکات کە لە کاتی ئاساییدا رەنگە خەڵک دە قەرەی نەکەوێ. یەک لەو جارانە ئێستا لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا لە ئارادایە.

دوو هێزی سەرەکی ڕۆژئاوا، پارتی یێکێتی دێمۆکراتی (پە یە دە) و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنکەس) خەریکی دانوستانن لە باژێری دهۆک بۆ ئەوەی کە لە سەر هێندێک خاڵی هاوبەش ڕێک کەون. لەو بارەوە پێویستە ئاماژە بە چەند فاکتەری گرینگ بکرێ. مەبەستی ئەو کورتە نووسراوە، شڕۆڤەیەکی خێرا لە سەر ئەو مژارەیە لە پێوەندی دەگەڵ هێندێک فاکتەری مێژوویی بە وەبەرچاوگرتنی ئەو تەجرەبە کردارییەی کە هەنووکە هەیە.
ئەنکەس خوازیاری هێزی چەکداری خۆیەتی. پە یە دەش ئەو خواستە رەت دەکاتەوە و دەڵێ کە هێزی چەکدار پێویستە بۆ دووربوونەوە لە “بە لا ڕێدابردن” لە ژێر فەرمانبەری سەرکردایەتی سیاسی کانتۆنەکاندا بێ، سەرکردایەتییەک کە بە پێی ئامار و دەنگ، لە گشت لایەنەکانی سیاسی پێک هاتووە. ئەگەر ئەنکەس بگاتە بە ئامانجی خۆی ئەوا ڕۆژئاوا دەبێتە باشوور، هەر وەکی لە باشوور دوو دەزگای جیاواز لەیەکتر هەیە کە بۆتە بە هۆکاری سەرەکی کەم بوونەوەی قوورسایی پێگەی حکومەتی هەرێم لە ئاستی ناونەتەوەییدا، هەروەها بۆتە بە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە هەر یەک لە داگیرکەران لە ناو ئاخی باشووردا مۆڵگەی سەربازی و هەواڵگری خۆیان هەبێ. لە ئەنجامی ئەو دۆخە باشوور بۆتە بە پارێزگارێکی تورکی و ئێرانی و عێراقی، هەر بەش و لایەنێک بۆتە بە تاپۆی یەک لە داگیرکەران. هۆکاری ئەوەی کە پاش ٢٣ ساڵان ئێستاش نەبۆتە بە سیستم و دەزگای حکومەتی هەر ئەەیە، وە هەتا ئەو دۆخە هەروا دڕێژەی هەبێ هەرگیز نابێتە بە دەزگای حکومەتی.
ئەنکەس خوازیاری سیستمی فرەحیزبییە، داخوازێکی زۆر بە جێ و مەنتیقییە و کەس بەرگری لەوە ناکات، هەر وەکی هێزەکانی سیاسیتر لە سەرکردایەتی کانتۆنەکاندا بەشدارن. بەڵام ئەنکەس ئەوە بە مەرجی دووهەم دادەنێ و دەیبەستێتەوە بە مەرجی یەکەم، واتە ئەگەر هێزی چەکداری خۆی لە پانتای ڕۆژئاوادا نەبێت ئەوسا خەباتی سیاسیش ناکات! پەیەدە دەخوازێ هەر لایەنێکی سیاسی خەباتی خۆی لە ناو گەلدا ڕاپەڕێنێ بەڵام خەباتی سیاسی نابێ و ناکرێ بە خەباتی سەربازی ببەسترێتەوە. لاوازی سیاسەتی ئەنکەس لێرەدایە.
ئێمەی دەرەوەی وڵات کە لە نێو ئاگرو خۆێنی ڕۆژئاوادانین رەنگە بۆمان نەبێ ڕێ و شۆێن بۆ لایەنەکانی دانوستانەکە دیاری بکەین، ئەوان خۆیان باشتر دەتوانن بە ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ داهاتووی نەتەوەکە بگەن. خاڵێکی سرنجڕاکێشەر ئەوەیە کە بارزانی خۆی لایەنگری ئەنکەسە، هۆکارەکەی دۆخی باشوورە کە لەسەرەو ئاماژەی پێکراوە ئەگینا ئەویش خۆی باش دەزانێ کە هەر کەسێک بیری نەتەوەیی هەبێ بە سازبوونی باشوورێکیتر دڵشاد نابێت. بێگومان ئەگەر ڕۆژئاو سەری لە هێرشەکان، گمارۆدانەکان و خەندەقەکان سووک ببایە دەیتوانی و دەتوانێ بەرهەمی سێ ساڵ لە پێشکەوتنی سەرفرازانە بخاتە بەر چاوی جیهانیان. مخابن سیستەمێک کە لە ڕیشەی دەرەبەگایتی و دیکتاتۆرییەت دەدا ناتوانێ جگە لە نەتەوەی وشیار و تێگەیشتوو کڕیاریتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەبێ.
جەماڵی عەڵیاڵی ١٩/١٠/٢٠١٤