بۆ یادی هاورێیەکی لە دەستچووی منداڵیم. سەید عەلی هاشمی

لە ناوچەی لاجانی پیرانشار لە سەر چۆمی ئاوەژەڕۆیە دێیەکی خونجیلانە و زەمەند ومێشەڵان بە نێوی گەنەدارێ مامەشان هەڵکەوتبوو، منداڵانی دێ هاوینان بە مەلە کردن و پایزانیش راوەماسی سەرگەرم بوون، لە دێیەکەی ئێمە کورێک هەبوو بە نێوی شێخ‌ محەممەد، خەڵکی دێ لەبەر خۆشەویستی و بە ئەدبی بەگەورە و چووکەوە بەو کورەیان دەکوت(مام شێخ‌ محەممەد) ئێمەش منداڵانی دێ هەر بە مام شێخ‌ محەممەدن بانگ دەکردو وەندەزانی نێوی وایە.
لەو مەڵبەندە دێیەکەی ئێمە بەهۆی هەڵکەوتوی جوغرافیایی کە هەم مێشەڵان بوو هەم لەبن شاخی هەڵکەوتبوو، بۆ پێشمەرگە پەنایەکی زۆر باش بوو. جمووجۆڵی پێشمەرگە لە ناوچەکە دەستی پێکردبوو، جارجاریش دەگەڵ ژاندرمەکانی حەمەرەزا تێکهەڵدەچوون، زۆر جار شەرو پێکدادان لە شاخی رووبەرووی دێیەکەی ئێمە رووی دەدا و پێشمەرگەش شەوانە دەهاتنە نێو دێ، لە دێ‌مەش منو مام ‌شێخ‌ محەممەد کەمێک فارسیمان دەزانی کۆلکە سەوادێکیشمان هەبوو بۆ نامە خوێندنەوە، هەر ئەوەش منوو مام شێخ‌ محەممەدی لێک گرێدابوو، کە ژاندرمە دەهاتنە نێو دێ و ئێمەیان بانگ دەکرد بۆ وەرگیڕانەوە، زۆر جاریش ئێمە بەتایبەت ئەو کە کەمێک لەمن بە تەمەن‌تر بوو تووشی قسەی سووک و بێ حورمەتی دەبووین لە لایەن ژاندرمەکانەوە و جاری واش هەبوو لە زللە و شەپی ژاندرمە بێ بەش نەدەبووین.
مام شێخ‌ محەممەد هەستێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی کوردایەتێکی شاراوە دەناخیدا ریشەی داکوتابوو، ئەویش میراتێک بوو کە لە باوکی ڕا کە سوێنخواردووی پێشەواو دێموکرات بوو، بۆی بەجێمابوو، هەر ئەو هەستەش بوو کە نێوی دێموکرات ببوو بە وردی زمانی و چرای ناو دڵی، ئەو ئینسانێکی  قسەلە روو  وبێ ریا و راستگۆ بوو، بە‌ کرده‌وه‌ دڵ و دەست پاک بوو، جێگای باوەری خەڵکی ناوچە و دێیەکەی خۆمان بوو، ئەوەی دە دڵیدابا بە زار دەیکوت باکی نەبوو. پارێزەری سیاسەتەکانی حیزبی دیموکرات بوو، هەر کەس دەژی حیزب قسەی کردبا دەست بەجی هەڵدەچوو بێباکانە بەگژیدا دەهات و بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی وەجواب دەهات، لە باسی سیاسی و لە سەر مێژووی کورد بەتایبەت دێموکراتدا شارەزایەکی زۆری بوو، پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و دوای شۆڕشیش عەلاقەیەکی تایبەتی بە دەنگو باسی جیهان بوو. رادیۆیەکی تۆشیبای کریبوو هیچ‌یەک لە هەواڵەکانی بی‌بی‌سی و ئیسڕائیل، لەو دوایەیانەش رادیۆ دەنگی کوردستانی بە هەدەر نەدەدا.
من بووم بە پێشمەرگەو ئەویش لەدێ ماوە، بەڵام ئەو رابردوە پاکەی مام شێخ‌ محەممەد و ئەو نیشتمان پەروەریەی ئەو بوو بە جێگای باوەری کۆمیتەی ناوچەی پیران و پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە، لە ناو حیزبی ئێمەدا باو بوو هەر کەس جێگای باوەر و مەتمانەی خەڵکبا هەوڵمان دەدا بیکەین بە شۆڕای دێ، هەر بۆیەش وەک تەشکیلاتی ناوچە زەختن خستە سەر، کەدەبێ بۆ شۆڕای دێ خۆی بپاڵێوێ، چونکە پێمان کوت بڕیاری حیزبە ئەویش قبووڵی کرد و خەلکیش بە باوەڕەوە دەنگیان پێ دەدا، لەو تاقیکردنەوەش سەربەرزتر لە جاران ئەو پەری سەداقەتی و راستگۆیی خۆی نیشاندا و تەنانەت کارو باری دێیەکانی دەوروو بەریشی بە پێی توانای خۆی ڕادەپەڕاندن.
بەداخێکی گرانەوە رۆژی هەینی ٢ ی خەزەڵوەری  ١٣٩٣ی هەتاوی دوای نەخۆشێکی چارەسەر نەکراو  دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و  خەموو خەفەتێکی یەکجار گەورەی بۆ بنەماڵەو کەسووکار و هاورێیانی بەجێهێشت.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم هاورێی مناڵی! لاوەتیم! مام ‌شێخ ‌محەممەد گیان بەئاسوودەیی سەربنێوە، دڵنیابە هەروەک نێوی دێموکرات دەنێودڵی توودا ریشەی داکوتابوو، یادی تۆش لە نێو دڵی هاورێیانتدا پەلی هاویشتوە و بە زیندوویی دمێنیتەوە. لە ناخی دڵمەوە شەریکی خەمی خۆشەویستانتم، بەتایبەت مام قادری برات کە لە هەموو کەست پتر خۆشدەویست.
سڵاو لە گیانی پاکی مام‌ شێخ‌ محەممەد و هەمووی ئەو نەمرانەی کە وەک ئەو بۆ گەلوو نیشتمان دڵسۆزن، بەڵام سەبازی بێ نێون و کەس پێان نازانێ.
سەید عەلی هاشمی
٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ ی هەتاوی
٢٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٤ی میلادی