ستراتێژی شەنگاڵ- کۆبانی . برایم فەڕشی

کڵاشینکۆف- Military-Hightech؟!
کامپیۆتێرێکی بچکۆلانە لە ناوقەدی بەستراوە، نەخشەیەکی دیژیتاڵی لە ناو چاویلکەکەی چێندراوە، جلیسقەیەک گیانی لە حاند گولەباران دەپارێزێ، لەشی بە جلوبەرگێکی نیزامی سرنجڕاکێش ڕازاندراوەتەوە، هەر کام لە ئەندامانی لەشی وەک قوڵ، باسک، ڕان ،پشت و سەرشان دەزگایەکی پێوە لکێندراوە و چەکێکی سوپڕ مودێڕنی فرە فۆنکسیۆنی دراوەتە دەست. ئەمە ڕوالەتی ئاڕنۆڵد شوایتسەرنێگەر, ئاکتۆری فیلمی تێرمیناتۆر نییە، بەڵکوو ڕواڵەتی سەربازانی ئەمریکایی و ڕۆژئاواییە، لە شەڕەکانی سەدەی بیست و یەک!
سەربازی ئەمڕۆ تەنیا کەسێکی چەک بەدەست نییە، کە لە ناو سەنگەر، لە سەر سەربان، قەراخ دیوار، خۆی حەشار دابێ، سیلەی لە بەرانبەرەکەی گرتبێ و بە چەکەکەی تەقەی لێبکات. سەربازی ئەمڕۆ و دواڕۆژ کەسێکی شارەزا لە دەزگاگەلی ئەلکترۆنیکی، دیژیتاڵی ، محاسبات و ئانالیزکردنە. ئەو سەربازە کە ئەو دەزگاگەلە بە قورسایی ٤٠ کیلۆگرام لە گەڵ خۆی دەگێڕێ، بەر لەوەی شێوەی ئینسان بدات، لە کەرەسەیەکی شەڕ و هۆدەیەکی نیزامی گەڕۆک دەچێ! ئەو دەتوانێ زانیاریی لە نەچیرەکە و دەوروبەری ڕاستەوخۆ بە فیلم  بۆ ناوەندی بڕیار ڕاگوێزێ و نەچیر لە ناوبەرێ، جا با سەرباز لە عێراق بێ و شوێنی فەرماندەهی لە واشنگتۆن یان لەندەن.

سەربازی ڕووسی ئەمڕۆ چەکێک بەکاردەهێنێ کە لە سەرما و گەرما، تاریکی تەواو، دەتوانێ لە ١٢٠٠ مەتری خۆیەوە نێچیر نیشانە بگرێ. ئەو لە ڕێگای کامێڕایەکی ئەلەکترۆنیکییەوە کە بە کڵاوەکەیەوە لێکێندراوە و وەک چاویلکە دێتە بەرچاوی، هەموو زانیارییەکی بەرانبەرەکەی پێدەگات و دەتوانێ  دەستڕێژی لێبکات.

چەکەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، سپانیا، هولەند، ژاپۆن، ئەمریکا، کانەدا، ئوسترالیا، ئیسرائیل و تەنانەت تورکیا، بە کەڵکوەرگرتن لە نوێترین زانست، تەکنیک و سەنعەت ساز دەکرێن و نوێترین دەزگاکانی ئەلەکترۆنیکی لە خۆ دەگرن. سەربازێکی تەیارکراو بەم دەزگایانە لە هەر بارودۆخێکدا،لە هەر حاڵەت و پۆزسیۆنێکدا، ڕاکشان، هەستان، دانیشتن، وێستان، ڕاکردن بە فشاردانی دوگمەیەک دەتوانێ نێچیرەکەی لە ناو بەرێت.

ئەگەر کاتی خۆی بەکارهێنانی بێسیم لە شەڕدا وەک شۆڕش لە قەڵەم دەدرا، ئەمڕۆ سەربازی پیادە خۆی دەزگایەکی هەمەلایەنی کۆمۆنیکاسیۆن و زانیاری وەرگرتن و زانیاریی بەخشینە. ئاڵمانییەکان  لە ڕێگای دەزگایەکی ئەلەکترۆنیکی دژیتاڵی کە لە کۆڵەپشتی سەربازەکە جێکراوەتەوە، ئەو ئیمکانە بە سەرباز و فەرماندەکەی و سەرجەم ئەندامانی گرووپەکە دەدەن کە لایڤ(ڕاستەوخۆ) ئاگاداری یەکتر و چالاکییەکانی یەکتر بن. ئەم دەزگا هەمەلایەنە لە ڕێگای دەزگایەکی دەستی شێوە کۆنترۆڵی “ویی” کۆنترۆڵ دەکرێ. ئەم دەزگایە و جلو بەرگی دژ بە گولەی سەربازی ئاڵمانی و چەک و کەرەسەی دیکە هەمووی لە سەر یەک سیستمی پاراستنی سەربازەکە پێک دەهێنن، بە چەشنێک کە لە کاتی عەمەلیاتی نیزامیدا، دوژمن نەتوانێ زەفەر بە سەربازەکە بەرێت. واتە هەر سەربازیك  لە کاتی هێرش بردن  هەم سیستمی بەرگری و هەم سیستمی  کۆمۆنیکاسیۆنی هاوکات لە ژێر کۆنترۆلی خۆی و گروپپەکەی دایە. ئەم سیستمە لە شەڕی ئەفغانستان تاقی کراوەتەوە.

لەوە دەچێ بە هۆی پێشکەوتنی یەکجار خێرا لە بواری سەنعەت و تەکنیک و زانستی نیزامی و ئەلەکترۆنیک، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەروی هەموویانەوە ئامریکا، پێویستیان بە مەیدانی شەڕ بۆ تاقیکردنەوەی ئەم زانست و سەنعەت و تەکنیکە هەیە. ئەم بازاڕە تازەیە دوای یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ گەشەیەکی کەم وێنەی بە خۆیەوە بینییەوە و کۆتایی بە ڕوکودی بازاڕی چەکەکانی شەڕی کلاسێک هێناوە.

بۆ ئەوەی ئەم بازاڕە گەرمتر بێ، ساڵێ جارێک لە واشینگتۆن پیشانگای پێشکەوتنەکانی چەک و بەرهەمی نوێی نیزامی بەرپا دەکرێ، لەم پیشانگایە هەموو چەشنە دەزگا و کەرەسەیەکی نیزامی دەکەوێتە بەرچاو، شیرکەتەکان و ناوەندەکانی زانستی و لێکۆلینەوەی ئەهلی و دەوڵەتی، ئێدەی نوێ و بەرهەمە تازەکانیان دەناسێنن. پێنتاگۆن و وەزارەتخانەکانی نیزامی وڵاتانی جیهان، بە تایبەت وڵاتانی پڕ نەوت، دەڵالەکانی چەک و زۆرێک لە دام و دەزگاکانی ئەمنییەتی و نیزامی و ئیتلاعاتی و ڕاسپاردەکانی تیرۆریسم، بەشداری ئەم پیشانگایە دەکەن و ساڵ بە ساڵ ئەم پێشانگایە ڕەونقی زۆرتر بەخۆیەوە دەبینێ.

لە پاڵ ئەم چەشنە پیشانگایانە کە لێرە و لەوێ لە وڵاتان بەرپا دەکرێ، کۆمەڵێک کۆر و کۆمەڵ و دەزگای لێکۆلینەوە و زانستی هەیە کە خۆیان بە لێکۆڵینەوە لە سەر لایەنەکانی نیزامیکردنی جیهانەوە، خەریک دەکەن. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی  Arbeitskreis Militär & Sozialwissenschaftler    ئەمساڵ لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان باس کراون، نوێترین ئیدە ئەوەیە کە لە ڕێگای ترانسپلانتاسیۆن، کۆمەڵێک چیپس یان دەزگای تایبەتی منیاتورئاسا  لە ناو لەش یان لە سەر پێستی ئینسان بچێندرێ. بەم شێوەیە سەرباز ڕەنگە پێویست نەبێ ٤٠ کیلۆ ئاسنەواڵە لە گەڵ خۆیدا بگێڕێ. جیلی نوێی سەربازانی شەڕ، پێناسەیەکی نوێی ئینسان- رۆبۆتا، ئینسان- ماشێن پەیدا دەکەن، بەوەش مرۆڤ هێدی هێدی ڕواڵەت و پێناسەی ئینسانی خۆی بۆ ئامانجی شەڕ و قازانجی پووڵی و مادی لە دەست دەدات. بە پێی زانیارییەکان لە کۆتایی سەدەی ٢١  پێناسەی ئینسان بە تەواوی دەگۆڕدرێ و ئینسان- ماشێن یان ماشێن – ئینسان دەبێتە ئەمری واقع. شەڕەکانی دواڕۆژ ڕەنگە هەر بەو شێوە و فۆرم و بە پێی ئەو تاکتیک و ستراتێژیانە بن، کە لە پیشانگاکانی گەمەی ئەلەکترۆنیکی و گەمەی ئانالۆگ لێرە و لەوێ دەبیندرێ.

لە پیشانگای واشنگتۆن لە پاڵ زۆر دەزگای وەک تانکی بچکۆلانەی تەواو ئۆتۆماتیک کە خۆی بە شوێن دوژمندا دەگەڕێ و دەستڕێژی لێدەکات، رۆبۆتایەکی قالۆنچە ئاسا سرنجی ڕادەکێشا. ئەم ڕۆبۆتایە کە زۆرتر وەک ماشینی منداڵان دەچێ، پشکێنەرە و لە کون و قوژبن، ناو ماڵ، سەر بان، کۆڵان و هەر شوێنێکی دیکە دەتوانێ وەڕێ بخرێ بۆ دیتنەوەی تروریست، ئەم دەزگایە لە ڕێگای کامێراکەیەوە هەرچی ببینێ بۆ دیسپلەی سەربازەکە ڕێلەی دەکات، سەرباز ڕاستەوخۆ ئاگاداری چۆنیەتی و هەڵس و کەوتی بەرانبەرەکەی دەبێ  و دەتوانێ خۆی یان هاوکارەکەی ئەو کەسە نیشانە بگرن و بە فشاردانی دوگمەیەک کەسەکە لە ناو بەرن. ئەم کارە لە هەموو پۆزسیۆنێکدا ئەنجامدانی مومکینە. ئەم دەزگایە شەڕی ناو شار و شەقام و ماڵەکان، واتە شەڕی دژی تروریسم گەلێک هاسان دەکاتەوە و زیانی سەرباز کەمتر و زیانی کەسی بەرانبەر زۆتر دەکات.
‌هەرچەند  ئەو دەزگایانە هەمووی بۆ شەڕ بەکار دەهێندرێن، بەڵام هەمان سیستم لە درووستکردنی کەرەسەی تردا بەکار دەهێندرێن. بۆ وێنە هەمان ڕۆبۆتای باڵندەی پیشانگای نیزامی واشنگتۆن لە پیشانگای فۆتۆکینای ٢٠١٤ی شاری کۆڵن لە ڕواڵەتی هەلیکۆپتێردا بیندرا، کە لە ڕێگای کامێڕایەکەوە لە بەرزایی زەوی بە پانوبەرینی دوو کیلۆمەتر، وێنە هەڵدەگرێ و بۆ دیسپلەی کۆنترۆلەکەی دەگوێزێتەوە. هەر بە هەمان شێوە ساڵانە لە پیشانگای Gamescom ی شاری کۆڵن نوێترین ستراتێژی و تاکتیکەکانی شەڕ لە پرۆگرامەکانی گێم بە سرنجراکێشترین تەکنیک و پڕجۆشترین سناریۆ دەکەوێتە بەر دەست خەڵک لەوانە منداڵ و لاوان. تەنانەت لە پیشانگای  Spielemesse ٢٠١٤ی شاری ئێسن، ستراتێژی شەڕەکانی سەردەمی ئانتیک و دواتر و سەردەمی ئێستا لە شێوەی گەمەی ئانالۆگ زۆرترین بەشی پیشانگاکەیان لە خۆ گرتبوو. پیشانگاکانی واشنگتۆن، کۆڵن و ئێسن لە هەموو وڵاتێک هاوشێوەیان هەیە. واتە لە ناو کۆمەڵگای جیهانی داخوازی بۆ کڕینی ئەم کاڵایانە هەیە، هەربۆیە لە ماوەی ١٠ ساڵدا گەورەترین بازاڕ بۆ کڕێنی چەکی شەڕ و گەمەی پێوەندیدار بەشەڕ پێک هاتووە و لە گەشەسەندندایە. ئەم بازاڕە فەرهەنگ و شێوەی ژیان، تێڕامان، هەڵس و کەوت و تەنانەت جل و بەرگ و ڕواڵەتی فیگوڕەکانی ناو گەمەکان دەگوێزێنێتەوە بۆ ناو خەڵک و کۆمەڵگا. لەو پیشانگایانە مرۆڤی چەرخەکانی کۆن بە جل و بەرگ و کەرەسەی شەڕەوە لە پاڵ فیگورەکانی ناو شەڕە پڕ لە فانتێزییەکانی داهاتوو، بە یەکەوە لە ناو پیشانگاکان هاتوچۆیان دەکرد. ئەم هورشمە نوێیەی کە مرۆڤ پەرەی پێدەدا، تایبەت بەو پیشانگایانە و تایبەت بەو بازاڕانە نییە، ئەدەبیات بە تایبەت ڕۆمان، هونەری نەققاشی، سینەما، تەلەوزیۆن و مێدیا هەمووی ئەم ناوەڕۆک و فەرهەنگ و بیروهەست و ئاکار و کردارە بۆ ناو خەڵک ڕادەگوێزن. مرۆڤی ئەو سەردەمە هێدی هێدی لە ناوەوە پێناسەیەکی دیکە پەیدا دەکات، بە بێ ئەوەی هەستی پێبکرێ!

لە هەموو گەمە و شەڕەکاندا مەبەست تێکشکاندنی کەسی بەرانبەر، زاڵبوون و دەستەڵات پەیدا کردنە. ئەمە فەلسەفەی ژیانی سوپرستارەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژە؟ جیهانی ئێمە بەرەو سەرکەوتنی سوپڕ ستار و مێگا دەستەڵاتدارەکان مل دەنێ. هەموو ئەو چەمکانەی لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵی ڕابووردودا مرۆڤ خۆی لەگەڵ خەرێک کردووە بۆ پێکهێنانی جیهانێکی بێ شەڕوقڕە و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ، بۆ پێکهێنانی جیهانێکی پڕ لە شادی و ئازادی،وێدەچێ بایخی خۆیان بدۆڕێنن، ئەگەر مرۆڤ بکەوێتە ژێر ڕکێفی دەستەڵاتی نوێی جیهان و بێدەنگ بمێنێتەوە.

نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم بازاڕە بڕەوی زۆرە و قورسایی خۆی دەخاتە سەر وەزعی ئیقتیسادی و سیاسی و فەرهەنگی جیهان. گرووپەکانی ئیسلامی، کە وەک کارگ لێرە و لەوێ هەڵدەتۆقن و بە هاسانی دەست بەسەر ماڵ و گیانی خەڵکدا دەگرن و بە میلیارد پارە وەسەر یەک دەنێنن و مامەڵاتی دڕندانە لە گەڵ ژن و منداڵ دەکەن، مۆتۆری ئەم بازاڕە ترسناکە پێک دەهێنن، هەتا ئەو مۆتۆڕە گیزەی بێ، پیشانگاکانی واشنگتۆن، لەندەن و دەیان پایتەختی جیهان بە هەولێریشەوە بڕەوی زۆرتر پەیدا دەکەن.

لەوە دەچێ بوونی داعش و تاڵیبان و ئەلقاعیدە و ئەوانی تر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، تەواوکەری ستراتێژی بازاڕی نیزامی- سیاسی ئەمڕۆی جیهان بن، گەر ئەوانە بوونیان نەبێ، چ پێویست بە پیشانگای واشنگتۆن و شوێنەکانی دیکە دەکات؟ لە ستراتێژی ئەمڕۆی جیهاندا تیرۆریست دەورێکی جیدی دەگێڕێ و پێویستێکی حاشا هەڵنگەرە بۆ ستراتێژیستەکانی سیاسی، نیزامی، بازرگانی و مێدیای سەردەم. ئەمەش لە خۆیدا ئیفلاسی ئینسان لە سەدەی بیست ویەکدا جاڕ دەدات، بەتایبەت ئیفلاسی ئەو کەسانەی لە حاند ئەم ڕووداوانە بێدەنگ دەمێننەوە!

بە پێی هەموو ئەو زانیارییانەی کە دەربارەی هێزی نیزامی، تەکنیک و دەزگای چاوەدێریکردن و پشکنین و ئینفۆرماسیۆن لە ئاسمان و زەوی و دەریا و هەر وەها بە پێی بوونی هێز و سیستمی سازمانەکانی ئیتلاعاتی و جاسووسی وڵاتانی دەستەڵاتداری جیهان و وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئیمکاناتی دەوڵەتی و نادەوڵەتی حکوومەتی عیراق، ناکرێ داعش بە لەشکرێکی چەند هەزار کەسییەوە وەڕێ کەوێ و شار و ناوچەکان داگیر بکات و حکوومەتی خۆی ڕابگەیێنێ، بە بێ ئەوەی جیهانی داخراوی ژێرچاوەدێری و جاسووسی و ئینفۆرماسیۆن، ئاگادار نەبێ! سیستمی زاڵی چاوەدێری کردنی جیهان، ناتوانێ هێندە کەڕ وکوێر و مەنگ بێ کە ئاگای لە لەشکرکێشییەکی وا نەبێ. ئامریکا و ئوروپا، ئیسرائیل، روسیا، تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەڕەبی بەشێکی مەزن لە بودجەی وڵاتەکەیان بە وتەی خۆیان بۆ پارێزگاری و ئەمنیەتی وڵاتەکەیان خەرج دەکەن، گەر لە هەرکام لەو وڵاتانە داعشێک پەیدا بێ و ئەوانە ئاگادار نەبن، کورد گوتەنی خاکیان بە تورەکە دەکێشرێ و تەخت وبەختیان سەرەوبن دەبێ.
پرسیاری گەلێک گرنگ ئەوەیە کە کوردەکان چەندە ئاگادار بوون؟ ئایا بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار بوون، یان لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە ئاگادار کرانەتەوە؟ ئایا ئەوەی ڕووی دا و ئێستاش بەردەوامە، سناریۆیەکی داڕێژراوی جیهانی و ناوچەیی بوو، کە هەر کەس دەوری خۆی تێدا گێڕا و دەیگێڕێ؟ دەوری داعش و کوردەکان لەم سناریۆیەدا چ بوو؟
ئایا حکوومەتی هەریمی کوردستان ئاگاداری جموجۆڵەکانی داعش بوون، ئایا دەیانزانی چی ڕوودەدا؟  هێنانە گۆڕی باسی  سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن مەسعوود بارزانی، پشتگیری لە ناکاوی دەوڵەتی ئیسرائیل، گەرمبوونی ئەم باسە لە مێدیای جیهان و ناوەندەکانی سیاسی و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، باسی دابەشبوونی عێراق بە سێ ناوچە، چیرۆکی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، قوڕ و قەپکردنی لە ناکاوی هەموو لایەنەکان بە ئیسرائیلەوە، دوای گۆستنەوەی شەڕ بۆ کوردستان، بەشێک لە سناریۆکە بوو، یان ڕوداوگەلێکی ئاسایی!؟

گواستنەوەی شەڕ بۆ کوردستان، کارەساتی شەنگال و ناوچەکانی تر، کوشتن و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی بە ملیۆن کورد و تورکمان و عەڕەب و گرووپە ئایینیەکان، ساخکردنەوەی دەوڵەتی عێراق بە بەشداری چڕوپڕی کوردەکان، گەرمبوونی شەڕی داعش وحکوومەتی تورکیا بە ناوی داعش لە گەڵ کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ستراتێژی سیاسی- نیزامی کێ دەردەخات؟ سوود و زیانی کوردەکان تا ئێستا چ بووە و سوود و زیانی داهاتوویان چییە؟ کورد لە باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا، بۆ ئەو هەموو خەسارەت و ماڵوێرانییەی کە تووشی هاتووە و تووشی دێت، دەبێ بەرۆکی کێ بگرێ؟ کێن ئەو ڕابەرانەی خۆیان لە حاند بە ملیۆن کەسی ئاوارە و کوژراو و ماڵوێران و سەرجەم خەڵکی کورد بە بەرپرسیار دەزانن؟

کارەسات و تراژێدی  شەنگال جارێکی دیکە باشووری کوردستانی هێنایە سەر هێڵی مێدیا و سیاسەتی جیهان، لە هەمان کاتدا دەهۆڵی پڕدەنگی حکوومەت و هێزەکانی نیزامی حزبی، لە مەر پاراستنی خەڵک و پارێزگاریی خاک و بەرژەوندی وڵات دڕاند! بە پێچەوانە شەڕی کۆبانی و بەرگری کەم وێنەی کیژان و کوڕان، ڕۆژئاوای فرامۆشکراوی گواستەوە بۆ سەر ماسەی سیاسی و مێدیای جیهان و بوو بە هۆی وروژاندنی کۆمەڵێک پرسیاری نوێ. ئەوەی چۆن کەنیشک و کوڕانی کۆبانی توانیان بە کڵاشینکۆفی ٤٠ ساڵ لەوەبەر و کەمترین کەرەسەی نیزامی و پێداویستی ژیان، لە بەرانبەر هێزێکی دڕەندەی تەیارکراو بە تازەترین چەکی سەردەم، پارێزگاری لە کەرامەتی خۆیان و شار و تاقیکردنەوەی سیاسی خۆیان، بکەن و هەستی خۆشەویستی و پشتیوانی لە هەموو جیهان بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن، دیاردەیەکی پڕ لە پرسیارە بۆ ئیدئۆلۆگەکانی سیاسی و ستراتێژیستەکانی جیهان! لە لایەکی تر دەبێ کۆبانی و شەنگاڵ چ دەرسێک فێری ڕابەرانی کورد و سەرجەم خەڵکی کورد بکەن؟

بە پێی وتەی بەرپرسانی وڵاتانی ئامریکا و بریتانیا، ئەم شەڕە کە دوور لە ستراتێژی ئەوان نییە، درێژخایەن دەبێ. کوردەکانی باشوور، باکوورو ڕۆژئاوا کە ئێستا بوونەتە هێزێکی ناوچە و لە پێوەندیی و دانووستاندن و هاوکاریی کردن لە گەڵ  وڵاتانی ڕۆژئاوا دان و لە هەمان کاتدا شەڕێکی درێژخایەن بەسەریاندا داسەپاوە، چ ستراتێژییەک لە سەر ڕێگایانە؟ کام ئەزموون بەکاردەهێنن، کۆبانی یان شەنگاڵ؟

برایم فەڕشی
پاییزی ٢٧١٤