خاوەندارێتی لە سەرکەوتن. جەماڵ عەڵیاڵی

ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا دەڵێ: کۆبانی چ گرینگێکی ستراتێژیکی نیە و لە ئەگەری پێکهاتنی کەیانێکی نۆێ بۆ کورد لە ڕۆژئاوای سوریا، ئەوا دەبیتە بە مەترسییەک بۆ سەروەری تورکیا… لە هەمان کاتدا هەواڵی خۆش لە سەر شەنگال و پاشەکشەی داعەش لە ناوچەکەدا گوزارە لە سەرکەوتنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەدات. ئەو بابەتە کورتەی بەر دەم خۆێنەری بەرێز هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی خاوەندارێتی لە سەرکەوتن، چونکە سەردەمی پاش سەرکەتن جیاوازە لەو کاتەی سەرکەوتن مسۆگەر دەکرێ.
ڕووداوەکانی ئەو ماوەی ڕابووردوو زۆر بە خێراییتر لەوە کە چاوەڕوان دەکرا، تێپەڕ دەبن. مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە ئەوەی مانگێک لەمەوبەر لە زۆر بواراندا لە سەر پێداویستییەکانی ڕۆژدا وتراوە، ئیتر باوێکی ئەوتۆی نەماوە. بەڵام یەک بواری نەگۆڕ هەیە کە هەرگیز ناوەرۆکی ناگۆڕدرێ. ئەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان هەرگیز تەماح و قیزەونیی خۆیان لە سەر کوردستان ناگۆڕن و چاویان بەرایی دیتنی کوردستانێکی ئازاد و دێمۆکراتیک نادا، هەرگیز لە بە کۆیلە گرتنی نەتەوەی کورد و ئەگەر نەکرا، تواندنەوەی ئەو نەتەوەیە دەست هەڵناگرن، ئەوە هەرگیز ناگۆڕدرێ هەتا ئەو فەرهەنگی داگیرکەری لای داگیرکەران هەبێ.
بە هۆی ئەو سەرکەوتنانەی کە نەتەوەی کورد لە ڕووداوەکانی چەند مانگەی کۆتاییدا وەدەستی هێناوە پێویستە تیشک بخرێتە سەر هەلومەرجی پڕۆسەی سەرکەوتن. یەک لە مەرجە گرینگەکان، هەبوونی زانیاری لە سەر میکانیزمی سەرکەوتنە. مەرجێکیتر، تێگەیشتن لە هەڵسووکەوتی ئەو فاکتەرانەیە کە لە پڕۆسەی سەرکەوتندا کاریگەرن. فاکتەری کاریگەر لە سیستەمێکدا دەتوانن بە هۆی گۆڕانکاری و جێگەگۆڕکێی قوورسایی سەرەکی (gravity center) لە سیستەمەکەدا، ئەرکی جیاوازیان بەرکەوێ کە دەتوانێ بە هاسانی ناوەرۆکی فاکتەرەکان بگۆڕێ و لە ئەنجامدا ڕێچکەی بەرەو پێش ڕۆیشتنی سیستەمەکە بخاتە ئاڵووگۆڕ.
ئەگەر یاساکانی چوارچێوەی تێئۆری نەکەونە ڕێڕەوی پراکتیک، چ بایخێکیان نیە و ناکرێ پێناسەی یاسا بە خۆوە بگرن. لە بواری سرووشتدا و دوور لە کارتیکەری مرۆڤ، ئەوەی کە بۆ یەکەم جار بە گۆێرەی تێیۆری سەلماندرا، دەبێتە بە یاسایەکی تەمەن درێژ ئەگەر نە هەتا هەتایی. بەڵام لە بواری کۆمەڵگادا، بە هۆی کارتێکەری مرۆڤەکان لە سەر بنچینەی سەرکەشی ڕووحی مرۆڤ، هیچ یاسایەک هەتا هەتایە نیە و تەنانەت درێژخایەنیش نابێ. سەرڕاستترین شایەتی ئەو وتەیە (assertion)  مێژووی سەد ساڵی ڕابووردوویە. ئەوە هۆکاری “پێویستی بۆ زانیاری لە سەرکەوتن و تیگەیشتن لە هەڵسووکەوتی فاکتەرەکانی سەرکەوتن” پێک دێنێ.
لە وەرگێرانی ئەو وتەیە بۆ سەر پراکتیک پیویستە بە وەبەرچاوخستنی رەهەندە گشتییەکان دەگمەنەکان پەرئاوێز بکرێن. ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا بڕوانینە سەر پانتای سیاسی کوردستان، سێ هێزی سەرەکی زۆر بەرچاون، دێمۆکرات، کۆمەڵە و پەکەکە. ئەوە یەک لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنە. ئەو سێ هێزە لە خەبات و تێکۆشاندا تووشی کەند و کۆسپ و جار جار، نەهامەتی دێن بەڵام وەکی وێ دەچێ هەر ئەو سێ هێزەن کە بە پشتیوانی فاکتەرێکیتری سەرکەوتن، واتە هێزی گەل، قسەبڕەوەن. کەواتە، هاوکێشەکانی سیاسی لە ناوچەکەدا درەنگ یا زوو دابەشی ئەو سێ هێزە دەبن. ئەوە دەبێتە هۆکارێکی گرینگ بۆ هاوکاری و پێوەندی ئەو سێ هێزە. ئەگەر ئەو سێ هێزە لە پێوەندی دەگەڵ یەکتردا بۆ گەیشتن بە ئامرازی هاوبەش لە پێناو ئامانجی هاوبەشدا لە کورتەی بدەن، ئەوکات سەرکەوتنەکان نەک تەنیا ڕادەوەستن بەڵکوو دەبنە بە سەرەخۆرە بۆ نەتەوەی کورد. فەرموون ئەوە گۆ و ئەوە مەیدان! نەتەوەیەک چاوی لە ئێوەیە و ئێوەش پێویستە بە ئەرکی خۆتان هەستن لە پێناو خاوەندارێتی لەو سەرکەوتنانە کە هێشتا مسۆگەر نەکراون.
جەماڵی عەڵیاڵی ٢١/١٢/٢٠١٤