“رۆژهەڵات میحوەری” خۆ پەراوێزخستنە .هاوار بازیان

هاتنە بەرباسی چەمكێكی نوێی سیاسی بەناوی “رۆژهەڵات میحوەری” كە بەشێكی لایەنەكانی كوردی رۆژهەڵات بەتایبەت حزبی دیموكراتی كوردستانی بەڕەسمی بەخۆیەوە خەریك كردووە، هەرچەندە بانگەشەیەكی زۆری بۆ دەكرێ، بەڵام دوور لە رەخنە هەر نییە.

بە لەبەرچاوگرتنی وردی كار و چالاكییەكانی رابردووی پێوەست بەو پرسە هەر لە كۆنفرانسی “رۆژهەڵات میحوەری” مانگی رابردووی هەندێك لایەنی رۆژهەڵاتی لە هەولێر، گفتوگۆی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكرات لەوبارەوە و كۆبوونەوەی تەشكیلاتیی “د. ئاسۆ حەسەنزادە”ی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبەكە بۆ ئەندامان لە هەولێر و گەنگەشەكانی تری میدیایی و حزبی، پرسی رۆژهەڵات تەوەری و لێكەوتەكانی ئەو باسە  هەندێك رەخنە و تێبینی هەڵدەگرێ كە بە كورتی باسیان دەكرێ:
1. هەر لە سەرتاوە درووشمێكی گەورە و ئامانجێكی نادیار بە هەموو روخساری ئەو چەمكەوە دیارە. بەڕاستی ئامانجی ئەو پڕۆژەیە چییە؟ گومانی ئەوە ناكرێ كە حیزبی دیموكرات بەهەردوو باڵەوە بەگژ نەتەوەیی بووندا بچێتەوە، بەڵام هاوكات بەهەر شێوەیەك سەیری ئەم بابەتە دەكەی تووشی ئەنجامێكی تر دەبی. چونكە تەنانەت باسكردنی پڕۆژەیەكی لەوشێوەیە كە چاوەڕوان دەكرێ وەك خاڵی سەرەتا بۆ گفتوگۆی نێوان هەندێك لایەنی رۆژهەڵاتی دابنرێ، راستەوخۆ بە دیوارێكی گەورەی سیاسی و مەعنەوی لە نێوان رۆژهەڵات و پارچەكانی تری كوردستان دێتە بەرچاو. یەك یان دوو حزب ناتوانن سیاسەتی “رۆژهەڵات تەوەری” پێڕەو بكەن و پێیان وابێ هەموو كوردستان دەبێ لە خزمەت رۆژهەڵاتدا بێ! ئەو بۆچوونە زیاتر وەك كینەیەكی سیاسی یان لانیكەم بێ بەرنامەیی دێتە بەرچاو كە رەنگە بەرهەمی خۆ بەكەمزانینی سیاسی لە ئێستەدا بێ. لە بەرامبەردا دەكرا هەمان ئەو حزب و لایەنانە تۆڕێكی نەتەوەیی دروست بكەن كە تێیدا رەچاوی كوردستان میحوەری كرابا، نەك ئەوەی ژووری سیاسیی خۆت بەجیا لە ماڵی هەمووان ببینی. بە سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە پێویستە بەرژەوەندیی رۆژهەڵات بكەوێتە پێش پارچەكانی تر كە ئەوە سیاسەتێكی هەڵەیە. هاوكات پێشبینیی ئەوەش دەكرێ ئەو پڕۆژە سیاسییە هێشتا لەسەر دوا ئامانجی خۆی ساغ نەبووبێتەوە.  ئەوەی مایەی نیگەرانی بوو، لە كۆبوونەوەكانی دواییی بەڕێوەبەرانی ئەو پڕۆژەیە هەندێك رەفتار ئاماژەیان بە جیاكردنەوەی رۆژهەڵات لە كوردستان دەكرد، بۆ نموونە هەندێك وتار و خوێندنەوەی بابەت لەژێر ناوی: “رۆژهەڵاتناسی، رۆژهەڵات حزووری، سڕینەوەی رۆژهەڵات داماوی و سواڵی سیاسی”. ئەو جۆرە سەردێڕانە خزمەتی كورد بەگشتی ناكەن.
2. بانگەشەكردن بۆ ئەو چەمكە نوێیە، تا رادەیەكی زۆر تەنیا تیئۆری و خۆدزینەوەیە لە واقعەكانی ئەمڕۆی كوردستان. لە كاتێكدا گشت پێكهاتەكانی كوردستان بە سكۆلار و ئاینییەوە بەرەو یەك وتاربوونی كورد دەچن و داوای یەكپارچەیی بۆ چوار پارچەكە دەكەن، بەڵام ئەو پرۆژەیە باسی گرینگیدان بە پارچەیەك دەكات. سەیرتر لەوەش ئەگەر تێبینی بكەین، هەر ئەوانەی باسیان لە نەتەوەیی كردنی زیاتر حیزبی دیموكرات دەكرد و یەكپارچەیی حیزبیان لەسەر دانا، ئەمڕۆ ئەوان دیسان بازنەكە لە كوردستانەوە بۆ یەكپارچە بچووك دەكەنەوە. كە باس و گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی باڵای حدك دەكەی پێیان وایە دەكرێ ئەوە تاكتیكێك بێ تا زیاتر بەرەو ناخی رۆژهەڵات بگەڕێینەوە، بەڵام حزبێكی سیاسی سەر لە بەری خۆی هەموو ناگۆڕێ بۆ یەك تاكتیك، بەتایبەت كە ئەو حیزبە زیاتر لە 8 ساڵە دەنگی خۆی گۆڕیوە و بەڵێنی گەورەتر لەو دروشمانەی بە كورد داوە. حزبی دیموكراتی كوردستان یەكەم لێدوانەكانی پاش لەتبوون لە حیزبی دیموكرات زۆر گەورەتر بوون لەوەی ئێستە باسی دەكا، بۆیە دەتوانین ئەو هەنگاوەی دیموكرات بە چوونەوە پاش لێك بدەینەوە ئەگەر تەنانەت بۆ ماوەیەكی كورتیش بێ.
3. لەو پرسەدا كەمترین گرینگی بە خەڵكی ناوەخۆی رۆژهەڵات دراوە بێ ئەوەی بزانین كە سەرخستنی شتێك بەناوی “رۆژهەڵات میحوەری” بەر لەهەموو شت پێویستی بە خەڵكی ناوەخۆی خودی رۆژهەڵاتە. بەشێك لەوانەی خۆیان بەخاوەنی ئەو بیرۆكەیە دەزانن كەسانی ناسراون و لە شوێنی خۆیاندا جێگەی رێزن، بەڵام ناتوانن خۆیان وەك شتێكی تر پێناسە بكەن. بەشێك لەوانە پێیان وایە پێویستە لەگەڵ كوردانی ناوەخۆ گفتوگۆ و دانوستاندن بكەین تا بتوانین رەزامەندییان بەدەست بێنین! لەكاتێكدا پێویست بوو ئەو گفتوگۆ و لێكگەیشتنە پێشتر و تەنانەت لەگەڵ هێز و لایەنەكانی تریش لە ناوەخۆ و دەرەوە ئەنجام درابا و دواتر رەوانەی ناو راگەیەنراو و بڵاوكراوە رەسمییەكانی حیزبی بكرێ. ئەو دۆخە برینێكی سیاسیمان وەبیر دەخاتەوە، ئەویش دابڕانی حزبەكان لە كوردی ناوەخۆی رۆژهەڵاتە كە زیانێكی زۆری بە كاری سیاسی لەو پارچەیە گەیاندووە، بەشێوەیەك كە لەمێژە ئەو دوو لایەنە دەنگی یەكترییان نییە و گرینگی بەیەكتری نادەن و لە ئێستەدا بۆ كوردی ناوەخۆی رۆژهەڵات هیچ پرسێكی سیاسی گرینگ نییە جگە لە یەك شت: ئەویش یەكبوون و یەكگرتنەوەی دەنگە ناسازەكانی رۆژهەڵاتە. دەتوانین بڵێین هێنانە بەرباسی ئەو چەمكە سیاسییە ئێستە تا رادەیەك خۆ دزینەوەیە لە خواستێكی گەورەتری كوردی رۆژهەڵات كە هەمان یەكبوونە، بەڵام خەڵك لەوە هۆشیارترە و بەو دروشمانەوە سەرقاڵ ناكرێ. نەوەیەكی نوێی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێگەیشتووە كە هیچ گومانی نییە لەوەی حزبایەتی ناگاتە كوردایەتی.
ئەنجام
یەكەم ئەركی هێزەكانی رۆژهەڵات، نێزیكبوون و یەكگرتنە. هەر هەنگاو و بەرنامەیەكی تری سیاسی پێویستە لەسەر ئەو هاودەنگییە بنیات بنرێ و هەماهەنگی هەمووانی تێدابێ، ئەگینا هەرجۆرە جووڵەیەكی گەورەتر لە حیزب، بە مانۆڕی سیاسی لێكدەدرێتەوە كە بۆ ئێستە زیانبارە و دەرفەتی كاری گەورە دەكاتە قوربانیی دروشمی گەورە.
http://www.awene.com/opinion/2014/12/20/37837
سەرچاوەكان:
https://www.youtube.com/watch?v=hbTw8cBLKc0&feature=share&channel=kurdchanneltv1
http://www.Al25instanukurd.com/ku/hewal_dreja.php?id=10118
http://wishe.net/dreja.aspx?=hewal&jmare=7942&Jor=4
http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=350476