پێشەواو زیندانبانێکی زیندانیی و زیندانییەکی سەربەست. ژیوار رەسووڵی

ئەگەر ئاورێک لەمێژووی خەباتی رەزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستانی گەورە بدەینەوە، هەندێک وێستگەی مێژووی هەن، کە مانا بە هەندێک دەستەواژە دەدەن، کە ئەمرۆ هەموومان لەگەڵ خۆمان دەیلێینەوە،و بە باوەوڕەوە لە گەڵیدا دەژین. لەوانە سرودی نەتەوەی و پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانن، کە هەموویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوونەو هەر لەوێش مانایەکی تایبەتیان وەرگرتووە، و ئەمرۆش بێگومان لەهەموو پارچەکانی کوردستان هەڵگری ئەو مانایەن،و رۆژانە نەوەی نوێ لەبەردەم ئەو ئالایە دەست لەسەر سینگ دەوەستن و سرودی ئەی رەقیب دەڵێنەوە،و پێشمەرگەش هێمای پاراستنی جوانییەکانەو جیهان وەکوو پارێزەری ئاشتی سەیری دەکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئاڵا و پێشمەرگەو ئەی رەقیب دا مێژووی خەباتی رەزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات مانایەکی تایبەتی بە هەندێک مرۆڤی شۆرشگێری نەتەوەی داوە، ئەویش “بەندکراوی سیاسی”یە. وەکوو چۆن لە ژێر سایەی یەکەم سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان، واتا پێشەوامان قازی محەمەد دا پێشمەرگەو ئاڵا لە دایک دەبن،و سوێند بە ئاڵای کوردستان دەخوات کە بیپارێزێت، هەر ئاواش پێشەوا دوای گەلە کۆمەکردنی ناوچەی و جیهانی لە کۆماری کوردستان، شاری مەهاباد چۆل ناکات،و لەلایەن پەهلەوییەکان دەستەبەسەر دەکرێت، و حوکمی ئیعدامیشی بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام بەندیخانەی رێژێمی ئەوکاتی ئێران نەک ناتوانێ چۆک بەپێشەوا دابدات، بەڵکو سەکۆی دادگا تەشریفاتییەکەی غوڵام حوسێنی عەزیمی دەکاتە تریبوونی گەیاندنی دەنگی کورد بەجیهان. لە دادگادا بەگوتەی سەروان شەریفی کە پارێزەری پێشەوا بووە، ئەوە قازی محەمەد بووە کە حکومەتی دادگایی کردووە. رۆژنامەنووس “نەجەفقولی پسیان” وتەکانی پێشەوا لە دادگادا لە چەند رستەدا کورت دەکاتەوە و دەنووسێ: “لە کاتی دادگایی‌دا قازی محەممەد پەلاماری دەبردە سەر سیاسەت و ئاکاری دەوڵەتی تاران و دەیگوت: “من لە قوژبنی گرتووخانەوە دەنگی خۆم بەرز دەکەمەوە لە دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەک ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ داگیرکردووین.” لەلایەکی دیکەشەوە رۆژنامەنووسێکی دیکە بە نێوی سلیمان لە نووسراوەکانیدا دەڵێ: “قازی گوتی: تەواوی ئەم بەسەرھات و ڕووداوانە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتە. ئەگەر دەوڵەت تەواوی کوردان بە خائین دەزانێ با دەست لەو مەڵبەندە ھەڵبگرێ، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ با لێ بگەڕێ خۆیان کاروباری خۆیان بگرنە دەست.
کە واتا دەستەواژەی بەندکراوی سیاسی یان زیندانی سیاسیش لەکۆمارو لەژێر سایەی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان و پێشەوای کوردان وەها مانایەکی پەیداکرد، کە ئەمرۆ بوون بە “زیندانیی سیاسیی” لەلایەک شەرەف و شانازییەو لەلایەکی دیکەشەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتییە. بەندکراوی سیاسیی مرۆڤێکی شوناسخوازە کە لەپێناو خەڵک و نیشتمانی خەڵکەکەی لەبەندایە، بەندکراوی سیاسیی کورد هەرگیز باوەری بە دادگای داگیرکەر نیە، بەڵکو بە دەنگی دلێری خۆی و هەندێک کاتیش بەخوێنی خۆی لێپرسینەوە لە زاڵم و داگیرکەر دەکات، لەفەلسەفەی سیاسیی پێشەوادا زیندانی سیاسیی کورد و زیندانبان جێگۆرکێیان پێدەکرێت، و هەمیشە “زیندانبانە” کە بەندی زوڵم و ترسەکەیەتی، و بەندکراوە سیاسییەکەش لەپشت میلەکانی زیندان سەربەست و سەربەرزە. لەفەلسەفەی پێشەوا قازی محەممەدو و بەندکراوانی سیاسیی کورددا بەندیخانە دوایین کونجی ژیانی مرۆڤ نیە، تەنانەت ئەگەر حوکمی سێدارەشی بەسەردا سەپێندرابێت، بەڵکو بەندیخانە بۆ ئەوان شوێن و قۆناغێکی دیکەی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەییە، بۆ ئەوەی خۆراگری و رەوایی نەتەوەیەک یەکەمجار بەگوێی زیندانبانەکان و ئینجا بەگوێی رای گشتی جیهاندا بدات. بەندکراوی سیاسیی کورد لەرۆژهەڵات مادام لەرووی جەستەییەوە بەندکراوە، خۆنەویستە،و لەیەکەم چرکەساتیشدا دەزانێت کە ئەگەری شەهیدبوونیشی هەیە، بەڵام خۆراگرەو بەهێزو چاونەترسە، چونکە لە پێشەوا فێربووە کە بەئازادی لەزینداندا بژیت.
هەر ئەوەش وایکردووە کە بەندکراوە سیاسییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لەرۆژهەڵات ئەمرۆ بەخۆراگری و ورەو گڕوتینێکی بێوێنەوە لەنێو بەندیخانە رەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پەیامێکی سپی سپی بەرای گشتی رۆژهەڵات و ناوچەکەو جیهان بدەن. ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات کە بەندکراوە سیاسییەکانی کورد لەژێر ئەشکەنجە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکات، ساڵانێکە گیوتین هەڵگرەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران خەریکی ئازاردانی بنەماڵەکانی ئەو بەندکراوە سیاسیانەن، و هاوکات نێوەنێوەش هەندێکیان لەسێدارە دەدەن، بۆ ئەوەی ورەی ئەوانیتر دابەزێنن، بەڵام زیاتر لە ٢٠ بەندکراوی حیزبی دیموکراتی کوردستان نزیکەی ٢٠ ساڵە لە بەندیخانە رەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دان، بەڵام ورەیان دانەبەزیوەو بە حەماسەتی جارانەوە مامەڵەیەکی سەربەرزانە لەگەڵ ئەو قۆناغە لەخەباتەکەیان دەکەن. لە مەکتەبی دیموکراتدا کە هەوێنەکەی لە پێشەوا وەرگرتووە، بەندکراوی سیاسیی موڵکی گەلە،و پەیوەندی نێوان گەل و بەندکراوی سیاسیی پەیوەندییەکەی پتەو و بەردەوام و ئەخلاقییە. هەربۆیەش بەرادەی خۆراگری بەندکراوە سیاسییەکان نوخبەی سیاسی و رای گشتی رۆژهەڵاتیش ئەرک و بەرپرسیارییەتی لەسەرشانە. بەرپرسیارییەتی خاوەنداریەتیکردن لە بەندکراوە سیاسییەکان تەنیا خاوەندارییەتیکردن لە جەستەی ئەو تێکۆشەرانە نیە، بەڵکو خاوەندارییەتیکردنە لە ئازادی و خۆنەویستی و نیشتمانپەرەستی و کۆڵنەدان. بێگومانیش حیزبی دیموکراتی کوردستان خاوەنە راستەقینەکەی ئەو چەمکانەیە کە لەپێناویدا بەهەزاران شەهیدی داوەو بەسەدان بەندکراوی سەربەرزیشی هەیە.