” سەردەمانێک کەسمان لایەنگری بەیەکەوە کارکردن لە نێو حیزبدا نەبووین، بۆچی؟ ” محەممەد سلێمانی . بەشی دووهەم
قسەکان ئێستا هەموویان لە سەر میحوەری یەکگرتن و یەکریزی سیاسی و نیشتیمانی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئیران دەکرێن و کەس قسەی لەسەر یەکگرتووی بنەماڵەی گەلی کورد و حیزبی دێمۆکراتدا نیە.
بەڵام ناکرێ هۆکاری لاوازی و کزی شۆڕش و بەرخۆدان لەو بەشەی کوردستان هەمووی بخرێتە پاڵ لێکدابڕان و لێک جیابوونەوە سیاسی و تەشکیلاتی نێو حیزبەکان و، لە ڕاستیدا بەلای خەڵکی سیاسی و روناکبیری کوردەوە کە بە ئینساف و بێلایەنانە خوێندنەوەیەکی وردی ڕەوشی ئێستای ژیانی ڕیکخراوەیان کردوە، مەسەلەکە بەو جۆرە نابینن. ئەوانەی خۆیان بەکورد و خەمخۆری دۆزەڕەواکەی بزانن، لە گەڵ پرشو بڵاوی سیاسی و ڕێکخراوەیدانین و ئەو پەیامەش بۆ هەموولایەك روون و ئاشکرایە و بەردەوامیش بەدژی لێکترانزان هەڵوێست وەرگیراوە. بەڵام وێککەوتنەوەی بە خێرای و بەرلەوەی لە هەموو بارێکەوە زەمینەی بۆ بڕەخسێت، پڕۆسەیەکی بەرهەمدار نابێت و ئاکامەکەی لە یەکگرتنەوەکانی پێشوتری چاکتر نابێ، لانی کەم بۆ حیزبی دێمۆکرات. جیابوونەوەی ئەوجارەیان لە قۆناخێکی هەستیاردا روویدا و بەدڵنیایەوە زیانی زۆری بەجووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاند. ئەمڕۆ کە پرسی یەکگرتنەوە لە ئارادایە و بە تێروتەسەلی باسی لەسەر دەکرێت و زۆربەی لایەنگرانی گرۆپی ١ی بەفرانبار پێیان وایە، ئەگەر حیزب بکەوێتەوە سەر یەك، ئیدی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕۆخێت و دەرفەتی گەڕانەوە و تێکۆشان لە نێوخۆی کوردستان پێک دێت.
وەک بیروڕا شتێکی جوان و جێگای ڕێزە، بەڵام لە رووی سیاسی و لێکدانەوەی هەلومەرجی نێوخۆی حیزبەکان ڕەنگە لە شوێنی خۆیدا نەبێت. لە قۆناخی پێش یەکگرتنەوەدا، دەبێت پەنجە بخرێتە سەر کەلێن و درزەکانی ڕابردوو و هەتا ئەوجارەیان بە شێوەیەکی دیارتر و ڕیشەی بنەبڕی کێشە نێوخۆیەکان بکرێت، ناکرێ ئەمرۆ بنەماڵەی گەورەی حیزب بکەوێتەوە سەریەك و سبەی یان دووسبەی بەدەلیلی بەبنەما و پوچ زەمینەی لێکدوور کەوتنەوە بڕیخسێننینەوە. بەبێ جیاوازی پێویستە هەموو لایەك هەست بە بوونی خۆی لە نێو حیزبی یەکگرتوودا بکات و بۆ هەمیشە ماڵ ئاوای لە خۆدی و غەیرە خۆدی و ناوچەگەرای بکرێ و ئەو مەسەلە روتینیانە لە ژیانی سیاسی دا گۆربکرێن. دۆستایەتی و خزمایەتی لە نێو حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا وەك سالانی رابردوو کاریان پێنەکرێ لەسەر شێوەی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی حیزبیدا، بۆ هەموو لایەك و ئەندامانی حیزبی لێهاتوی سیاسی و تەشکیلاتی بکرێتە پێوەر.
لێرەدا پێویستە ئەو مەسەلەیەش بیربخرێتەوە کە دەستەیەکی زۆر پچووک، سەردەمێک بازاڕێکی زۆر گەرمیان وەڕیخستبوو کە گوایە حیزبی دێمۆکڕات لە ڕێبازی ئەسڵی خۆی لایداوە و لە بارەی مەسەلەی نەتەوایەتیشەوە بەرەو ناشێلگیربوون هەنگاوی بەرەودواوە هاویشتووە یان لە رووی پێک هاتەی کۆمەڵایەتیەوە هەژاری سیاسی بەحیزبەوە دیارە. ئەگەر بێت لەسەر ئەو بنەمایە و ئەو فیکرە یەکبگرینەوە، بێگوومان زۆر نابات، قەیرانەکان سەرهەڵدەدەنەوە. بەرویەکیتریشدا دەبێت چ هۆکارێک هانی زمان” فەلسەفیانی” دابێت، هۆگری یەکبوونەوە لە گەڵ ئەو پێک هاتە نەخوێندەواری نێو حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران بن. قسەی جوان و حیسابی بێگوومان هەموو کەس پێی دەوێرێت و لە کاتی روماڵکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار دا بەزەقی ئەو مەبەستەی کە نیەتی دەربڕینی هەیە، پێی دەڕازێنێتەوە. دەنا ڕاستە، هۆکاری ئەوەی کە کورد بە درێژای مێژووی تیکۆشانی سیاسی بەمافی خۆی نەگەیشت بێت، مەسەلەی لێکدابڕان و قەیرانی نێوخۆی ڕێکخراوەی بووە. بەر لە هەر شتێک پێویستە لایەنگران و تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات سەبارەت بە پرسی یەکبوونەوە ، چاو و گوێیان زۆرتر کراوەبێت و ئەو جار نەبێت ئەو یەکبوونەوەیە بکەوێتە ژێرکاریگەریەکانی هەستی سۆزداریەوە. پیاو سەری لە ڕاستی ئەو هەموو پێدا هەڵدان و مەتحووسەنای یەكڕیزیدا سوڕ دەمێنێت، ئێستا هەموویان دەلیلیان زۆرن بۆ یەكگرتنەوە و پێکەوەکارکردن لە حیزبێکی یەکگرتوو و بەهێزدا، بەڵام رۆژگاریکیش، پێچەوانەکەی لە بازاردا پارەی دەکرد .
کەس دژی وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێمۆکڕات نەبووە، بەڵام بێگوومان سەردەمانێک کەسمان لایەنگری بەیەکەوە کارکردن لە نێو حیزبدا نەبووین، هەموو لایەك ئەو مافەیان هەیە بپرسن، بەڕاستی ئەو میکانیزم و میتۆدانەی لەو پەویوندیەدا لەسەری رێکدەکەون بۆ یەکبوونەوە کامانن؟ خۆناکرێ ئەو جارەشیان بۆ پەڕێنەوەی دەستەیەك، پێش بەستنی کۆنفڕانس و کۆنگرەی پاش یەکبوونەوەی حیزبی بەناو ناتۆرەی فڵان”لادەر” و فڵان ملای ” و “فڵان مستەفای” ، بەدژی یەك بکەوینەوە سەنگر و خەڵکی کوردستان تۆشی نائومێدیەکیتر بکەینەوە. ڕێبەری و تەشکیلاتی هەر دوو لای حیزب دەبێت، سەرەتا لەسەر چەند ئەسڵێكی گرینگ بگەنە ئاکام و ڕێوشوێنی لەبار بۆ ئەو مەبەستە پێک بێت.
هێڵە گشتیەکانی تایبەت بە یەکگرتن چۆن دیاری دەکڕین ، ئەگەر هەموو لایەك بۆ مێژووی ئاکامی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی ١٣ی حیزب بگڕێینەوە، بەدڵنیایەوە بە کەمینە و زۆرێنەوە دەنگی ڕەوای و مشروعیەت دراوە بۆ ئەو کۆنگرەیە. هەر چەندە بە هۆی یەکتر قبووڵ نەکردن و بەیەکەوە کارنەکردن، لێکدابڕان دروستبوو و ئێستایش ئەو گروپە دەنگی یەکبوونەوەیان بەرزکردۆتەوە. ئەو نەخۆشیەی کە پێک هاتەی ڕێکخراوەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی بەو ڕۆژگارەگەیاند، “هەڵسوڕانی ئەساسی ئەو پۆلەبوون، کە ئێستاش بەڕەزای شیرینەوە مایکی دیدار بۆ یەکگرتنەوە هەڵیگرتوون “. ڕاستە مرۆڤ وەك بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی لە هەڵە و کەموکورتی بەدەر نیە، بەڵام ئاخۆ دەبێت شەرایەتی مەوجودی نێوخۆی، هەندەر نەبێت بۆ ئەو مەبەستە؟
کەسانێک لە نێو گرۆپی وەسەریەککەوتنەوەی حیزبیدا بەرچاو دەکەون ، وەختی خۆی بەزبرترین زمان بەدژی حیزب و ڕێبەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیاننووسی و لێدوانی جۆر بەجۆریان دەدا و، بەڵام ئەمڕۆ سوکانی (فەرمانی) ماشێنەکیان بەلایتردا هەڵدەسوڕێنن. بۆخەڵکێکی زۆر جێگای پرسیارە، هێندێک لە دۆستانی لایەنگری پڕۆژەی ١ی بەفرانبار، چەند جارێک لە رووی تە شکیلاتیەوە ئەو بەرەو بەریانکردوە و ئێستا دەنگیان بۆیەکبوون بەرزوو زووڵال کردۆتەوە و کاتی خۆیشی ئەوەی ناڕەواو ناڕاستبوو لە سەر حیزب و ڕێبەری و سیاسەت و ستراتیژی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ئاوێزانی بەژن و باڵای ڕۆژنامە و پاڵپەڕەکانیانکرد.
حیزبی دێمۆکرات وەك هێزێکی مۆدێڕن و گەشەکردووی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە قۆناخی ئیستای خەباتدا پێویستە هەست بەبرپرسیارەتی و ڕەساڵەتی مێژووی خۆی بکات و ئەو هەنگاوانەی لەو پەیوەندەیدا دەیهاوژێت، ئاکامی لێکدانەوە و خوێندنەوەی سیاسی و تەشکیلاتی ورد بێ و بە چاوی ڕەخنەوە، بەڕابردووی یەکبوونەوەدا بچێتەوە. ئەو بەڕێزانەی بەراستی خۆیان بە لایەنگری یەکڕیزی نێو ماڵە گەورەکەی دێمۆکرات دەزانن، دبێت بەهەستێکی بەرزی نیشتیمانی و نەتەوەی هەموو ئەو مەسەلانە لە بیر بکرێن کە تادوێنی کەسانێک هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوەی حیزبیان بەمەبەستی لێکدابڕان سیاسی و تەشکیلاتی ئەنجامدەدا و ئەمڕۆش پێچەوانەکەی نیشاندەدەن. چوونکی یەکگرتنەوەی پێشوو هەموو ئەگەرەکانی روودانەوەی بۆ وێناکردووینەوە، ئەگەر بە ئەقڵیەتی نەگۆڕو چەقبەستوو ڕیزەکان یەکبخرێنەوە و بیر لە چەند ئاڕاستە و خەتی جیاواز و دژ بەیەکبکرێتەوە، تەمەنی یەکبوونەوە درێژخایەن نابێت!!!!
درێژەی وتاری بەشی یەکەمە و درێژەی دەبێت.