زمان لە پێناسەیەکی گشتیدا! حەسەن پاڵانی

بۆچی زمان و زمانی دایکی گرنگە بۆ تاکەکانی هەر میللەتێک بە تایبەت میللەتی کورد. هەروەک هەموومان لە سەر ئەو ڕایە هاوڕایین کە زمان ناسنامەو  بوونی پێناسەیەکی گشتگیری هەر میللەتێکە و لە پێش هەموو ڕەەهەندەکانی ترەوە.

چوون زمان دەمانناسێ ئێمە کێین؟ سەر بە چە ڕێچکەو بنەماڵەو دەستە زمانییە جیهانیەکانیین؟ زمانی ئێمە دەگەڕێتەوە سەر چ تێرمینۆڵۆگی دەستە خۆشکی زمانەکانیتر؟ دواتر بە پێی چ نۆرم و پێوانەکانی زمان، دەتوانین، زمان بپێویین و بەراوردیان بکەین. وە بزانیین  زمانی میللەتەکەمان لە ڕەدو ئاستی کام لە زمانە جیهانییەکان دا جێگاو پێگەی خۆی کردووەتەوە.
هەر چەند ئەگەر بە شێوەیەکی وەردو چڕ بڕۆینە ناخ و هاو هەڵکێشی ئەو ئیمکانات و هەلو مەرجە زەمانی و مەکانیەی کە بۆ میللەتەکەمان ، لانی کەم لە بەشێک لە چواربەشی کوردوستان پێش هاتوە، ئایا بە پێی پێویست کار بۆ لەفیلتەر و لە بێژنگدانی زمانەکەمان بە ئاراستەی ستاندارد کردن دا کراوە؟ ئایا حکومەتی خۆماڵی کاری لەسەر  لایەنە زانستی و ئەکادیمیەکانی زمان لە کۆلێج وزانکۆکان، لێجنەو پسپۆڕی تایبەت مەندی بۆ توێژینەوە، شیکاری و هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی زمان داناوە؟ چوون بە پێی هەموو پێوەرەکانی زمان و گەشەسەندنی زمانی هەر میللەتێک دەبێ، زمان بە چەند سێکتۆرو لە بێژنگدانێکی زانستی بپێورێ و خۆی لە نێوژەن کردنەوەیەکی سەردەمانەی زانستی بە پێی مەعیارە زانستیەکانی زمان، دەمزەرد بکاتەوەو لە دەوڵەمەند کردنی زمان کەڵک لە ڕەهەندی فرەزاراوەی، فلکڵۆر، کلتووری، سیاسی،  نۆرم و کۆدە کۆمەڵایەتیەکان،  ووشەو ودەستە واژەکانی دوونیای سەردەم کەلە گەڵ ناخوو هەست و لایەنە کۆمەڵایەتی ، کلتووری و سیاسی  بە پێی لە بەرچاوگرتنی تایبەت مەندی، تایبەتی هەر بەشێک میکانیزم  و چوارچێوەی تایبەت مەندی بۆ دەست نیشان بکریت و کاری چڕ و جدی بۆ بکرێت تا سەرەرای مانەوە لە رەدو پلەیەکی خواری ئاستی زمانە جیهانییەکان ، خۆی لە نێوژەن کردنەوەو پووختە کردن ببینێتەوە.
دەبینیین هەموو کۆمەڵگەکانی گۆی ئەم سەر زەویە سوود لە قسە کردن وەک کەرەستەو ئامرازێک بۆ گواستەوەی، بیرو هەستی خۆ، بۆ دەربرینی ناخوو تێ فکرین و تێڕوانینەکانیان کەڵک وەردەگرن. بەڵام دەبینیین بێجگە لە قسەکردن و پەیڤ شێوازێکی تر لە بەرجستەکردن و دەربرینی ناخ ئەویش ڕێنوس و نووسینی ئەو زمانەیە کە هەر میللەتیک خاوەن نووسینی خۆی بێت دەتوانیت لە هەر قۆناغ و جێگایەکدا پێگەی خۆی دیاری بکات و وە بەم شێوەیە ببێتە تەکمیل و کامل کەری هەر دوو بواری پەیڤ و ڕێنووس، دواتر لە ئەنجادا، بە پێی قۆناغ بەندی و قۆناغ بە  قۆناغ لە گەشەسەندن و بژارکردنی زمانەکەدا لە ناوەندو دامەزراوەیەکی توێژینەوەی شرۆڤەکاری زمانەوانیدا زمانێکی دەوڵەمەندی سەردەمانەی خۆی لە ئاستی زمانە جیهانیەکان ببینێتەوە و دەرکەوێ.
لە ڕۆژی زمانی دایک ئەرکی تاک، بنەماڵە، رێخراوە سیاسیەکان، کۆمەڵگا مەدەنیەکان، رۆشنبیران، شاعیران، هوونەرمەندان،ئێنجۆکان، ڕێخراوەسنفیەکان، لۆبییە جۆربە جۆرەکان بە گشتی هەمووچین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ئەلیتەکانی بواری زمان لە ئاست زمانی دایکی دا ئەرک دار دەکرێن  بۆ گەشەسەندن و فێر کردنی زمانی دایک بە منداڵەکانیان، کەڵک لە فۆرم و میکانیزمی جێگای نیشتەجێ بوونی خۆیان بە پێی هەل و ئیمکاناتی کە هەیانە کەڵک بۆ بووژاندنەوەو بەرز راگرتنی زمانەکەیان  وەرگرن.
ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر ناوخۆی وەڵات، بەهۆی بوونی سیستمگەلیکی تاسەر ئیسقان دیکتاتۆر و تووتالیتێر لە هەر یەک لە ئێران، توورکیەو سووریە ڕێگایان بە  کوردەکانی  ئەو بەشانەی خۆییان نەداوە بە زمانی دایکی لە قووتابخانەکان دەرس بخوێنن  تا ناسنامەو کەسایەتی خۆیانی پێ بنیاد بنێنن. هەموو توێژینەوەی تویژەرانی بواری زمان ناسی و فیمنوولۆگی ناسی  لە سەر ئەو ڕایە کۆکن کە ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی گۆشدەکرێن و بە زمانی دایکی نەشوونەما دەکەن، خۆشەویستیەکی لە رادەبەدەریان بۆ زمانەکەیان تێدا پەیدادەبێت، چوون دوژمنانی هەرێک لە ئەو وەلاتانە باش دەزانن هەست کردن بەکەسایەتی خۆ و دۆزینەوەی کەسایەتی تاکی کورد ، ریگا خۆشکەرە بۆ باقی ماف و ئازادیە نەتەوەی و نیشتمانیەکانی نەتەوەکەمان. جا لیرەدا بە هۆی بوونی فەزایەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن و پلانی پارتاو کردنی لایەنی زمانی نەتەوی کورد، دەیان هەوێت، هەویەت و ناسنامەی بوونمان لاوازو لە ناو بەرن. چوون دژمنانی تێر نەبوو بە دژمنایەتی زمان، ئەو ڕاستییە باش دەزانن کە گۆو بوغچەی خۆناسین لە زمانمانەوە دەست پێدەکات، ئەویش هەر ئەندازە بە زمان لە هەر دوو بواری پەیڤ وڕێنووس شارەزابین، هەر بەو ئەندازەیە ، هەم زەبرێکی گوورچک بڕمان لە پەیکەری پیلانی دژمنان داوە، وە هەمیش کاردانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت لە ساختارو بنیادی تاکی کورد بە ئاراستە نەتەوەیی و مانەوەیەکانماندا.
لە رۆژی زمانی دایک، پێویستە لەم رۆژەدا هە موو جالیەیی کوردی و هەموو ئەو کوردانەی تاڕاوگەنشیین، ئەم ڕۆژە بکەنە ڕۆژی پێدا چوونەوە و رۆژی وەبیرهێنانەوەی خۆیان بە نسبەت زمانەکەیان و نەوەکانیان لە فێرکردنی زمانی دایکیان. هەروەک دەبینین لە هێندێک لە وەڵاتانی ئوروپایی، بە تایبەت وەڵاتانی ئیسکندی ناوی خوێندنی زمانی دایکی وەک وانەیەکی فەرمی لە پاڵ وانە فەرمیەکانی تردا دەخێوندرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا هەل و دەرفەتێکی گرنگە بۆ ڕاهێنان،  بارهێنان و فێربوونی زمانی دایک بە شیوەیەکی زانستی. پاشان فێربوونی زمانی دایکی کاریگەریەکی، بێ ئەم لاو ئەو لای دەبێت لە دەوڵەمەندکردنی باقی وانە دەرسیەکانی تردا، بۆیە زۆر گرنگە منداڵەکانمان هان بدەین بۆ فێربوونی زمانی دایک، دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە باوک و دایک پاڵە پشتێکی بەهێز دەبێت وە پشکی شێریان وەبەردەکەوێت ، لە ڕاهێنان و ئاشناکردنی نەوەکانی خۆیان بە زمانی پاراوی دایکیان. لێرەدا تەنها لایەنی دەوڵەتی بەرپرسیارنییە لە دانانی وانە بە زمانی دایکی بە منداڵانی ئەو کەمایەتیە نەتەوەیە، بۆیە دووبارە کوردانی تاراوگە نشیین دەخرێتەوە بەردەم برپرسیاریەتێکی زۆر گەورەو مێژوی، ئەویش ئەوەیە چ بە تاک یان بە کۆ یان لە ڕێگای ڕێخراوە کلتووری و مەدەنیەکانەوە کۆرسی فێربوونی زمانیان  بۆ نەوەکانیان دەستەبەر بکەن.
لە کۆتاییدا، ماوەتەوە بڵێین زمان و فێربوونی زمانی دایکی ،مانەوەی  خاک، نەتەوە، کلتوور وتۆراسی بوونمان وەک نەتەوەیکی زیندو لە چاوگەو زیندوو بوونی زمانەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت. بابە هەموومانەوە بۆ زیندویەتی و هەرچی گەشەسەندنی زمانی دایکی ، لە ڕۆژی زمانی دایکیدا، ئەم رۆژە ببێتە ڕۆژی بە خۆدا چوونەوە بە ئاراستەی فێرکردنی پیتی شیرینی زمانی دایکیمان، زمانی کوردی بە نەوەکانمان، چ لە نێو خۆی وەڵات وە چ لە دەرەوەی وەڵات.
حەسەن پاڵانی
بەرواری ٢٠١٥/٢/٢٢