36 ساڵ كوردكوشتن لە ئێران. هاوار بازیان

سەرەتای توندوتیژی و كوشتاری كورد لە مێژووی نوێی ئێراندا بۆ یەكەم رۆژانی هاتنە سەركاری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئەو وڵاتە بەسەر ریژیمی شا لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.

ئەو پرۆسەیە تا ئێستە شێوە و روخساری زۆری هەر لە گرتن و ئازاردان و كوشتن و سێدارە بەخۆوە بینیوە كە بەشێكی زۆریان تۆمار نەكراون، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدرێ بەپێی سەرچاوە رەسمییەكان و بەكورتی باسی لانیكەم ئەو بەشە لە رووداوەكانی دژی كورد لە ئێران بكرێ كە بە ژمارە تۆمار كراون و وەك ئامار وەردەگیرێن كە بەشێكی زۆریان كۆمەڵكوژی و سێدارەن.
سەرەتای كێشەكان و دەستپێكی كوشتار
لەگەڵ هاتنە سەركار و جێگیربوونی سیستەمی “كۆماری ئیسلامی” لە بەهاری 1979، هەوڵێكی بەربڵاو بۆ گفتوگۆی نێوان كورد و دەسەڵاتی نوێی تاران درا كە هەر خێرا و لە ماوەی 6 مانگی یەكەمیدا تووشی شكست هات. سەرنەكەوتنی گفتوگۆی نێوان حكوومەتی نوێی ئێران و هێز و لایەنە كوردییەكانی كوردستان رێگەی توندوتیژی لە وڵاتە خۆش كرد كە قوربانییەكی زۆری هەر لە خەڵكی مەدەنی تا سەربازی و چەكدار لێكەوتەوە.
1. كۆمەڵكوژییەكەی گوندی “قارنێ” لە 1979.9.2 بە بناخەی راگەیاندنی شەڕ دژی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی دادەنرێ كە تێیدا 68 كەس لە خەڵكی بێگوناهی ئەو گوندەی كوردستان لە نەغەدە كۆمەڵكوژ كران.
رووداوەكە پاش ئەوە هات سوپای نوێی كۆماری ئیسلامی بەناوی تۆڵەكردنەوەی چالاكییەكی سەربازیی پێشمەرگە لە (دوئاوان، ناوچەی نەغەدە) سوپایەكی پڕچەكیان بە تانك و تۆپ هێنایە سەر گوندی قارنێ كە تێیدا مەلا حەسەنی (نوێنەری خومەینی لە دەڤەری ورمێ) رۆڵی كارای گێرا.
رۆژنامەی رەسمی و حكوومی ئیتلاعات لە 12 Dec. 1979 لەزاری یەكێك لە هێرشبەرانی سەر گوندەكە ئاوای باس دەكا: خەڵكی بێگوناهیان هەر لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج كوشت و سەربڕی. لەنێویاندا مامۆستای مزگەوتی گوند بوو كە هەوڵیدا بە قورئانەوە رێگە لە كوشتاری خەڵك بگرێ، بەڵام چەكدارانی دەوڵەت دەستبەجێ سەریان بڕی و تا ئێستەش سەری نەدۆزرایەوە. دایك و منداڵ و كۆرپەڵە بەیەكەوە دەكوژران و … هتد.
ئەو رووداوە هەرچەندە بە رواڵەت هەوڵ درا لە هەردوو لایەنی كورد و دەوڵەتەوە سەرپۆش بكرێ و پۆزشی بۆ بێتەوە، بەڵام ماوەیەكی زۆر وەك هاندەرێكی بەهێز بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی نێوان كورد و سوپای كۆماری ئیسلامی بەتایبەت خەڵكی توركی ناوچەكە مایەوە. تەنانەت ئێستاكەش هەست بە شوێنەواری ئەو رووداوە لەسەر خەڵكی شاری نەغەدە دەكرێ كە لە كورد و تورك پێكهاتوون و ناكۆكن. (بێجگە لەو رووداوە، شەڕی ناسراوی نەغەدەش بەهۆیەكی تری ئەو گرژییە دادەنرێ).
2. ئەو رووداوە دۆخی نێوان كورد و حكوومەتی نوێی لە ئێران تەواو خستە ژێر كاریگەریی خۆی كە بەرەو گرژیی زیاتریش رۆیشت. هەر لەو سەروبەندە و لەوساڵدا بوو مەلا حەسەنی كە دەسەڵاتی راستەوخۆی خومەینی (رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی) لە پشت بوو چەندین هێرشی دیكەی بۆ پاكسازیكردنی نەیارانی لە گوندەكانی تری كوردستان ئەنجامدا. لەوانە: گوندی نەڵۆس لە ناوچەی شنۆ، سەروكانی و كولیج لە ناوچەی پیرانشار، سۆفیان، شادلە، قەرەقشڵاق، ئیندرقاش و داشخانە و … هتد.
3. كۆمەڵكوژییەكەی 1979.11.4 لە گوندەكانی مهاباد و شاروێران و وسوكەند كە پاش ئەوەی ژمارەیەك چەكداری مەلا حەسەنی لە ناوچەكە دەكەونە بەر هێرشی پێشمەرگە و بەناچار پاشەكشە دەكەن بۆ ناو گوندەكان، دەست بە كوشتاری بەكۆمەڵی خەڵكی ناوچەكە دەكەن و لە ماوەی 2 كاتژمێردا زیاتر لە 35 كەسیان كۆمەڵكوژ كرد.
4. كۆمەڵكوژییەكەی گوندی سۆفیان/شنۆ لە 1979.11.8 كە تێیدا چەكدارانی حەسەنی بەمەبەستی پاككردنەوەی نەیاران هێرشیان كردە سەر ئەو گوندە و جگە لە مامۆستای مزگەوتی گوند و مامۆستای قوتابخانە، بەگشتی 13 كەسیان كوشت و 20 برینداریان بەجێهێشت.
5. كۆمەڵكوژیی گوندی قەڵاتان/نەغەدە لە 1980.3.26 كە تێیدا 13 كەس كوژران.
6. كۆمەڵكوژیی گوندی سۆفیان/نەغەدە لە 1980.11.18 كە تێیدا 12 كەس كوژران و تەمەنی 7 كەسیان سەرووی 50 ساڵ بوو.
7. كۆمەڵكوژیی گوندی بایزاوێ/نەغەدە لە 1981.11.8 كە 12 كەس كوژران.
8. كۆمەڵكوژیی كرێكارانی كورەخانەی ساروقامیش/بۆكان لە 1981.9.13 كە 18 كەس كوژران.
9. كۆمەڵكوژیی گوندی قەرەگۆل/مهاباد لە 1982.1.26 كە 18 كەس كوژران كە تەمەنی زۆربەیان لە سەرووی 50 ساڵی بوو و تەنانەت 70 ساڵی و 95 ساڵی تێدا دەبینرا.
10. كۆمەڵكوژی لە گوندەكانی دیلانچەرخ، حەلب، كۆیكان، كارێزەی شكاكان لە ناوچەی نەغەدە.
12. كۆمەڵكوژیی گوندەكانی دێمەسور، جەعفەراوێ و مەرجان ئاوێ لە مهاباد.
13. كۆمەڵكوژیی گوندەكانی هەلقۆش و گیجە لە ناوچەی سۆمای ورمێ و گوندەكانی چەقەڵ مستەفا، خەلیفەلیان و گۆرخانە لە نەغەدە.
14. كۆمەڵكوژیی گوندەكانی جەبریلاوێ، گوندەوێڵە و دواو لە ناوچەی شنۆ.
15. له سێدارەدانی 59 لاوەكەی مهاباد/ 1984.6.2
لە راستیدا دەتوانین بڵێین لە نێوان ساڵانی 1979-1983 زیاتر لە 14 هێرشی دەوڵەت بۆ سەر كوردستانی ئێران ئەنجام درا كە سەدان كەس بوونە قوربانی.
لەسێدارەدان بەتاك و كۆمەڵ
لەنێوان ئەو رووداوانەی باسكران، بەشێكی زۆریش كورد لەلایەن حكوومەتەوە بە دیل دەگیران یان بەبیانووی تر رەشبگیر دەكران. بەپێی (بەشی تۆماری رێكخراوی چاك) لە نێوان ساڵانی 1979-1991 لانیكەم 832 كەس لە كوردستانی ئێران لەسێدارە دراون و تیرباران كراون. بەشێكی هەرە زۆری ئەوانە سەر بە هێز و لایەنە كوردە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی بوونە، بەڵام 79 كەس لەوانە خەڵكی ئاسایی و سڤیل بوونە. لەلایەكی ترەوە بەپێی راپۆرتی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1991، لە نێوان ساڵانی 1979-1991 زیاتر لە 50 هەزار كورد لە ئێران كوژراوە و لە نێوان تەنیا ساڵانی 1987-1991 بەلایەنی كەمەوە 105 كورد لەو وڵاتە لەسێدارە دراون.
1. دیاردەی سێدارەدانی بەكۆمەڵ لە ئێران، یەكەمجار لە شاری مهاباد لە 1984.6.2 لەسەر 59 لاو جێبەجێ كرا كە دواتر سێدارەكانی بەكۆمەڵی لە ساڵانی 1981, 1983, 1984 و 1986 دژی كورد لە ئێران بەدوادا هات كە بە تۆماری سێدارەدانی 163 كەس لە ساڵی 1981 و 160 كەس لە 1983 بە رەشترین ساڵانی كورد لە ئێران دادەنرێ، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری سێدارەدانی كورد لە ناوچە دوورەكانی كوردستانی ئێران هەر تۆمار نەكراون.
2. لە سێدارەدانی بەكۆمەڵ و ئاشكرا، دیسان لە ساڵانی 1988-1989 لە سەرجەم زیندانەكانی ئێران جێبەجێ كرا كە 59 كەسی لە هەردوو حزبی دیموكرات  و كۆمەڵە تێدا بوو و بەر كوردستان كەوت.
هەروەها بەگشتی ئەوەی ئاشكرا و دیارە، لە ساڵی 1990 سێدارەدانی 8 كورد، لە 1991 سێدارەدانی 25 كورد، لە -1995-1994 بەسێدارە و تیرۆری دەیان كەسی تر ئەو پرۆسەیە بەردەوام بووە.
3. ئەوەی دواتر بەئاشكرا دیارە و كەوتووەتە بەرچاوی رێكخراوەكان: سێدارەدانی 6 ئەندامی حزبی دیموكرات لە شاری سەقز لە ساڵی 2004 بوو. هەمان ساڵ 4 كەسی تر بەتۆمەتی سیاسی لەدار دران. لە ساڵی 2005-2007 بەئاشكرا 4 كەسی تر بەتۆمەتی ئەندامێتی لە هێزە نەیارە كوردەكانی ئێران لەسێدارە دران. هەروەها  لەسێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان لە 2009.11.11
4. كۆمەڵكوژییەكەی یەكشەمی سووری 2010.5.9 كە تێیدا فەرزادی كەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەكیلی، شیرین عەلەم هولی و مەهدی ئیسلامیان لە سێدارە دران.
5. دواتریش لە سێدارەدانی حوسێن خزری لە 2011.1.15، حەبیبوڵا گوڵپەری پور لە 2013.10.26، شێركۆ مەعارفی لە 2013.11.4 و سابیر موخەلید ماوانە لە 2015.1.6.
6. لە نوێترین پێشهاتیشدا، بڕیاری لە سێدارەدانی 6 زیندانی تری كورد بەناوەكانی سامان نسیم، حەبیبوڵا ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی، ئیبراهیم شاپوری و یونس ئاقایان كە پێنجشەمی رابردوو  (2015.2.19) بەمەبەستی جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەیان بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە، هەرچەندە ئاماژەكان باس لە جێبەجێبوونی حوكمەكە بەسەر لانیكەم 3 كەس لەوانەدا دەكەن، بەڵام تا ئێستە هیچ هەواڵێكی رەسمییان لەسەر بڵاو نەبووەتەوە كە زیاتر پەیوەندیی بەو فشارە ناوەخۆیی و ناودەوڵەتییانەوە هەیە لەسەر كۆماری ئیسلامی درووست بووە تا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكا، بەتایبەت كە سامان نەسیم لەكاتی دەستگیریدا تەمەنی ژێر 18 ساڵ بووە.
ئەنجام
ئەوەی باس كرا گۆشەیەكی بچووك بوو لەو سیاسەتە توند و گرژەی نێزیكەی 36 ساڵە لە ئێران بەرامبەر كورد جێبەجێ دەكرێ و درێژەی هەیە و هەر ئێستە سەدان زیندانی سیاسیی كورد لەو وڵاتە هەن كە بەشێكیان حوكمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. سیاسەتێك كە لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە پشتی بە دانانی كورد وەك دوژمنێكی چەند لایەنە بەستووە. كورد وەك نەتەوەیەك كە داوای مافەكانی لە دەسەڵاتی فارسی دەكا و كورد وەك سووننە كە ناچیتە ژێر هیچ بارێكی شیعە. بەهێزبوونی كۆماری ئیسلامی لە كێشەی كوردی ئێراندا هاوكاتە لەگەڵ بێ هێزی و پەرتەوازەیی كوردی ئەو بەشەی كوردستان كە تا ئێستە سەركەوتوو نەبوونە ئەو هەمووە قوربانی و مەینەتانەی سەر گەلەكەیان بكەنە هەوێنی رزگاربوون و ئازادی.
سەرچاوەكان:
http://www.roozonline.com/persian/news/newsitem/archive/2015/february/22/article/-65eb7262e2.html
http://www.roozonline.com/persian/news/newsitem/article/30-9.html
آرشیو روزنامه اطلاعات  / آرشیو روزنامه کیهان  / آرشیو روزنامه انقلاب اسلامی / آرشیو مرکز فرهنگی چاک (کوردوساید)  / مجله ی جنگ در کردستان / وبلاگ کتاب شناسی بهزاد خوشحالی و کتاب های 20 گانه اش / خبرنامه  گویا  / سایت سازمان دفاع از حقوق بشر کردستان  / سایت مجموعه فعالان حقوق بشر  / سایت حزب دمکرات کردستان ایران / سایت حزب کومله / سند UN, CD /872-12/9/88,  کنگره خلع سلاح  /  سند e/cn.4/sub.201988,UN / سندUN، e/cn.4-31/4/1992 شورای اجتماعی اقتصادی سازمان ملل  / سند UN شورای امنیت s/23685/add9/31992 /  سند  un، e/cn/.4/1993/45 شورای اقتصادی اجتماعی / گزارش عفو بین اللمل MDE 14/1/1988/ /  گزارش عفو بین اللمل MDE 14/3/1989// گزارش عفو بین اللمل MDE 13/10/1992/ /  ایران :نقض حقوق بشر 1987 تا 1990سازمان عفو بیل املل MDE 31/12/1992 /  مجموعه اسناد کمیسوین حقوق بشر کردستان. ماستریخت 27/11992