ئایین و حزب – چه‌پی کورد و تراژێدی!؟ برایم فەڕشی
واتیکان تەنیا شوێنێکی ئایینی نییە، ناوه‌ندێکی گرنگ له سیستمی سیاسی و ماڵی جیهانه. ئەم وڵاتە بە ٤٤ هەکتار ڕووبەر و ٩٠٠ کەس دانیشتوو و ٢ میلیارد و ٢٤٠ ملیۆن ئەندام، خاوه‌نی ٧ بلیۆن دۆڵاره.
سامانی ماڵی کلیسا له شارێکی وه‌ک کۆڵن له ساڵی ٢٠١٤ گه‌یشتۆته ٢ میلیارد و ٣٠٠ ملیۆن ئویڕۆ، کلیسا له ئاڵمان خاوه‌نی ٢٧٠ میلیارد ئویڕۆ سه‌رمایه‌ی ماڵی و ٨٢٥٠ کیلۆمەتری چوار گۆشه زه‌ویه. کلیسا له حاند هیچ ناوەندێکی جیهان و هیچ دەوڵەتێک بەرپرسیار نییە و لێپرسینەوەی لێ ناکرێ!
مزگەوت ١ میلیارد و ٦١٠ ملیۆن موسڵمان لە خۆی دەگرێ، کە سەروەت و سامان و داهاتیان لە هیچ وڵاتێک ڕوون نییە. بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٣ ڕێژەی پەیڕەوانی ئایینی هیندوو یەک میلیارد و ٥٠ ملیۆن، بودیسم ٤٩٠ ملیۆن، سروشت ئایین٤٢٠ ملیۆن و موسایی ١٤ ملیۆنە. ژمارەی بێ دێن و بێ خوداکان یەک میلیارد و ١٢٠ ملیۆن کەسە و ئەم گرووپە نە شوێنی وەک کلیسە و کەنیسە و مزگەوتیان هەیە و نە بە ناوی بێ‌خودایی پارە کۆدەکەنەوە!
ژمارەی موسڵمان و مەسیحی لە سەر یەک دەگاتە ٣ میلیارد و ٩١٠ ملیۆن کەس، پەیڕەوانی ئایینەکانی تر ژمارەیان یەک میلیارد و ٩٧٤ کەسە. بەمجۆرە ٥ میلیارد و ٨٨٤ ملیۆن کەس، واتە ٨٠ لە سەدی خەڵکی جیهان بە پێی غەریزە، عادەت و فەرهەنگی کۆنی ئایینی هەڵسوکەوت دەکەن. ئەم تایبەتمەندییە باشترین زەمینەیە بۆ داسەپاندنی دیکتاتۆری و دەستەڵاتی دەزگاکانی سیاسی، حزبی، تیجاری، تەبلیغاتی و مێدیا!
کلیسای تێکچڕژاو لە گەڵ سیستمی سیاسی، خۆی لە گەڵ نۆرمەکانی سەردەم، ڕادەهێنێ و ته‌نانه‌ت ده‌ست له بنەما سەرەکییەکانی مەسییحیەت وه‌رده‌دا . به‌ڵام کلیسا لە گەڵ جیابوونەوەی خەڵک ڕووبوڕوە. ڕێژەی ئەندامانی کلیسا لە دەیەی پەنجای زایینی ٩٧ لە سەد بوو، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ٨٠ لە سەد، دابەزیوە. واتە لە ماوەی ٦٠ ساڵدا کلیسا ١٧ لەسەدی ئەندامانی خۆی لە دەست داوە، به‌ڵام دەستەڵاتی ماڵی و سیاسی و ئابووری و ئایینی کلیسا، لە جێی خۆی ماوەتەوە.
موسڵمانەکان بە پێچەوانەی مه‌سیحییه‌ت، دژی نۆرم و فۆرمەکانی سەردەم دەوەستن و بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتی سیاسی، نیزامی و ئابووری و گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەدری ئیسلام، پەنا بۆ تووند و تیژی دەبەن. کلیسا به پێی سه‌رده‌م خۆی ده‌گۆڕێنێ و مزگه‌وت به پێچه‌وانه، حەولی گۆڕینی سەردەم دەدات!
حزب به‌وه‌رگرتنی دەستەڵاتی سیاسی، چارەنووسی خەڵک دیاری ده‌کا، که به بێ پاڵپشتی دەزگاکانی ئایینی که گه‌وره‌ترین ڕێکخراوی هه‌ر وڵاتێکه، سه‌ر ناگرێ. سەرجەم ئەندامانی هەموو حزبەکانی ئاڵمان دەگاتە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس، بە پێی بەراوەرد سەرجەم ئەندامانی کلیسا له‌و وڵاته دەگاتە ٦٠ ملیۆن. لە وڵاتێکی وەک سویس کۆی هەموو ئەندامانی حزبەکان ٣٧٠ هەزار کەسە، کۆی ئەندامانی کلیسا له سویس دەگاتە ٥ ملیۆن. ئاڵمان ٨٠ ملیۆن و سویس ٨ ملیۆن نفووسی هەیە. ڕێژەی ئەندامانی حزبەکانی وڵاتانی ئوروپا، لە نێوان ١،٥ هەتا ٥ لە سەدە. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی ئوروپای هاوبەش ٥٠٠ ملیۆن کەسە و بە پێی بەراوەرد ڕێژەی ئەندامانی هەموو حزبەکان لە سەر یەک لە باشترین حاڵەتدا ٢٥ ملیۆن کەسە، بەڵام ڕێژەی ئەندامانی کلیسا بە پێی بەراوەرد ٣٦٠ ملیۆن کەسە. گەر شێوەی رێکخراوەیی و سامان و دەستەڵاتی ماڵی کلیسا، تێکەڵبوونی کلیسا و حزب لە بەر چاو بگرین، نفوزی سیاسی کلیسا لە سیاسەتدا ڕوونتر دەردەکەوێ، به تایبه‌ت گه‌ر بزاندرێ که زۆرینه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی پارله‌مانی ئوروپا له چنگی حزبه‌کانی ئایینی- سیاسی دایه!
دارایی حزبەکان بە پێی ڕێژەی ئەندامان لە ئوروپا ڕوونە، بۆ وێنە داهاتی هەموو حزبەکانی ئاڵمان لە ساڵدا بە شێوەی ڕەسمی دەگاتە 433,5 میلیۆن ئۆیڕۆ، بەڵام سەرمایەی ماڵی کلیسا هەر لەو وڵاتە دەگاتە ٢٧٠ میلیارد ئۆیڕۆ، واتە سەرمایەی کلیسا لە ئاڵمان ٦٢٣ جار زۆرترە لە سەرمایەی حزبەکان. ئەوەش شاراوە نییە کە زۆرێک لە بەرپرسانی کلیسا، ئەندامی حزبەکانن و حزب و کلیسا لە زۆر لایەنەوە تێکچڕژاون. بەشێکی زۆر لە پارەی دەوڵەت بە ناوی باجی کلیسا و یارمەتی، دڕژێتە ناو حسابەکانی بانکی کلیسا. هەروەها بەشێکی تری پارەی دەوڵەت بە شێوەی ڕەسمی دڕژێتە ناو حسابی بانکی حزبەکان، بەتایبەت ئەو حزبانەی لە پاڕلەمان بەشدارن. واتە دەوڵەت لە ئوروپا بە شێوەی ڕەسمی و قانوونی ئەو باجەی کە لە خەڵکی وەردەگرێ، بەشێکی دەڕژێنێتە گیرفانی کلیسا و حزبەکان. حزب و کلیسا و کەنیسە و مزگەوت، گەر لە ڕواڵەتدا وەک یەک نەچن لە دەستەڵات و بەکارهێنانی مێتۆد وەک یەک دەچن و لە ڕاستیدا حزب لە پێشینەی فەرهەنگی و مێژوویی و مێتۆدەکانی ئایین کەڵک وەردەگرێ.
ئایین کۆنترین دەزگای تێگەیشتنی مرۆڤە لە جیهان، کە ڕەنگدانەوەی لە هەموو بەشەکانی ژیاندا هەیە. حزب دەزگایەکی نوێیە و مێژووی کۆنترین حزبی سیاسی- ئایینی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ١٦ و ١٧ لە ڕۆم، بەڵام کۆنترین حزبی سیاسی- ئایینی کە ئێستاش ماوەتەوە و ٦٠٠ ئەندامی هەیە، حزبێکە بە ناویDeutsche Zentrumspartei ” حزبی ناوەندی ئاڵمان” کە وەک حزبێکی کاتۆلیک، ساڵی ١٨٧٠ دامەزرێندراوە.
کۆنترین حزبی چەپ کە پێشینەی دەگەڕێتەوە بۆ جوڵانەوەی کرێکاری ساڵی ١٨٤٨ ، حزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمانە کە ساڵی ١٨٦٣ بۆ پارێزگاری لە مافی کرێکاران و دابینکردنی عەداڵەت و مافی مرۆڤ دامەزراوە و ئێستاش وەک هاوپەیمانی حزبی دێموکرات مەسیحی، بەشدارە لە دەوڵەتی ئاڵمان. ئەمڕۆ ئەو حزبە وەک زۆر حزبی چەپ، لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسی و فکریی خۆی دوور کەوتۆتەوە.
سه‌ر وتارنووسی مانگنامه‌ی “سه‌رده‌می نوێ”[ Die Neue Epoche] ئاوا باس له حزبەکانی کمۆنیست دەکات : “له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوڤیه‌ت له ده‌ستپێکی ده‌یه‌ی ٩٠ نیشانی دا که جوڵانه‌وه‌ی ناونه‌ته‌وه‌یی کۆمۆنیستی، پاش سه‌د ساڵ به‌زی، به‌ڵام هێشتا حزبی کۆمۆنیستی چین له ژیاندا ماوە و ده‌سته‌ڵاتی به سه‌ر یه‌ک له پێنجی دانیشتووانی جیهاندا هه‌یه، پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایا له چین کۆمۆنیسمی راسته‌قینه له گۆرێ دایه؟”
له چینی ئه‌مرۆدا ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی حزبی کۆمۆنیستی ٩٤ ساڵه باوه‌ریان به کۆمۆنیست نه‌ماوه. حزبی کمۆنیستی چین، سه‌رمایه‌ی خسوسی ئازاد کردووە و دەوڵەت بازاری بورسی ئازاد به‌رێوه ده‌با و سه‌رمایه‌دارانی جیهانی بەشداری لە پرۆژەکانی سەنعەتی و ئابوری چین دەکەن، به‌ڵام بوروکراسی و کۆنترۆلی دانیشتووانی وڵات، لە جێی خۆی ماوەتەوە. قانونی بنه‌ره‌تی چین ساڵی ٢٠٠٤ گۆڕدرا، به‌ڵام دان به چه‌ند نه‌ته‌وه‌بوونی وڵات و پلۆڕالیسم، نەهێندراوە و دیکتاتۆری حزب و ئیدئۆلۆژی مارکسیست-لینینست، مائۆ، ده‌نگ شیائۆپینگ وه‌لا نندراوە. حزب بۆ درێژەدان بە کۆنترۆڵی وڵات وخەڵک لە جێی خۆی ماوەتەو. حزبی کمۆنیستی چین و ڕابەرانی، کەسایەتییەکی ئایینیان لە حزب و لە خۆیان ساز کردووە، کە بە پێی ئەم جەدوەلە عەمەل دەکات:
فۆرمی حزبی فۆرمی سه‌ره‌تایی ئایین 1
کۆمیته‌ی حزب له هه‌موو ره‌ده‌کاندا، پلاتفۆرمی هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کانی حزب و مێدیا دیاریی دەکات کە له لایه‌ن حزبه‌وه کۆنترۆڵ ده‌کرێ بوونی کلیسا، پلاتفۆرمی کلیسایی 2
مارکسیسم له‌نینیسم، ئیدئۆلۆگی مائۆ تسه‌تونگ، ده‌نگ شیائۆپینگ و یانگ تسیمین، سترۆکتۆری حزب ده‌رس و ئامۆژگاریی 3
بەشداری لە ڕێوڕەسمی بوون بە ئەندام و سوێندخواردن بۆ وه‌فادارمانەوە به حزب سوێندخواردن کاتی باوەڕهێنان بە ئایین 4
بەجێ هێنانی ئەرکەکانی حزبی لە پێناو باوەڕ بە حزب بەجێ هێنانی ئەرکەکانی ئایینی لە پێناوی باوەڕ بە ئایین 5
ئه‌ندامانی رابه‌رایه‌تی، به‌رپرسانی حزب، سه‌رۆکی حزب قه‌شه، ره‌به‌ن، ئوسقۆف، پاپ 6
حزبی بوون کە خۆی لە خوایی بوونی حزبدا دەنوێنێ خوایی بوون 7
مەرگ لە ڕیگای گەیشتن بە ئامانجی مارکس مه‌رگ، گه‌یشتن به به‌هه‌شت یان دۆزه‌خ 8
پیرۆزبوونی تێئۆری و کتێبەکانی ئیدئۆلۆژیکی حزب و ڕابەران پیرۆزبوونی کتێبی ئایینی 9
کۆبوونه‌وه‌کانی حزبی، وتاردانی رابه‌ران و کادره‌کانی حزب ئامۆژگارییه‌کان 10
فێربوونی ڕیبازه‌کانی سیاسی حزب و چالاکی حزبی کتێبی ئایینی و فێربوونی نووسراوه‌کانی ئایینی 11
سرودگه‌لی حزبی سرودگه‌لی ئایینی 12
حه‌قی ئه‌ندامه‌تی، یارمه‌تی ماڵی حه‌قی ئه‌ندامه‌تی، باجی ئایینی یارمه‌تی ماڵی 13
دیسپلینی حزبی، ته‌نبێی حزبی، به‌ربه‌ندکردن له ماڵه‌وه، ده‌رکردن له حزب ته‌مبێ کردن 14
ئەوەی حزبی کمۆنیستی چین خۆی لە دەزگایەکی ئایینی ئاسادا ببینێتەوە، هەر ئەو ئاکامەی لێدەکەوێتەوە کە کینگ فینگ باسی دەکات. کینگ فینگ نووسه‌ری چینی له ژێر ناوی “که‌سایه‌تی سێکت ئاسای حزبی کۆمۆنیستی چین”، گه‌ڵێک له لایه‌نه‌کانی حزبی کۆمۆنیستی چین باس ده‌کات، ئەو به‌و ئاکامه ده‌گات که حزبه‌کانی کۆمۆنیست بە درێژایی سه‌د ساڵ، ژیانی به‌شێک له خه‌ڵکی جیهانیان تووشی نه‌هامه‌تی سیاسی، ئابوری، فه‌رهه‌نگی کردووە. ئه‌و باس له گۆڕینی فه‌رهه‌نگی ناو کۆمه‌ڵگا، پوچه‌ڵ کردنی فه‌رهه‌نگی چینی دەکات و فه‌رهه‌نگی ناو حزب وه‌ک فه‌رهه‌نگی ئایینێکی دواکه‌وتوو هەڵدەسەنگێنێ، کە دیکتاتۆری و تاک په‌ره‌ستی، کاکڵی سەرەکی فه‌رهه‌نگه‌که پێک دەهێنێت.
دوکتور تیل کۆسلێر له وتارێکدا ئاوا باس له حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان و نفوزی له ناو یه‌کیه‌تی کرێکاران و شورای به‌رێوه‌بردنی کارخانه‌کاندا ده‌کات: “له ساڵانی پاش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م قورسایی حزبی کۆمۆنیست له ناو یه‌کیه‌تیه‌کانی کارگه‌ران و سه‌ندیکا و شورای کارخانه‌کان، زۆر بوو. به‌شێکی زۆر له ئه‌ندامانی شوراکان، به‌رپرس و رییسی کارگه‌ران و یه‌کیه‌تی و سه‌ندیکاکان ئه‌ندامانی ئەو حزبە بوون. له ئیاله‌تی نوردراین ویشتڤالن له نێوان ساڵی ١٩٤٦ هه‌تا ١٩٤٨ ، ٣٠ له سه‌دی ئه‌ندامانی شورای سه‌نعه‌تی ئاسن، ئه‌ندامانی ره‌سمی حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان بوون. له ساڵی ١٩٤٨ یه‌ک له سێی سه‌ندیکاکانی ناوچه‌یی ئه‌ندامانی حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان بوون. ”
دەوری حزبه‌کانی کمۆنیست له بواری فه‌رهه‌نگی و بایخ دان به ئه‌رزشه‌کانی ئینسانی و هۆمانیسم گەلێک له دەوری حزبه‌کانی چه‌پی شێوه سوسیال دێموکرات و سوسیالیست و دێموکرات، زۆرتر بوو. ناودارانی بیر و فکر و هونه‌ر و وێژه و ئه‌ده‌بی رۆژئاوا، ئه‌ندامانی ره‌سمی حزبەکانی کمۆنیست و حزبه‌کانی سوسیال دێموکرات بوون، که‌سانێکی وه‌ک برێشت، برتراند راسل و سه‌دان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ناوداری جیهان، کە باوه‌ڕیان به عه‌داڵه‌ت خوازی و هۆمانیسم و فه‌رهه‌نگی چه‌پی حزبی هه‌بوو، دەوری کاریگەریان لە دروستکردنی فەرهەنگی هۆمانیستی و عەداڵەتخوازانە لە هەموو جیهان هەبوو. پاشگەزبوونەوەی ئەو حزبانە لە بنەما سەرەکییەکان، هەموو بیرمەندان و فەرهەنگسازانی چەپی لەو حزبانە تاراند، ئەمڕۆ حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان بۆتە حزبێکی بچکۆلانەی تەریک کەوتوو، حزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان کە سەردەمێک بە تەنیا حزبی دەستەڵاتداری ئاڵمان بوو، ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنەکاندا ٢٥ لە سەدی دەنگ دەهێنێتەوە!
“حزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان له حزبێکی شۆرشگێڕی کرێکارییه‌وه، که ئه‌ندامه‌کانی له لایه‌ن حکومه‌تی بیسمارکه‌وه به بیانووی بێ نیشتمانی راوده‌نندران، بۆته حزبێکی تێکەڵ و ئه‌وه‌ش له پرۆگرامی ئابوری “گۆدسبێرگ” په‌سه‌ند کراوه. حزب سه‌رئه‌نجام به‌ره‌و ناوه‌ند خزاوە، بۆ ئه‌وەی داواکارییه‌کانی جیهانیبوون له به‌رچاو بگرێ. ئه‌مرۆ که‌متر هه‌ستی نزیک بوونەوە له ئه‌ندامانی ساده‌ی حزب کە سەردەمێک، زۆرتر به جیدی ده‌گیران، هەیە. پراگماتیسم ڕێگای بۆ هەرچەشنە سەرەڕۆیی و لارێییەک و دەرچوون لە بەرنامە و ئەساسنامەی حزب، خۆش کردووە. ئه‌و کەسانەی که پایه‌ی حزب پێک ده‌هێنن سه‌ره‌رای سه‌رکه‌وتن له هه‌ڵبژاردنەکان، کە بەرهەمی کاری ئەوانە،پشت گوێ دەخرێن. بایخه‌کانی سوسیال دێموکراسی که دامه‌زرێنه‌رانی حزب وەک بێبل و لاسال باوه‌ڕیان پێی هه‌بوو، لەو حزبەدا دەمێکە لەبەر چاو ناگیرێن.”
حزبی سه‌وزەکان که خۆیان به چه‌پ،لایه‌نگری ژینگه، عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و دژ بە شەڕ دەزانی و بەرهەمی جوڵانەوەکانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینی بوون، بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی پڕاگماتیستی هەنگاو بە هەنگاو لە بنەما سەرەکییەکانیان دوور کەوتنەوە. حزبی سه‌وزه‌کانی ئاڵمان، خۆیان باس له‌وه ده‌که‌ن که پراگماتیسم و کاری هاوبه‌شی ده‌وڵه‌تی له گه‌ڵ سوسیال دێموکراته‌کان، هه‌م زیانی به حزبەکەیان گه‌یاندووه، هه‌م بنه‌ما فکرییه‌کانیان خراوەتە ژیر پرسیار. سه‌وزه‌کان هەم دوچاری قه‌یران هاتن و هەم هۆوییەتی سیاسیان دووچاری ئالۆزی بوو، ئەوان بۆ مانەوە له ده‌سته‌ڵات، بوونە ملکەچی سیاسه‌تی پراگماتیستی سوسیال دێموکراتەکان، سه‌وزه‌کان له سه‌رده‌می به جه‌هانی بووندا، نەیانتوانی ڕێبازی سیاسی، ئابوریی و کەسایەتی فکریی و فه‌رهه‌نگی خۆیان بیپارێزن و ڕێگایەکی جیاواز لە سیستمی زاڵی کاپیتالیسم بگرنە بەر. تئۆریسێنە سەرەکییەکانی حزبی سەوزەکانی ئاڵمان، پاش داکەوتن لە دەستەڵات، بوونە ڕاوێژکار و سمیناردەری ئەنستیتۆ و دانشگاکان و کلوبەکانی ماڵی و سیاسی ئامریکا و وڵاتانی تر!
فریدریش میلکه، له وتارێکدا له ژێر ناوی ئه‌مریکاییه‌کان شانازی به مێژووی خۆیان ده‌که‌ن ده‌نووسێ:
” شه‌ره‌فی بوش نیشانه‌یه بۆ بوونی بایخه‌کانی محافزه‌کاران، که بریتین له تاک گه‌رایی، ئازادی ئه‌خلاقی، ئاوابوونی زۆری ده‌وڵه‌تی، نیشتمانپه‌روه‌ری،ئایین گه‌رایی و لایه‌نگری له نیزامی گه‌ریی. محافزەکار ئه‌و که‌سه‌شه که مێژووی ئامریکا پۆزیتیف ده‌بینێ. دوور له‌وه‌ی که کێ محافزه‌کاره و کێ لیبراڵه، زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئامریکا مێژووی وڵاته‌که‌یان خۆش ده‌وێ.”
ئه‌وه‌ی حزبه‌کانی چه‌پ چه‌نده ملکه‌چ و به‌شدار و هاوپه‌یمانی سیاسه‌ت و ستراتێژی محافزه‌کاران له ئاستی جیهانی و ناوچه‌یی بوون، که گرێدراوی ئایین و ئایینگه‌رایی و کلیسا هه‌ن، سیاسه‌تی پراگماتیستییان ده‌ریده‌خات.
فریدریش میلکه پاش ئاوردانه‌وه له مێژووی ئامریکا و خه‌ڵکه‌که‌ی بەم چەشنە باس له ناسیۆنالیست و مه‌زهه‌بی بوونی ئه‌مریکایه‌کان دەکات:” زیاره‌تی شاری واشینگتۆن بۆ ئامریکاییه‌کان وه‌ک زیاره‌تی مه‌که وایه بۆ موسڵمانه‌کان. خه‌ڵکانی ئامریکا له مه‌زهه‌بی ترین خه‌ڵکانی جیهانن، ژماره‌ی ئایین و ئایین زاکان و کلیسا و مزگه‌وت و که‌نیسه و شوێنه‌کانی ئایینی زیاترن له ژماره‌ی خویندنگه و نه‌خۆشخانه‌کان. فه‌رهه‌نگی زۆربه‌ی خه‌ڵک بنه‌مای ئایینی هه‌یه و بیر و هزری ئینسانی ئه‌وان له ئایین هه‌لهینجێنراوه”
جۆرج دابلیۆ بوش، به پێی ناسینی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی، پاش روداوه‌که‌ی ١١ سپتامبری ٢٠٠١، جەختی لە سەر دوو ڕەگە لە کەسایەتی خەڵکی ئامریکا کردەوە “خاچ پەرەستی ، ناسیۆنالیسمی ئامریکایی” . راستی جیهانی ئێمه ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ لە ڕابووردووی خۆی جیا نەبۆتەوە و ٨٠ لە سەدی خەڵکی جیهان بە پێی باوەڕی ئایینی، ئیتنیکی و غەریزی دەژین و هەر بەم پێیەش، بەشداری لە کێشەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی دا دەکەن!
لە سەردەمی ئێمە، وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر لە هەر سەردەمێکی تر، لە دوو دیاردەی “ئایین و ناسیۆنالیسم” بە سوودی سەرمایەی جیهانی، کەڵک وەردەگرن. حزبەکانی چەپ بە چۆڵکردنی مەیدان و خۆگونجاندن لە گەڵ ڕەوتی زاڵ، چارەنووسی ئینسان و هزری ئینسانی زەمینیان، گەڕاندەوە ده‌ست ده‌سته‌ڵاتدارانی ئایینی و خاوه‌نه‌کانی سه‌رمایه! چۆڵکردنی گۆڕه‌پانی سیاسی له لایه‌ن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی جیهانه‌وه، لایه‌نێکی دیکه‌ی چۆڵکردنی مه‌یدانە له لایه‌ن هێزه‌کانی چه‌په‌وه!
پاش شورشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ ی روسیه، حزبەکانی کمۆنیست و چەپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی عەڕەبی، ئێران و تورکیا، سەریان هەڵداو و کوردەکانیش تێکەڵ ئەم ڕەوتە بوون و بەرهەمی فکریی، هونەریی، ئەدەبی و سیاسی هونەرمەند و نووسەر و بیرمەند و سیاسی کورد، تێکەڵ بیری کمۆنیستی، ماتریالیستی و مارکسیستی، لەنینیستی کرا، تەنانەت دەوری کوردەکان لە پێکهێنان و ڕابەری ئەو حزبانە لەم وڵاتانە، گەلێک بەرچاو بوو.ئاکامی حزبەکانی چەپ و کمۆنیستی ئەم وڵاتانەش جیاواز لە تاقیکردنەوەی ڕۆژئاوا نەبوو!
حزبەکانی کوردی سەر بەم ڕەوتە، هەموویان وەک پرسیاری بێ وڵام ماونەتەوە و داهاتووی کوردستان کە لە دەست ئەوان ئەستێندراوە و بە ئیسلامیەکانیش نەسپێردراوە. چه‌پی کورد پاش ستراتێژییه‌کی سه‌ت ساڵه‌ی تێکشکان، قیبله‌نماکانی له مه‌داری بازنه‌ی “ئایین و ناسیۆنالیسم”ی نه‌ته‌وه‌کانی سه‌رده‌ستی ناوچه و ڕۆژئاوادا،ده‌خولێته‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی خۆی خاوه‌نی ستراتێژی بێت! چه‌پی بێ ستراتێژی، خۆی له ستراتێژی بەرانبەرەکەیدا دەبینێتەوە، تراژێدییەک کە چەپی کورد خووی پێگرتووە!
برایم فەڕشی
ڕێبەندانی ٢٠١٥