وتووێژی رۆژنامه‌ی وشه له‌گه‌ڵ ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده سه‌باره‌ت به لێکگه‌یشتنی ناوکی. وشە/ كۆیە- هیدایەت جان

لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا زۆربەی حزبەكانی رۆژهەڵات هیواكانیان لەسەر هێرشی سەربازی ئەمەریكا بۆ ئێران هەڵچنیبوو و ستراتیژی سیاسییان لەسەر ئەو گریمانەیە رێك خستبوو، ئێستە ئەمەریكا و ئێران لەسەر پرۆگرامی ناوكیی ئەو وڵاتە یاداشتێكی لەیەك تێگەیشتنیان واژۆ كردووە و ئەو هیوایەی لای زۆربەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دروست ببوو، هەڵوەشایەوە. د. ئاسۆ حەسەن زادە، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكراتی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “وشە” لایەنەكانی ئەو رێكەوتنە شی دەكاتەوە و رای دەگەیەنێ: “سوودی هەرە گەورەی رێككەوتنەكە ئەوە دەبێ كە ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات واز لەوە بێنێ كە تەنیا چاوی لەو دوورە دیمەنە بێت كە رەنگە رۆژێك دنیای دەرەوە هێرش بكاتە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران”. هاوكات تیشك دەخاتە سەر پلان و ستراتیژی حزبەكەی بۆ داهاتووی رۆژهەڵات و یەكگرتنەوەی دوو حزبی دیموكرات دەبەستێتەوە بە هەڵوێستی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەسەر ئەو كتێبەی لەلایەن سكرتێری گشتیی ئەو حزبەوە بڵاو كراوەتەوە و دەڵێ: “پێویستە لانیكەم حدكا روونی بكاتەوە كە ئایا ئەوەی لەو كتێبەدا هاتووە، تەنیا بۆچوونی نووسەرەكەیەتی یان سیاسەتی حزبەكە‌شیانە؟”.

* حزبەكانی رۆژهەڵات زۆربەیان هیوایان خستبووە سەر هێرشی سەربازیی رۆژاوا و بەتایبەتی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، هۆكاری ئەوە بۆچی دەگەڕێنیتەوە، ئایا تەنیا پاساوێك بووە بۆ ئەوەی كەمپنشینی و ناچالاكیی خۆیانی پێ پاساو بدەن؟
وەك لە زۆر بابەتی تردا كە كۆدەنگی لەنێو حزبەكانی رۆژهەڵاتدا نییە، لەو پێوەندییەشدا وا نەبووە كە بڵێین هەموو حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەر چاوەڕوانیی هێرشی سەربازی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی بووبن، تەنانەت ئەو حزبانەش كە زیاتر تۆمەتبار دەكرێن بەوەی كە چاوەڕوانی ئەوەیان كردووە ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر ئێران، ئێستە حاشای لێ دەكەن كە بەو شێوە بیریان كردبێتەوە. بەڵام حاشای لێ ناكرێت كە چ بەهۆی درێژبوونەوەی خەبات و تەمەنی كۆماری ئیسلامی و چ لەژێر كاریگەریی سیناریۆی ئازادیی باشووری كوردستان و بەگشتی دۆخی ناوچەكە، بەجۆرێك ئەو بیركردنەوەیە لەلای بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست ببوو كە تەنیا لە چوارچێوەی سیناریۆی رادیكاڵ و دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئەو رژێمە لادەچێ. خۆ ئەگەر شتێكی وا رووی دابا ئێمە پێشمان پێ نەدەگرت و دە‌بوو دەرفەتەكە لە بەرژەوەندیی گەلەكەماندا بقۆزینەوە. ئەوەندەی پێوەندیی بە (حدك)ەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەدا كە ئێمە‌ش گرفتاری هەمان هەلومەرجی خەباتین كە بەگشتی بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانی تێدایە، بەڵام چ لە گوتاردا و چ بەكردەوەش هەموو هەوڵمان بۆ ئەوە بووە كە ئایندەی خەباتی خۆمان تەنیا لەسەر بنەمای ئاجێندای نێودەوڵەتی رێك نەخەین، بەڵكو تێبكۆشین بە هەموو ئەو بەربەستانەوە كە لەسەر هەردوو بەستێنی مەدەنی و شۆڕشگێڕیی خەباتەكەمان هەیە، تێبكۆشین دینامیزێك وەگە‌ڕ بكەوێتەوە كە كوردی رۆژهەڵات بەپشتبەستن بە كەرەستەی خۆی و لەسەر بنەمای مەرام و ئاجێندای خۆی بێتەوە نێو رۆژەڤی رووداوەكان.
* بینیمان زۆربەی ئەو حزبانە بە رێككەوتنی ناوكی دڵگران بوون، بەڵام ئاشكرایە كە لە بواری ئابووری و گوزەرانیی هاووڵاتییانەوە سوودی دەبێت، ئایا كاتی ئەوە نییە كە بیر لە پلان و ستراتیژیی تر بكرێتەوە بۆ خەباتكردن لە رۆژهەڵاتی كوردستان؟
جارێ ناوەڕۆك و چارەنووسی رێككەوتنەكە یەكلا نەبووەتەوە، بەڵام ئەگەر رێككەوتنەكە بكرێ، تەنیا لە یەك حاڵەتدا لۆژیکییە كە پێمان ناخۆش بێ رێككەوتنێكی لەو چەشنە روو بدا، ئەویش ئەوە كە رێكنەكەوتن بە مانای یەكلابوونەوەی چارەنووسی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی بژاردەی سەربازییەوە بێ. لە هەمووان ئاشكرایە كە بە هۆكاری جۆراوجۆر بژاری سەربازی لە مێژە لەسەر مێزی ئیدارەی ئە‌مەریكی لاچووە. بژاری تر ئەوەیە كە پێمان وابێ لە ئاكامی گەمارۆكاندا خەڵكی ئێران لەو رێژیمە راپەڕن. بەڵام ئەزموونی عێراق و كوبا و زۆر شوێنی تر نیشانی داوە كە هەرگیز میللەتێك تەنیا لە‌ژێر فشاری گەمارۆی ئابووریدا لە رێژیمی حاكم رانەپەڕیوە. مادام بژاری سەربازی لە رۆژەڤدا نییە و پاڵەپەستۆی ئابوورییش نییە كە دەبێتە هۆی هەستانە سەرپێی خەڵك، بۆچی دەبێ پێمان ناخۆش بێ كە رێژیم مل بۆ میكانیزمێكی نێونەتەوەیی رابكێشێ كە پێش بە دەستڕاگەیشتنی بە چەكی ئەتۆمی بگرێ؟ من لەو باوەڕەدا نیم كە دوای رێككەوتنە‌كە ئەوجا كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆشدا ریفۆرم بكات و چیتر خەڵكی سەركوت نەكات و رێگە بە كرانەوەی سیاسی بدا و بەگشتی لە ناوچەكەشدا سیاسەتێكی سالم و بنیاتنەر بگرێتە بەر. بەڵام خۆ لانیكە‌م بوارێك لە ئاستی كۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا دەكرێتەوە بۆ سەرنجدان بە پرسی مافی مرۆڤ و دیموكراسی لە ئێراندا و چیتر ئەو مەسەلە سەرەكییانە ناكەونە پەراوێزی دۆسیەی ناوكییەوە. سوودی هەرە گەورەی رێككەوتنەكە ئەوە دەبێ كە ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات واز لەوە بێنێ كە تەنیا چاوی لەو دوورە دیمەنە بێت كە رەنگە رۆژێك دنیای دەرەوە هێرش بكاتە سەر كۆماری ئیسلامی. پلان و ستراتیژییەكەی تر كە پرسیاری لێ دەكەی، ئەوەیە كە بە خەباتێكی یەكگرتوو و فرە‌ڕەهەند، هەم جەماوەر زیاتر بێنینە مەیدان و هەم لە كۆڕ و كۆمەڵە‌كانی دەرەوە لە هەموو ئاستەكاندا ئامادەتر و رێكخراوتر بین. بۆ ئەوەش رێككەوتنی ناوكی نەك هەر بەربەست نییە، بەڵكو هاندەرێكی بەهێزیشە. راست لە هەلومەرجێكی وەك ئێستەدایە كە دەبێ ئێمە وەخۆ بێینەوە و خۆمان رێك بخەینەوە. ئەگەر خەباتی ئێمە زەمینگیر یان لاواز بووە، ئەوە پێوەندیی بە مشتومڕی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر دۆسیەی ناوكی نییە. لەگەڵ ئەوەدا كە رێژیم ئەو پرسەش وەك یەكێك لە پارامێترەكانی یارییەكی هەمەلایەنە بەكار دەبا بۆ دەستەبەری هەرمانی خۆی، بەڵام بەدەر لە ژیئۆپۆلیتیكی نالەبار و بەسترانی زۆربەی بوار و بەستێنەكان، كۆمەڵێك گیروگرفتی زاتییش لەناو خەباتەكەماندا هەیە كە بوونە هۆكاری چوونەدەرمان لە رۆژەڤ و پێویستە ئەمڕۆ هەموو توانا و ئیرادە و لێبوردەیی خۆمان بۆ چارەسەری ئەو گیروگرفتانە دەكار بخەین.
* سەرباری ئەوەی رۆژئاوا خەریكی رێككەوتن و نەهێشتنی گرژییەكانیەتی لەگەڵ ئێران، ئەوا هاوپەیمانێكی عەرەبی سوننە بە سەرۆكایەتیی سعوودیە لە دژی سەرەڕۆییەكانی ئێران لە یەمەن دروست بووە، ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات چۆن دەتوانێ ئەوە بقۆزێتەوە و بۆ بەردەوامی یان بووژاندنەوەی خەباتەكەی سوودی لێ ببینێ؟
ئەو هاوپەیمانییانەی لە سەردەمی ئێستە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شكڵیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەدا كە بەگشتی یەکدەستن، بەڵام رووبەر و ئاست و ئاجێندایان یەك ناگرنەوە. لەبارەی ئەو هاوپەیمانییە زۆرتر عەرەبییەش كە بۆ یەمەن دروست بووە، هەرچەند راستەوخۆ نفووزی ئێران لە ناوچەدا دەكاتە ئامانج، نە لە نیازی واندایە و نە تەنانەت بە قازانجی خۆشمانە كە پرسێكی وەك خەباتی ئێمەی پێ گرێ بدرێتەوە. بەڵام ئەوەش راستە كە ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین لە خانەی هاوكێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكاندا شوێنێك بۆ دمدانی كوورەی خەباتی خۆمان بدۆزینەوە. دوای مەسەلەی داعش و دوای ئەوەی فاكتەری كوردی لە ناوچەكەدا بەپشتیوانیی رۆژئاوا زۆر بەرجەستە بووەوە، هەوڵی ئێمە وەك كوردی رۆژهەڵات و حزبی دیموكراتی كوردستان ئەوە بووە كە رۆژئاواییەكان بەو راستییە هەستیار بكەین كە لەو تابلۆ كوردییەدا تەنیا گۆشەنیگایەك كە لاوازە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كاری پێ ناكرێت، گۆشەی كوردی رۆژهەڵاتە. ئەوان ئێستە بۆیان گرینگە بزانن خوێندنەوەی ئێمە لە بارودۆخی ناوچە و ئاڵۆزییە نێوخۆییەكانی چییە، یان چەندە بۆ خۆمان ئامادەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیناریۆكانی ئایندەین، بەڵام هەتا ئێستە ئامادە نەبوون لەگەڵ ئێمە بەجۆرێك هەڵسوكەوت بكەن كە بە مانای ئەكتیڤكردنەوەی مەیدانی و چەكداریی گۆشەنیگای كوردی رۆژهەڵات بێ.
* ئێوە لەسەر رووخانی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رای جیاوازتان هەیە، زۆرجار بەوە تاوانبار دەكرێن كە بڕواتان بە گۆڕانكاری هەیە لەناو سیستەمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەو جیاوازییانە لە تێڕوانینی ئێوە و حدكا لە چ ئاستێكدایە؟
هەردوو حزبی دیموكرات لەگەڵ هەموو جیاوازییەكانی ئەمڕۆیان لە بواری فەرهەنگی حزبی و سیاسیدا، هەڵقوڵاوی یەك ئابستەنی مێژوویین و ئێستەشی لەگەڵدا بێ، میراتی ئەو مێژووەیە كە خەسڵەتەكانی خەباتی هەردوو لایەن دیاری دەكات. هەردووكیشیان دوو حزبی شۆڕشگێڕی خوازیاری نەمانی كۆماری ئیسلامیین. بەڵام بەشێوەی بڕگەیی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ رووداوەكانی ناوخۆی ئێراندا جیاواز بووە. بەداخەوە بەپێچەوانەی هەموو بزووتنەوە رزگاریخوازییەكانی جیهان و تەنانەت ئەوە كە لە پارچەكانی تری كوردستانیشدا باوە، بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رادەبەدەر گرفتاری كۆمەڵێك گرێی مێژوویی یان هێندێك رەفتاری بەهاگەرایانەیە و ئەوەش زۆربەی كات هەر جۆرە كار و بەرنامەیەك لە بواری مانۆڕدانی كوردەكانی ئێرانی لەبار بردووە. ئەگەر لایەنێكیش ویستبێتی تابووشكێنی و فەرهەنگسازی‌ بكات، یا تەنانەت لە شێوازە نەریتییەكانی خەباتی شۆڕشگێڕیدا وەك بۆ نموونە حزووری پێشمەرگەدا تێهەڵچێتەوە، بەتەنیا نەیتوانیوە سیناریۆخوڵقێن بێ. ئێمە دەڵێین مادام رێكاڕە رادیكاڵەكان لە دژی كۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كاریان پێ ناكرێت و بەستێنیش بۆ خەباتی چەكداری ئەستەمە، دەبێ هەوڵ بدەین لە رێگەكانی ترەوە مەسەلەی كورد لە ئێراندا بێنینەوە ناو رۆژەڤ. بۆ ئەوەش نابێ تەنیا بەوە‌ندە قەناعەت بكەین كە هەر دروشم بدەین و ئارەزوو بخوازین، بە‌ڵكو لە هەر رێگەیەكی مومكین و بە بیانووی بچووك و گەورە دەبێ هەوڵ بدەین ئەوەندە خەبات بە جەماوەری بكەین كە سەرنج و سەرێشەكە، بۆ پرسی رۆژهەڵات لە ئێران و لە ئاستی دەرەوەشدا بگاتە ئاستێك كە دەسەڵات ناچار بە هێندێك پاشەكشە و تەنانەت وتووێژ بكات. ئەوەش بەو مانایە نییە كە ئێمە تەوەهومێكمان لەبارەی كێشە نێوخۆییەكانی ئەو سیستمە هەبێ، بەڵام خەباتی زیندوو و هێنانە مەیدان و لە مەیداندا راگرتنی خەڵك، هەموو رۆژێ پێویستی بە شتی تازە و فرەچەشن هەیە.
* لەم دواییانەدا هیوایەكی زۆر لەناو لایەنگران و ئەندامانی هەردوو حزبی دیموكرات هەبوو بۆ یەكگرتنەوە، بەڵام لە گەرمەی دانوستانەكاندا لەلایەن سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كتێبێك بڵاو بووەوە كە بووە هۆی گرژی نێوانتان و بنبەستی وتووێژەكان، ئایا ئەو كتێبە كاریگەری دەبێ لەسەر میكانیزمی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان؟
بنبەستێك كە ئێمە لە دانوستانەكانماندا تووشی بووین، لەژێر كاریگەریی ئەو كتێبەدا نییە. ئێمە پێش بڵاوبوونەوەی ئەو كتێبەش بە بنبەست گەیشتبووین. هۆكاری ئەو بنبەستەش ئەوە بوو كە پاش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەردوولامان، دوایین پلینۆمی ئەو هاوڕێیانە هێندێك هەڵوێستی كۆنی ئەوانی جارێكی تر بە چەشنێكی روونتر نوێ كردەوە و دەركەوت كە ئێمە لە‌سەر بنەماكانی یەكگرتنەوە زۆر لەیەك دوورین. هەتا ئەو مەودایەش لە روانین بۆ بنەماكانی یەكگرتنەوەدا بمێنێ، ئەو بنبەستە و دیاردەی دوو دیموكراتی هەر وەك خۆی دەمێنێتەوە. بەڵام كتێبەكە لە شتێكی تردا ریسەكەی لێ كردووینەوە خووری، ئەویش لە بواری شێوازی روانین بۆ یەكتر و باسكردنی یەكتردا. بەپێچەوانەی زۆر كەس، من هیچ لەوە كە لەو كتێبەدا یەكلایە‌نە مامەڵە لەگەڵ پرسەكان كرابێ بەگلەیی نیم، چونكە هەر لە بنەڕەتدا نابێ چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبێ كەسانێك لەو جۆرە دۆخانەدا بۆ ئەوە كتێب بنووسن كە خۆیان مەحكووم بكەن. ئەوە كاری دەستەی تایبەتمەند و هاوبەش یان مێژوونووسان و لە ئەنجامدا بیروڕای گشتییە كە خەسارناسی و قەزاوەتی كۆتایی بۆ رووداوەكان بكەن. بێگومان ئەگەر روانین و خوێندنەوەی لایەنێكی دیموكرات بۆ “هاوڕێیانی پێشوو”ی خۆی بەو جۆرە بێ كە لەو كتێبەدا باس كراوە، بەدڵنیاییەوە قەت دیموكرات یەك ناگرێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستە زۆرتر كێشەساز و جێگەی داخە، هەر ئەو ستایل و ئەدەبیاتی بەكارهاتوو لەو كتێبەدایە و هەر ئەوەشە گرژیی مەجازیی لە نێوان ئەندامان و لایەنگرانی دیموكراتەكانی لێ كەوتووەتەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەرەنجامەكانی سنووردار بكرێن. لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەش، بۆ ئەوەی پرۆسەی یەكگرتنەوە وەگەڕ كەوێتەوە، پێم وایە پێویستە لانیكەم حدكا روونی بكاتەوە كە ئایا ئەوەی لەو كتێبەدا هاتووە تەنیا بۆچوونی نووسەرەكەیەتی یان سیاسەتی حزبەكە‌شیانە؟