وتووێژی ماڵپەڕی چرکە لەگەڵ قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

لە ئێستادا چالاکی حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان رۆژ دوای رۆژ روو لە کزبوونە, کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لەڕێگەی میلیشیا شیعییەکان دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی ئازادکراوی ھەرێمی کوردستاندا گرتووە, بۆ قسەکردن دەربارەی رەوشی حزبەکانی رۆژھەڵات و کار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەرێمی کوردستان گۆڤاری چرکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (قادر وریا ) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان سازکرد.
چاوپێکەوتن: سەرباز واحد
چرکە: خوێندنەوەت بۆ رەوشی ئێستای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان چۆنە؟
قادر وریا: رەوشی ئێستای تێکۆشانی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان خوازراو نییە و داسەپاوە, ئەوان دیارە رێبەرەکەیان و بەشە ئاشکراکەیان دوور لە مەیدانی سەرەکی خەبات و تێکۆشان کە رۆژھەڵاتی کوردستانە دەژین. لە ناوخۆی رۆژھەڵات ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حزبانە لە ژێر گوشار و سەرکوتدان, تێکۆشەرانی ئەم حزبانەش کە لە باشووری کوردستان گیرساونەتەوە، ئەگەر بیانەوێت بە مەبەستی چالاکیی سیاسی و رێکخراوەیی بچنەوە ناوخۆی رۆژھەڵات، جگە لە کۆسپ و رێگرییەکانی ھەردوو لای سنوور، لە قووڵایی ناوچەکانی رۆژھەڵاتیشدا لەگەڵ کەمین و ھێرشی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو دەبن. ئەم دۆخە وایکردووە بۆ چوونەوە ناو خەڵکی رۆژھەڵات و پێوەندیی راستەوخۆ لەگەڵیان لەگەڵ گرفت و مەترسی بەرەوڕوو بن، نەتوانن بەپێی پێویست لەناو خەڵکی رۆژھەڵات چالاکیی سیاسی و رێکخراوەییان ھەبێت، یان یارمەتیی ماڵی کۆ بکەنەوە. لێرەش بەھۆی قەیرانی دارایی ھەرێم و ئەو دۆخە تایبەتەی تێی دان، بنەماڵەکانیان و تێکۆشەرانی ئەوان لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین. سەرەڕای ئەم دۆخە نەبوونی ھاوکاری و یەکگرتوویی لەسەر مەسەلە ھاوبەشەکان لە نێوان حزبەکانی رۆژھەڵات یەکێکی دیکە لە لاوازییەکانی رەوشی ئێستای ئەو حزبانەیە، بۆیە لە یەک ڕستەدا دەتوانم بڵێم ڕەوشی ئێستای حزبەکانی رۆژھەڵات زۆر خراپە.
چرکە: بۆچی کار و چالاکییەکانی حزبەکانی رۆژھەڵات روو لە کەمبوونە؟
قادر وریا: ئەگەر مەبەستتان لە چالاکی، ھەڵسووڕان و بەرگریی چەکدارانە یاخود ئامادەبوونی تێکۆشەرانیان لەنێو خەڵکی خۆیان لە ناوخۆی رۆژھەڵاتدا بێت، ئەوە قسەیەکی راستە. ھەرچەندە حزبی دیموکراتی کوردستان ناچالاک نەبووە و لە پێشەوەی حزبەکانی دیکەیە.ھۆی کەمبوونەوەی ئەو جۆرە چالاکییە لە لایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ میلیتاریزەبوونی سنوورەکان و ھەموو ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە لایەکی دیکەش بۆ ڕەچاوکردنی بارودۆخ و ھەلومەرجی سیاسیی ھەستیاری ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئەو حزبانەوە دەگەڕێتەوە. بەڵام تێکۆشانی سیاسی و چالاکیی رێکخستنەکان و کاری راگەیاندن و پێوەندییەکانیان بەردەوامە و لەو بارەیەوە من ھەست بە کەمبوونەوەی چالاکییەکان ناکەم.

چرکە: ئایە حزبەکانی باشووری کوردستان کاریگەریان لەسەر خەباتی حزبەکانی رۆژھەڵات چۆن بووە؟
قادر وریا: زۆربەی حزبەکانی باشووری کوردستان پەیوەندیی دۆستانە و باشیان لەگەڵ حزبەکانی رۆژھەڵات ھەیە، پێشیان خۆشە گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە مافەکانی بگات. لەگەڵ ئەمەشدا پێموایە دەیانتوانی زۆر لەوە زیاتر کە تا ئێستا کردوویانە ھاوکار و پشتیوانی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئەو حزبە رۆژھەڵاتیانە بن کە لە ھەرێمی کوردستان گیرساونەتەوە. بە تایبەتی ئەوانەیان کە دەستڕۆێشتووترن و لە حکومەت و پەرلەماندا رۆڵی زیاتریان ھەیە. نەخوازراوبوونی ئاستی تێکۆشانی حزبەکانی رۆژھەڵات و نالەباربوونی بارودۆخی ئەوان بۆ سەر سیاسەت و ھەڵوێستی ئەم یان ئەو حزبی ھەرێمی کوردستان ناگەڕێنمەوە. بەڵکو بۆ ئەو ھەلومەرجەی دەگەڕێنمەوە کە حزبەکانی رۆژھەڵات بۆخۆیان تێی دان. حزبەکانی رۆژھەڵات لەناو خەڵکی خۆیاندا نین و ئەم دوورخراوەییە درێژخایەنە، بۆ ئەوان سەرچاوەی کۆمەڵێک کێشە و گرفت بووە .
چرکە: بۆچی لەناو حزبەکانی رۆژھەڵاتدا تەنیا پارتی ئازادی کوردستان لە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە باشووری کوردستان بەشدارە؟ بۆچی حزبەکانی دیکەی رۆژھەڵات بەشدارییان نییە؟
قادر وریا: حزبی دیموکراتی کوردستان یەک لەو حزبانەی رۆژھەڵات بوو کە ھەر زوو ئامادەیی ھێزی پێشمەرگەی خۆی بۆ بەرگری لە خەڵک و خاکی ھەرێم و راوەستان بەرامبەر پەلاماردەرانی سەر بە داعش راگەیاند. دیارە ھەندێک لە حزبەکان پێشمەرگەکانیشیان رەوانەی بەرەکانی شەڕکرد. بەڵام دوایی لەسەر داوای بەرپرسانی ھەرێم پێشمەرگەکان کشانەوە. ئەگەر چی ھیچ سەرچاوەیەکی ھەرێم بە راشکاوی ڕای نەگەیاند، بەڵام بۆ خۆم پێموایە ھەستیاربوونی کۆماری ئیسلامی لە ئاست بەشداری ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژھەڵات لە بەرەکانی شەڕی دژەداعش، وایکرد بەرپرسانی ھەرێم پێشوازی لەم ھەڵوێستە نەتەوەییەی ئەوان نەکەن. ڕێگەدانی کاربەدەستانی ھەرێم بە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستانی لە بەرەکان، ڕاستییەکەی من ھۆیەکەی نازانم. ئەوە پرسیارێکە دەتوانرێت ئاراستەی خۆیانی بکەن.
چرکە: بە خوێندنەوەی ئێوە ئێستا ئێران لە ھەرێمی کوردستان چەند بنکەی ئیتلاعاتی ھەیە؟ ئایە کێ یان کام لایەنە رێخۆشکەری بۆ ئەو بنکانە دەکات؟
قادر وریا: لە دوای سەرکەوتنی راپەڕینەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ھەوڵی داوە لە رێگەی دەست و پێوەندەکانیەوە لە ھەرێم زۆرترین حوزووری ئەمنیەتی ھەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە زانیاری لەسەر نوێنەرایەتی و دامەزراوەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کۆ بکاتەوە، پیلان دژی ھێزە کوردییەکانی رۆژھەڵات بگێڕێت و دەستیان لێبوەشێنێت،گوشار بۆ سەر حزبەکانی دەسەڵاتبەدەست دروست بکات و…ھتد، ئەو تیرۆرانەی لە دەیەی ٩٠ دا لە تێکۆشەران و ئەندامان و بنەماڵەکانی حزبەکانی رۆژھەڵات لە باشووری کوردستان کران،پێمان دەڵێن ئەو کات رژێمی ئێران چ حوزوورێکی ئەمنییەتی لە باشوور ھەبوو. دیارە دوای رووخانی رژێمی سەدام و زیاتربوونی حوزووری ئەمەریکا لە عێراق و ھەرێم، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە سلێمانی و ھەولێر کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دەزگای تیرۆر و سیخوڕیی ئێران لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە گیران، جموجۆڵ و شێوەی کاری ئیتلاعات و دەزگای سیخوڕی و تیرۆری ئێران جۆرێک لە پارێز و خۆخڕکردنەوەی تێدا پێکھات، بەڵام لە دوای ھاتنی داعش پێویستیی ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێم بە ھاوکاریی سوپایی کۆماری ئیسلامی ھەستی پێدەکرێت کە ئەو رژێمە لە زۆر بارەوە حوزوور و کاریگەری لە جاران زیاتری لە ھەرێم ھەیە.
فاکتەری رێخۆشکەر بۆ حوزووری ئەمنیەتیی ئێران لە ھەرێم ھەلومەرجی سیاسیی تایبەتی ئەو ھەرێمە و گەمارۆدرانی لەلایەن ھەندێک وڵات و حکوومەتە کە جگە لەوەی چاوی دیتنی سەقامگیری و پێشکەوتنی دەسەڵاتێکی بەھێزی کوردیان نییە، لەسەر بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەتییش لەگەڵ یەکتر لە ململانێدان. لە نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو و لە ئاکامی ناتەبابوونی حزب و لایەنە سیاسییەکاندا، رژێمێکی وەک ئێران کە سنوورێکی دوور و درێژی لەگەڵ ھەرێم ھەیە و زلھێزێکی ناوچەکەیە، دەتوانێت و توانیوێتی دەست بخاتە ناو کاروباری ھەرێم و لە بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتیی خۆیدا کێشەکان بقۆزێتەوە.
چرکە: سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی چۆنە؟
قادر وریا: داعش بەھۆی ململانێی نێوان دوو بەرەی سوننی و شیعە و بە پشتیوانی و ھاندانی بەشێک لە حکوومەتان و ھێز و لایەنە سوننییەکان، دروست بووە و رووی دژایەتی و ھێرشەکانیشی لە لایەک لەو دەوڵەتانەیە کە لە بەرەی شیعەکان دان، لە لایەکی دیکەش داعش دوژمنایەتیی ئەو وڵات و ھێزانە دەکات کە لایەنگری دیموکراسی و دنیای شارستانی و مودێرنن. دوژمنی ھاوبەش واتە داعش، وایکردووە رژێمی ئێران وێڕای وڵاتانی رۆژئاوا، لە تەنیشت ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق، لەگەڵ داعش شەڕ بکات. بەڵام دوو خاڵ لەو نێوەدا جێگەی سەرنجن. یەکەم: وڵاتانی رۆژئاوا و ھاوپەیمانیی جیھانیی دژ بەداعش بە ڕەسمی رێگە بە کۆماری ئیسلامی نادەن بۆ ناو ھاوپەیمانەتییەکەیان، چونکە متمانەی پێناکەن. دووەم خاڵ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە سۆنگەی شەڕ لەگەڵ داعشەوە ھەوڵی ھێشتنەوەی عێراق بە یەکپارچەیی دەدات بە ھەر نرخێک و لەسەر بنەڕەتی باڵادەست ھێشتنەوەی تەیاری شیعە و مل ڕاکێشانی دوو پێکھاتەی سەرەکیی دیکەی عێراق، واتە کورد و سوننی بۆ ئەم باڵادەستییە دەدات. ھەڵبەت بەو ئامانجەشەوە دەیەوێت دەستی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لە عێراق کورت بکاتەوە. بەم پێیە ئامانجی ھاوکاری و بەشداریی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی دژبە داعش،ئەوەندەی پێوەندیی بە کوردەوە ھەیە ھیچ نیازپاکییەکی لە پشت نییە. بەشداری ئێران لە شەڕی داعش بۆ ھەرێمی کوردستان زەرەری لە سوودەکەی زیاترە.
چرکە: ئەو کەس و لایەنانەی کە دەڵێن قاسم سلێمانی بە ٧٠ کەسەوە ھەولێری پاراستووە وەڵامتان چییە؟
قادر وریا: ئەم قسەیە بە ئیدیعایەکی ناڕاست و ناڕەوا دەزانم. قبووڵکردنی ئەو قسەیە و تەنانەت بێدەنگبوون لە ئاستیشی، سووکایەتییە بە گیان و خوێنی ئەو پێشمەرگانە کە پێشی پێشڕەوی داعشیان بەرەو ھەولێر گرت. چۆن دەکرێت خەڵکێک و حکوومەتێک بە ھەموو توانای پێشمەرگانە و ئیمکانیاتی بەرگریی خۆیانەوە نەتوانن پێتەختەکەی خۆیان بپارێزن، بەڵام فەرماندەیەکی سوپای قودس بە ٧٠ کەسەوە ئەمەی بۆ کرابێت؟!
چرکە: خوێندنەوەت بۆ داھاتووی ئەو ناوچانەی ھەرێمی کوردستان چۆنە کە ئێستا ئێران لەڕێگەی میلیشیاکانەوە سەرپەرشتی دەکات؟
قادر وریا: زۆر نیگەرانی داھاتووی ئەو ناوچانەم . رژێمی ئێران لە پێناو پاراستنی کورددا لە ھەرێم نییە، ئێران یارمەتیی ھەرێم دەدات بۆ دەرکردنی داعش لەناوچە داگیرکراوەکان بکەونەوە دەست سوپای عێراق و میلیشیای شیعە. ئەوانەی چاودێری سیاسەتەکانی رژێمی ئێران لە عێراق دەکەن پێیان وایە ئێران بە نیازە قووڵایی ستراتیژیی خۆی تا کەرکووک پەرە پێبدات، ھەر بۆیەش بەم میلیشیاسازییەی دەیەوێت کورد ناچارە بە جێھێشتنی ئەو ناوچانە و خەڵکی شیعەیان بێنێتە جێ! فارسەکان بۆ خۆیان وتەیەکیان ھەیە کە دەڵێن:” لە دەست گورگ ڕزگارت کردم، بەڵام سەرئەنجام خۆت لێم بووی بە گورگ”! ھاوکاریی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا شتێکە لەو شێوەیەدا!
چرکە: سیاسەتی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەبیانووی جۆراوجۆر چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟
قادر وریا: ئەو لاوانەی کۆماری ئیسلامی لە داریان دەدات ئەو بەندییە سیاسییانەن کە سەبارەت بە تێکۆشان و خەبات لە پێناوی مافەکانی نەتەوەکەیان کەوتوونەتە بەندیخانە و بە لەسێدارەدان مەحکووم بوون. ئێران کە دەیەوێت خۆی وەک پشتیوانی کورد لە بەشەکانی دیکە پیشان بدات، لاوانی کوردی رۆژھەڵات لەسەر داواکردنی ئەو مافانە لەسێدارە دەدرێن کە گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان ھەیەتی!! ئەم سیاسەتە ناتوانێت گەلەکەمان چاوترسێن بکات و بە پێچەوانەوە رق و بێزاری لەو رژێمە لە ناو خەڵکی کوردستان زیاتر دەکات و رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لەسەر داوای مافە رەواکانیان بەھێزتر دەکات.