ئێران و عێراق سەبارەت بە پاراستنی سنوورەکان لە شاری هەولێر ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٤ حکوومەتەکانی ئێران و عێراق بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوانیان و هەروەها پێشگیری لە سنوور بەزاندنی دژبەرانی ئێران، لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد. شایانی باسە کە فەرماندەی سنوورپارێزی عێراق ڕایگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین پێشگیری لەوە بکەین کە لە خاکی عێراقەوە هێرش نەکرێتە سەر خاکی ئێران و هاوکات گووتی کە ئەو ڕێکەوتننامەیە بۆ هەر دوو لا و بە تایبەت بۆ عێراق زۆر گرینگە.
سەرلشکر عەبدولکەریم مستەفا فەرماندەی سنوورپارێزی عێراق لە کۆنفەرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا کە لە هوتێل شیراتۆنی هەولێر پێک هاتبوو، گووتی: ئەو ڕێکەوتننامەیە ئەو دەرفەتە دەرخسێنێ کە سنوورەکانی ئێران و عێراق چاکتر لە ژێر چاوەدێری هەر دوو حکوومەت دابێ و ئەوەش ئاڵۆگۆرەکان لە بواری نیزامی و غەیرە نیزامی‌یەوە بە هاوکاری دوو لایەن لە نێوان فەرماندە و بەرپرسە گەورەکانی ناوچەو دا دەست نیشان دەکرێ.
عەبدولکەریم لە درێژەی قسەکانی دا گووتی: لە بەشێک لە ڕێکەوتنەکەدا، ئاماژەمان بە عەمەلیاتی تیرۆریستی کردووە و ئەوانەی کە کاری تیرۆریستی دەکەن، بەدواداچوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێ و بە تەواوی و بە توندی بەگژ ئەو کارە تیرۆریستیانە دا دەچینەوە کە دەبێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزی نێوانمان و لەو ڕاستایە دا هاوکاری زانیاری و نیزامی دەدەین بە یەکتر. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوەدا کە بە درێژایی سنوور و هەروەها ئەو شوێنانەی کە گرینگن و جێگای مەترسی و ڕێگای ئاسانترە بۆ سنوور برین، پێویستە کە لە ژێر چاوەدێری زیاتر دابن بۆ ئەوەی ئەمنییەت و ئاسایشی هەر دوو وڵات بپارێزین و هیچ کەلێن و ڕێگایەک نەهێڵینەوە بۆ دزە کردنی داعش و گرووپە تیرۆریستیەکانی دیکە.
لە لایەکی دیکەشەوە فەرماندەی سنوور پارێزی ئێران قاسم ڕزایی لەو کۆنفەرانسە ڕۆژنامەوانی‌یە دا گووتی: گڕێبەست و ڕێکەوتننامەکەمان هەنگاوێکی گرینگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی‌یەکانی هەر دوو حکوومەت و ئێمە بە یەکەوە سنووری هاوبەشی دوور و درێژمان هەیە و هەر ئەوەش وامان لێدەکات کە بە یەکەوە هاوکاری بکەین. جیا لەوە ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ڕێکەوتننامەیە هەموو ئەوە پیلان و بەرنامانەی کە بۆ کۆماری ئیسلامی دارێژراون پووچەڵ دەکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سنووری نێوان ئێران و عێراق ١٦٠٠ کیلومیترە و بەشێک لەو سنوورە، سنووری ئاوی “شط العرب یا اروندرود” ە.
دیارە ئەگەر و شیمانەی ئەوە هەیە ئەو گرێبەست و ڕێکەوتننامەیەی نێوان ئێران و عێراق زۆرتر لایەنەکانی هێزی ئوپوزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات کە دژبەری کۆماری ئیسلامین بگرێتەوە و بۆ پێشگیری لە هاتووچۆی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ.