ڕاپەڕینی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆتای بە قۆناخی نسکۆی سیاسی و ڕێکخراوەی هێنا! محەممەد سولێمانی

رووداوە سیاسی و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی مەهاباد و شارەکانی‌تری کوردستان، نادروستی و بێمانای ئەو دەنگۆیانەیان سەلماند کە باس لەوەی دەکرا، کە گوایە ” شتێك بەناوی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی مابێت یان هەلومەرج و زەمینەی ئەوتۆی بۆ لە ئارادابێت و بەخێرای خەبات سەرهەڵبداتەوە و جەماوەری وەزاڵەهاتووی کوردستان بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران لە بەرەیەكی بەرین و بەهێزدا ڕێبەری و ڕێنوێنی بکرێنەوە و تێکۆشانی سیاسی مەترسی لە سەر حکوومەتی ناوەندی ئێرن دروست بکاتەوە “. بەدڵنیایەوە هەتا کوردێك لەو بەشەی کوردستاندا بژیت خەبات و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان لە پێناوی ئامانجگەلێکی سیاسی و نەتەوەیدا وەك هەمیشە درێژەی دەبێت و کەندو کۆسپەکانی سەر ڕێگای خەباتی سیاسیش ناتوانن پێشی رەوتی نوێی بەرخۆدانی کوردانی ڕۆژهەڵات بگرێ و، لە مێژە زۆر لایەن و هەتا حکوومەتی ئاخوندیش لەسەر ئەو مەسەلەیە کاردەکەن و دەیان هەوێت بڵێن شۆڕشی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توشی هەرەس و نسکۆی گەورە بووە و بۆ جارێکیتر ناکەوێتەوە سەرپێی. بەداخەوە ژمارەیەکی دیار لە سیاسی یەکانی کوردستانی بەشەکانی تری کوردستان لەسەر ئەو بیروڕایەبوون کە بووژانەوەو دەست پێکردنەوەی تێکۆشانی سیاسی و سەربەرزکردنەوەیان، بە شتێکی زۆر مەحاڵ لە قەڵەمدەدا و بەجۆرێك باسی هێزە سیاسی یەکانی ڕۆژهەڵات و خەباتی سیاسی و مەدەنیانەی ئەو بەشەی کوردستان دەکرا کە کاریگەریەکی ئەو تۆیان بەسەر رووداوەکانی وڵاتدا نەمابێت. بەڵام رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەمدوایانە و نائارامیەکانی کوردستان، بەدڵنیایەوە بە بێ زەمینەی پێشوەخت و رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو هەر لە خۆیەوە و خۆ ڕسکانە نەهاتۆتە ئاراوە و ئەو کەس و دەستەیەش کە نەیاری بزووتنەوەی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بە زمانی چەواشاکاری و بەلارێدابردنی ئامانجی ڕاپەرینی جەماوەری هاتوونەتە سەرخەت و بەداخەوە لە ئاستی بەرزدا هەڵویستی سیاسی و پشتیووانی سیاسی لە بەرژەوەندی ئەو بەشەی کوردستان وەك چاوەڕواندەکرا، لێیان نەبینرا. هەر چیەك بێت ئامانج لەو ڕاگەیاندن و دەنگۆیانەدا، چاندنی تۆوی نائومێدی و خاوکردنەوەی هەستی بەرەنگاری و تێکۆشانی سیاسی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا لێکدەدرێتەوە. ڕاستە بە هۆکار و دەلیلی جۆر بەجۆر خەبات لەو بەشەی کوردستاندا، چەند ساڵێکە بەرەوکزی هەنگاوی ناوە و جێگای خۆیداوە بە خەباتی سیاسی و مەدەنیانەی نێوخۆی کوردستان و ئەو بابەتەیش لە هەموو وەختێك زۆرتر حکوومەتی ناوەندی سەخڵەت و نیگەرانکردوە. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە خاوەنی پێگە و نفووزی بەرفراوانیەتی و هەرگیز لە کۆمەڵگای کوردستان و خەباتی سیاسی دانەبڕاوە و بەڵکوو ئاستی پەیوەندییە سیاسی و ڕێکخراوەیەکانی بەباشترین شێوە دەرەنجامەکانیان لە قۆناخی ئێستای خەباتی سیاسیدا دەرکەوتووە و کاریگەری پەیام و خوێندنەوەی ڕاست و دروستی بەسەر رووداوەکاندا دیاربووە و ناکرێت ڕۆڵی ئەو هێزەنەی کوردستان بە کەم سەیر بکرێت.
هێزێکی وەك حدکا کە خاوەنی کۆدەنگی و پشتیووانی بەربڵاوی خەڵکی کوردستانی بەدرێژای مێژووی سیاسی لە پشت بووە، ئەگەر ئەو هاوکاری و پشتیوانیە بەرفراوانتر نەبووبێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەدڵنیایەوە بەرەو کزیش نەچووە. کاتێك خەباتی چەکداری و هەڵسوڕانی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران فیدای پاراستن و سەقامگیری ئەزموونی حوکمڕانی باشوری کوردستان کرا و ئاستی تێکۆشانی سیاسی و جەماوەری حیزبی دێمۆکرات پێینایە قۆناخێکی تازە و ناسك لە کوردستاندا و حیزب بیری لە ڕێگای پەیوەندی گونجاوتر کردەوە هەتا لە کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان دانەبڕێت و بە بەرنامە و ڕایەڵکەی ترەوە خەباتی خۆی بەڕیتە پێش و بۆشایەکانی خەبات و تێکۆشانی کادر و پێشمەرگەکانی بە ڕێگای کاناڵەکانی تر دا پڕبکاتەوە کە لێرەدا جێگای ئاماژە پێدانیان نیە.
کۆدەنگی نیشتیمانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ جارێکیتر ئەو ڕاستیەی سەلماند کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لەو بەشەی کوردستاندا ڕیشەی قوڵ و مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەتی خۆی هەیە و ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریەی کە بەشێکی شارەکانی کوردستانی گرتووە، بە بێ هۆکار و زەمینەی پێشوەخت بەدڵنیایەوە رووینەداوە. گەلی کورد بەیەك دەنگی هاتەمەیدان و سەرەڕای جیاوازی سیاسی و فیکری، بەڵام بەیەکەوە و لە تەنیشت یەکتریدا بە گژدوژمنی هاوبەشدا چوونەوە کە ئەمە خاڵی گرینگ و جەوهەری ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە سەیر دەکرێت. زۆر کەس و لایەنی سیاسی پێیان وابوو شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەسانای سەر هەڵناداتەوە، بەڵام ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی خەڵکی کوردستان بەمەبەستی مەحکووم کردن و بەسزاگەیاندنی هۆکارانی بکۆژی “فەریناز خوسرەوانی ” زۆر باش رووخساری هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی پێشانداوە.
شاری مەباهاد لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شاری لانکی جوووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ناوبانگی بە کوردستاندا بڵاوبۆتەوە. “لە شاری کۆمار و ئاڵا و پێشەوا ، گەلی کورد بەدڵنیایەوە هەر ئەو یەك هەڵوێستیان لێ چاوەڕواندەکات ” . ڕاپەرینی ئەوجارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناخی سیاسی ئێستای خەباتدا، کۆتای بە سەرەتای قۆناخی نسکۆی سیاسی و ڕێکخراوەی لەو بەشەی کوردستان هێنا. جێگای خۆیەتی دەست خۆشی و هەزاران ئافرین بنێرین بۆ ئەو تێکۆشەرانەی چاو نەترسانە، هاتنە مەیدان و داوای بەسزاگەیاندنی تاوانبارانیان کردوە. ئەگەر بێت ڕۆڵەکانی گەلی کورد هەر بەو جۆرە کورد بەیەكەوە و بە هاوبەشی بەشداری پرسە گرینگ و هەستیارەکان بکەن،بەدڵنیایەوە ڕێژێمی ئاخوندی ئێران بە سانای بۆی ناچێتەسەر ئەوەی پێی خۆش بێت و کەیفی لێبێت دەرهەقی گەلی کورد ئەنجامی بدات.