هەڵوێستەیەک لە سەر مانگرتنی ٢٤ی گوڵان. قادر وریا

بانگەوازێک کە کۆمەڵێک چالاکیی مەدەنیی نیوخۆی وڵات لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووە بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردبۆوە، سەرەڕای زاڵبوونی کەشوهەوایەکی بە تەواوی نیزامی و ئەمنییەتی بە سەر شارەکان دا، ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕ بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە بەشێک لە شارەکانی دوو پارێزگەی ڕۆژهەڵات(پارێزگەی سنە‌و پاریزگەی ورمێ)، وڵامی خۆی لە لایەن خەڵکەوە، وەرگرتەوە.

دیارە بانگەوازەکە هی کۆمەڵێک لە چالاکانی نێوخۆ بوو نەک هی حیزب‌و لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو. بەڵام ژمارەیەک لە حیزبەکان‌و ڕاگەیەنەکانیان بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ، لە بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکە‌و گەیاندنی پەیامی ئەو کۆمەڵە چالاکەی نێوخۆ، درێغیان نەکرد. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر حیزبی دیموکراتی کوردستان،پشتگیرییەکەی لەم بانگەوازە لەباوەڕ بەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنیی نیوخۆ‌و حەرەکەتەکانیان بۆ هێنانە گۆڕ‌و بەرگری لە داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، ئەرکێکی نەتەوەیی‌و ئەخلاقی‌و خەباتگێڕانەیە. جگە لەمەش هەر وەک لە بەیاننامەی ئەم حیزبە لە بارەی خۆپێشاندانی ١٧ی بانەمەڕی مەهاباد‌دا هاتبوو، پێویستە “خەڵکی شارو ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامیی بسەلمێنن کە خەڵکی خرۆشاوی مەهاباد بە تەنیا نین‌و لە بەرامبەر سەرکوت‌و دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە بەرامبەر خەڵکی هەر شار‌و ناوچەیەک، یەکگرتووانە دێنە مەیدان”.
بانگەوازی مانگرتنی سەرانسەری لە کاتێک‌دا ڕاگەیەندرا کە لە ڕۆژانی پێشتر‌دا داوا دەکرا خەڵکی شارەکانی کوردستان بڕژێنە سەر شەقام‌و بە خۆپێشاندان تاوانی هێزە حکوومەتییەکان دژی خەڵکی نارازایی مەهاباد مەحکووم بکەن. دیارە لە چەند شارێک‌و بە تایبەتی شاری سەردەشت، خەڵک لە کەشوهەوایەکی بە تەواوی پۆلیسی‌و میلیتاریزە‌دا بە دەنگی ئەم پەیامەوە چوون، کە وەک دیتمان بە توندی کەوتنە بەر پەلامار‌و تەنانەت تەقەیان لێ کراو چەندین کەسیشیان گیران‌و رەوانەی بەندیخانە کران.
پەنابردن بۆ دوکان‌و بازارداخستن‌و مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان لە هەلومەرجێک‌دا کە شوێنە گشتییەکان‌و شەقام‌و کۆڵان‌و دەوراندەوری شارەکان بە هیزی دڕندەی نیزامی‌و سەرکوتکەر تەنراون، بۆ هێندێک بارودۆخ بیرۆکەیەکی دروستە‌و ئەگەر خەڵک بە شێوەیەکی بەرین بە پێشوازییەوە بچن، هەم پەیامێکی ڕاشکاوو کاریگەر دەدەن بە دەسەڵات‌و بیروڕای گشتیی نێوخۆ‌و دەرەوە، هەم تێچووی گیانیی هەڵویستەکەیان‌و نارەزایەتیدەربڕینەکەیان،کەمتر دەبێتەوە.
لە مانگرتنی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕ‌دا، ڕێژەیەکی بەرچاوی بازاڕیان لە شارەکانی مەریوان، سنە، پاوە، مەهاباد، سەردەشت، نەغەدە،پیرانشار و شنۆ و هێندێک شار‌و شارۆچکەی دیکە، بە تایبەتی لە بەرەبەری نیوەڕۆوە،دوکان‌و بازاڕیان داخست. دیارە لە هێندێک شارەکان ڕێژەی داخرانەکە لە شارەکانی دیکە زیاتر یا کەمتر بوو. بەڵام ڕوویەکی دیکەی مانگرتنی ئەمجارە، خۆبواردنی خەڵک لە چوونە نێو بازاڕو، مانەوەیان لە مالەکانیان دابوو. ئەم کارە وای کردبوو ئەگەر بەشێک لە بازاڕییەکان بە هەر هۆیەک دوکانەکانیشیان دانەخستبوو، بە هۆی مانەوەی خەڵک لە مالەکانیان‌و نەهاتنیان بۆ نیو بازاڕ، ڕوخساری مانگرتن بەو شارانەوە دیار بێ.

لە هەڵسەنگاندنی مانگرتنی ئەمجارەدا، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە لە ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە هەتا جێبەجێکردنی، ماوەیەکی کەم بە دەستەوە بوو. جگە لەمەش لە ئاستی حیزبەکان‌و چالاکانی دەرەوەی وڵاتیش‌دا پشتیوانیەکی هاودەنگ‌، تێکڕایی‌و بەرین وەڕێ نەکەوتبوو. تەنانەت لە نیوخۆی وڵاتیش‌دا بانگەوازی مانگرتن، کەمترین کاری بۆ کرابوو. بەو حالەش‌و سەرەرای زاڵبوونی ئەو کەشوهەوا پۆلیسی و ئەمنییەتییەش، دیتمان لە زۆرێک لە شارەکان بەشێک لە خەڵک بە پێشوازییەوە چوون. بەر بوونی بەشێک لە گیراوانی ئەم دوایانەی شاری سەردەشتیش لە ڕۆژی مانگرتنەکە دا، با لە بەرامبەر گرەو و بارمتەش دا بووبێ،دەبێ بە دەسکەوتی ئەم مانگرتنەی بزانین کە یەکێک لە داواکانی، ئازادکرانی گیراوەکانی ئەم دوایانە بوو.
پێشوازیی ڕێژەیی خەڵکی ڕووبەرێکی بەرچاو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە بانگەوازی مانگرتن، نیشاندەری بوونی ئیرادەی خۆڕاگری‌و هەبوونی زەمینە بۆ بەشداری لە حەرەکەتی مەدەنی‌و نارەزایەتیدەربڕین لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە. بە دڵنییایەوە ئەم پێشوازییە‌و بەشدارییە – با لە ڕادەی مانگرتنە گشتییەکەی ٢٣ی بانەمەڕی ٥ ساڵ لەمەوبەریش دا نەبووبێ- نیشاندەری پوتانسیەلێکی بە هیزی ناڕەزایەتیدەربڕین‌و وەدەنگهاتن لە نیو خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان دایە، کە پێویستە بکرێتە دەسمایەی حەرەکەتی هەڵسەنگێندراو بۆ هاتوو.

با هەم کۆسپ‌و لەمپەرەکانی خەباتی جەماوەری‌و کەم ئەزموونی‌و کەموکووڕییەکانی خۆمان لە وەڕێخستن‌و بەرەوپێشبردنی جۆرو شێوەکانی خەبات‌دا ببینین‌و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین، هەم ئەو زەرفییەت‌و ئامادەییانە بۆ نارەزایەتیدەربڕین‌و خەباتی مەدەنی لە نێو خەڵکی خۆمان‌دا ببینین، ڕێزی لێ بگرین و هیوای پێ ببەستین. گرنگ ئەوەیە خەڵکەکەمان گەیشتوەتە ئەو بڕیارە کە تەنیا بە خەبات‌و بەرخۆدان‌و نارەزایەتیدەربڕین‌و ململانێ لە گەڵ زۆرداری‌و ستەم، دەتوانێ خۆی لە بندەستی‌و ڕۆژڕەشی ڕزگار بکا. دیارە کە ئیرادەی خەباتکردن‌و بڕیاری وەلانانی ژێردەستی‌و بێمافی هەبێ، دۆزینەوەی فۆرم‌و جۆری کاریگەری خەبات‌و ئەزموون وەرگرتن لە لاوازی‌و کەموکورتیەکانی حەرەکەتەکانی تا ئێستاشی بە دوا دا دێت.
حیزبی دیموکراتی کوردستان سوپاس‌و پێزانینی خۆی بە هەموو ئەو کەسانە ڕادەگەیەنێ کە بە دەنگ بانگەوازی چالاکانی نێوخۆوە چوون‌و لە مانگرتنی ٢٤ی بانەمەڕ دا بەشدار بوون. هەر وەها جارێکی دیکە سڵاو بۆ خەڵکی وشیار‌و بە هەڵوێستی کوردستان دەنێرێ کە لە دوای سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانی خەڵکی مەهاباد، لە هەر دەرفەتێک بۆیان هاتوەتە پێش، بۆ نارەزایەتی دەربڕین‌و داوای سزادانی تاوانباران‌و ئازادکردنی ڕۆڵە بەندکراوەکانیان ، هاتوونە مەیدان.
دڵنیاشین زۆر بەرەنگاربوونەوەی پڕشکۆتر لە پێشمانن.