راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ ئێعدامی مەنسوور ئاروەند

بەندیی سیاسیی کوردو ئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، مەنسوور ئاروەند ئێعدام کرا. بە داخێکی گرانەوە ڕادەگەیەنین کە بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان، مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی ناسراوو ئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بەندیخانەی میاندواو ئێعدام کرا. ئەو بەندییە سیاسییە کوردە ٨ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لە ورمێ‌وە بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا و هەر ئەو کات پێی راگەیەندرا کە حوکمی ئێعدامەکەی پلەیەک تەخفیف دراوە‌و سزاکەی بووە بە زیندانیی هەتاهەتایی. ناوبراو ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕێ ئەمساڵ لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بەندیخانەی مەهابادەوە بۆ بەندیخانەی میاندواو راگوێزرا.
مەنسووری ئاروەند ئەو کوردە نیشتمانپەروەر‌و شۆڕشگێڕە بوو کە بە بۆنەی هەڵوێست‌و بیروباوەڕی خەباتگێڕانەی، دە ساڵ لەمەوبەر ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی بۆ تێکۆشان هەڵبژارد‌و لە تەشکیلاتیی نهێنیی حیزب دا دەستی بە کار کرد. دیارە بەر لە پەیوەستبوونی بە تەشکیلاتی نهێنیی حیزبیش، وەک لاوێکی وەرزشکار و جێگای ڕیزی خەڵک بە تایبەتی لاوەکان، کۆمەڵێک چالاکیی نیشتمانپەروەرانە‌و ئازادیخوازنەی ئەنجام دابوو.
مەنسوور لەو ئەندامە چالاکانەی حیزب بوو کە بە هۆی هەڵسوورانی بوێرانەی گوڕو تینێکی تایبەتی بە تێکۆشانی تەشکیلاتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بەخشیبوو. لە گەڵ ئەوەی خاوەن ماڵ‌و منداڵ بوو‌و دەشیزانی بە بۆنەی بەرچاوبوون‌و چالاکبوونییەوە لە ژێر چاوەدێری دایە، لە جێبەجێکردنی ئەرکە تەشکیلاتی‌و حیزبییەکانی غافڵ نەدەبوو. بە هۆی تێکۆشانی مەنسوور لە ڕێزی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، زۆر لە لاوەکان بوون بە هۆگری ئەم حیزبە و کاتێک لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بەکرێگیراوانی ئیتلاعات، لە ماڵەکەی خۆی پەلاماریان بردە سەر ‌و گرتیان، ڕێگاکەی بێ ڕێبوار نەماوە‌و لاوانی هۆگر و هاوڕێی ئاڵای دەستی مەنسووریان بە شەکاوەیی ڕاگرت. مەنسوور بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە بەندیخانەی مە هاباد لە ژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجەکان دابوو. هەموو هەوڵی کاربەدەستان ، تێکشکاندنی خۆڕاگریی ئەو لاوە‌و ناچار کردنی بە داننان بە هێندێک تاوان بوو تا بەم جۆرە ڕێگا بۆ دەرچوونی سزای ئێعدام لە لایەن بێدادگای کۆماری ئیسلامی بە دژی ناوبراو خۆش بکەن و ڕق و قینی خۆیان بەو لاوە شۆڕشگێرە بڕێژن. سەرئەنجام لە ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩١ لە لایەن بە ناودادگای شاری مەهاباد بە ئیعدام مەحکووم کرا.
ئازارو ئەزیەتدانی مەنسووری ئاروەند‌و بنەماڵەکەی تەنانەت دوای ئەوەی ئەو بەندییە سیاسییە، حوکمی ئێعدامیشی بە سەردا سەپێندرا، هەر درێژەی هەبوو. هەر جارەی بۆ زیندانێک ڕادەگوێزرا‌و هەر ڕۆژەی بیانوویەکی پێ دەگیرا.بەڵام هیچکات پشتی لە ئامانجەکانی حیزبەکەی و نەتەوەکەی نەکرد.
بە ئێعدام کرانی مەنسووری ئاروەند حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەندامێکی چالاک، بە نرخ و بەوەفا‌و، خەڵکی کوردستان رۆڵەیەکی فیداکار،شۆڕشگێڕ‌و بوێریان لە دەست دا. هەر بۆیە لە قووڵایی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هاوسەرو یەک بە یەکی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو شەهیدە، هەموو خەڵکی مەهاباد و تێکڕای هۆگرانی خەبات و بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان دەکەین. بە دڵنیاییەوە تێکۆشەرانی ڕیزە نهێنی وئاشکراکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ناو‌و یادی شەهید مەنسووری ئاروەند دەکەن بە ئیلهام بۆ خەباتێکی شێلگیرانەتر دژی ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سلاو لە گیانی پاکی مەنسوور ئاروەند نوێترین شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەی کورد،
ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٢٥ی جۆزەرادانی ١٣٩٤
١٥/٦/٢٠١٥