پەیامی بنەماڵەی شەهید مەنسوور ئاروەند بۆ کۆڕیادی شەهید مەنسوور لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان

” کەس کۆری ماتەمینی نەگێرێ لە پشت من
کەس جلی رەش لە بەر نەکا و فرمیسک نەرێژێ، تا دوژمن پێمان خۆش نەبێ…”
وێرای سڵاو لە ئامادە بووانی کۆرێ یادی شەهید مەنسوور ئاروەند

مەسنووری ئاروەند بە کوردی ژیاو بۆ کورد مرد .
خەبەری گیان لە دەستدانی مەنسوور زۆر پەشێوی کردین، بەڵام هەموومان دەزانین تا ئەو کاتەی هاوباوەرانی مەنسوور زیندوو بن ، مەنسوور دەمێنیت ،
مەنسوور لە سێدارە دراو شەهید بوو . بەڵام پەشۆکاو نەبووین چونکی دەزانین ئەو کاتێک کە شەهیدیش کرا پێلاوەکانی لە سەر سەری جەلادانی کۆماری سێدارە بوو. بە بزەی سەر لێوی پێشوازی لە پەتی سێدارە کرد، بۆیە دڵنیاین کە ئەو بە پلەی شەهیدی وەتەن گەیشتووە.
مەنسوور هەر برای ئێمە نەبوو، بەڵکوو رۆڵەی نەتەوەی کورد بوو، مەنسوور رفیقی چینی هەژارو فەقیری مهاباد بوو.
مەنسوور بابێکی دڵسۆزو مامۆستایەکی شۆرشگیر بوو کە قوتابیەکانی مەدرەسەی پێشەوای فێری قارەمانی و شۆرشگیری و وڵات پارێزی دەکرد .
بۆ مەنسوور کورد یەک بوو، بۆ مەنسوور ژیان بێ کوردستان مانای نەبوو،
جارێکیان دوای چەند ساڵ قسەم دەگەڵ کرد ، گوتم …. کاکە گیان ! لە بەر منداڵەکانیش بێت تۆزێک بێدەنگ بەو خۆت لە باسی سیاسی بپارێزە . لە جواب دا بە پێکەنینی پڕ لە هەستی برایانەوە گوتی ….سیروان گیان !رۆڵە ئێمە کوردین و دەبێ بۆ کورد بمرین و تەنانەت ئەگەر هەر دوو مندالێشم تێدا بچن بە نیسبەت خۆمەوە هیچ گرینگ نیە، گرێنگ ئەوەیە شۆرشی کورد رانەوەستێ.
خۆراگر و نەبەزی و کورد پەروەری و ژینگە پارێز و گیان فیدا و باب و میردی بەئەمەگ کە بە جەستە لە بەینماندا نەماوە ، بەڵام یادی و بیری هەر زیندووە .
بۆیە لێرەوە سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد دەکەین و دوایش سەرخۆشی لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەکەین و لە ئامیزتان دەگرین و پەیمان نوێ دەکەینەوە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانی شەهید مەنسوور لە خەبات و تێکۆشان نەوەستین .
با لێرەدا پەیامی دایکیشم تێکەڵ بە پەیامی براکانی شەهید مەنسوور بکەم :
دایکم دەڵی ….. جا تەرمی مەنسوور مان بۆ چییە ، کورەکەمان لە هەر کوێ ناشترا بێت هەر لە ژێر خاکی ئەو کوردستانە دایە کە گیانی خۆی بۆ خەڵات کرد .
کاکە گیان ! جێژنی ئازادیت پیرۆز
شەهید مەنسوور ! سەفەرت بەخێر و یادت شاد و رێگات پڕ رێبوار بێ.
سپاس و سڵاویش بۆ ئێوە بەشدارانی کۆڕی یاد کردنەوەی شەهید مەنسوور ئاروەند
سیروان ئاروەند
سوئید
١٧/٦/٢٠١٥