له یادی نه‌مر ئۆستاد ئه‌حمه‌دی قازی. قاسم قازی
ته‌رمت که ده‌چێته گۆڕخانان
هه‌ڵده‌گرێ هه‌ڵیگرین به شانان
له ده‌ستدانی کاک ئه‌حمه‌د قازی، نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، شاعیر و که‌سایه‌تی گه‌وره‌ی سیاسی، که له گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا جێی پرس و راویژ بوو و جێ‌په‌نجه‌ی دیار بوو، خه‌سارێکی گه‌وره بوو. ئه‌و رووداوه به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان رواڵه‌تی عه‌زا و ماته‌مینی نیشتیمانی به خۆوه گرت.
له پرسه و سه‌ره‌خۆشی و کۆڕیاده‌کانی ئه‌ودا، که‌س به خاتری که‌س به‌شدار نه‌بوو و هه‌موو به هه‌ست به به‌رپرسیارێتی خۆیان ئاماده‌ی ئه‌و بوونانه بوون و به شێوه‌ی مه‌عنه‌وی له هه‌ڵگرتنی ئه‌و ته‌رمه پیرۆزه دا به‌شدار بوون.
ئه‌و ته‌رمه خاوه‌نی هه‌گبه و کۆڵه‌بارێکی قورسی زیڕێن له ئه‌ده‌ب و شێعر و سیاسه‌ت و مێژوو به گشتی فه‌رهه‌نگ و کلتووری نیشتیمانیی بوو. سامانێکی گشتی نه‌ته‌وه‌یی بوو بۆیه ده‌بێ به گیان و دڵ بیپارێزین. کفنه‌که‌ی به هیرۆ بدروین و له په‌رژینی وه‌نه‌وشه و هه‌ڵاڵانی بگرێن و له دڵێ خۆمان دا بینێژین و به ره‌چاو کردنی بیر‌و و هزر و روانگه‌کانی به جیلی تازه‌ی بسپێڕین.
ئه‌و کۆڵه‌باره قورس و گرانه زۆربه‌ی ره‌هه‌ندکانی فه‌رهه‌نگ له خۆ ده‌گرێ و کاک ئه‌حمه‌د وه‌ک شاسوارێکی گه‌وره له هه‌موو بواره‌کان دا لێهاتووانه ئه‌سپی خۆی تاو داوه. ئه‌و 23 کتێبی چاپ کراوی هه‌یه و 4 تا 5 کتێبی گه‌وره‌شی وه‌ک کتێبی شێعر و بیره‌وه‌ری و وه‌رگێڕانی کلیله و ده‌مه‌نه چاپ نه‌بووە. ئه‌و له ماوه‌ی 20 ساڵ به‌ڕێوه‌به‌ریی گۆڤاری سروه‌دا، زیاتر له 281 وتاری نووسی. ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه به وشه‌ی جوان وپه‌تیی کوردی رازاوه‌ته‌وه و به‌گشتی ئه‌و بۆخۆی و هه‌موو نوسینه‌کانی وه‌ک شێعری “هه‌موو جوانی” جوان بوو بۆخۆشی ده‌ڵێ:
یۆسفی میسری منی هاوده‌می رۆژان و شه‌وانی
ئاره‌قی به‌زمی منی گه‌رچی له من زیز و نه‌بانی
ئه‌و ده‌مه‌ی دووره له من، دووره له من شێعر و ئه‌ده‌ب
قافییه‌ی شێعری منی، تۆ غه‌زه‌لی شێعری ره‌وانی
جوان و رازاوه سه‌حەت سووکی، قه‌شه‌نگی هه‌چی جوانی
خورپه خورپی دڵی کیژانی بزه‌ی لێوێ کچانی
نمه بارانی به‌هارانی خۆڕه‌ی ئاوی گوڵی سه‌ر جۆگه‌له ئاوی
گرمه گرمی له‌پڕای هه‌وری ره‌شی نیوه‌شه‌وانی
هه‌یبه‌تی کێوی بڵیندت هه‌یه، ئارامی وه‌کوو ده‌شت
ده‌شتی پڕ حاسلی، ز‌نوێری شنه‌ی باغ و ره‌زانی
هات و هاواری شه‌پۆلی به خرۆشی کوڵ و جۆشی
هه‌ڕه‌مه‌ی ئاوی به‌ره‌و به‌حری هه‌موو چۆم و شه‌تابی
چرکه چرکی قه‌ته‌راتی تک تکی ئاوی رنووی پاڵی نیساری
زه‌مزه‌مه‌ی جۆگه‌له‌که‌ی روو به شه‌ت و دۆڵ و ده‌رانی
هه‌و هه‌وی سواری جلیت بازی به په‌ڕتاو به‌تینی
هه‌م هه‌مه‌ی جۆڵ و جمی پۆله کوڕی شوێنی کچانی
سه‌بری ئه‌یووبی غه‌می مه‌ریه‌می هه‌یهاتی زوله‌یخای
پردی پڕ تاقه‌تی ژێر هێرشی لاڤاوی زه‌مانی
وه‌ک هومێدی دڵی دایک به گڕوگاڵی مناڵی
وه‌ک موناجاتی دڵی پاكی گزینگانی به‌یانی
دڵ له دووریت ئه‌چریکێنی هه‌مووکات و سه‌عاتان
بولبوولی شێعر و ئه‌ده‌ب ئه‌حمه‌د ئه‌تۆش باغی گوڵانی
ئه‌حمه‌د قازی تاران 1354
ته‌وه‌ری هه‌موو بابه‌ته‌کانی نوسین و وه‌رگێڕان و شێعر و مێژوو ته‌نزی ….ئه‌حمه‌دی قازی، پرسی نه‌ته‌وه‌یی و گه‌یشتنی کورد به سولته و ده‌سته‌ڵاته. ئه که‌سایه‌تێکی به ته‌واو مانا نیشتیمانی بوو. هه‌رچه‌ند بۆخۆی خه‌ت و نیشان تایبه‌تی هه‌بوو و ئه‌ندامی حیزبی دێموکرات کوردستان بوو به‌ڵام به‌پێی روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له کۆمه‌ڵگای کورد دا نه‌یده‌توانی باوڕی به ته‌زاد و ناته‌بایی سه‌رکی نێوان لایه‌ن و چین و توێژه‌کان بێ و له‌به‌رانبه‌ر یه‌کیان دانی و به گژ یه‌کتریان دا‌کا. به‌ڵای ئه‌و کێشه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کانی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ناته‌بایی سه‌ره‌کی نییه به‌ڵکوو لاوه‌کییه و ناکه‌وتنه ناته‌بایی ئانتاگۆنیستی و له ئاشتی نه‌هاتوو. ئه‌و کێشه‌ی کورد و ده‌وڵه‌تانی داگیرکوردی کوردستانی به ناته‌بایی سه‌ره‌کی و له ئاشتی نه‌هاتوو داده‌نا.ئه‌و رێژیمانه‌ی که رۆژ نییه خوێنی رۆڵه‌کانی کورد نه‌ڕێژن و هه‌ر ئیستا که ئه‌و کۆڕیاده به‌ڕێوه ده‌چێ، له زیندانی رێژیم دا، خوێنی شه‌هید مه‌نسووری ئاڕوه‌ند ویشک نه‌بۆته‌وه.
ئه‌و رۆانگه و بۆچوونه ته‌وه‌ری زۆربه‌ی بابه‌ته‌کانی کاک ئه‌حمه‌د له‌خۆ ده‌گرێ. ئه‌و له شێعری سه‌هۆڵ دا دوای ئه‌وه باسی کاریگه‌ری سه‌خت و دژوار‌و زه‌بروزه‌نگی سه‌هۆڵ له سه‌ر خه‌ڵک ده‌کا، ئۆمید ده‌دا که زۆری پێی ناچی تاج و ته‌ختی سه‌هۆڵ که مه‌به‌ست سیستیمی پاشایه‌تییه تێک ده‌ڕووخێ و ده‌ڵێ:
وه‌عده‌بای گه‌رمی دوژمنی زستان
تێک ده‌ڕووخێنێ ته‌خت و تاجی سه‌هۆڵ
دێته‌وه نه‌وبه‌هاری ئازادی
گوڵ ده‌بووژێته‌وه به خوێنی سه‌هۆڵ
هه‌ر له‌و بواره‌دا کاک ئه‌حمه‌د له رووداوی کێژ فه‌ریناز خوسره‌وانی دا دژکرده‌وه‌ی خه‌ڵک به‌رانبه‌ر به بنکه‌ی فه‌ساد به ره‌وا داده‌نێ و ده‌ڵێ مست له درێشه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
کاک ئه‌حمه‌د له حاست نێوخۆ دا وڵات دا، رامان ده‌کێشێ بۆ یه‌کێتی و یه‌کگرتوویی و ته‌نانه‌ت به ئاماژه به سروشتی ئاژه‌ڵان، نموونه دێنێته‌وه و له پێشه‌کی کتک و مشک دا سپاسی پشیله ده‌کا که له‌و ماوه‌ی 4 ساڵ دا که ئه‌و له زیندان بووه، مشکه‌که‌ی نه‌خواردوه و سپاسی مشکه‌که ده‌کا که کاغه‌زه‌کانی نه‌خواردوه و دوایه سپاسی هه‌وردووکیان پێکه‌وه حاواونه‌وه کتێبه‌که‌یان لێ نه‌فه‌وتاند.
قازی ئه‌حمه‌د بۆ پێکهاتنی نیشتیمانێکی ئازاد ته‌نانه‌ت په‌نا بۆ ئایین ده‌با و ده‌بێته شایه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌ی و به عه‌لی به‌رده‌شانی شایه‌ری به‌یته‌کانی هه‌مزاغای مه‌نگوڕ هه‌ڵا ده‌ڵێ. له‌و به‌یتانه دا ئاماژه به داوه‌تی جندۆکان ده‌کری که عه‌لی بۆ گێڕانی داوه‌تی کوڕی پاشی جندۆکان بانگهێشتن کراوه. عه‌لی نه‌ده‌بوو ناوی بیسمیلا بێنێ ده‌نا شایی تێکده‌چوو. به‌ڵام عه‌ڵی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه له لایه‌ن قوڵه شین سه‌رچۆپی کێشی جندۆکان هوشداری پێ ده‌ده‌ری که ئه‌وه‌ی ده زاری دایه نه‌یڵی، سونه‌تی شکاند ئازایانه وێڕای ئه‌و بیسمیلایه بڵێ. داوه‌تی جندۆکان تێکچوو و عه‌لی هه‌ڵداشترایه زه‌ندۆڵێک له کاوی داسنیان. کاک ئه‌حمه‌د قازی ئه‌و سۆژه ده‌کاته رێنیشانده‌ری ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی و هانمان ده‌دا که نه‌ترس و ئازا و بوێر بین. ئه‌و بۆخۆی ده‌بێته شایه‌ری عه‌لی و باره‌قه‌ڵا به‌و بیسمیلایه ده‌ڵێ که شه‌ڕی نیوان ئه‌هورا و ئه‌هریمنه ده‌ڵێ:
سڵاو عه‌لی به‌رده‌شانی
داوه‌ت گێڕی جندۆکانی
ئه‌و داوه‌ته‌ی که تۆ گیرات
ئه‌و بیسمیلایه‌ی تۆ وێرات
بێ وینه بوو و نه‌بۆته‌وه
له بیر کوردان نه‌چۆته‌وه
نه‌ترسای له زوڵمی ئیبلیس
درکاندت که‌لامی نه‌فیس
پێی گوتی سه‌رچۆپ له هه‌ڵی؟
ئه‌وه‌ی ده زارت دا مه‌یڵێ؟
به‌ڵام تۆ شایه‌ری گه‌ل بووی
دوژمنی پیسی و چه‌په‌ڵ بووی
به ده‌نگی به‌رزی بیسمیلا
له ئیبلیست کرده هه‌را
زه‌مانه‌ی مه‌ش هه‌ر ئه‌وتۆیه
هه‌ر به‌ند و رایه‌ڵ و پۆیه
کاوی داسنیان هه‌ر ماوه
زۆر خراپتریش قه‌وماوه
هه‌موو به یه‌کتری ده‌ڵێن
ئه‌وه‌ی ده زار‌و دا مه‌یڵن
له‌و شێعره‌دا ئه‌گه‌رچی کاک ئه‌حمه‌د فێری بوێری و ئازایه‌تیمان ده‌کا، ئاماژه به چه‌شنێک خۆ سانسووری به ده‌ستی خۆمان ده‌کا و توانج و تا‌نه له خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌دا و دڵی داده‌چڵه‌کێ و نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێ.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه ئه‌گه‌ر کاک ئه‌حمه‌د بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌خۆدا نه‌شکێنه‌وه، له تاڵایی ده‌ربڕینی راستییه‌کان که‌م ده‌کاته‌وه و به ئیما و ئیشاره‌ی شاراوه و به ته‌نز و گه‌پ و گاڵته و قه‌شمه‌ری قسه ده‌کا، له گه‌ڵ دوژمن رارا و دوو دڵ نییه له ده‌ربڕینی راستیکان دا سڵ نابێ و ده‌بێته نوینه‌ری میلله‌تێک و له ئیبلیسی له هه‌ڵا ده‌دا و ئه‌وه‌ی ده‌زاری دا دیڵێ. گوتن نه هه‌ر به نووسین به‌ڵکوو ره‌هندی گه‌وره‌ی دیکه‌ی هونه‌ری کاک ئه‌حمه‌د قازی قسه‌کانی بوو که له کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌کان دا سه‌ره‌رای زه‌بروزه‌نگی دوژمن ئازایانه ده‌ری ده‌بڕی.
قازی ئه‌حمه وه‌ک که‌سایه‌تێکی گه‌وره مردنه‌که‌شی داهێنانه‌یه. ئه‌و له ده‌وری یه‌ک کۆی کردینه‌وه تا هه‌موو له ژێر درووشمی به شانان بچین بۆ زیاره‌تی که‌سایه‌تی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و به ده‌وری دا ته‌واف بکه‌ین. تێکه‌ڵاوی هزر و بیر و روانگه ئه‌و له گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بوو به هه‌وێنی ره‌هه‌ندێکی تازه و کاتێک که جه‌نازه‌که له ماڵێ را به‌ره‌و مزگه‌وت و له‌وێشڕا به‌ره‌و گۆڕخانه ده‌چوو ده‌ستی چه‌په‌ڵ و لایه‌نگرانی رێژیم ویستی جه‌نازه‌که له خه‌ڵک بستێنێ و به ئامبوڵانس بیبه‌نه قه‌برستان خیرا دیزه به‌ده‌رخۆنه‌ی بکه‌ن. به‌ڵام خه‌ڵکی به ئه‌مه‌گی کورد بڕیاری به‌شانانیان دا و ته‌رمه‌که‌یان به‌ده‌وری چوارچرا، قیبله‌ی ئاواته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد گێڕا و ته‌وافیان پێ‌کرد و به شێوه‌ی عارفان، عاشق وه‌سلی مه‌عشووق بووه و زه‌ڕره تێکه‌ڵ به ئه‌سڵی خۆی (رۆژ ) بۆوه تا رۆژێک رووناکی و به‌ختیاری ئه‌به‌دی بۆگه‌لی کوردمان به دیاری بێنێ.
وه‌عده بای گه‌رمی دوژمنی زستان
تێکده‌ڕووخێنێ ته‌خت و تاجی سه‌هۆڵ
دێته‌وه نه‌وبه‌هاری ئازادی
گوڵ ده‌بووژێته‌وه به خوێنی سه‌هۆڵ
20/6/2015