کیمیابارانی سەردەشت لە نێوان تاوانی ڕێژیمی بەعس و کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران دا. قادر وریا

٢٨ساڵ لەمەوبەر لەمڕۆ دا، ڕێژیمی بەعسی گۆڕکراو، تاوانێکی گەورەی دیکەی لە دژی نەتەوەکەمان خولقاند. شاری سەردەشتی کرد بە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی و بۆمبی کیمیایی بە سەردا باراندن.

تا ئێستاش ئەم پرسیارە بێ وڵامە خەڵکی سڤیل و تەنانەت زۆرلێکراو و بێبەشی شارێک، کە بۆ خۆیان لە گەڵ ڕێژیمی دەسەلاتداری وڵاتەکەیان لە خەبات و بەربەرەکانێ دابوون، بۆ چی لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق و ئەویش بە بۆمبی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر؟
شاری سەردەشت یەکەم شار یا لەو یەکەم شارانەیە کە کەوتنە بەر بۆمبارانی کیمیایی. هەر لە ڕۆژی یەکەمی رووداوەکە‌و لە ڕۆژانی دواتر دا، سەدان کەس لە خەڵکی بێتاوان کوژران‌و بریندار بوون. بەڵام مردن و ئازار‌و تلانەوە بە دەست شوێنەوارەکانی ئەم بۆردومانە کیمیاییە، دەستهەڵگری خەڵکی ئەو شارە نەبووە. لەو کاتەوە هەتا ئیستا، کەم ساڵ‌و تەنانەت کەم مانگ هەیە یەک یا چەند کەس لە بریندارانی بۆمبارانی کیمیایی سەردەشت گیانیان لە دەست نەدەن. هەتا ئێستاش بە سەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە هەر وا لە گەڵ شوێنەوارەکانی ئەم بۆمبارانە دەست‌و پەنجە نەرم دەکەن. جەستەیان، دەروونیان هەموو ڕۆژێ و هەموو ساتەکان لە گەڵ ئیش و ئازار لە بەربەرکانی دایە. لە هەمووی ئەوانەش تاڵتر ئەوەیە کە خەڵکی ئەم شارە، هەر لە سەرەتای ڕووبەڕووبوون لە گەڵ ئەم هێرشە کۆمەڵکوژییە، لە گەڵ کەمتەرخەمی‌و بێتەفاوەتیی ڕێژیمی دەسەلاتداری ئێران بەرەوروو بوون و هەتا ئێستاش هەر بۆ خۆیان مشوورخۆری خۆیانن.
سەردەشت بە هەزاران زیان پێگەیشتووی بۆمبارانی کیمیایی هەیە، سەدان بنەماڵە هەن کە ئەندامێک یا چەند ئەندامی بنەماڵەکەیان بە هۆی ئەو رووداوە گیانیان لە دەست داوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ پێڕاگەیشتن بە بنەماڵەی قوربانییەکان و بۆ پێڕاگەیشتن بە برینداران و زیانپێگەیشتوانی ئەم بۆمبارانە چی کردوە؟ چەند نەخۆشخانە و ئاسایشگای تایبەتی لەو شارە دامەزراندوە؟ چەند بنکەی دەرمانی و ناوەندی تایبەتی بۆ پێڕاگەیشتن و چاوەدێری کردنی بریندارەکان و زیانپێگەیشتووان لە سەردەشت پێک هێناوە؟ کام هاوکاریی ماڵیی ئەو بنەمالانە و ئەو کەسانە دەکا کە تا ئیستاش بە دەست ئاسەوارەکانی ئەو بۆمبارانە دەناڵێنن؟ بۆ قەرەبووی کارەساتێک کە ئەم شارە لە سۆنگەی شەڕی ئەو ڕێژیمە لە گەڵ ڕێژیمی سەددام حوسێن بەسەری هات، چ هەنگاوێکی ناوە؟ ئایا خانووبەرەی بۆ قوربانییەکان دابین کردوە؟ لە ماوەی ئەم ٢٨ سالە دا، پڕۆژەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی تایبەتی بۆ ئەم شارە تەرخان کردوە بۆ ئەوەی لاوەکان بێکار نەبن و بتوانن بژیوی بنەمالە بەلالێدراوەکانیان پەیدا بکەن؟ ئەم ڕێژیمە چ جیاوازییەکی لە نێوان سەردەشتی دەستەخوشکی هێرۆشیما‌وناکازاکی‌و هەڵەبجە لە گەڵ شارەکانی دیکەی ئێران داناوە تا بزانین ئاوردانەوەیەکی تایبەتی بە نیسبەت ئەو شارە هەبووە؟ بە داخەوە وڵامی هەموو ئەو پرسیارانە نایە؟سەردەشت سەرەڕای ئەو کارەساتە گەورەی بە سەری هاتوە، لە گەڵ ئەوەی پێویستی بە ئاوڕدانەوەی تایبەت لە هەموو بوارەکان دا هەبوو، لە لایەن ڕێژیمی دەسلاتداری ئێرانەوە پستگوێ خراوە؟ دەسەلاتداران و کاربەدەستان تەنانەت لەوەش ڕێگر بوون کە خەڵکی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات یا خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان بە ئازادی و بەو جۆرەی لێیان چاوەروان دەکرێ هاوپیوەندی‌و هاوکاریی خۆیان لە گەڵ دانیشتوانی ئەم شارە بنوێنن.
لە ٢٨ سالەی کارەساتی ٧ی پووشپەڕی سەردەشت دا، وێڕای موحکوومکردنەوەی تاوانی کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئەو شارە لە لایەن ڕێژیمی گۆڕکراوی بەعسەوە، جارێکی دیکە لە گەڵ خەڵکی ئازادیخوازو خەڵکی نیشتمانپەروەری سەردەشت هاودەردیی خۆمان دووپات دەکەینەوە. جارێکی دیکە بێتەفاوەتی و کەمتەرخەمیی ماناداری دەسەلاتداران‌و کاربەدەستان لە ئاست خەڵکی ئەو شارە مەحکووم دەکەین. بۆ جارێکی دیکە ڕووی چاوەروانی و داوامان دەکەینە هەموو خەڵکی کوردستان کە وەک هەمیشە لە گەڵ سەردەشت‌و خەم و ئازارەکانی دابن.
سڵاو لە شەهیدانی کارەساتی ٧ی پووشپەڕی سەردەشت‌و
بە هیوای سووک بوونی ئازار‌و مەینەتییەکانی زیانپێگەیشتوان و بنەماڵەی قوربانییەکان