لە یادی جەلال مەلەکشادا. خالید تەوەکوللی

1) کە شاعیرێک بەجێمان دێڵێ و ماڵئاوایی ئەکا لە ژیان، لەوانەیە دابچڵەکین، بپرسین و بیر لەوە بکەینەوە کە تۆ بڵێی ڕازی بووە لە ژیانی خۆی و، نیاز و پێداویستییەکانی بەو چەشنە کە شایانی بووە دابین کرابوو یان بەشی هەر چارەرەشی و خەمباری بووە؟ مەرگ کۆتایی ئەهێنێ بە ژیانی “جەلال” و ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاریتر سەر هەڵدێنن و ئارام و قەرار لە زەین و بیر ئەستێن.

کاتێک زیندوو بووە، ئاوا گلەیی لە کچانێ ئەکا کە شێعرەکانی ئەمیان کردووە بە چەپکە گوڵی دیاری بۆ دڵداران:

شێعرەکانم بوون بە گوڵ و

کەنیشکەکانی ئەم شارە

چەپک چەپک کردیان بە هەدیەی دڵداری

بەڵام هەرگیز کچێ نەهات

بڵێ جەلال:

ئەی خۆت بۆ هێندە خەمباری

 

“جەلال” کەسێک نەبووە ئازار و خەمی بەندیخانە بتوانێ بیبەزێنێ و خۆی وەکوو هەڵۆیەکی باڵشکاوو کێوە سەربەرزەکان (قەندیل، هەڵگورد و پیرەمەگروون) وێنا ئەکات کە سەری بەرزی بۆ گەردوون دانەنواندوە. بەڵام خەمبارە و دڵی خەمڕێژی، زامێکی کۆنی تیایە.

٢) بۆردیۆ باس لە چەند جۆر سەرمایە ئەکا کە تاکەکان لە کۆمەڵگە ئەتوانن ببن بە خاوەنیان و بە پێی چۆنییەتی و چەندایەتیی ئەو سەرمایە کە هەیانە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکەیان دیاری ئەکرێ. سەرمایەی فەرهەنگی یەکێک لەو سەرمایانەیە کە لای بۆردیۆ و کۆمەڵناسانی دوای ئەو گرنگی تایبەتی هەیە بۆ خوێندنەوە و تەحلیلی کۆمەڵایەتی لە کۆمەلناسی ئەدەبیاتا، جێی خۆیەتی کەڵکی لێ وەرگیرترێ.

لە تیۆری سەرمایەکانی بۆردیۆدا، سەرمایەی فەرهەنگی لە چەند ڕەهەندی جۆراوجۆر پێک هاتوە. ئەو کەسانەی خاوەنی ئەم سەرمایەن، شیوازی ژیانی تایبەت بە خۆیان هەیە و چێژ و سەلیقەیان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە سەرمایەی فەرهەنگی بێبەشن، جیاوازە. کەسانێک سەرمایەی فەرهەنگییان هەیە لە سێ لایەنەوە خەسڵەتی جیاواز بەدەس ئێرن: لەوانەیە فەرهەنگ وەکوو مەیل و ئاکاری پایەدار لە دەروونیانا جێگیر بێ و بە شێوەی زمانزانی، خۆشڕەفتاربوون، فرەزانی و … ببێ بە بەشێکی پایەدار لە کردەوە و ڕەفتاری. یان سەرمایەی فەرهەنگی بە شێوەیەکی عەینی خۆی نیشان بدا و کەسێک خاوەنی ئەو سەرمایەیە دەس بکا بە سەندنی کەلەپوور و میراتی فەرهەنگی و بە بوونیان شانازی بکا. سێهەمین ڕەهەندی سەرمایەی فەرهەنگی خۆی لە ڕیگەی گەیشتن بە خوێندنی باڵا و سەرکەوتن لە کێبەرکێ زانستییەکان و وەرگرتنی خەڵات لە بۆنە فەرهەنگییەکاندا و … نیشان ئەدا.

بۆردیۆ ئاماژە بەوە ئەدا کەسانیک سەرمایەی فەرهەنگییان هەیە ئەتوانن ئەو سەرمایەی خۆیان بگۆڕنەوە بە سەرمایەی مادی و بەم جۆرە جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی بەدەس بێنن.

٣) بە درێژایی مێژووی کۆمەڵایەتی، لە نێو کورددا شاعیر، مەلا، شێخ، میرزا و ئاغا خاوەندارانی سەرەکیی سەرمایەی فەرهەنگی بوون. هەر کام لەم توێژە کۆمەڵایەتییانە بە شێوازی جۆراوجۆر کەڵکیان وەرگرتوە لە سەرمایەی فەرهەنگی. ئەمانە سەوادی خوێندن و نووسینییان بووە، قسەزان بوون و بە باشی لە وشە و زمان، بۆ دەربڕینی هەست و نەستییان، کەڵکیان وەرگرتە. تەنانەت لەوانەیە بەشێکیان چەن زمانیان زانیوە و بە چەن زمان قسەیان کردوە یان توانایی خوێندن و نووسینیان بە چەن زمان هەبووە.

مەلا و شێخ سەوادیان بووە و بەشێک لە کەلەپووری فەرهەنگی وەکوو کتێبی کۆن و دەسنووسییان لایان خۆیان هەڵگرتە یا دووبارە نووسیویانەتەوە. زۆربەیان قسەزان و لە کاتی قسەکردنا لە حەدیس، ڕەوایەت، پەندی پێشینان و شێعر کەڵکیان وەرگرتوە. شەڕ و کێشەی ناو خەڵکیان کەم کردۆتەوە و لە ناکۆکییەکاندا داوەری و ناوجێیان کردوە و حوکمییان داوە و قسەی مەلاکان قسەی ئاخر بووە. ئەمان بە ئاسانی توانیویانە سەرمایەی فەرهەنگی بگۆڕنەوە بە سەرمایەی مادی، یان لەگەڵ ئاغا و ئەرباب یەکیان گرتوە و بە پێی مەیلی ئاغا دینییان تەفسیر کردوە و ئاغایش ئەرکی بەخێوکردن و پشتیوانی لەوانی گرتۆتە ئەستۆ. بەشێکیتر لە مەلاکان لایەنی خەڵکی ئاساییان گرتوە و دژی ئاغا و ئەرباب هەڵوێستییان گرتوە. ئەم بەشەیش شەریعەتییان کردوە بە ستوونێک بۆ میچی بژێوو بەم شێوە پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کراوە. هەڵبەت مەلای زۆریش هەبووە کە لە باری دابین کردنی بژێو وابەستە بە هیچ چین و توێژێک نەبووە، بە سەربەستی ژیاوە و دەستی لە گیرفانی خۆیا بووە، سەری بۆ کەس دانەنواندوە و تەفسیر و خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی پێشکەشی خەڵک و کۆمەڵەی مەلا و زانایان کردوە.

میرزا و ئاغاکانیش کە دەسەڵات لە دەسیانا بووە بە شێوەیەکی نمادین لە سەرمایەی فەرهەنگی بۆ بەهێز کردنی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان کەڵکییان وەرگرتوە. ئەوان سەوادیی خوێندن و نووسینییان بووە، دیواخانییان کردوە بە جێگەی هونەرمەندان و کۆڕی شاعیران و بەیتخوان و گۆرانیبێژان لەوێ گرتوە. لە هەمان کاتیشا ئاغاکان، سەرمایەی مادی کۆمەڵگایان لە بەر دەسا بووە و بەم دوو سەرمایە، پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیانع بەرزتر کردۆتەوە.

وەزعیەتی شاعیران هەم لە گەڵ مەلاکان و هەم لە گەڵ ئاغاکان جیاواز بووە. بەتایبەت لە گەڵ هاتنی تۆفانی مۆدێڕنیتە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری، پێگە و ڕێزی کۆمەڵایەتی شاعیرەکان ڕووی لە هەڵکشان کرد و بەمجۆرە کاریگەرییان لە سەر بزووتنەوەی سیاسی و فەرهەنگی زیاتر بوو. لەم ساڵانەدا، شاعیر تەنیا شاعیر نیە، سیاستەمەدارە، ڕۆژنامەنگارە، چالاکی فەرهەنگییە و … بۆیە شاعیرەکان ئەبن بە خاوەنی سەرمایەیەکی فەرهەنگی یەکجار زۆر بەڵام ناتوانن ئەم سەرمایە بگۆڕنەوە بە سەرمایەی مادی. بڕێک لە شاعیران لە ناوەندەکانی دەسەڵات نزیک ئەبنەوە و بەو بۆنەوە سەرمایەی مادییش بۆ خۆیان دەستەبەر ئەکەن.

زۆربەی شاعیران نە تەنیا بۆ گۆڕینەوەی سەرمایەی فەرهەنگی لە گەڵ سەرمایەی مادی کارێک ناکەن لە هەمان کاتیشدا هێرش ئەکەنە سەر سەرمایەی مادی و لە چاو سەرمایەی فەرهەنگی بە ‌هیچی ئەزانن. بۆ نموونە هێمن لە چەند جێگە ڕاشکاوانە ماڵی دونیا وەکوو شتێکی پیس و ماڵپەرست وەکوو بێوەفا و بێ بەڵێن کە جێی متمانە نین وێنا ئەکا:

تۆیش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟

چاوی تۆیشی هەڵفریواند زێڕ و زیو؟

 

تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوهەر هونەر؟

کەنگێ گەوهەر جوانی کردن بەختەوەر!

 

زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند

هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند

 

چڵکی دەستە ماڵی دنیا وەک دەڵێن

ماڵپەرست پێمان شکێنە و بێ بەڵێن

 

قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵپەرست!

جوانپەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست

 

– جەلال مەلەکشا لەباری سەرمایەیەکی فەرهەنگییەوە زۆر دەوڵەمەن بوو. زۆر کەس ویستییان ئەم هونەرە لە گەڵ گەوهەر بگۆڕێتەوە بەڵام فریوی زێڕ و زیوی ماڵپەرستەکانی نەخوارد و نەیانتوانی هەڵیفریوێنن. سەرمایەی مادی زۆری نەبوو و بە زەحمەت پێداویستییە مادییەکانی خۆی بۆ دابین ئەکرا ئەمما خاوەنی بەهرە و سەرمایەیەکی فەرهەنگی بەرفراوان بوو کە ناوی بۆ هەمیشە زیندوو ڕائەگرێ.

لەوانەیە هەنێ کەسی بە یایبەت نەوکیسە کە هەموو شتێک لە پووڵ پارەدا ئەبینن، بە سووکی تماشای ژیانی جەلال بکەن کە هیچی نەبووە و نیازەکانی بەراوەردە نەکراوە. خەمی جەلال ئەو شتانە نەبوو بۆیە بۆ گٶڕینەوەی هونەرەکەی لە گەڵ گەوهەر هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرت و بە فەقیری ژیا و بە فەقیریش مرد، بەڵام تا توانی سەرمایەی فەرهەنگی بەرهەم هێنا و لەم بوارەدا زۆر سەرکەوتوو بوو.

ڕایەخێکیان بۆ ڕاخستم

قەڵەمێکی دەستەمۆیان دایە دەستم

وتیان بنووسە شەوەزەنگ

لەم وڵاتە سرووشتیە،

بۆنی گوڵ و تیشک و هەتاو و دەمار ئەگرێ

ئەوەی بەرەو ئاسمان ئەفڕێ ئەشقیایە

عومری باڵندەی بەرزەفڕ،

کورتە بە قەد تەمەنی گوڵ،

هەر زوو ئەمرێ

وتیان بنووسە ئاسمان،

قەڵەمڕەوی یاسای داڵە

ئەوین چیای یاخی بوونە

بۆنی گوڵ و بێنی ڕۆژ و پەڕووچکەی ئاسمانی بەرز

خەونە، خولیایە، خەیاڵە

وتیان بنووسە یاسای داڵ،

یاسای خوایە

چی باڵندە و پەلەوەرن بێ سام و سڵ

هەتا بن میچی ئەو ڕکەی تێیدا دەژین

دەتوانن دەنگیان هەڵبڕن

ناو بە ناویش بە سرتە سرت،

قام و حەیران بۆ داڵ بچڕن

ئەتوانن لە شەقەی باڵ دەن

تا بەر دەرکی قەفەز بفڕن

لقی شکاوی گوڵێکم کردە قەڵەم،

بە خوێناوی بولبولێکی کوژراو نووسیم؛

نووسیم؛ ئاسمان قەڵەمڕەوی باڵندەیە

نووسیم،

ئەوین یاسای بێ خەوشی دڵدارە

گوڵ و ئاسمان و ئازادی،

قانوونی خوای ئەویندارە …

* ئەم وتارە لە چلەی شاعیر جەلال مەلەکشادا نووسراوە و لە کاناڵی تێلێگرامیی ناوبراو وەرگیراوە