من داربەڕووم . نووسینی: کوێستان فتووحی

بەداخەوە شەوی ١٤ ـ ٠٧ ـ ٢٠١٥ دوای بە ئاکام گەیشتنی گروپی ١+٥ لەگەڵ ئێران لە سەر مەسەلەی چەکی ناوەکی، چەند دەستێکی ناپاک لە شاری بۆکان چەند کچ و ژنێکیان کردە ئامانجی نامرۆڤانەی خۆیان و بە پرژاندنی ئەسید بە جەستەی ئەو خاتوونانە جەنایەتێکی دیکەی نامرۆڤانەیان خوڵقاند، وەک ماڵپەری گیارەنگ وێرای مەحکووم کردنی ئەو جەنایەتە، هاوکات هاوخەمی خۆمان بۆ ئەو خاتوونانە و بنەماڵەکانیان رادەگەیێنین و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

ئەم هۆنراوەیەش پێشکەش بەو خاتوونانە و گشت ژنانی تێکۆشەری ڕیگای ئازادی و یەکسانی دەکەین.

ناوی بریندارەکانی ئەو کارەساتە نامرۆڤانەیە
سوێسنە ئیسماعیل نەژاد
تروسکه مه‌ردانبه‌گی
سوڕەییا کەیخوسرەوی (دایک)
نادیا مەعروفی (کچ)

ئەم پارچە هۆنراوەیە چەند ڕۆژ پێش کارەساتی ئەسیدپڕژاندنی شاری بۆکان نووسراوە.

………………………………………………….
من داربەڕووم
نە گرمەی هەورەتریشقە
نە هاشوهووشی ڕەشە “با”
ناملەرزێنێ و نامترسێنێ!
من داربەڕووم
گەر ئاگری قینی دڵرەشیتان
سالێ چەند جار بمسووتێنێ،
رەگ و ریشەم گیرۆدەی بەهارێکی سەوزن
هەرچی گەڵا و لق‌و پۆپە لێم بستێنن،
ناتوانن رەگ و ریشەم لە قووڵایی خاکا دەربێنن!
من داربەڕووم
پێناسەی شاخ و شۆخی چیام
خۆڕاگرم…. من داربەرووم!
کوێستان