لە پەراوێزی تیزاب پڕژاندنی دەستێکی ناپاک بە کچان و ژنانی بۆکانی دا. شلێر حەسەن‌پوور

بە پێی هەواڵی گەیشتوو شەوی ١٤ ـ ٠٧ ـ ٢٠١٥ دوای بە ئاکام گەیشتنی وڵاتانی گروپی ١+٥ لەگەڵ ئێران لە سەر مەسەلەی چەکی ناوەکی، دەستێک یا چەند دەستێکی ناپاک لە شاری بۆکان چەند ژنێکیان کردە ئامانجی نامرۆڤانەی خۆیان و بە پرژاندنی تیزاب بە جەستەی ئەو خاتوونانە دا جەنایەتێکی دیکەی نامرۆڤانەیان خوڵقاند و جارێکی دیکە نیشانیان دا کە دژی ئازادی ژن و هاتنە سەر شەقامی ژنانن.
ئەوەی کە کێ ئەم کارەی کردووە و کێ لە پشت ئەم کارەیەوە، هیچ لە گەورەیی ئەو جەنایەتە کەم ناکاتەوە. رژێمێک کە پێش بە ژنان بگرێ و بەربەست لە بەر ژنان دابنێ وتەنانەت بەشداریکردن و چاو لێکردن لە یاری‌یە وەرزشی‌یەکانی تێدا یاساخ بێ، سرووشتیە کە لەم جۆرە ڕووداوانەی تێدا ئەنجام دەدرێن. لە مێژە رژێم بە تووندترین شێوە لەگەڵ ژنان بە گشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی دەجوڵێتەوە، بە گرتن و ڕاودوونانی ژنان ترسی خستۆتە نێو بنەماڵەکانەوە، بەڵام ژنان بۆ خۆیان وێرای هەست کردن بە مەترسی و بێ حورمەتی و ئەشکەنجەکانی جەستەیی لە لایەن پیاوانی رژێمەوە و تەنانەت دەستدرێژی کردن بۆ سەریان لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاون و لە هەموو دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بەگژ نابەرابەری و ناعەداڵەتیەکان دا بچنەوە. لە زۆربەی خۆپێشاندان و نارزایەتی‌یەکان دا ژنان لە سەفی پێشەوە دا هەنگاویان هەڵیناوەیتەوە. لە زۆربەی خۆپێشاندانەکان دا ئەوە ژنان بوون کە گیراون و یا زامدار و شەهیدی یەکەمی خۆپێشاندانەکان بوون. بەڵام بەو حاڵەشەو ئەوان هەروا پێشەنگ و پێشرەون و بوونە سیمبوولی خەباتی سەردەمیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
کوردستان هەمیشە مەکۆی خۆراگری ژنان و پیاوانی کورد بووە، هیچ هەڕەشە و هێرشێک نەیتوانیوە پێش بە خەبات یەکسانیخوازی ژنان بگرێ. ژنانی کوردستان هەردەم پێشەنگی جووڵانەوەی کورد بوون. ژنان بە گشتی لە کوردستان دا نزیک بە چوار دەیەیە کە پێشیان لە هەموو بوارێکدا گیراوە، بەڵام ئەوان کۆڵنەدەرانە لە مەیدانی خەباتی یەکسانیخوازی و خەباتی مەدەنی و خەباتی سیاسی دا بەشدار بوون و گیانی خۆیان لە مەترسی خستووە.
ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە لە کوردستان خۆفرۆشانی بەناو کورد بۆ خۆش خزمەتی کردن لە پێشەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەن. ئەوان بۆ وەدەستهێنانی هەندێک پووڵ و سەرەوت پشتیان لەگەلەکەیان کردووە و لە هیچ کردەویەکی قێزەونانە سڵ ناکانەوە.
رژێم بۆ بە چۆک داهێنانی لاوانی شۆڕشگێری کوردستان پیلانی جۆراوجۆر دادەرێژێ، بە بڵاو کردنەوەی ماددەی سڕکەر و گیرۆدە کردنی لاوانی کورد بە ماددە سڕکەڕەکان، دەیهەوێ مێشکی لاوانی کورد بشواتەوە و بیرۆکەی شۆڕش و خەبات و بەرگری لە بیرو هزری لاوان دا پاک بکاتەوە.
یەکێک لە مەترسی‌یەکانی ئەو پیلانە ئەوەیە کە دوای گیرۆدەکردنی لاوە نەفس نەزمەکان پیلانگێرانەکان هەندێک ئەرکیان پێ دەسپێرن و لە پاداشی بەرێوەبردنی ئەرکەکانیان دا ماددەی سڕکەریان پێ دەدرێ و یا بە دانی چەند سەد هەزار تمەنێک بۆ کاری داهاتوویان ئامادە دەکەنەوە.
دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی تیزاب پڕژاندن بە شان و ملی کچان و ژنانی شاری بۆکان، دوای چەند کاتژمێرێک، گۆیا کەسیك لە لایەن ڕژێمەوە گیراوە و دوای لێپرسینەوە لە وەڵامی ئەو تاوانە دا گووتوویەتی: حەبم خواردووە. ئەو لاوە لە کوێی حەب وەدەست خستوون و یا وەدەستیان دەخا، بۆ خۆی جێگای پرسیارە. رژێمێک کە بۆ خۆی عاملی درووست کردن و بڵاو کردنەوەی ماددە سڕکەرەکانە، لەوە ناپرسێ کە لە کوێی کڕیون و یا لە کوێی وەدست خستوون. ئامانجی سەرەکی رژێم بە گشتی بە گژ یەکدا کردنی بنەماڵە کوردەکانە و لەو پێناوەش دا تا رادەیەک سەرکەوتوو بووە و کێشە درووست کردن لە نێو بنەماڵەکان دا بۆتە ئەرکی ڕۆژانەی ئەو ڕژێمەو و هەر جارەی بە شێوەیەک گۆڵمەزێک دەخاتە نێو کۆمەڵانی خەڵکەوە.
ئەوە گریمان بەیانی ئەو کوڕە تاوانبارە دانی بە هەموو تاوانەکانی خۆیدانا و دادگاش حوکمی گیران، ئێعدام و یا هەر حوکمێکی دیکەی بە سەر دا بسەپێنێ، زەرەر و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی کێ؟ بێ‌شک ئەوەی قازانج دەکا رژێمە و ئەوەی زەرەریش دەکا خەڵکی کوردستانە.
زۆر بەداخەوە مێدیای کوردی کەمتر ئاوڕی لە پرسی ماددە سڕکەرەکان داوەتەوە، ئەو پرسە ماڵوێرانکەرە نەبۆتە ڕۆژەڤی سەرەکی مێدیای کوردی و جارجار ئاوڕێکی کورت لە سەر ئەو پرسە دەدەنەوە و دواتر لە بیر دەچێتەوە و لە ئاکام دا لاوەکان تووشی نەهامەتی و چارەڕەشی دەبن و کۆمەڵگاش بەرەو وێرانی و داخراوی و هەڕەشەی جۆراوجۆرەوە دەچێ.
لە سەریەک پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین، ئەگەر ئەمرۆ چوار کیژی بۆکانی دەبنە قوربانی گەنجێکی گیرۆدەبوو بە حەب و ماددەی سڕکەر، بەیانی دەبێ لە شار و ناوچەیەکی دیکەی کوردستان چاوەروانی کارەساتی لەوە گەورەتر و ناخۆشتر ببین، هەر بۆیە پێویستە بە گشتی خەمخۆرانی دۆزی ڕەوای کورد، کۆمەڵە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و وەرزشی و …. و لە سەریەک ڕێکخراوە سیاسی‌یەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان زیاتر بچنە ناو خەڵک و بە گشتی ئامانجە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ئاست بە لاڕێ دابردنی لاوانی کوردستانیان بۆ شی بکەنەوە. ئەوە ئەرکی سەر شانی دایک و باوکان و ئەندامانی بنەماڵەکانە کە زیاتر ئاوڕ لە لاوەکان بدەنەوە بۆ ئەوەی گیرۆدەی ماددەی سڕکەر نەبن و بەو هەڵوێستە پێش بە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بگیردرێ.
لە کۆتایی دا ئاواتەخوازم کە ئەو خاتوونە بەرێزانەی کەوتوونە بەر هێرشی تیزاب پڕژێنی ئەو دەستانەی کە جەنایەتیان خوڵقاند، بە زووترین کات برینەکانی سەر جەستەیان سارێژ ببێتەوە و جارێکی دیکە ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەنەوە و هاوکاتیش ئەو جەنایەتە هەر کەس و لایەن و هێزێکی لە پشت بێ مەحکووم دەکەم و نەفرەت لە ژنکوژی و ژن سووتان و تووندتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەم.