هه‌ڵگورد تارانی هه‌ژاند. ئەحمەد مەکڵاوەیی
له كه‌س شاراوه نیه كه دوای به جێهێشتنی قه‌ندیل وبه گشتی سنوره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و جێگیر بوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له قوڵایه‌كانی باشووری كوردستان و كه‌مره‌نگ بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری و حزووری هه‌میشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له ناوخۆی رۆژهه‌لاتی كوردستان، كار به‌ده‌ستانی كۆماری به ناو ئیسلامی ئێران و له سه‌روی هه‌موویانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قه‌ی وه‌لی فه‌قی، كه زۆر له‌مێژ بوو گیرۆده‌ی توانای خه‌باتی حه‌ق و ره‌وا و ئازادیخوازانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوون، هه‌ناسه‌یه‌كی راحه‌تیان هه‌ڵكیشاو، خه‌وی زڕاو له چاویان تۆراو له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا زیاتر له رابردوویان ده‌ستیان له خه‌ڵكانی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان وه‌شاند و به تاك و به كۆمه‌ڵ، وه‌ك لافاوی ره‌ش وه‌به‌ر خۆیان دان و به‌ره‌و سیاچاڵه‌كانی رێژیمی غه‌درو خیانه‌ت به‌ڕێ كران و به ناحه‌ق سزای مه‌رگیان به سه‌ردا سه‌پاندن و رووحیان لێ ئه‌ستاندن و سێبه‌رێكی ره‌ش ره‌شیان له سه‌ر كوردستان دروست كرد. ئەوان ویستیان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رێگه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌ستی لە نه‌ته‌وه‌ی كورد بگرن. به‌ڵام نزیك به دوو ده‌یه دواتر كه بۆ جارێكی‌تر له به هاری ١٣٩٤ ی هه‌تاوی دا چه‌خماخه‌ی شۆڕشێكی نوێ به پشتیوانی خه‌ڵك و هیممه‌تی هێزی پیشمه‌رگه ڵییدرایه‌وه، هێزی له‌شكان نه‌هاتووی پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ره‌و ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌رزایه‌كانی هه‌ڵگورد و سنووره‌كانی‌تر گه‌ڕانه‌وه‌و، ده‌نگی قاقای كیژه كوردان و شه‌پۆلی بزه‌ی سه‌ر لێوی لاوانی به هه‌ست و گه‌شی و شادی وخۆشی دڵی دایكی شه‌هیدان و شه‌وقی تیشكی چاوی خوشكی شه‌هیدان، لرفه‌ی شه‌پۆلی كه‌یف خۆشی باوك و براو منداڵی شه‌هیدانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به گشتی خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌مان، تارانی هه‌ژاند و خه‌وی له چاوی سه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی زڕانده‌وه.
جوڵەی هێزی پێشمەرگە، سه‌رانی رێژیمی ویلایه‌تی فه‌قی و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستانی دوور له ئه‌قڵ و مه‌نتقی دونیای مرۆڤایه‌تی له‌رزاند و ناچار له میدیاكانیانه‌وه دانیان به‌م جووله پیرۆزه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دانا. ده‌میان له هه‌ره‌شه دا‌و به په‌له كه‌وتنه خۆ‌و به مه‌به‌ستی گڵاویان بۆ جاریكی‌تر لشكركێشیان بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ست پێكرده‌وه‌و به درێژایی سنووره ده‌ستكرده‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشووی كوردستان هێزه سه‌ر كوتكه‌ره‌كانیان جێگیركردن و له ناو خۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ده‌ستیان به ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی مۆڵگه كۆنه‌كانیان كر. له زۆر شوێنی‌تریش مۆڵگه‌ی تازه‌یان دامه‌زراندن و هەروەها له سنووره‌كان دا مۆڵدراون، تا رێگه له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بگرن. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌یان خیاڵی خاون، چونكه زۆر له مێژ بوو كیژ و كورانی نیشتمانپه‌روه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چاوه‌ڕوانی رۆژێكی وه‌هابوون.
ئێستا كیژ و كورانی دڵ پڕ لە ئازادی، هێنده شاد ودڵخۆش و لێو به بزه‌ن ، ئاماده‌ن و خه‌ریكن به برژانگی چاویان رێگه به‌ستراوه‌كانی ده‌ستی نۆكه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ براكانیان ده‌كه‌نه‌وە و كاڵه‌ی ئاسن بۆ رێی خه‌باتیان هه‌ڵده‌به‌ستن و به ته‌ڕی فرمێسكی چاویان رێگه‌ی ته‌پووتۆزاوی و ویشكه‌رۆكان ئاوپڕژێن ده‌كه‌ن تا تۆز له روخساری شۆڕشگێریان نه‌نیشێت و زیاتر له رابردووش ببنه‌وه به چه‌قڵی چاوی دوژمن .
ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ لاوه‌كان و به گشتی خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان و له سه‌روویان كه‌س وكاری شه‌هیدانی كوردستان به گشتی بۆ میدیاكانی خۆیان ده‌ڕوانن وله حاڵی حازردا له كوردكاناڵ و رووداوه‌وه كه بوونه‌ته ئاوێنه‌ی باڵانوێنی وێنه‌ی مه‌فره‌زه سه‌ره‌تایه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له ناوخۆ و له به‌رزایه‌كانی هه‌ڵگورد، وێنه‌ی كور و كچانیان ده‌بینن و له خۆشیان شاگه‌شكه ده‌بن و خه‌می چه‌ند ساڵه‌ی دوریان به ده‌م رووباری خه‌مبردوو داده‌كه‌ن و وشه‌ی خه‌باتی چه‌كداری جۆش داده‌ده‌نه‌وه‌و رووحی خه‌باتێكی نوێ ژیوه‌ته‌وه كه چرۆكه‌ی له هه‌ڵگورد و له ناوخۆ له نیو چاوانی هێزی پێشمه‌رگه و لاوان دا ده‌بیندریت و كاردانه‌وه‌كه‌ی تارانی هه‌ژاندوه.
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی