70 سالەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. قادر وریا

کوردستان، بە هەموو بەشەکانییەوە، حیزبێکی سیاسیی بە تەمەنتر لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی تێدا نیە. ئەم حیزبە لە ٢٥ی گەلاوێژی داهاتوودا، ٧٠ ساڵ تەمەن تەواو دەکا‌و پێ دەنێتە حەفتاویەکەمین ساڵی تێکۆشانی خۆی.

٧٠ساڵ تێکۆشان‌و خەبات‌و بەردەوامی لە سەر ڕێگا‌و ئامانجێکی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی‌و پێشکەوتووانە، بە تایبەتی کە ئەو تێکۆشان‌و بەردەوامییەی لە ئاکامی فیداکاریی ڕۆلەکانی‌و پشتیوانیی بێپسانەوەی خەلکەکەی‌دا مسۆگەر بووبێ، جێگای شانازییە. حیزبی دیموکراتی کوردستان، حەقی خۆیەتی ئەگەر سەبارەت بە هەبوونی درێژترین مێژوو لە بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و شۆڕشگێڕانەی کورد‌دا شانازی بە خۆی بکا. بەڵام زۆر باشتر دەبێ کە ئەو حیزبە لە ڕۆیشتن بەرەو ئەو بۆنەیە‌و لە حەفتایەمین ساڵی تێکۆشانی‌دا، هەر تەنیا لاپەڕە پڕشنگدارەکان‌و خاڵە بەهێزەکانی مێژووی خۆی نەبینێ. جیی خۆیەتی لە گەڵ ئاوڕدانەوە لە هەموو هەورازو شانازییەکان، نشێوەکان‌و لاوازییەکانی میژووی خۆشی ببینێ.
٧٠سالەی مێژووی حیزب، پێویستە هاندەری ڕێبەران، بەڕێوەبەران، تێکۆشەران‌و هۆگرانی ئەو حیزبە بێ کە بە شوێن وڵامی کۆمەڵێک پرسیاری جیددی‌و گرنگیش‌دا بگەڕێن. وەک نموونە لە خۆیان بپرسن کە چۆنە دوای حەفتا ساڵ خەباتی ئەم حیزبە‌و گۆڕانی دوو ڕێژیمی سیاسیی لە زۆر بارەوە جیاوازلە ئێران، هێشتا ئالوگۆڕێکی ئەوتۆ لە ڕوانینی دەسەڵات لە ئێران بەرامبەر کورددا نەهاتوەتە ئاراوە‌و هێشتا کورد لەم وڵاتە بە لانیکەمی مافەکانیشی نەگەیشتوە؟ ئەو مافانەی ئەم حیزبە بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایان دەکا، قورس‌و نەگونجاون یا عەیب لە جۆری خەبات‌و تێکۆشان بۆ ئەم داوایانە دایە؟ پرسیارێکی دیکە ئەوەیە لە بەشی هەرەزۆری مێژووی ئەم حیزبەدا، ڕێبەرییەکەی‌و بەشە ئاشکرا‌و هەرە کاریگەرەکەی، لە دوورەوڵاتی‌‌دا‌و، زۆربەی هەرە زۆری حیزبەکە کە ئەندامانی ئەو حیزبەن‌و خودی حیزبەکەش لە نیو ئیران‌و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەی نهێنی خەباتیان کردوە. هەر چی ئەم دۆخە درێژتر بۆتەوە، کاریگەریی حیزب لە سەر کۆمەڵگە کەمترو، کێشەی نیوخۆیی حیزب‌و کۆسپەکانی سەڕڕێی تێکۆشانی زیاتر بوون. ئەم وەزعە هەتا کەی درێژەی دەبێ؟و چۆن دەکرێ گۆڕانی بە سەر دابێ؟ پرسیارێکی دیکەش پیویستە لەم پرسیارانە زیاد بکەین: مێژووی ئەم حەفتا ساڵە، ئەگەر لە لایەکەوە، مێژووی خەبات‌و بەربەرەکانیی باشترین ڕۆڵەکانی نەتەوەیەک لە گەڵ داگیرکەرانی نیشتمانەکەیان‌و پێشێلکەرانی سەرەتاییترین مافە نەتەوەیی‌و ئینسانییەکانیانە، لە لایەکی دیکەوە ئەو مێژووە، پڕیەتی لە ململانێی نێوخۆیی، وێکهەڵنەکردن‌و لێکدابڕان‌و لەمەیدانوەدەرنان‌وهەڵوەراندنی سیما‌و وزەو تواناکانی بە دەستی یەکتر. هەر لە درێژەی ئەم پرسیارەدا، پرسیاری بۆ زۆر کەس لەمانە گرنگتر ئەوەیە ئەو حیزبەی بە هیممەتی یەکگرتنخوازەکانی، توانی لە پەنجاساڵەی مێژووەکەی‌دا، یەکگرتوویی خۆی بە دەست بێنێتەوە‌‌و بە هەر حیکمەتێک‌و زەحمەتێک بوو بۆ ماوەی ١٠ساڵ ئەم یەکگرتووییەی خۆی پاراست، لە بەرەبەری ٦٠ ساڵەی تەمەنی‌‌دا، چارەنووسی خۆی دایەوە دەستی نەیارانی یەکگرتوویی‌‌و جارێکی دیکە گەرای لێکترازانێکی دیکەی تێدا دانرایەوە‌و سەرئەنجام بۆ جاریکی دیکە تووشی لەتبوون‌و دابڕان بۆوە. ئیستا کە حەفتایەمین ساڵی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکا، ئایا دیموکراتەکان لە تەواوییەتی خۆیان‌دا، لە ئاستی گەورەیی‌و قەبارەی مێژووەکەی خۆیان‌دا دەبن‌و،بەم زووانە لە توانایان‌دا هەیە ئارەزووی خەڵکی کوردستان کە یەکگرتووبوونەوەی حیزبی دیموکراتە، وەدی بینن؟
داهاتووی حیزبی دیموکرات‌و هەڵچنینی داهاتوویەکی نوێی سیاسی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گرەوی بە خۆداهاتنەوە‌و خۆڕێکخستنەوەی هەڵگران‌و میراتگرانی ئەو مێژووە دوور‌و درێژە دایە، لە گرەوەی دۆزینەوەی وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەم پرسیارانە دایە.
٧٠ساڵ مێژووی حیزب،٧٠ ساڵ خەبات‌و خۆبەختکردنی ڕێبەران، کادرەکان، پێشمەرگەکان‌و ئەندامانی ئەو حیزبە، ٧٠ ساڵ کاری سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی‌و ٧٠ ساڵ تێکۆشان لە شار و شاخ، لە نێو بەندیخانە‌و لە دوورە وڵاتی، لە سەنگەری پێشمەرگایەتی‌و لە کۆڕ‌و ناوەندی دیپلۆماسی، حیزبی دیموکراتی بە شار بە شار‌و ناوچە بە ناوچە‌و گوند بە گوندی ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە گرێ داوە. ئەوە دەبێتە ٧ دەیە کە حیزبی دیموکرات بە یەکەم خاوەن‌و بە سەرەکیترین هەڵگری پرسی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ئێران دەناسرێ. ئەم مێژوویە،خۆشەویستییەکی بێوێنەی بۆ حیزبی دیموکرات لە نێو نەتەوەکەی‌و ئیعتیبارێکی تایبەتی بۆ ئەو حیزبە لە دەرەوەی نەتەوەکەی پێک هێناوە. ئەوانە‌و ئەو هیزەی بە کردەوە‌و بە شێوەی «بالقوە» لە گەڵ حیزبی دیموکرات دان، سەرمایەیەکی گەورەن بۆ سیاسەتکردن لە کوردستان‌و ئێران‌و ناوچە‌و جیهان‌دا، بەو مەرجەی دیموکراتەکان، حیزبێکی یەکگرتوو سەرلەنوێ‌و بە دابینکردنی زەرفییەتی پێکەوە بوون‌و عەقڵیەتی وێکهەڵکردن‌و ئەزموون وەرگرتن لە خەسار‌و هەڵەکانی ڕابردوو بنیات بنێنەوە. بەو مەرجەی هێز و تواناکانی خۆیان لە جیاتی بە هەدەردان لە کێشە و ناکۆکیی نیوخۆیی‌دا، بۆ وڵامدانەوە بەو کێشە‌و پرسیار‌و چاوەڕوانیانەوە تەرخان بکەن کە لە دەرەوەی حیزب‌و لە نیو کۆمەڵگا‌و لە لایەن سەردەمەوە، بەرەوڕوویان دەکرێتەوە.
١٠ ساڵ لەمەوبەر کاتێک بەرەو ٦٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکرات دەچووین، بە ئاگاداری لەو نیازو هەوڵانەی لە ڕەوتی کۆنگرەی سێزدە‌و بە دوای ئەو کۆنگرەیەدا، بۆ لەباربردنی یەکڕیزی‌و یەکگرتوویی حیزب هەستم پێدەکردن‌و دەمدیتن‌و خەفەتم پێوە دەخواردن، هەر ئەم قسانەی ئیستام بە دەربڕێنێک کە لە کەشوهەوای ئەو کات‌دا دەگونجا، کردبوو. ئیستا هەر ئەو قسانەی ئەو کات دووپات دەکەمەوە، بەو هیوایەی، ئەوانەی ئەو کات سەرمەست لە سەرکەوتن بە سەرهاوڕێیانی خۆیان‌دا، گوێی بیستنی ئەم قسانەیان نەبوو، ئێستا‌و بە دوای دیتنی ئاسەواری زیانباری ئەم جۆرە «سەرکەوتن»‌و غەڕرەبوونە، کەمێک وەخۆ هاتبنەوە‌و بە دوورلە دەمارگرژی‌و کورتبینییەکانی ئەو کات، گوێ بۆ ئەم پەیامە هەڵ بخەنەوە:
«حیزبی دیموکرات لە هەلومەرجێک‌دا بەرەو دەیەیەکی نوێ لە تێکۆشان هەنگاو دەنێ کە ڕووداو و گۆڕانەکان لە ئاستی نێونەتەوەیی‌و ناوچە‌دا، بە قازانجی بەرەوپێشچوونی خەباتی ئازادیخوازانە‌و بزووتنەوەکانی داواکاری دیموکراسی‌و فیدراڵیزم‌و مافی مرۆڤ دەچنە پێش. ڕێژیمی ئێرانیش لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ڕێژیمانە دایە کە لە نیوخ‌ و دەرەوە فشارێکی زۆری بۆ پێکهینانی گۆڕان لە سەرە.حیزبی دیموکرات بەو رابردووە پڕشانازییەوە کە هەیەتی، بە خۆشەویستی‌و نفووزی بێوێنەی لە نیو خەڵکی کوردستان دا، بە ئەزموونی دەوڵەمەند‌و سامانیکی مەعنەویی گەورە کە کۆی کردوەتەوە، بە هەڵگرتنی دروشمی گونجاو بۆ ئەم سەردەمە، بێگومان دەتوانێ لە سەرەتای دەیەی حەوتەمی تەمەنی خۆی‌دا، رۆڵێکی گەورەی لە ژیانی سیاسیی گەلەکەی‌و ولاتەکەی‌دا هەبێ. ئەمەش بەر لە هەموو شتێک بە پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕابردووی‌و یەک لەوان پاراستنی یەکیەتیی ڕیزەکانی‌و دڵگەرمکردنی سەرجەم تێکۆشەرانی خۆی بە داهاتووی ئەو حیزبە دێتە دی.
حیزبی دیموکرات لە بڕگە‌و قۆناغەکانی دیکەی تەمەن‌و ژیانی خۆی‌دا نیشانی داوە کە لەو ئاستە لە بەرپرسایەتی‌و پیگەيشتوویی سیاسی دایە کە وەدیهێنەری چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان بێ. لە دەروازەی ٦٠ ساڵەی دامەزرانیشی دا دەتوانێ سەلماندنەوەی ئەم ڕاستییە بکا بە جێژنانەیەک بۆ کۆمەڵانی میلیۆنیی خەلکی کوردستان کە دڵیان لە گەڵ تێکۆشەرانی دیموکرات دا لێ دەدا.»
ڕۆژنامەی «کوردستان»، ژمارە٤١٥، ٣١ی جۆزەردانی١٣٨٤،وتاری”بەرەو ٦٠ ساڵەی دامەزرانی حیزب”

لە ژماره‌ ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌