وتووێژی تایبەتیی «کوردستان» لە گەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە

دیمانە: ئاره‌ش لورستانی
ئاره‌ش لورستانی: مامۆستا وەک یەکەم پرسیار: دەڵێن حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ئیدارەی کۆمەڵگە و دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی دامەزراوه‌، چۆن دەڕواننە ئەم بۆچوونە؟

مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە: پێوه‌ندیی بەوە هەیە که‌ مەبەست لەو قسه‌یە چییە. ئەگەر مەبەست ئەوە بێ کە حیزبی دێموکرات هەر بۆ ئەوە ده‌بێ‌و بە کەلکی هیچی دیکە نایە، ئەمن لەگەڵی نیم. هەرچەندە شانازییە بۆ حیزبێک کە بتوانێ کۆمه‌ڵ ئیدارە بکا. له‌جێدا هەموو حیزبێکی سیاسیی جیددی بۆیە دادەمەزرێ کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زوو یان درەنگ یان لە مەودایەکی نێونجی‌دا دەسەڵاتی وڵاتەکەی بە دەستەوە بگرێ و کۆمەڵەکەی بەو جۆرەی کە بۆخۆی پێی باشەو بە مەسڵەحەتی خه‌ڵکی دەزانێ ئیدارە بکا. کەوابێ ئەمە هیچ شتێکی غەریب نییە. بەڵێ حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەش دامەزراوە، بەڵام حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٠ ساڵ تێکۆشانی خۆی‌دا هەمووی وەسەر یەک ‌خەیه‌وه‌ کەمتر لە ٣ ساڵ یان بڵێین کەمتر لە ٤ ساڵ ئیدارەی بەشێکی زۆر کەم لە کۆمەڵی بە دەستەوە بووه‌، هەم ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌رته‌سک بووه‌، هەم ئەو ده‌سەڵاتانەی بەڕێوەی بردوون‌و بەکاری هێناون کەم بوون، بۆ وێنه‌ ته‌نانه‌ت لە دەورانی کۆماری کوردستانیش‌دا کارمەندان پێوه‌ندییان لەگەڵ تاران نەپچڕاوە، مه‌هاباد کە مەرکەزی کۆمار بووه‌ نوێنەری لە مەجلیسی شوڕای میللیی ئێران دا هەبووە، لە دەورانەکانی دیکە‌دا، ڕاستە لە ساڵەکانی پاش ئینقلاب‌دا ناوچه‌یەکی بەرینتر لەبەر دەستی پێشمەرگەدا بوو کە نەک هەر بە تەنیا بەڵام بەشی زۆری حیزبی دێموکرات ئیدارەی دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی گەمارۆیەکی بێ‌ڕەحمانەی خستبووە سەری، بەڵام دیسانەکە شارەکان و کارە ڕەسمییەکان پێوه‌ندییان هەر بە دەوڵەتەوە هەبوو، وا نییە کە حیزبی دێموکرات حاکمیەتی موتڵەقی بە دەستەوە بووبێ، کەوابێ بۆ ئەم حیزبە شانازییه‌ کە بە کەلکی ئەوە بێ کۆمه‌ڵ بەڕێوە بەرێ، بەڵام هەر بۆ ئەوە دروست نەبووە، دەلیلەکەشی هەر ئەوەیە کە لە ٧٠ ساڵ وەکوو گوتم ئەگەر زۆری حیساب بکەین ٤ ساڵ بەشێک لە وڵاتی ئیدارە کردوە بەڵام ٦٦ ساڵ خەباتی نهێنی و خەباتی سەخت و خەباتی چەکدارانە و شێوەکانی دیکەی خەباتی بەڕێوە بردوە.

ئاره‌ش لورستانی: ئەگەر پێمان وابێ حیزبی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی کۆمەڵگەی کوردستان دامەزراوه‌؛ کەواتە چالاکیی ئەو حیزبە تووشی ئیدارەگەرایی و جۆرە وشکییەکی تایبەت دەبێ و یان بووە، لە ئاکامدا ناتوانێ خۆی دەگەل هەلومەرجی راستەقینە بگونجێنێ، ئەگەر ئەم لێکدانەوەیە وەک خۆی وەرگرین، ئێوەش لەسەر ئەو بڕوایەن، یان نا، ئەو حیزبە تا ئەو کاتەی کۆماری کوردستان دەڕووخێ بە گوێرەی هەلومەرج و پێداویستییەکان ئەم پێکهاتەیە وەردەگرێ؟
مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە: پێموایە لە جوابی پرسیارەکەی دیکەش‌دا بە جۆرێک لە جۆران ئەوەم گوت حیزبی دێموکرات ناکرێ بڵێین بۆ ئەوە دامەزراوە، هەر ئێستا تەمەشا بکەین ئەو بەرنامە ئیدارییە کە لە بەرنامەی سیاسیی حیزبی دێموکرات‌دا هەیە، هەمووی بۆ هه‌لومه‌رجێکە کە مەعلوم نییە کەنگێ دێتە دی، یانی بەرنامەیەکە کە حیزبی دێموکرات دەیهەوێ پاش ئەوەی تێکۆشانی رزگاریخوازانەی میللەتی کورد سەرکەوتنی بە دەست هێنا، ئەو لە کۆمەڵ‌دا پیادە بکرێ، لە عەینی حاڵیش‌دا ئەگەر ورد ته‌ماشا بکەین بەرنامەی حیزبی دێموکرات بە هیچ جۆر ئەو ئیدارەیەی نەداوە بە حیزبی دێموکرات، داویەتی بە خەڵکی کوردستان، بەڵام پێشنیاری بۆ ئەوە هەیە، ئەوجار دەبینین کە ئەو حیزبە لە بواری جۆراوجۆردا خەباتی کردوەو خۆی تاقی کردۆتەوە، ئەمن پێم‌وایە ئەوەندەی ئیمکانی هەبووە لە بواری تەشکیلاتی‌دا، لە بواری دیپلۆماسی‌دا، لە بواری تەبلیغاتی‌و فەرهەنگی‌دا، لە بواری دیپلۆماسی‌و سیاسی‌دا کەمتر لە بواری ئیدارەی کۆمه‌ڵ چالاک نەبووە ، چونکی لە بواری ئیدارەی کۆمه‌ڵدا عوزری هەبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیمکاناتی کەم بوو، دەرفەتی کەم بوو، ئه‌گینا زۆری ئیشکالات هەبوو. ئەو حاکمیەتە خۆماڵییە خۆشەویستە، دەنا پڕ بوو لە ئیشکالات و لە کەم‌وکوڕی.

ئاره‌ش لورستانی: ئەگەر وتەکانی ئێوە بە پێوەر وەربگرین پرسیارێک دێتە گۆڕێ، ئەویش ئەوە کە؛ کەواتە بۆ کۆمەڵەی ژ-ک ١٣٢١ دادەمەزرێ، بەڵام ساڵی ١٣٢٤ دەبێ بە حیزبی دیموکراتی کوردستان؟ بەو واتایەی هاوکات دوو حیزب نەبوون، هۆکارەکەی چییە؟
مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە: لەڕاستی‌دا ئەمن پێم‌وایە ئەوم دووانه‌ نەک هەر دوو حیزب لە پەنای یەک نەبوون، تەنانەت تەبدیلیش هەر نەبوون، یانی کۆمەڵەی «ژ-ک» لا نەچووە حیزبی دێموکرات دامەزرێ بەڵکوو کۆمەڵەی «ژ-ک» ناوی گۆڕیوه‌ بە حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەوە لە تاریخ‌دا سەبتە و دەتوانی مەراجعە بە ئەسناد بکەی کە دەبینی ئەوە دروستە. ئه‌وه‌ که‌ بۆچی ئەوەی گۆڕا ڕەنگە دەلایلی زۆری هەبێ، بەڵام دەلیلێک کە ئەمن دەتوانم لێرەدا بیهێنمەوە ئەوەیە کە کۆمەڵەی «ژ-ک» وەکوو ڕێکخراوێکی سیرفەن ناسیۆنالیستی پێک‌هاتبوو، مەسەلەن لە بەشێک لە بەرنامەکان‌دا دەڵێ: کۆمەڵەی «ژ-ک» لە باری فڵانەوە ئەوەیە، لەباری دینەوە ئیسلامە، دەی حیزبی جامیعەیەک کە ئیسلامی تێدایە، مەسیحیی تێدایە، یارسانی تێدایە، شیعەی تێدایە، سوننیی تێدایە، جوولەکەی تێدایە چۆن دەبێتە حیزبێک کە بۆ بەشێکی کار دەکا، لای دیکە ڕەنگە پێمان خۆش نەبێ کە ئەو دروشمە ستراتیژییەمان هێناوەتە خوارێ، کۆمەڵەی «ژ-ک» هەر وەکوو رێکخراوەکانی پێش خۆشی، وەکوو خۆیبوون و وەکوو هیوا، داوای کوردستانی گەورەو سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد، بەرنامەداڕێژانی حیزبی دێموکرات بەو نەتیجەیە گەیشتن کە لە هەلومەرجی ئەو وەختی‌دا (و بەداخەوە تا ئێستاش هەر راستە) وەدیهێنانی ئەو شوعارە زۆر ناواقعییە، چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا کە کوردیان تێدا دەژی پتر رێی تێدەچێ، پتر بە گەرووی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا دەچێ و دەتوانێ دۆست و تەڕەفداری پتر بێ بۆیە بەرنامەکەیان گۆڕی، لە پاشان ئەو بەرنامەیە کراوەیە بەڕووی هەموو چین و توێژەکان‌دا، کراوەیە بەڕووی ئێرانییەکان‌دا، کراوەیە بەڕووی بەشەکانی دیکەی کوردستان‌دا، تەنانەت بەڕووی دنیای دەرەوەدا، ئەوە دەگەڵ ناوێک که‌ سیرفەن تەئکید لەسەر کوردایەتی دەکا، تەنانەت کوردستانیشی تێدانییە، ئەوە ناخوێنێتەوە بۆیە ناوی دێموکراتیان لە جێگەی کومەڵەی «ژ-ک» دانا. هەرچەند دیارە ئێستاش دوو نەزەر هەیە کە ئایا «ژ-ک» کورت‌کراوه‌ی ژیانەوەی کوردە یان ژیانەوەی کوردستانە، بەڵام بە هەرحاڵ ئەو ناوە دەگەڵ ئەو نێوەرۆکە زۆر سازگار نەبووه‌، بۆیە کە بەرنامەکەیان گۆڕیوە ناوەکەشیان گۆڕیوە.

ئاره‌ش لورستانی: بابەتێکی دیکەی بەرباس، ئەوەیە که‌ مێژووی ٥٠ ساڵی رابردووی حیزب، واتە نیو سەدەی تەمەنی حیزبی دیموکرات، مێژووی جیابوونەوە و لەتبوون بووە، ئێوە چ دەفەرموون؟
مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە: ئەمن پێم‌وایە هیچ کەس نییە کە پێی وابێ ئینشعاب و لێک‌دابڕان شتێکی باش و دڵخوازە، بەڵام ئەوە غەدرێکی زۆرە کە بڵێین تاریخی ئەو حیزبەی ئەوەیە، لەلایەک ئەو حیزبە ٧٠ ساڵ خەباتی لە پشت سەرەو لەلایەک ئەو وەختەش کە لێک ‌دابڕاون لە حاڵاتی زۆر ئیستسناییدا نەبێ ئەوانەی لێک ‌دابڕاون هەموویان لە ڕێی ئامانجەکان‌دا تێکۆشاون، وا نەبووه‌ لە ئامانجەکانی ئەو حیزبە لایان دابێ، پاشانیش ئەرێ زۆر جار موتتەهەم دەکرێن کە ئەوانە لەسەر مەقام و لەسەر کورسی و نازانم لەسەر پووڵ و پاڕە و ئەوە پێکەوە هەڵ‌ناکەن، قەت شتی وا نیە، مەسەلەن هەر ئێستا ئەوە بۆ ماوەی نۆ ساڵە حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو بۆتە دوو حیزب، دوو حیزب بە تەواوی مەعنا، باشە لەسەر چ پارەیەک؟ لەسەر چ مەقامێک؟ ئرمن جارێکی دیکە ئەو عیباڕەتە بەکار دێنمەوە، «بە هەر دوو حیزبەکان دوو میتر خاکمان نیە کە یەکێکمانی تێدا بنێژرێ»، بێجگە لەوەی ئیمتیازاتی مادییشمان نیە. کەوابێ کورسیی چی و گەزی چی و جاوی چی؟ پاشانیش دەبینین کە لەتبوونی ئەحزاب نە تایبه‌ت به‌ حیزبی دێموکراتە، نە تایبه‌تی کوردی ئێرانە، نە مەخسووسی ئێرانییانە نە مەخسووسی کوردە، لە وڵاتانی زۆر پێشکەوتووی دنیادا حیزبەکان لەتبوونیان تێدەکەوێ، مەسەلەن ئەمن نەمدەزانی برادەری خۆمان کاک مستەفای شەڵماشی بۆی باس کردم گوتی لە هولەند سێ حیزبی دێموکراتی هولەندمان هەن، هەر ئێستا هەرسێکیان نوێنەریشیان لە پارلەماندا هه‌یە، لە وڵاتێکی دێموکرات‌دا حیزبێکی دێموکرات ئینشعابی تێدەکەوێ، حیزبی سوسیالیستی فەرانسە لە یەکێک لە کۆنگرەکانی‌دا (ئێستا ڕەقەمەکەیم لەبیر نیە) لە سەرحەدی لەتبوون گەڕایەوە، پێشنهادێک کرا کە بێن سازشێک بکەن و سازشیان کرد، شتی ئاوا هەر دەبێ کەوابێ ئەمە وانیە، بە باوەڕی من ئەگەر گلەییەکی گەورە بە ڕێبەران و هەڵسوڕێنەرانی حیزبی دێموکرات وارید بێ ئەوەیە کە پێم‌وایە ئەو دابڕان و لێک‌دابڕانەش لەسەر ئەوەی پەیدا دەبێ کە زەرفیەتی پێکەوە هه‌ڵکردن و بەرەو پێشبردنی بیرو باوەڕە جیاوازەکانیان زەعیفە، دەنا باشە حیزب بەوە پێش دەکەوێ کە بیر و باوەڕو بۆچوونی جودا جودای تێدابێ. دەنا ئەگەر بە قەولی یەکێک لە نەمران ئەگەر که‌سێک گوتی قوو هەموو بڵێن قووقوو ئەوە حیزب نیە، چونکی لە حاڵەتێکی وا دا یان یەک که‌س شت دەزانێ و ئەوانی دیکە هیچ نازانن، یان یەک نه‌فه‌ر دەسەڵاتی هەیە و ئەوانی دیکە ناچارن پەیڕەوی بکەن، حیزبێکی وا حیزبێکی باش نیە، بەڵام ئەوە کە ناتوانن جیاوازیی بیرو باوەڕەکانیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی یەکگرتوودا بەرنە پێش، ئەوە ئینقادێکی بەجێیە کە بە هەموو حیزبێک بەتایبەتی بە ئەحزابی کوردی واریدە.

ئاره‌ش لورستانی: حیزبی دیموکراتی بەوە تاوانبار دەکرێ کە رەوتی جیابوونەوەکان دوای دکتور قاسملوو دەست ‌پێدەکا، رای ئێوە چییە؟ هەروەها بە بڕوای بەڕێزتان هۆکاری ئەو کێشە و ناکۆکییانە چ بووه‌؟
مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە: ڕەنگە ئەو تاریخی لێک‌دابڕان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بەداخەوە له‌ ٥٠ ساڵیش کۆنتر بێ ، کۆنتر لەو دەورانەش بێ کە دوکتور قاسملوو تێیدا شەهید بووە، دوکتور قاسملوو ئەو ساڵ ٢٦ەمین ساڵی شەهیدبوونی بوو، بەڵام ئینشعابێک کە دوای دوکتور قاسملوو بووە یەکدانەیە، لە دەورانی دوکتور قاسملوودا هەر لە قۆناغی تازەی خەبات دا پاش ئینقلاب حیزب دوو ئینشیعابی تێکەوتوون. له‌ کۆنگرەی ٤ و کۆنگرەی ٨، لە پێش ئەو وەختیش چەند ئینشعابێک ڕوویان داوە، ته‌نانه‌ت ڕاپەڕینی ٤٦- ٤٧یش کە یەکێک لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانە نەتیجەی ئینشیعابێک بوو، کومیتەی ناوەندی موخالیفی بوو، بەشێک لە کادرەکانی حیزب دەگەڵ ئەو حەرەکەتە بوون و ئەو حەرەکەتەیان ئیدارە کرد کە تەنیا دوو یان سێ کەسیان لە کومیتەی ناوەندی بوون، ئەوانی دیکە هیچیان لە کومیتەی ناوەندی نەبوون، بەو حیسابە ئەمە وا نییە کە ئەو ئینشیعاباتە کە ٥٠ ساڵ لەوە پێش دروست بوون و ئەو ٥٠ ساڵە هەمووی ئەوەیە یان دوای دوکتور قاسملوویە، بەڵێ دوکتور قاسملوومان هەبوو، لە حەیاتی دوکتور قاسملوودا لە هەموویان دا ڕەنگە بەقەدەر یەک حوزووری نەبووبێ، بەڵام لەو حەیاتەی دا لانیکەم ٥ ئینشعابمان بووە، یەکێکیان هەر تەقسیمی حیزبی دێموکرات بووە، چەپ و راست لە نێو خۆی‌دا، کە وای لێهاتوە مەسەلەن یەکێکی وەک دوکتور قاسملوو لەسەر ئەو ئینشعابە لە عێراق وەدەر دەنرێ، یەکیان سه‌رهه‌ڵدانی شتێک بوو بەناوی کومیتەی ساخکەرەوە، یەکێکیان کومیتەی ئینقلابی. تەنانەت یەکێکی دیکەیان کە کەم ناوی دەبرێ پێکهاتنی «حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێبەرایەتی کاتی»، یان بڵێین «قیادەی مووەقوەت» ئەوە پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە حیزبی دێموکراتدا پەیدا بوو، راستە کەم بوون، بەڵام جەریان بوون. کەوابێ مەسەلەکە وانیە دەلایلەکەشی وەکوو عەرزم کردی ڕەنگە زۆر شت بێ بەڵام لە دیدگای منەوە یەک شت زۆر گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لەنێو میللەتی خۆمان دا نیین، ڕێبەری حیزبی دێموکرات و بەداخەوە حیزبە سیاسییەکانی دیکەی کوردی خۆرهەڵات و تەنانەت هەموو ئێرانیش لە دەرەوەی وڵاتن، نە دەرد و مەرگی خەڵکەکەی بە شێوەی مەحسووس دەبینن، نە فشاری خەڵکیان لەسەرە، ئەمن بۆیه‌ باسی فشاری خەڵک دەکەم چونکی هێندێک دەلیلم هەیە؛ ساڵی ١٣٥٨ شەڕی ناسراو بە شەڕی ٣ مانگەمان بەسەردا تەحمیل بوو، بەدوای شەڕەکەدا شتێک بەناوی هەیئەتی نمایەندەگی خەلقی کورد یان دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد دروست بوو، بەڕاستی دەبێ ئیعتراف بکەم فشاری بژارده‌کانی کۆمەڵی کوردەواری بوو ئەوەی دروست کرد، هاتن سواری سەری ڕێبەران بوون دەبێ ڕێک‌کەون و پێکەوە کار بکەن، ئەوە بوو کە ئەو هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کوردە لە چوار جەریان، حیزبی دێموکرات‌ و کۆمەڵە و چریکی فیدائی لقی کوردستانیان دیارە، دەگەڵ مەرحوومی مامۆستا شێخ عێزەدین دروست بوو، کەوابێ نەبوون لە نێوخۆدا مەجالێکی زیاتر دەخوڵقێنێ بۆ ئەو جۆرە شتانە، یانی بێکاریی تێدا، نەوعێک بێکاریی تێدایە، مەسەلەیەکی مەشهووریش هەیە که‌ دەڵێ دەستی بەتاڵ کارگەی شەیتانە.

ئاره‌ش لورستانی: وەک دوایین پرسیار، دەگوترێ سەد بریا حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وێکڕا یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبیان کردبایەوە، بە بڕوای بەڕێزتان زەمینە بۆ ئەم کارە لەبارە؟ ئەو دوو حیزبە بە سەرنجدان بەو کەشە راستەقینەیە، پێتان وایە ئەگەر یەکگرتووش بن لەو هەلومەرجەی ئێستادا چییان پێ‌دەکرێ کە ئەمڕۆ وەک دوو حیزبی جیا ناتوانن بیکەن؟
مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە: لە نێو کوردەواری‌دا شتێک هەیە دەڵێن دارێ بریایان بۆ کەس بەری نەگرتوە، بریا وا بایە، خۆزگە وا بایە دەردێک دەرمان ناکا و بۆ کەس نابێتە نان و ئاو، ئەوە کە زەمینە موساعیدە یان موساعید نیە جوابەکەی مەعلوومە، ئەگەر زەمینەی موساعید هەبایە ئەو جێژنەیان پێکەوە دەگرت، بەڵام ئەوە کە داخوا ئەگەر ئەو دوو حیزبە ببن بە یەک حیزب چ دەکا کە ئەمڕۆ ناتوانێ بیکا، بە باوەڕی من شتێکی فەوقولعادە ناتوانێ بکا، بەڵام تەئسیرێکی یەکجار زۆری بەتایبەتی لەباری ڕەوانییەوە لەسەر خەڵک و لەسەر کۆمەڵی کوردەواری دەبێ، ئیعتباری ئەو حیزبەی کە دروست دەبێ پتر دەباتە سەرێ، خەڵک بە ئاییندە خۆشبین‌تر دەبێ، بەڵام خۆ بۆ ئەوە پێویست ناکا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان حەتمەن یەک‌بگرنەوە، ئه‌من پێم وایە بە قەولی فارسی ڕێگەی دوعامان ون کردوە، دەنا خۆ ئێستا ئیدی لە سەحنەی سیاسی کوردستانی ئێران‌دا تەنیا ئەو دوو حیزبە نین، رێکخراوی دیکەش هەن. یەکێک زیاترە، یەکێک کەمترە موناقشەی ئەوە ناکەین. بەڵام دەبێ بە هەمووانمان ئەو ئه‌رکانەی دەکەونە سەرشانمان وەکوو حیزبی سیاسی بە هەمووانمان جێبه‌جێ بکەین، ئەوە تەنیا رێگەیه‌ و هاسانترین رێگە و عەمەلیترین ڕێگەش ئەوەیە کە بێینە سەر موشتەرەکات، پێک بێین و پێکەوە کاری هاوبەش بکەین، ئەگینا پێ‌داگرتن لەسەر ئەوەی حەتمەن دەبێ کۆمەڵەکان ببن بە یەک، حەتمەن دەبێ دێموکراتەکان ببن بە یەک بە باوەڕی من نامان‌گەیەنێتە جێیەک، چونکه‌ بەداخەوە ئەزموونێکی ٨-٩-١٠ ساڵە ئەوەمان پێ دەڵێ تەنانەت بە نیسبەت کۆمەڵەوە ئەزموونێکی ١٥ ساڵەش، چونکی ئەوان ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی یەکەم جار ئینشعابیان تێ‌کەوت، بەو پێیە پێم‌وایە یەکگرتنەکە حەتمەن تەئسیری هەیە، ئیعتباری حیزبەکەی دەباتە سەرێ، بەڵام بەڵێ گۆڕینی نەوعی لە کار و تێکۆشان‌دا لە حوزووردا تەنیا بە بوونەوە یەکی دوو حیزب یان بوونەیەکی سێ حیزب ڕوو نادا، زۆر ئاڵوگۆڕی دیکە لە دەوروبەرمان هەن کە تەئسیری ئێمەیان کەمتر لەسەرە، لە خاریجی ئیرادەی ئێمە ڕوو دەدەن یان ڕوویان داوە، ئەوانەش دەتوانن کاریگەر بن، ئه‌من لەبارەی جه‌بهەشەوە زۆر جار دەڵێم ئێستا سبەینێ جه‌بهە پێک بێ دووسبەی لە ئێران هیچ ناگۆڕێ، بەڵام جه‌بهە ڕووحیەیەک و هومێدێک دەدا بە خەڵکی، ئەوەی نابێ بە کەم بگرین.
لە ژماره‌ ٦٦٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌