پەیامی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان

کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی کوردستان!

پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی نیشتمان!

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی هەموو ساڵێک بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و تێکۆشەرانی کورد بەتایبەتی، وەبیرهێنەرەوەی ڕووداوێکی مێژوویی و نەتەوەییە. ٧٥ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٧ی دیسامبری ١٩٤٥)‌ دا بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لە شاری مهاباد هەڵکرا. ٣٩ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆل و فیداکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان‌دا، ئەم ڕۆژەی بە “ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان” ناودێر کرد. بۆیە ئێستا لە یاد و بیرەوەریی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت تێکۆشەرانی دێموکرات‌دا، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی هەموو ساڵێک وەک “ڕۆژی ئاڵای کوردستان” و “ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان” ڕێزی لێ دەگیردرێ.

دیاریکردنی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، بڕیارێکی درووست و لە جێی خۆی‌دا بوو. چونکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە لایەک هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە بەرنامەی‌ دابوو کە “پێویستە لە فکری پاراستنی کوردستان”دا بێ، هەر دوای چەند مانگ لە دامەزرانی، کە کۆماری کوردستانی دامەزراند، لەو باوەڕەدا بوو کە پێویستە هێزێک بۆ پاراستنی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی هەبێ. هەر بۆیە فەلسەفەی پێکهێنانی “سپای میللیی کوردستان” کە ناوی “هێزی پێشمەرگەی کوردستان”ی لە سەر دانرا، بۆ ئەم تێڕوانینە دەگەڕێتەوە. ئاڵای کوردستان و هەڵکردنی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانەوە، بەشێکی هەرە گرینگ و ئەساسیی دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانە، بۆیە پاراستنی ئەم دەسکەوتە ڕاستەوخۆ دەکەوتە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تا ئێستاش ئەوە بە شێوەی عەمەلی ئەم ئاڵایە کە هێمای مان و مەوجوودیەتی نەتەوەی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەیەتی، لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پارێزگاریی لێ دەکرێ.

جیا لە هەموو ئەمانە چ لە سەردەمی کۆماری کوردستان و چ لە قۆناغەکانی دیکەی خەباتی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی کوردستان‌دا بەرانبەر بە ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لە ئێران، خەبات و بەرەنگاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو پارێزگاری لە خاک و خەڵکی کوردستان و بەرەوپیشبرنی ئەو پەیام و ڕەسالەتانەی کە لە هێمای ئاڵای کوردستان‌دا خۆ دەنوێنن، بەشی هەرە پڕدەسکەوت و پڕ لە شانازیی بزووتنەوە گەورە نەتەوایەتییەکەیە. ئەگەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانەوە بە مانای هۆوییەت و کەسایەتیی پێبەخشینێکی زاتی بە نەتەوەی کورد و نیشتمان و خەباتەکەی بوو، دامەزرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەو دەور و ڕۆڵە پڕ لە فیداکاری و قارەمانەتییەی کە ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی پاڕێزگاری لە خەڵک و نیشتمانەکەیان‌دا گێڕایان و لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزەدا بەردەوامن، شانازییەکی گەورە و گرانە.

ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک دوو دەسکەوت و میراتی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان، لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان و تێڕوانینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا وەک دووانەی لێکدانەبڕاو و بەشێک لە ماهییەتی خەباتی شوناسخوازانەی ئەم میللەتە بە پیرۆزییەوە سەیر دەکرێن و ڕێزیان لێ دەگیردرێ. بە خۆشییەوە ئەو پەیام و داخوازیانەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناوی‌دا خەبات دەکات و فیداکاری بۆ کردوون و دەیکات، لە سەر ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی‌دا وەک بنەما و پڕنسیپگەلی ڕەوا و ئینسانی پێناسە دەکرێن و ناو و ڕۆڵی پێشمەرگە ئێعتبارێکی جیهانی وەرگرتووە.

بۆیە لە یادی ٢٦ی سەرماوەز (ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە)دا حیزبی دێموکراتی کوردستان کە خاوەنی بیرۆکە و دامەزرێنەری هەردوو ئەم دەسکەوتە مێژوویی و نەتەوەییانەیە بە شانازییەوە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەواوی ئەو کەسانە دەگرێت کە چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوودا وەک پێشمەرگە لە پێناو ئامانجە بەرز و ڕەواکانی خەڵکی کوردستان‌دا ڕۆڵیان گێڕاوە. بە دڵنیابوون لە هەڵکردنی سەرلەنوێی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پێناو وەدەسهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان‌دا پێشمەرگانە بەردەوام دەبین.

سڵاو لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان،

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان،

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی پێشمەرگە

٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩

١٤ی دیسامبری ٢٠٢٠