مامۆستا محه‌مه‌د (مەلا محەممەد گۆمانی) نموونه‌ی تێکۆشه‌رێکی بوێر.

به‌هۆی کۆچی مامۆستا محه‌مه‌د هه‌موو خه‌ڵک زۆر دڵته‌نگ بوون. هه‌موو به په‌رۆشن.
مامۆستا له هزری ئێمه‌دا، هه‌ر به زیندووی ده‌مێنێته‌وه‌، چوونکه ئه‌و مرۆڤێک بوو، شایسته‌ی هه‌موو ئاوه‌ڵناوه‌ باشه‌کانی فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی بوو، بۆیه‌ هه‌موومان به کۆچی مامۆستا دڵته‌نگین! گه‌لیی کورد، تێکۆشه‌رێک، شۆڕشگێر و مرۆڤێکی دڵسۆزی خاک و خه‌ڵکی له‌ده‌ستدا.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ چه‌ند دێڕ بنووسم بۆ کۆچی مامۆستای به‌ڕێز، مه‌لا محه‌مه‌د.
کاتێک ڕژێمی تێرۆریستی ئێران، ده‌که‌وته‌ گیانی ڕۆڵه‌کانی کورد، تێرۆری ده‌کردن، جه‌سته‌ی کوڕان و کچانی نیشتیمان خه‌ڵتانی خوێن ده‌کران، خه‌ڵکی ته‌نها به بیستنی ناوی ئه‌و، ئومێدیان به ژیان زیاتر ده‌بوو. کاتێک دایکان، به چاوی فرمێسک، ته‌رمی ڕۆله‌ تێرۆرکراوه‌کانیان ده‌گرته باوه‌ش و ده‌که‌وتنه سه‌ر ئه‌ژنۆ، دڵی به ئێش، به بینینی مامۆستا، ئومێدیان بۆ سه‌رکه‌وتن زۆرتر ده‌بوو.
چوونکه ئه‌و نموونه‌یه‌کی بوێر و سه‌رکه‌توو بوو به‌سه‌ر ڕژێمێکی تۆقێنه‌ر و تێرۆریستدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مامۆستا محه‌مه‌د هه‌میشه‌ له هه‌موو پێشهاته‌کاندا، پێشه‌‌نگ و هاوده‌ردی خه‌ڵک بووه.

مامۆستا توانایه‌کی زۆری زانسته‌ سیاسیه‌کان، زانسته‌ دینی و ئایدۆلۆژیه‌ جیاوازه‌کانی هه‌بوو.
له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی کوردیدا هه‌ندێک که‌س په‌یدا ده‌بن، نموونه‌ی چرایه‌کی ڕووناک، که شه‌پۆله‌کانی ڕووناکی بڵاود‌ه‌‌که‌نه‌وه‌، خۆزگه‌ ئه‌و که‌سانه‌ له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مردن ده‌‌بوون، چوونکه مامۆستاش یه‌کێکه له‌وانه‌. کاتێک گوێبیستی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ ده‌بووین، به وته‌ جوانه‌کانی سه‌رسامی ده‌کردین.

شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی، لێکدانه‌وه‌کانی بۆ دین و سیاسه‌ت، لێکدانه‌وه‌کانی بۆ فه‌لسه‌‌فه‌ی ویژدان و ئه‌قڵیه‌ت، خوێندنه‌وه‌‌کانی خۆی، بۆ فه‌یله‌سوفه‌ یۆنانیه‌کان، سوکرات و پلاتون، خوێندنه‌وه‌کانی خۆی بۆ ژیان له ژێر ئاین و ده‌ره‌وه‌ی ئاین، وته‌کانی ده‌رباره‌ی هۆکاره‌ چه‌وته‌کانی توندڕه‌وی له ئایندا، هه‌موو ئه‌و شتانه، خواستی مرۆڤی زیاتر ده‌کرد بۆ گوێگرتن له مامۆستا. وشیاری کۆمه‌ڵگا به‌لای مامۆستاوه‌ گرنگ بوو. له هه‌موو بواره‌کاندا توانایه‌کی زۆری هه‌بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌کی جوان و جیاوازی بۆ شته‌کان هه‌بوو. ئه‌وه‌ش وای له مرۆڤ ده‌کرد، باش گوێ بگرێ، به ئیشتیاوه‌ گوێبیستی وته‌کانی بێت.

مامۆستا محه‌مه‌د مرۆڤێک بوو هه‌میشه‌ خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری خۆشیان ده‌ویست، پرس و ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ ده‌کرد. چوونکه جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵک بوو.
مامۆستا، زۆر به داخه‌وه‌ له ده‌ستی هه‌موو خه‌ڵکی کورد چوو، به‌ڵام نه‌مره‌ دڵنیام له یادی ناکه‌ین.
دلشاد پرونی.
سێ‌شه‌مه 25 سه‌رماوه‌ز 2720