کۆچی دوایی مەلا محەممەد گۆمانی ناسراو بە مەلا چەتە

بەداخێکی گرانەوە ئەمرۆ دوای چەند حەوتوو بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی کۆرۆنا، کاک مەلا محەممەد محەممەدی ناسراو بە مەلا چەتە لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

کاک مەلا محەممەد لە ساڵی ١٩٤٨ی زائینی لە گوندی گۆمانی ناوچەی نەڵێنی ڕەبەت لە دایکبوو، هەر لە هەڕەتی مێرمنداڵیدا دەستی بە کاری وەرزێزی کردووە و دواتریش بۆ خوێندن نێردراوەتە حوجرەی فەقێیان و ئەوەندەی توانای هەبوو لە حوجرە و لە مزگەوتەکان دا درێژەی بە خوێندنی فەقێ‌یایەتی داوە و هەر لەو شوێنە لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و کەسایەتی شۆڕشگێر و دێموکرات ئاشنا دەبێ و لە نزیکەوە دەبێتە یار و یاوەری شۆرشگێرانی دێموکرات.

لەگەڵ هاتنەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٤٢ تا ١٣٤٧ی هەتاوی کاک مەلا محەممەد بە ڕەسمی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و پێداویستی‌یەکانی ئەو کاتی کادرەکانی حیزب دریغی ناکا و بە هەموو تواناوە یارمەتیدەری ئەو پۆلە لە کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات دەبێ.

هەڵسوورانی کاک مەلا محەممەد لەو سەردەم دا بۆ دۆست و دوژمن دیار بووە و هەر بۆیە لە لایەن ساواک و ڕوکنی ٢ی ئارتەش پەلامار دەدرێ و دەگیرێ و ڕەوانەی زیندانەکانی ئەو کاتی رژێمی پاشایاتی دەکرێ. کاک مەلا محەممەد لە زیندان دا لەگەڵ پۆلێک تێکۆشەری دیاری گەلەکەمان ئاشنا دەبێ و لەوێ زیاتر لە گەڵ مێژووی گەلەکەی و حیزبەکەی و هەروەها زوڵم و زۆری رژێم لە خەڵکی کوردستان ئاشنا دەبێ.

کاک مەلا محەممەد لە زیندان دا وەک لاوێک، هەستی نیشتمانپەروەری خۆی زیاتر نیشان دەدا و لە گەڵ کەسایەتی‌یە دیارەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان زیاتر لە ڕاوێژ دا دەبێ و زیندان دەکاتە مەکۆی فێربوون و ئاشنابوون بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی. دوای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار دا دەبێ، دواتر لە دەرفەتێک دا دەتوانێ دەرگای زیندان بشکێنێ و خۆی لە زیندان ڕزگار بکات. دوای راکردنی لە زیندان ئارتەش و ساواک لە ئاگاداری‌یەک دا ڕوو بە پاسگا و پرسگەکانی سەر بە رژێم و خەڵک دەڵێن چەتەیەک لە زیندان ڕای کردووە و داوای یارمەتی لە خەڵک دەکەن، بەڵام کاک مەلا محەممەد زۆر ئازایانە خۆی دەرباز دەکا و پاش ماوەیەک دواتر بەداخەوە لە لایەن چەند کەسێکی نەفس نەزم دەگیرێتەوە و تەحویلی پاسگای گوندی مەزرا دەدرێت و هەر لەو کاتەوە ناوی چەتە بە سەر کاک مەلا محەممەد دا دەسپێ و ئەویش بە دڵەوە ئەو ناوەی قەبووڵ کردبوو، چوونکە هەر ئەو کات رژێمی شا بۆ بەدناو کردنی شۆرشگێران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو شوێنێک ئەوانیان بە نێوی چەتە بە خەڵک دەناساندن و رژێم نەیدەزانی کە خەڵکی کوردستان، بە هەموو هێز و توانایانەوە، کەسایەتی بەرزی ئەو شۆڕشگێرانە دەناسی و بە دڵەوە یارمەتیان دەدان.

کاک مەلا محەممەد نزیک بە چوارساڵ لە زیندانەکانی رژێمی شادا مایەوە و دواتر ئازاد کرا و لە ژێر چاوەێری تەواوی ساواک و ئارتەش دابوو، لەگەڵ راپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران، ناوبرا دەبێتە کەسێکی دیاری نێو کۆڕو کۆبوونەوەکان و دوای ڕووخانی رژێمی پاشایاتی لە یەکەم پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سەردەشت و ڕێکخراوی میراوێ دەبێ و لە دەورەی بەشی قەزایی و کۆمەلایەتی دا بەشداری کرد و ساڵانێکی زۆر وەک کادر و پێشمەرگەی حیزب لە کۆمیتەکانی میراوێ و کۆمیتەی دم چۆم لە ناوچەدا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و لە چەندین شەری ناوچەی سەردەشت دا بە پێی توانای خۆی بەشداری دەکا.

دوای ئەوە کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و سەر سنوور ئاوەدان دەکرێنەوە کاک مەلا محەممەدیش لە تەنیشت بنکەکانی حیزب ماڵ دادەنێ و لەگەڵ هەر ئاڵوگۆرێکی بنکەکان ماڵی کاک مەلا محەممەدیش ئاڵۆگوری بەسەر دادێ و دواتر لە شاری ڕانیەی هەرێمی کورستان دەگیرسێتەوە و خەریکی کارو کاسبی دەبێ و ئەرکی ئەندامەتی خۆی بە چاکی بەرێوە دەبا و ماڵ و دووکانی دەبێتە شوێنی بە یەک گەیشتنی خەڵک و کادرەکانی حیزبی.

کاک مەلا محەممەد بە هۆی هەڵسوورانی لە لایەن رژێمی ئێرانەوە هەڕەشەی لێدەکرێ و تیمێکی تیرۆری بۆ دادەنێن و بە زیرەکی و وریایی خۆی و بەشی ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات دەتوانێ ئەو پیلانەی رژێم پووچەڵ بکاتەوە، مامۆستا یەکێک لەو کەسایەتی‌یانە بوو کە بۆ وەسەریەکخستنەوەی دوو لایەنی حدکا و حدکاـ رش هەوڵێکی زۆر دەدا و دەبێتە وەڤدی بە یەک گەیاندنی دوو لایەنی دێموکرات و لەو راستایەدا پشکی شێری پێدەبڕێ.

کاک مەلا محەممەد لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەدی زائینی لە ڕێگای یوئێنەوە لە وڵاتی سوئێد وەردەگیرێ و لەوێش وێرای سەدان کەسی دیکە وەک ئەندامی حیزب خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و لە زۆربەی کۆڕو کۆبوونەوەکانی حیزبی دا بەشداری دەکا و کەسێکی ساحەب هەڵوێست و قسە لەڕوو و خۆش مەشرەف بوو، مرۆڤێکی میواندۆست و خەمخۆری گەل و نیشتمان بوو، لە زۆربەی خۆپێشاندان و کۆڕو کۆبوونەوەکانی نەتەوەیی و حیزبی دا چالاکانە بەشدار دەبوو و ئەوەندەی لە توانای دابوو لە ئاست مەسەلەی یەکریزی نێوماڵی کورد و دێموکرات دا هەوڵی دا و بەداخەوە مەرگی ناوەختی دەستی کۆرۆنا مەجالی ئەوەی پێنەدا کە زیاتر لە خزمەت گەل و نیشتمان دابێ و ئازادی نیشتمان بە چاوی خۆی ببینێ.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مەلا محەممەد گۆمانی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کوڕ و کچ و هاوسەری ژیانی و خوشک و براکانی و تێکرای خزمانی لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.

ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەرەسووڵ کەریمی

١٤ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٠