پێشمەرگە شۆڕشگێڕێکی وڵات‌پارێز. شەونم هەمزەیی

لەگەڵ بیستنی ناوی پێشمەرگە، چەمک‌گەلێکی وەک خۆنەویستی، ماف‌ویستی، بەرژەوەندیی گشتی، گیان‌بازی، فیداکاری، نەمری و … دێتە مێشکەوە.
پێشمەرگە ھێزی چەکداری گەلە و بەرزترین نوێنگەی شۆڕشگێڕیی کردارییە؛ واتە پێشمەرگە لووتکەی شۆڕش و بەرخۆدان و پاراستنە. ئەو کەسەیە کە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی ھێندە بەرزە کە لە پێناو پاراستنی نیشتمان و دەسکەوتەکانی‌دا گیان و ژیانی خۆی بەخت دەکا، ڕاستە ئەم هێزە چە‌کدارە بەڵام کاری تەنیا چەک‌ھەڵگرتن و شەڕکردن نییە، بەڵکوو لە پێناو وەدی هێنانی ئامانجەکەی کە ڕزگاریی نەتەوەییە لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات کەلک وەر دەگرێ، بۆیەش پێمان وایە دوایین وێستگەی شۆڕشە، شۆڕشێک کە بە مانای گۆڕانی بنەڕەتیی سیاسی دێ. پێشمەرگە ئەو مرۆ خاوەن هەڵوێستەیە کە نەیتوانیوە شاهیدی کۆیلەیی و ژێردەستیی گەلەکەی بێ و زوڵم و زۆری داگیرکەران قبووڵ بکا. هەر نەتەوەیەک پێویستی بە کەسانێکی گیان لە سەر دەست بۆ بەدەست هێنانی ماف و پاشان بەرگری و پارێزگاری لەو مافانە هەیە؛ لە کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان‌دا پێشمەرگە بەرپرسیاری پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانە و، ناوی پێشمەرگە و چەمکی مافی نەتەوەیی لێک گرێ دراون.
گه‌لی کورد وه‌ک گه‌لێکی دابه‌ش‌کراو کە جوغرافیاکەی داگیر کراوە، هه‌موو کات بۆ به‌ده‌ست ‌هێنانی ماف و سه‌ربه‌خۆیی تێ‌كۆشاوه‌. لە کوردستان بەو چالاکوانە سەربازی و سیاسییانە کە مانەوەی ئەم نەتەوەیە بە خەبات و چالاکیی ئەوانەوە بەستراوەتەوە پێشمەرگە ده‌گوترێ، کە بۆتە بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی و هێمای ئازادی و خۆڕاگری و فیداکاری. ‌
حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی سیاسیی مودێرن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەرنامە و پرۆگرامی تایبەتی بەڕێوەبەریی وڵاتی هەبوو و دەکرێ بڵێین زیاتر بۆ ئەم مەبەستە دامەزرابوو، لە کۆمەڵگەیەک دەستی بە چالاکیی سیاسی کرد، کە ئەو کۆمەڵگەیە هێشتاکەش لەگەڵ بنەماکانی دەوڵەت‌داری و سیستمی دەسەڵاتی دێموکراتیک و سەردەمییانە بە دوور بوو؛ هەر بۆیە ئەو حیزبە بە پێویستی زانیوە سیاسەتی پەروەردەی تایبەتی هەبێ بۆ ئامادە کردنی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ دەسپێکی ژیانێکی نوێ کە سیما و ویستی کۆمەڵگە بگۆڕێ. لەگەڵ ئەم بەرنامانە هاوکات هەوڵی جددیی ڕێبەرانی ئەم حیزبە بە دامەزرانی کۆماری کوردستان کۆتایی پێ هات.
وەک باس کرا حیزبی دێموکرات لە سەر بنەمای بەڕێوەبردن، بیری نیشتمانی و ئیدارەی ئەو ناوچەیە لە کوردستان دامەزرابوو، بۆیە لە یەکەم ڕۆژەوە بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی دەدا. لە زووترین کات‌دا کەوتە هەوڵی دروست کردنی دامەزراوە نیشتمانییەکانی وەک سپا، خوێندنگە و وەزارەتخانەکان. کە خودی دامەزرانی حکوومەتێکی کوردی یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گرینگەکانی کۆماری کوردستان بوو و، بە لێوەشاوەیی و وردبینیی بەڕێوەبەرانی ئەم دەسەڵاتە هێزی سەربازیی کوردی دامەزرا و ناوی پێشمەرگە لەسەر ئەو سەربازە نیشتمانییانە نرا؛ کە بەرزترین ئەرکیان هەتا بە ئێستاش پاراستنی دەسکەوتە ماددی و مەعنەوییەکانی گەلی کوردە. ئەوەش بڵێین ئەم دەسکەوتانە بە ڕادەیەکن کە نووسینەوەی مێژووی سەدەی هاوچەرخی کوردستانی گەورە و ئێران بەبێ ناوهێنانی حیزبی دێموكرات، نووسێنێکی ناتەواو دەبێ، چونکە ئەو حیزبە لە چەند قۆناغی گرینگی وەک کۆماری کوردستان، شۆڕشی جووتیاران، شۆڕشی ٤٦-٤٧ و لە خەباتی چەکدارانەی دوای ساڵی ٥٧ـەوە تا بە ئێستا بە تەواوی جێ‌پەنجەی بەسەر ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کوردستانەوە دیارە.
پێش‌تریش ئاماژەی پێ کرا شانازیی دامەزرانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد دەگەڕێتەوە، کە دواتر بە بیرێکی شۆڕشگێڕانەوە و بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی هەبووە هەتا ئێستا کە لە دەستی درێژەدەرانی ئەم ڕێبازەدایە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەرنامەی بەڕێوەبردنی وڵاتی بۆ قۆناغی پاش ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، لە دژوارترین کاتەکان‌دا و بە پێی هەل‌ومەرج، گرنگیی بە لایەنی پەروەردەی ئەندامانی خۆی لە ئاستی پێشمەرگەوە بگرە تا کادری ڕێبەریی حیزب داوە. پەروەردەی حیزبی دێموکرات بۆ ئەو کەسانەی کە بە فەرمی دەبنە پێشمەرگە لە قۆناغی دەسپێکی کاری سیاسی و تەشکیلاتی، هەنگاوی کردەیی بە خۆوە دەگرێ. ئەم تایبەتمەندییەی حیزبی دێموکرات تەنیا هیی ئەم سەردەمە نییە، بەڵکوو هەر لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە و لە هێندێ ناوچەدا بە دەر کردن و بڵاو کردنەوەی نامیلکە لە ژێر ناوی “زانیاریی پێشمەرگە”دا خۆی دەر خستووە.
لە بواری بیری نیشتمانی و نەتەوەییەوە لە مەڕ پارێزگاری لە بایەخە مرۆییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکرێ لە دوو ڕەهەندەوە لە سەر سیاسەتی ئەم حیزبە هەڵوێستە بکرێ. ئەم حیزبە وەک حیزبێکی میللی- دێموکراتیک هەم گرنگیی بە ئاگاهیی نەتەوەیی و سیستماتیک کردنی ئەو بایەخە لە وجوودی تاکی کۆمەڵگەی خۆی ‌داوە و، هەم پرەنسیپی شۆڕشگێڕانەی کردووەتە فەرهەنگێکی بەرز بۆ ئەندامانی خۆی. یەکێک لە دەسکەوتە سیاسی و مێژوویی‌یەکانی کۆماری کوردستان پێک هێنانی “سپای میللی” بە مەبەستی پاراستنی کۆماری کوردستان و شوناسی تاکی کورد بووە، کە ئەویش خزمەت بە هەر دووک لەو ڕەهەندانە دەکا کە لە سەرترەوە هاتوون، واتە ئاگاهیی نەتەوەیی و جێگیرکردنی کولتووری شۆڕشگێڕی لە ناخی مرۆڤی کورددا.
گرنگی بە لایەنی سەربازی لە مێژووی ئەو حیزبە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ڕۆژێک بە ناوی ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕانەوە کراوە، ئەویش ٢٦ـی سەرماوەز واتە ڕۆژی “پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان”ـە. پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ـی هەتاوی کە بزاڤی میللی- دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو قۆناغێکی دژوار دەڕوا، ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبە بە مەبەستی بارهێنانی هێزی مرۆیی خۆی “فێرگەی سیاسی – نیزامی” دادەمەزرێنێ و هێزی سەربازیی خۆی لە چوارچێوەی هێزێکی ڕێک‌وپێک هەم لە بواری سیاسی و هەمیش لە بواری نیزامیی‌دا پێک دێنێ کە کارایی باش و شوێن‌دانەریان هەبووە لە خەباتی ڕەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا.
پێشمه‌رگه‌ ئه‌و که‌سه‌یه‌ کە کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی وا دەکا ببێتە هێمایەکی نیشتمانی، لەو پەڕی خۆنەویستی بۆ گەشە و ڕزگاریی وڵات بەرەو پیری مه‌رگ دەچێ. لە لایەکی ترەوە جەوهەری کاری پێشمەرگانە بریتییە لە کاری خۆبەخش و بەبێ بەرژەوەندیی ماددییەک کە تەنانەت لانی کەمەکانی ژیانی بۆ مسۆگەر بکا.‌ پێشمه‌رگه‌ وەک مرۆڤێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست که‌ هه‌موو کات به‌رپرسیاریه‌تیی ئازادیی نه‌ته‌وه‌که‌ی خستووەته‌ سه‌رشان و تا دوا ساته‌کانی ژیان له‌ خزمه‌ت وڵاته‌که‌ی بووه‌، دوو تایبەتمەندیی سەرەکی وەک کاری خۆبەخشانە و بەرپرسیارەتی وای کردووە کە تەنانەت دوای شه‌هید بوونیشیان ببن به‌ سیمبولی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و گەلەکەیان شانازییان پێوە بکا.
ئەو تایبەتمەندییانەی پێشمەرگە وای کردووە کە واتای پێشمەرگە لە تایبەتەوە بۆ حاڵەتی گشتی بگوازرێتەوە و، هەر کەس بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرپرسیارەتی وەر بگرێت و دڵسۆزانە کارەکانی بەڕێوە ببا خەڵک بە پێشمەرگەی دەشووبهێنن. بۆ نموونە مامۆستا یا پزشکێکی دڵسۆز و فیداکار سیفەتی پێشمەرگانەی پێ دەبەخشرێ. بە واتایەکی تر پێشمەرگە بوون لە چالاکییەکەوە بووەتە ڕەفتارێک کە لێوانلێوە لە بەرپرسیارەتی و هه‌ر تاکێک لە هەر شوێنێک بێ ده‌کرێ پێشمه‌رگه‌ بێ.
لە جیهانێکدا کە دەوڵەت – نەتەوەکان توانیویانە بە هێزی خۆیان شوێن‌پەنجەیان لەسەر کەم‌وزۆری ڕووداوە سیاسییەکاندا هەبێ، بەشێکی هەرە زۆری ئەو کاریگەرییەیان دەگەڕێتەوە سەر بەهێز بوونیان. لە ئێستادا و بە لە بەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستمان بە هێزێکی تۆکمە و کارا و یەک‌گرتوو هەیە، کە چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە ئەم هێزە لە پێشمەرگەی کوردستان‌دا دەستەبەر بێ.
لە کۆتایی‌دا پێویستە ئەو ڕاستییە بڵێین کە پێشمەرگە هەر وەک کە ئاماژەی پێ کرا لە کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان‌دا لووتکەی ئیرادە و ترۆپکی شۆڕش بووە، بەڵام بە پێی پێویست و بە گوێرەی شیاوییەکەی ڕێزی لێ نەگیراوە و، ئەرکی هەموومانە ئەم هەوڵە ئەرێنییە کە زووتر لە سەر دەستی حیزبی دێموکرات کراوە و ڕۆژێکی بە ناوەوە کراوە، ئەوەندەی بۆمان دەکرێ پەرە پێ بدەین و بەرز بنرخێنین؛ چونکە بەرز نرخاندنی پێشمەرگە، بایەخ دان بە ئامانجەکانمان و بە دەسکەوتە سیاسییەکانمانە و هاوکات – بە لە بەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە گەلێکی زۆر لێ‌کراوین – ڕازی مانەوەشمانە.