کۆچی دوایی دایە خانزاد سولێمانی دایکی بەرێز کاک خدری مام شێخ عەبدوڵڵای بێوران

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە ڕۆژی دووشەممە دایە خانزاد سولێمانی هاوسەری بەرێز مام شێخ عەبدوڵلای بێوران دوای ماوەیەک نەخۆشی لە تەمەنی ٨٦ ساڵی دا لە ئامێزی بنەماڵەی دا کۆچی دوایی کردووە.

دایە خانزاد سولێمانی لە ساڵی ١٣٠٨ ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و خۆشناوی گوندی بێورانی خوارێ لە ناوچەی سەردەشت لە دایک دەبێ و هەر لە سەرەتای مێرمنداڵی‌یەوە وێرای هەموو ئەندامانی بنەماڵەی خەریکی کاری نێوماڵ و باخ و باخات و چوونە هەوار و مەڕداری بووە. لە ئامێزی بنەماڵە دا فێری گەلدۆستی و نیشتمانپەروەری بووە و دوای ئەوە ژیانی هاوبەش پێکدێنێ، لە ئەزموونی بنەماڵەی خۆیان و هەروەها ماڵی مام شێخ عەبدوڵلا کەڵک وەر دەگرێ و دەبێتە یەکێک لەو خاتوونە بە ئەمەگ و خۆشناوانەی ناوچە.

دایە خانزاد ژنێکی ماندوونەناس و لە هەمان کاتدا دەست ڕەنگین و میواندۆست بوو، لەگەڵ خەم و ئازار و شادی گشت لایەک بوو، مشووری لە گشت لایەک دەخوارد و تا بڵێی خەڵکی خۆسدەویست و ئەوانیش ڕێز و خۆشەویستیان بۆ دایە خانزاد هەبوو.

لە ئامیزی خۆی دا چەند کوڕ و کچ و نەوەی گەورە کردوون و دوای کۆچی دوایی مام شێخ عەبدوڵلا بۆ جگەرگۆشەکانی هەم دایک بووە هەمیش باب و بە هیممەت و ئیرادەی خۆی جێگای بابی بۆ منداڵەکان پڕ کردۆتەوە.

لە کاتی شۆڕش و ڕاپەرین دا کوڕ و خزمەکانی وەک پێشمەرگە لە ریزی پێشەوەی ئەم شۆڕشە دا بوون و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە هەمیشە دڵی بۆ شۆڕش و بۆ ئازادی گەلەکەی لێبدا و وەک پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە هانی خەڵکی داوە کە ڕێز لە شۆرشگێران و لە پێشمەرگەی کوردستان بگرن.

لەو پێناوە دا یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی کاک خدری مام شێخ عەبدوڵلای ساڵانێکی دوور و درێژ بۆ ڕزگاری گەلەکەی لە ریزی تێکۆشەران و ئازادیخوازان دا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکات و هەنووکەش وەک کەسێکی خەمخۆر بە گەل و نیشتمان لە تاراوگەدا ژیان تێپەر دەکات.

دایە خانزاد هەمیشە چاوی لە ئاسۆگەی گەل و نیشتمان بووە بۆ ئەوەی کوڕ و نەوە و منداڵەکانی بە ئازادی بگەرێنەوە نێو ئامێزی گەل و ئەویش جارێکی دیکە لە ئامێزیان بگرێتەوە.

مخابن بەساڵاداچوویی و نەخۆشی مەجالی ئەوەی بە دایە خانزاد نەدا کە ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی خۆی ببینی و ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٥ دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد دڵی پڕ لە هیوای لە لێدان کەوت و چاوەگەشەکانی بۆ هەمیشە لە سەریەک دانان و ماڵئاوایی لە خزمو  کەس و کار و ئەندامانی بنەماڵەکەی کرد و بە کۆچی خۆی هەموو لایەک و بە تایبەت کوڕی تاراوگە نشینی خەفەتبار کرد.

تەرمی دایە خانزاد لە نێو ئاپۆرای دڵ بە خەمی خزمان و ئەندامانی بنەماڵە و هەروەها خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ و گوندەکانی دەوروبەر و هەروەها شاری سەردەشت لە گۆرستانی بێورانی خوارێ بە خاک سپێردرا.

بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە خانزاد سولێمانی لە لایەن بنەماڵەی کاک خدری مام شێخ عەبدوڵلای کوڕی خوا لێخۆشبوو دایە خانزاد، کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی لە ڕۆژی شەممە لە ڕێکەوتی ٢٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٥ لەوڵاتی نۆروێژ بەرێوە دەچێ.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٥

کاتژمێر ١٣:٠٠ بۆ ١٨:٠٠

ئادرەس: Hugins vei 9

1349 Rykkinn

تەلەفوون بۆ پەیوەندی گرتن:

٠٠٤٧٤١٤٩٠٤٥٢

٠٠٤٧٩٧٥٥١٠٧٧

تێ‌بینی:

داوا لە هاوڕێ و دۆستانی دوور و دەرەوەی وڵات دەکەین بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتووچۆ لە هاتن بۆ کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی خۆ ببووێرن و دەتوانن لە ڕێگای تەلەفوونەوە هاوخەمی خۆتان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی کۆچکردوو دەرببرن.

کۆمەڵێک لە دۆستانی کاک خدر لە وڵاتی نۆروێژ