بەیاننامە هەڵوێستمان لە بارەی ڕووداوە خوێناوییەکانی ئەم دوایانەی باشوور و باکووری کوردستانەوە

لە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو ٩ی ئۆکتۆبرەوە، زنجیرە خۆپێشاندانێکی ناڕەزاییدەربڕین لە شارەکانی دوو پارێزگای سلێمانی و گەرمیانی هەرێمی کوردستان دەستیان پێ کردوە. دەسپێکی ئەم ناڕەزاییدەربڕینە لە شاری قەلادزێ بوو کە هێرشبردن بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان و کوژران و بریندار بوونی چەند کەس لە خۆپێشاندەرانی لێ کەوتەوە. خۆپێشاندانی نارەزاییدەربڕین هەر ئەو ڕۆژە و ڕۆژانی دواتر چەند شار و شارۆچکەی دیکەشی گرتەوە کە لە زۆربەیان دا بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بوون بە ئامانجی بەردباران‌و سووتاندن. لە ئاکامی دەسڕێژی پاسەوانانی ئەو بنکانە و ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزە ئەمنیەتییەکان لە گەڵ خۆپێشاندەران، ژمارەیەکی دیکە گیانیان لە دەست دا و دەیان کەسیش بریندار بوون. ناڕەزایەتیدەربڕینی تێکەڵ بە توند و تیژی بە داخەوە هەتا ئێستاش بەردەوامە.
ڕۆژی شەممەی ڕابردووش متینگی ئاشتیانەی هادەپ(پارتی دیموکراتی گەلان) لە شاری ئانکارا بوو بە ئامانجی دوو تەقینەوەی تیرۆریستی و لە ئاکامی ئەو تەقینەوانە دا، نزیکەی ١٠٠ کەس لە بەشدارانی ئەو متینگە گیانیان لە دەست دا و ژمارەکیش بریندار بوون. ئەو متینگە جەماوەرییە بە بەشداریی کوردەکان و چەپەکانی وڵاتی تورکیە بۆ پشتیوانی لە بەرنامەکانی “هەدەپ” لە هەڵبژاردنی پارلمانیی ١ی نوامبری داهاتوودا پێک هاتبوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێکهاتنی هەر دووی ئەم ڕووداوە خوێناوییانە بە داخە‌و بە بۆنەی گیان لە دەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل لەم ڕووداوانە دا، لەگەڵ خەڵکی باکوور و باشووری کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی قوربانییەکان بە تایبەتی، هاودەردی دەکا. پێکهێنانی متینگی ئاشتیخوازانە و ململانێی شارستانیانە لە رەوتی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک دا، هەر وەها خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی هێمنانە بە مافی بێئەملاو ئەولای خەڵک لە باکوور و باشوور و هەموو جێیەک دەزانین. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر متینگی ئاشتیانەی کوردەکان و چەپەکان لە ئانکارا مەحکووم دەکەین و، پەنابردن بۆ توند و تیژی نواندن بەرامبەر ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک و هەر جۆرە کردەوەیەکی ناتەبا لە گەڵ حەرەکەتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، رەت دەکەینەوە.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێو هەرێمی کوردستان، پێمان وایە ئەم جۆرە ڕووداوانە کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان قووڵترو کەلێنی نێوان هێزە سیاسییەکان لە گەڵ یەکترو مەودای نێوان ئەو هێزانە و خەڵکی ناڕازی گەورەتر دەکەنەوە. ئەگەرهەموو لایەنەکان بەرپرسانە ڕووبەڕووی ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە نەبنەوە و بە زوویی لە پارلمان و لە دانیشتن و ڕێککەوتنی نێوان سەرکردایەتیی هێزە سیاسییەکان دا، وڵامێکی شیاو بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک نەدەنەوە و چارەسەر بۆ کێشەکان نەدۆزنەوە، پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسی و بە دوور نازانرێ جارێکی دیکە مێژووی تاڵی دەیەکانی ڕابردووی ئەم هەرێمە دووپات بێتەوە . بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو لایەنەکان، وشیاری ، پشوودرێژی، هەستکردن بە بەرپرسایەتی و پەنابردن بۆ دیالۆگ و دانیشتن و ڕێککەوتن لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و گشتییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
لە پێوەندی لە گەڵ ئەو هەڕەشە و بەربەستانەش دا کە بە تازەیی و لە رابردووش دا لە تورکیە ڕووبەڕووی هەدەپ و بەشداریی چالاکانەی کوردەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دا بوونەوە، هیوادارین دەستەکانی پشتی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن. هومێدیشمان وایە هەر وەک لە ڕابردوو دا ئەم جۆرە تاوانانە نەیانتوانیوە خەڵکی باکووری کوردستان لە قۆزتنەوەی دەرفەتە سیاسییەکان بۆ بردنە پێشی پرسی رەوای خۆیان سارد بکەنەوە، ئەمجارەش بە شێلگیرییەکی زیاترەوە لە مەیدان دابن ودەرفەتی هەڵبژاردنی داهاتوو بە باشترین شێوە بۆ سەلماندنی سەنگی خۆیان و بەرەو پێشبردنی پرسی نەتەوەیی و سیاسیی خۆیان بە کار بێنن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥
١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٤